كێ‌ خاوەنی قەزیەی كوردی باشوورە لەئێستادا؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2021-01-17     1071

گەلی كورد لەباشوری كوردستان لە ساڵی 1961 دەستی بە خەبات و تێكۆشان كردوە لەپێناوی بەدەست هێنانی مافەكانیدا   كە دەكاتە  60 ساڵی تەواو . نزیكەی 29ساڵیشە كوردانی باشور خاوەنی حوكمڕانی خۆیانن لە ژێر سێبەری یەكێتی وپارتیدا . كورد لە ماوەی ئەو 60 ساڵەدا توشی دەربەدەری و ماڵ وێرنی وئەنفال و كێمیابران و كۆڕەوی یەك ملیۆنی بوەو دەریایەك خوێنی ڕشتوە . زۆر  هەلی مێژویی زێڕێن وبەنرخمان بۆ هاتونە پێشەوە وەكو ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003 دروستبونی داعش و بەو هۆیەوە هەموو ناوچە داگیركراوەكان كەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەوە . 


لە هەموی گرنگتر ئەو پشتیوانیە گەورەیەی هاوپەیمانان لە كوردیان كردو ئەو هەموو هاوكاریە مادی و مەعنەوی و چەك و تفاقی جەنگییەی دایان بە كورد . بەڵام ئێمەی كورد نەمان توانی سود لە هیچ وەرگرین و  دواڕۆژی خۆمان مسوەگەر بكەبن دوای 29 ساڵ  حوكمڕانی  هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار واتە هەردوو بنەماڵە  خەریكی شەڕو ئاژاوەو تاڵانی سامانی نیشتمانی بون . خەرێكی رشِتنی خوێنی  هاوڵاتیان بون بەناوی كوردایەتییەوە لەپێناوی مانەوەو بەرژەوەندی خۆیاندا . 
ئەمانە هەمیشە خەریكی سازش بون لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەغداو ژێر بە ژێر دژی یەكتری كاریان كردوەو میللەتی كوردیان سوك كردوە.  من نامەوێت  بچمە باسی وردەكاری هەموو ڕابوردو و 29 ساڵی حوكمڕانی چونكە ئەوە زۆری دەوێت و زۆرینەی خەڵكیش لەناوجەرگەی ڕوداوەكاندا بونو ئاگاداری هەموو وردەكاریەكانن .  ئەوەی دەمەوێت باسی بكەم ئەوەیە:  
كێ‌ خۆی بە خاوەنی قەزیەی كورد دەزانێت لە باشوری كوردستان . كێ‌ بەرپرسیارە  لە بەرامبەر داواكانی خەڵك . ژیان و گوزەرانی خەڵك . ئایندەی  باشوری كوردستان . دواجار ئەركی جەماوەر چییە لەم قۆناغەدا كە بیكەن ؟.  ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین لە ئێستادا كەس لە خەمی ئەم هەرێمەدا نییە . واتە ئەم هەرێمە كەس خاوەنی نییە . كەسیش لە خەمی هاولاتیدا نییە . لە هەموی خرابتر ئەوەیە هاوڵاتیانیش لە خەمی خۆیاندا نین . یەكێتی و پارتی وەكو كۆمپانیایەكی گەورەی بەرهەم هێن مامەلەی هەرێمی كوردستان دەكەن . واتە ئەوەی بیری لێ دەكەنەوە دەسكەوتی خۆیانە .   لە ئێستادا خەڵك لە هەموو كاتێك بێ ئومێدترە لە ئایندەی خۆیی و مناڵەكانی . خەڵك بێ نان و ئاو موچەیە . تەعریب لە ناوچە كورد نشینەكان دەستی پێكردۆتەوە . لەگەڵ ئەو هەموو هات و هاوارەی خەڵك  یەكێتی و پارتی  بە ئاشكراو بەڕۆژی ڕوناك  داهاتی گومرگ و ناوخۆو نەوت بۆخۆیان بەتاڵان دەبەن . هەرچی زەوی حكومەت هەیە بۆخۆیانیان بردوە و موچەش بە خەڵك نادەن . 
هەرێمی كوردستان بۆتە دوو بەشەوەو پەڕلەمان بۆتە شوێنی كاراتی و  چەقۆكێشی و بە ئاشكرا پەلاماری چێشتخانەو پزیشك و پۆلیسی هاتوچۆ دەدرێت و كەس نییە پرسینەوە بكات . كار گەیشتۆتە ئەوەی  هەی لەوەی ئازابێت و  بەشی خۆی ببات .  لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا جەولەی مەكوكی دەست پێدەكرێت  بۆ خەڵەتاندن و دەست بڕینی یەكتری لە لایەك و دەست بڕینی جەماوەر لە لایەكی تر . كاتێكیش هەڵبژاردن تەوا دەبێت و بە بە فرت و فێڵ دەنگی زۆر دەهێنن ، وەكو جاران ئەوان دەبنەوە بەسوار و خەڵكیش پیادەو دەست دەكەنەوە بە تاڵان . 
