شینەكە بۆ شارە یان هەریسەكە

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-06-07     332

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابوردودا پڕۆژەكەی كۆمپانیای قەیوان كە برێتیە لەوەی دوو گردی نزیك تونێڵەكەی سیتەك لای بەرزایەكانی قەیوان بكاتە شوێنی نیشتەجێبون و سەوزایی كە لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیەوە ڕێگەی پێدراوە ، كۆی میدیای شارەكەو ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردوە . بەندە یەكێك بوم لەوانەی  لەسەر ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە نوسینێكم بلاو كردەوەو ڕاو بۆچونی خۆم دەربڕی . دوای ئەوەی بە وردی سەیری زوربەی سایتەكانم كرد ژمارەیەكی زۆی تریش نوسینیان لەسەر ئەو پڕۆژەیە نوسیوەو سەرنجەكانی خۆیان دەربڕیوە  .

گومانی تێدا نابێت لەسەر بابەتێكی ئاوا هەستیار ڕاو بۆچونی جیاواز دەبێت لە نێوان ئەرێنی و نەرێنیدا و هەر[D1]  یەكە بە جۆرێك  لە  سەر ئەنجامدانی پڕۆژەكە قسەی خۆی دەكات . ئەوەی كە بۆمن دەركەوت بۆچون و لێكدانەوەكان دوو جۆرن و هەریەكەیان لە ڕوانگەیەكەوە قسەی خۆیان كردووە :

یەكەم: دوای ئەم چەند ڕۆژە بە ڕونی بۆم دەركەوت زۆرینەی ئەوانەی ئەو بایەتەیان وروژاندوە و گەورەیان كردووە ئەوەندەی مەبەستی سیاسی و بەرژەوەندی تایبەتی  لە پشتەوە بوە ، ئەوەندە لە خۆشەویستی شاری سلێمانی و پاراسستنی شاخی گۆیژە نەبوە .

هەر وەكو لە نوسینەكەمدا ئاماژەم بۆ كردوە ئەوانەی چون بۆشارەوانی و بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی شارەوانیان كردوە ،بەڵگەیەكی وایان بە دەستەوە نەبوە كە وا لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بكەن و بڕوایان پێ بهێنن كە لە بڕێارەكەیان پاش گەزببنەوە . واتە ئەنجامدانی ئەوپڕۆژەیە لە داهاتودا دەبێتە هۆكاری جوانكردنی سیمای شاری سلێمانی ، نەك ناشیرین كردنی .  بەڵام دوای ئەوەش دەبینین هەر لێرەو لەوێ  باسی ئەوەدەكرێت شاخی گۆیژە ڕوخێنرا ، یان كون كرا ، یان وێرانكرا بێ ئەوەی  بەڵگەیەكیان بەدەستەوە بێت كە ئەو قسانە پشت ڕاست بكاتەوە . ئێستا وەزیری داراییش هاتۆتە سەرخەت لەسەر ئەو پڕۆژەیە . وەكو خەبەرم هەیە داواكاری گشتی هەوڵێریش لەگةل سلێمانی پەیوەندیان كردوەولە هەوڵی ئەودان كە ئەو پڕۆژەیە بوەستێنن ، ئەمە لە كاتێكدایە بە هەزاران سەرپیێچی و پێشێلكاری لە هەولێركراون ، ئەوداواكاری گشتییە خەوتوە .

 ئیستا بایەتەكە ڕون و ئاشكرایە كە مەبەستی سیاسی و بەرژەوەندی هەندێك كەس لە پشتی گەورەكردنی ئەو بابەتەن  بۆ ئەوەی خۆیان وەكو پاڵەوان و خەموخۆر بناسێنن چونكە ئیشیان بەو كارەیە . بە بۆچونی من ئەو بەڕیزانەی بەشداری كۆبونەوە ئەنجومەنی شارەوانیان كرد سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیەو نەیانتوانی ئەوە بسەلمێنن كە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە لەسەر ئەودوو گردە زیانی هەیە ، لە بری ئەوەی  پەنا بەرن بۆ وەزیری دارایی بۆئەوەی ئەویش بهێننە سەرخەت و كارێكی وابكەن ئەویش دژی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە بێت .

 باشتر وابوو یان پێویست بوو بچن بۆلای سەرۆكی حكومەت و پێی بڵێن لەسەر چ بنەمایەك ڕەزامەند بویت لەسەر ئەو داوایەی گەیشتۆتە لات بۆئەوەی بڕ 182 دۆنم زەوی كشتوكاڵی ئامادەیی كشتوكالی سلێمانی لە بەرژەوەندی وەبەرهێنێك بكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون و بۆیان ڕون بكردایەوە كە ئەوە موڵكی نەوەكانی شارەو پیرۆزەو دەبێ بپارێزرێت . كەواتە ئەمە بە ڕونی دەری دەخات ئەوانە شین بۆ شار ناكەن بەڵكو بۆ هەریسەكە هەراسان بون .

دووەم : وەكو سەرنجم داوە ژمارەیەكی زۆریش كە نوسینیان بڵاو كردۆتەوە زۆر بە ئەرێنی باسی ئەنجامدانی پرۆژەكەیان كردوەو ڕونیانكردۆتەوە كە ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی لەو جۆرە سیمای شاری سلێمانی زۆر جوانتر دەكات لە ئێستاداو سەرنجی گەشتیاران  ڕادەكێشێت . لە ڕاستیشدا قسەی ئەوانە لە جێی خۆیدایەتی . هەندێ كەس دەڵێن ژینگەی شاخی ئەزمڕو تێك دەچێت . پێشەكی ئەو شوێنە نە شاخی ئەزمڕەو نەگۆیژە ، ئەوە هەڕوتەیە .

شاخی گۆیژە لە پشتی گەڕەكی ئیبڕاهیم ئەحمەدەوە بە پڕۆژەیەكی قەیوان و دانیا سیتی و شوقەكانی گۆیژەو ئارام سیتی و چاڤی لاند كە لە  دامێنیدا دروستكراون وبەشێكی زۆری سەوزایی و دار سنەوبەرییش لەناو براون و جوانی و سیمای  دامێنی شاخەكە  بە تەواوی ناشیرین كراوە . ئەو شەقامی 100 مەتریەی بڕیاربوو بە دەوری سلێمانیدا دروست بكرێت ، دەبوو بەوشوێنانەدا بڕوات كە ئێستا كراوە بە پڕۆژە .

ئەی  باشە بۆچی كاتی خۆی لەسەر ئەمە كەس نەهاتە دەنگ ؟.دامێنی سڵێمانی و دەوری چەمی تانجەرۆودەوروبەری چوار چرا كە كراون بە شوێنی نیشتەجێون و هەمووی زەوی كشتوكاڵی بون گرنگترە پارێزگاریان ڵی بكرایا، یان گردی هەڕوتە ، كە گردێكی ڕوت و قوت و بەردەڵانی و بێ ئاو بێ درەخت  كە سەر لە نوێ ڕوحی بە بەردا بكرێتەوەو بكرێتە شوێنی نیشتەجێبون و سەوزایی و گەشتیاری . هەندێكی تریش دەڵێن ئەوە بەمانای تێكدانی ژینگەو ئاو هەواو شووێنی ئاژەلەكانە .

 تێكدانی ژینكە بە مانای ئەوە دێت  درەخەتكانی لەناو بەرێت ، خۆ یەك درەختی لێ نییە و ئێستا درەختی لێ دەڕوێنرێت ، درەختیش بێ ئاو ناڕوێت ،  كە واتە ئەوگردە ئاویشی بۆ دەبرێت . ئەی نەتان بیستوە كە دەڵێن ئاو ئاوەدانی  . خۆ ئەگەر مەبەستیش تێكدانی ژێنگەی ئاژەڵان بێت ، دەپرسم كەس دیویەتی  ئاسك و بزنە كوێ لەو گردانە بژین ؟. باشە قەترەیەك ئاوی لێیە تا باڵندەكان بیخۆنەوە . باشە دوو مانگی بەهاری لێ بەدەرچێت ، كەس چڵە گیایەكی سەوز دەبێنێت لەو شوێنە .

 كەواتە ئەوانەی فرمێسكی خوێنین بەناوی تێكدانی ژینگەوە دەڕێژن بۆ ئەوەنیە كە لە خەمی شاری سلێمانین بەڵكو شین شینی هەریسەكەیە . من لە نوسینەكەی پێشومدا ئاماژەم بە چەندین شوێنی گرینگی سلێمانی كردوە كە داگیر كراون و سیمای شاریان پێ ناشیرین كراوە ، ئەی بۆچی ئەوانەی ئێستا هاتونە دەنگ بۆ جارێكیش لەسەر ئەو تاوانانە دەنگیان بەرز نەكردەوە .