كاتێك نێچیر بارزانی بەناوی سەربەخۆیی ئابوری كوردستانەوە نەوتی تاڵان فرۆش كرد ، دەیگوت لێرە بەدواوە هەموو كەس بەشی خۆی بە جیا لەنەوتدا دەبێت . ئێستا میللەت نزیكەی 30 ملیار دۆلار قەرزدارە . قوباد تاڵەبانی دەیگوت ئەگەر سەركەوم 5 هەزار كارگە دەكەمەوە و بە دەیان هەزار كەس دادەمەزرێنم . ئێستا كە كاتی هەڵبژاردنە خەریكن فۆڕم دابەش دەكەن بەناوی دامەزراندنەوە . ئەمە لە كاتێكدایە  هەمووساڵی 2020 تەنها 5 موچە دراوە .  سەیرەكە لەوەدایە نەحیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و نەخەڵكیش  هیچ وانەیەكیان  لە ڕابوردوی ئەم حیزبانە وەر نەگرتوە . ئاخر تاكەی لە درۆوساختەچییەتی ئەمانە شارەزانابن ؟. 
سەردەمانێك  پارتی كلاِوی كردبوە سەری یەكگرتوی ئیسلامی و  بەشداری حكومەتیان كرد لەپێناوی چەند پۆستێكدا ، دوایی خۆیان بینیەوە چیان بەسەر هات . ئێستا كڵاویان كردۆتە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و  بەناوی چاكسازیەوە بەشداری حكومەتن . ئەوەتا گۆڕانخوازان خەریكی خۆپیشاندانن دژی سەرانی حیزبەكەیان .  بەیانیش هەڵبژاردن بكرێت ئەوەی ئەم حیزبانە باوكیان كوشتوە نانیان بڕیوە موچەیان نەداوەتێ‌ لە پێش هەموانە دەچێت بۆ دەنگدان و شەڕ دەكات ئەویان دەڵێت خوێنم سەوزەو ئەویان دەڵێت زەرد . بەڕاست دەبێ میللەتێكی تری وەكو ئێمە لە جیهاندا هەبێت ؟. 
لە ئێستادا كە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق نزیك بۆتەوە هەموو حیزبەكان خەرێكی خۆ ئامادەكردنن بۆ هەڵبژاردن . بەڵام كەس لە خەمی قەزیەی كورد و ئایندەی میللەتدا نییە . گرنگ ئەوەیە دەنگی باش بهێنێت و  بەناوی كوردەوە بچێتە بەغدا بۆ دەسكەوتی خۆی . ئەگەر بڵێم تا ئێستا  هەرێم نوێنەری ڕاستەقینەی لە بەغدا نەبوە درۆ نییە .
 بۆیە ئەگەر كار هەر وەكو ڕابوردوو بڕوات  ئەمجارەش كورد بێ خاوەن دەمێنێتەوە لە بەغدا .  ئەگەر چاو بەڕابوردوی  دوو بنەماڵەدا بخشێنینەوە  دەگەینە ئەو راستییەی تا ئەمانە حوكمڕان و خاوەن دەسەڵات بن نەك كورد بە مافەكانی دەگات ، ئەوەشی هەمانە لە دەستی دەدەین . ئەمانە نوێنەری كوردنین بەڵكو  دوو لایەنی  دزوتالانچی و مافیاو نیشتمان فرۆش و  دژ بە میللەتن .بۆ  كەمكردنەوەی  دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی واتە دوو بنەماڵە پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خواروە بكرێت :
1-هەموو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان  واتە نەوەی نوێ‌ ، یەكگرتوی ئیسلامی ، كۆمەڵی ئیسلامی ، بزوتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعی  ئەگەر ڕاست دەكەن و خۆیان بە نوێنەری میللەت دەزانن  پێویستە لەسەر بەرنامەیك ڕیككەون و بە یەكگرتویی بچنە هەڵبژاردنەوە . هیچ یەكێك لەم حیزبانە  بە تەنیا هیچیان پێ ناكرێت  ئەگەر كورسییەكانیشیان ببێتە دوو هێندە چونكە خاوەنی هێزی چەكدار نین . ئەم حیزبانە چەندین ساڵە بەشدارن لە پەڕلەمان و نەیان توانیوە هیچ بكەن چونكە پەڕلەمان لەسەر بنەمای كەمینەو زۆرینە كار دەكات . حەق وایە تێ‌ بگەن و چیتر خۆیان نەخەڵەتێنن و ڕێگایكی تر تاقیبكەنەوە . 
2-كاتی ئەوە هاتوە  كەسانی ڕۆشنبیر و نوسەرو خاوەن كەسایەتی و مامۆستایانی زانكۆ هەموو دڵسۆزانی ئەم میللەتە بكەونە خۆیان و بێنە سەرخەت و  هەوڵ بدەن  زەمینە خۆش بكەن بۆ پێكهێنانی  بەرەیەكی  نیشتمانی بەهێز  بۆئەوەی ئەم بەرەیە ببێتە جێگرەوەی  هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و  نوێنەری ڕاستەقینەی جەماوەر و چی تر ڕێگا نەدەن  پارتی و یەكێتی  بازرگانی بە داهاتوی ئەم هەرێمەو دانیشتوانیەوە بكات . 
3- ئەگەر حیزبە ئۆپۆزسیۆنەانی ئێستا ئامادە نەبون  لەسەر پیكهێنانی بەرەیەكی ئاوا ڕێك بكەون ، حەق وایە  كەسە دڵسۆزەكانی ناو ئەو حیزبانە  بەتاك  ببنە پشتیوانی ئەو بەرەیە . خۆشبەختانە نیشانەی ئەوە بە دیار كەوتوەو ئێستا كەسانێك هەن كە بە ئاشكرا پشتیوانی لە پێكهێنانی بەرەیەكی بنكە فراوان دەكەن دژی بۆچونی حیزبەكانی خۆیان . 
4- جەماوەرێكی ناڕازی یەكجار زۆر هەیە كە زۆر زیاترە لە جەماوەری پارتی و یەكێتی . خۆپیشاندانەكانی ئەم دوایە ئەو ڕاستییەی سەلماند و چەندین كەس شەهید و بریندار بون . بەڵام ئەم جەماوەرە  بەرفراوانە ناڕازیە پیویستی بە ڕێخستن هەیە . پێویستی بەڕابەر هەیە . لێرەدا مەبەستم لە ڕابەری تاكە كەسی  نییە چونكە هەمومان دەستمان بەو ئاگرە سوتاوە . مەبەستی من لە ڕابەر  بەرەیەكی فراوانە  كە هەموو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و خەڵكە ڕۆشنبیرەكان و  جەماوەرە زۆرەكەی تێدا كۆببیتەوە و هەموان لەسەر بەرنامەیەك ڕیك بكەون و بەرەیەكی تۆكمەی بەهێز دروست بكەن . 
دەتونرێت ئەو بەرەیە ناوی بنرێت  بەرەی گەل لە بەرامبەر  بەرەی گەندەل  یەكێتی و پارتی و هاو ئاوازەكانیان دەگرێتەوە . ئەگەر ئەم بەرەیە بتوانێت ژمارەیەكی كورسی باش لە پەرلەمانی بەغدا بهێنێت ، یەكێتی و پارتی چیتر ناتوانن كوێخای كوردبن لە بەغدا . ئێستا سەیركەن ئەو 15 ئەندام پەڕلەمانەی لە بەغدا  فراكسیۆنی هێوایان پێك  هێناوە  ترسی زۆریان بۆ پارتی و یەكێتی دروست كردوە . ئەوەتا هەردووو لایان لە ترسان پیرۆزباییان ڵێ‌ دەكەن .
 ئەوە مامە حەمەییە بۆیان . چونەكە كە پارتی چۆتە بەغدا لای عەرەبەكان وتویانە  ئێمە زۆرینەین و  نوێنەری كوردین ، ئەوان پَیان وتون چیتر ئێوە بە تەنها نوێنەری كورد نین و  ئەوەتا خەڵكی تریش هەیە نوینەری  كوردن . ئەمە سەرەتایەكی زۆر باش و موژدە بەخشە . ئێستا وەكو ئەوە وایە تەنها ئەم 15 ئەندام پەڕلەمانە نوێنەری خەڵكی كوردبن . ئەمانە داوادەكەن كورد لەگەڵاَ بەغدا ڕێك بكەوێت بۆ ئەوەی موچەی خەڵك بدرێت . بەڵام پارتی ڕێك ناكەوێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە دزینی پارەی نەوت .