 جارێكیتریش بۆ هەموانی دوو بارە دەكەمەوە  كردنی ئەو دوو گردە بە سەوزایی و شوێنی نیشتەجێبون تاوانە بەلای هەندی بەناو دڵسۆزی ئەم شارەوە ، بەڵام داگیركردنی 182 دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە بەكرەجۆ كە چەندین ساڵە ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ  تاقیكردنەوەی كشتوكاڵی تێدا ئەنجام دەدەن وانەی تێدا دەخوێنن  بە كارێكی ئاسایی دەزانن و جگە لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی  یەك كەس لەسەری نەهاتە دەنگ .

 كاتێك بەراوردێك لە نێوان ئەم دوو بابەتە دەكەیت و گوێشت لە لێدوانی بەناو خەمخۆرانی شاری هەڵمەت و قوربانی دەبێت ، دەبێ گریانت بێت بۆ دواڕۆژی ئەم میللەتە . لە ناو چ میللەتێكی دنیادا شتی لەو جۆرە هەیە كە ئەوەی سەوزایی لەناودەبات  بەلای هاوڵاتیانەوە باشتر بێت لەوەی سەوزایی زیاد دەكات . ئەوەی ئەرزی كشتوكاڵی لەناو دەبات،  پێی باشتر بێت لەوەی گردێكی ڕوتی بێ سەوزایی و بێ دارودەرەخت  سەوز بكات .  داگیر كردنی ئەو زەویە وەكو ئەوە وایە تەعدا  لەسشەرەفی هەمو خەڵكی ئەم شارە كرابێت  بە خۆشمەوە .

من لێرەوە داوا لە هەموو ئەوانە دەكەم كە بەڕاستی لە خەمی شارن وەرن با بیكەینە هەرا و بپرسین ، كێیە دەیەوێت ئەم شوێنە بكاتە پڕۆژەی نیشتەجێبون ، كێ لەگەڵێ شەریكە ، چۆن توانی كارێكی وا بكات سەرۆكی حكومەت ئیمزا لەسەر پێدانی زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بكات بۆ وەبەرهێنێك ؟.

باشە بۆچی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی كۆلێجی كشتوكاڵ و  پارێزگاری سلێمانی و ئەوانەی لەسەر دوو گردی ڕوت و قوت كردویانە بە هەراو خۆیان وەكو پاڵەوان  وێنا دەكەن  ناچن بۆلای سەرۆكی حكومەت و بڵێن ئێمە بەوە ڕازی نین . بۆچی ناچن بۆلای بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی كە خۆیان بە خاوەنی شاری سلێمانی دەزانن و باسی ئەوتاوان و پێشێلكاریانەی  بۆ بكەن كە بەردەوام بەرامبەر شاری سلێمانی دەكرێت .

 هەرچی زەوی بەنرخی حكومەت هەیە بەناوی یاسای وەبەر هێنانەوە هەموی داگیر كرا . بەڕێز بڵند دڵیر شاوەیس  كە لە سایتی خەنداندا بابەتێكی  بلاو كردۆتەوە لە ژێر ناوی (لە پێناوی قەوارەی هەرێم پێویستە یاسای وەبەرهێنانی  ژمارە 4 ساڵی 2006  هەڵوەشێنرێتەوە چونكە ئەم یاسایە بۆتە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم . بەڕاستی ئەوە داوایەكی بە جێیەو حەق وایە هەموان پێداگری لە سەرهەڵوەشانەوەی ئەو یاسای وەبەرهێنانە بكەن كە تایبەت دانراوە و شەرعیەتی داوە بۆ تاڵانكردنی موڵك  ماڵی گشتی . جارێكیان مامۆستایەكی زانكۆی خەڵكی ئێران سەردانی بەڕیز مەسعود بارزانی دەكات . كاتێك لە سەری ڕەشەوە سەیری ناو هەولێر دەكەن بارزانی دەیەوێت بینا بەرزەكانی ناو هەوڵێر وەكو شانازی  پێشانی مامۆستاكە بدات ، ئەگەر بە هەڵە نەچوبم ناوی زیبا كەرەم دەبێت ، ئەویش ڕو دەكاتە سەرۆك بارزانی و زۆر بە ڕاشكاوی پێی دەڵیت :

 دروست كردنی  باڵەخانەی زۆری بەرز بە مانای  پێشكەوتن نایەت ، پێشكەوتن ئەوە یە تا چەند ژێرخانی ئابوریت  بە هێزەو پێویستیت بە هاوردە كردن نایەت. ئەو خۆی زانیویەتی كە كاهو و سەوزەش لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت و كە لێیان قەوما بەرگەی یەك هەفتە ناگرن .  باشە با پرسیار بكەین بۆچی وبەرهێنان هەر لە باڵەخانەی نیشتەجێبوندا هەیە ؟. دروستكردنی باڵەخانەی نیشتەجێبون لەسەر ئەرزی گشتی و بە خۆڕایی زۆرترین قازانجی تێدایەو لەو ڕێگایەوە بە سەدان كەس بە خۆڕایی كە خاوەنی دینارێك نەبون  بونە ملیۆنێرو بە شەرێكایەتی لەگەل  بەرپرسانی حیزبی و حكومی .

 سەرمایەو سەرمایەداری ڕۆڵێكی زۆرگرنگیان هەیە لە جیهاندا . سەرمایەدارەكان ڕۆڵ و كاریگەری زۆر گرنگیان هەیە لە پێشخستنی ژێرخانی ئابوری وڵاتان . لە هەمان كاتدا كاریگەریشیان هەیە لەسەرسیاسەت و سیاسەتمەداران و بڕیارەكانیان  و بەو هۆیەوە حسابیان بۆ دەكرێت .  لە وڵاتی ئێمەدا كە تا دوای ڕاپەڕین بە گشتی كۆمەڵگایەكی هەژارمان هەبوو هەمومان بە ژیانێكی سادەو مەمرەو مەژی ڕازی بوین .

بەڵام لە دوای ساڵانی 2006  كۆمەڵیك سەرمایەداری كورد دەركەوتن . بە بۆچونی من لێرەوە جۆرێك لە بەغالەت و حەسودی دروست بوە بۆیە بە خراپە باسی دەوڵەمەندەكان دەكەن .  لە ڕاستیدا منیش قسەی خۆم هەیە لەسەر ئەوانەی بە هۆی بەرپرسانی حیزبی و حكومیەوەو لەسەر حسابی موڵك و ماڵی گشتی دەوڵەمەندبون ، بەڵام  نابی هەموو دەوڵەمەندەكان بخرێنە یەك خانەو بە یەك چاو سەیر بكرێن .   

زۆر كاری گرنگ هەیە كە بە خەڵكی سەرمایەدار دەكرێت  بۆ نمونە  ئەگەر كۆمپانیایەكی وەكو قەیوان نەبێت ، چۆن دەتوانرێت ئەودوو گردە بكرێنە خانوو. خۆ ئەگەر بە خۆڕایی ئەو گردانە بدرێنە من نامەوێن چونكە ناتوانم بیانكەم بە هێچ . من حەقی ئەوەم نییە ئەم سەرمایەدارانە پەیوەندیان چۆنە بەیەكەوەو ڕقیان لە یەكە  یان یەكیان خۆش دەوێت ، دەبێ هەمومان ئەوە بكەین بە بنەما ، هەر كەس و لایەنێك خزمەتی میللەت و وڵات و شارەكان بكات ، دەست خۆشی لی بكەین .بۆچی لەبەر ئەوەی من نەتوانم فڵان پڕۆژە ئەنجام بدەم ، ڕقم لەو كەسە بێت كە هەمان پڕۆژە ئەنجام دەدات .

كەواتە ئەم دوو گردە ڕوتە بێ ڕوحە بدرێنە هەر كۆمپانیایەك نەك هەر قەیوان و ئاوا بیكاتە خانوی جوان و سەوزایی و شوێنی گەشتیاری و شارەكەی پێ جوان بكات ، دەبێ دەست خۆشی لێ بكەین .  كاك فاروقی مەلا مستەفا شاری جوانی دروستكردوە ، كۆمپانیای ئاسیا سێڵی هێناوەتە سڵێمانی بە هەزاران كەسی دامەزڕاندوە ، خەستەخانەیەكی جوانی مۆدێرنی دروست كردوە ، دەستی هاوكاری و یارمەتی  بۆ سەدان لێقەوماوی شاری سڵیمانی درێژدەكات ،  لە بری ئەوەی بەغیلی پێ ببەین ، دەبێ دەست خۆشی لێ بكەین و سوپاسی بكەین و تەمەنا بكەین نمونەی زۆربێت .