بەڵام ئیستا زۆر زوە لە مەبەستی پێك هێنانی ئەم فراكسیۆنە تێ‌ بگەین . ئایا ئەم هات و هاوارەیان لەپێناوی بەرژوەندی كوردە یان خۆیانە ؟. ئایا دەیانەوێت  لەم ڕێگایەوە پێگەی خۆیان لەناوجەماوەردا بە هێز بكەن ، یان بەرژوەندی گشتی ؟. ئایا دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە جارێكی تریش ببنەوە بە ئەندامی پەڕلەمان یان مەبەستیان بەرژوەندی كوردە ؟؟ . لە داهاتودا وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەمان دەست دەكەوێت . بەڵام دەتوانرێت  ئەمە بكرێتە پێوەر ئەگەر جەماوەر  بیانەوێت  دەتوانن  بەرەیەكی بەهێز دروست بكەن و ببنە بەدێلی پارتی و یەكێتی . 
بۆیە ئەگەر بەرەیەكی نیشتمانی فراوان پێك بهێنرێت  و بە جیا بچێتە هەڵبژاردنەوە بێشك جێگا بە یەكێتی پارتی لەق دەكات . ئەگەر ئەم بەرەیە پێك بهێنرێت و دەست بكەن بە ڕونكردنەوە بۆ خەڵك و هوشیاریان بكەنەوە  سەركەوتنی گەورە بەدەست دێت . بۆ نمونە بڵێن كارمەندانی  باری شارستانی و  رەگەزنامەو پاسپۆرت و ئیقامەو بەنداوەكان و پۆلیسی دارستان و پاراستنی سنوورەكان  ئاگاداربن هەموومانگێك موچەكەتان دێت و  ئەم حكومەتە  پێتان نادات . مامۆستایانی بەشی كوردی لە كەركوك  ئەوەتا هەموو مانگێك  ئەوانەی لەسەر بەغدان موچە وەر دەگرن بەڵام بۆ ئێوە نییە . 
ئەی هێزی پێشمەرگە كە ئیشیان پێتانە بۆ شەر بانگتان دەكەن و بە شەهیدكردنتان دەدەن و دوایی لە كەس و كارتان ناپرسنەوە . لە بری ئەوە موچەی ئێوە دەدەن بە10 هەزار  چەكداری كوردی سوری و ئێرانی  بۆ ئەوەی بە گژ كوردیاندا بكەنەوە . ڕونكردنەوە بۆ خوێندكارانی زانكۆكان بدەن و پێیان بڵێن پارە نییە بۆ دامەزراندنی ئێوە ، بەڵام بە دەیان هەزار موچە خۆری بندیواری حیزبی هەیە . 
دواجار داوا بكەن و هانی خەڵك بدەن هەموو كەسێك بەشداری هەڵاَبژاردن بكات . تا ئیًستاش  هەندێك كەس لە دژی یەكێتی و پارتی  بەشداری دەنگدان ناكات و وادەزانێت  ئەگەر دەنگی نەدا  ئەوە كارێكی باشی كردوە . بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی نەچێت بۆ دەنگدان وەكو ئەوە وایە دوو دەنگی بە لایەنی دەسەڵات دابێ . بۆیە زۆر گرنگە ئەمە بۆ جەماوەر ڕو ن بكرێـتەوە . 
تاكە ڕێگا بۆ ڕزگار بون لەم بارودۆخە نا هەموارەی ئێستا میللەت تێی كەوتوە  پێكهێنانی بەرەیەكی فراوانی نیشتمانی  لە هەموو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان  و كەسە دڵسۆزەكانی ناو ئەم حیزبانەو  كەسانی نوسەر و ڕۆشنبیر و  دڵسۆزو مامۆستایانی زانكۆو  كەسایەتی ناسراو و جەماوەری فراوانی ناڕازی  لەبەرامبەر دەسەڵاتی مافیایی یەكێتی و پارتی .
 ئەگەر هەوڵێكی لەم شێوەیە نەدرێت  هیچ گومانی تێدا نابێت هەر یەكێتی و پارتی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دێنن چونكە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەم جارە  لە بەرژوەندی حیزبە گەورەكاندایە . كەواتە دوای هەڵبژاردنیش دەسەڵات هەر لای پارتی و یەكێتی دەبێت و ئەو كاتیش دەڵێن ئێمە بەدەنگی خەڵك دەسەڵاتمان وەرگرتوەو ئەوانیش  بە كەیفی خۆیان موچە دەدەن و كەسیش  حەقی گلەیی كردنی نابێت .   هیوادارم  هەمومان بەجدی كار بكەین بۆ لەدایك بونی بەرەیەكی لەم شێوەیە  بۆ ئەوەی  بتوانین سیستەمی سیاسی چەقبەستوی  29 ساڵە لەبەر یەك هەڵتەكێنین. ئەگەر ئیرادە هەبێت ، هیچ شتێك مەحاڵ نییە .


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×