دەبێ دەست خۆشی لە وانە بكەین كە ماجیدی مۆڵ وفامیلی مۆڵیان   دروست كردوەوكە بەو هۆیەوە سیمای شار جوان بوەو  سەرنجی گەشتیاران ڕادەكێشن . دەبێ دەست خۆشی لە شاسواریش بكرێت بۆ دروستكردنی  چاڤیلاند كە سالانە  ژمارەیەكی زۆر گەشتیار دەهێنێتە شاری سلێمانی ،كۆمپانیای قەیوان شارێكی جوانی  مۆدێرنی دروست كردوە بە هەموو پێداویستەكانیەوە ، هەزاران كەس كاریان تێدا كردوەو پێداویستی ژیانیان بەدەست هێناوە ، ئێستا كە بەدەم ئەو شارۆچكە مۆدێرنەوە ، ئەو دوو گردەش بكاتە خانوو سەوزایی و شوێنی گەشتیاری ، ئەوەندەی تر بناری سلێمانی جوانتر دەبێت .

ئەوانەی دژی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیەن  لە خۆشەویستیانەوە نییە بۆ شارەكە  بەڵكومەرامی شەخسی و سیاسیان هەیە . ئەوانەی لەپشت وروژاندن و گەورەكردنی ئەو بابەتەن پێان وایە  سبەی لە كاتی  هەڵبژاردندا یەكێتی مایە پۆچ دەبێت و كۆمپانیای قەیوانیش ناوبانگی خراپ دەبێت ، واتە بە تیرێك دوو نیشان دەشكێنن . بەڵام  یەكێتی و كۆمپانیای قەیوان هیچ زیانێك ناكەن چونكە ئەم كارە لە بەرژەوەندی گشتییە و هیچ زیانێكی نابێت .  هەموو لایەك باش دەزانن كە دەیان ساڵە فەرمانگەی غابات سەدان ملیۆن   دیناریان خەرج كردوە بۆ سەوز كردنی شاخی گۆیژەو ئەزمڕو هەڕوتە  . خۆ ئەگەر سەدان ملیۆن دیناری تریش خەرج بكەن تازە ناتوانن لەوە زیاتر هیچتر سەوز بكەن چونكە ئەو شاخە ساڵ دوای ساڵ گڵەكەی دێتەخوارەوەو بەردەكان دەمێننەوە . كەواتە شاخی ئەزمڕو گۆێژە مانەوەیان بەو ڕوت و قوتیەو بێ دارو درەخت و بێ ئاو چ جوانیەك بە شاری سلێمانی دەبەخشێت . باشە كەستان بە هاوین بۆ مەبەستی گەشتیاری سەردانی ئەوشاخانە دەكەن ؟ .

لە ناو شاری سلێمانی بە سەدان پڕۆژە ئەنجام دراون كە زۆرزیانی گەورەیان بە سیمای شارو ژینگەی شار و بەرژەوەندی گشتی گەیاندوە ، بەڵام ئەم پڕۆژەیە لە قازانج زیاتر هیچ زیانی نابێت . من لەو بڕوایەدام  ئەگەر ئەم پڕۆژەیەی قەیوان تەواو بوو ، شارەوانی خۆی داوا لە قەیوان دەكات  كە ئەو سێ گردەی تریش تا دەگەنە پشتی مەلاداود  بكەن بە پڕۆژەی نیشتەجێبون و گەشتیاری چونكە ئەم هەنگاوێك دەبێت  بۆزیاتر جوانكردنی ئەو شاخانەو سیمای شاری سلێمانی .

 لە كۆتایی دا هێوا دارم ئەوانەی بۆ مەرامی شەخسی و لە پیناوی بەرژوەندی خۆیاندا دەیانەوێت ڕاستییەكان لەخەڵكی بشارنەوەو خەڵك چەواشە بكەن بەناوی شین بۆ شارەوە  بەڵام لەڕاستیدا شینەكە بۆ هەریسەكەیە ، با قسە لەسەر ئەو پێشێلكاریانە بكەن كە پێشتربەرامبەر بە شاری سلێمانی كراون .

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×