خەمتان نەبێت سەرۆك بۆمان پاشەكەوت دەكات

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-06-13     2127

بیرۆكەی كۆكردنەوەو پاشەكەوتی پارە لەلایەن سەركردەكانی باشوری كوردستانەوە مێژویەكی كۆنی هەیە. دەگەڕێتەوە بۆ ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە سەركردەكانی كورد هەمیشە لە خەمی ئاینندە دابون. بۆیە لەوپەڕی شكست و نەهامەتیدا بێ هیوا نەبون و هەمیشە مشوری دواڕۆژیان خواردوە. سەرنجی ئەم نمونانەی خوارەوە بدەن و ڕاستییەكانتان بۆ دەردەكەوێت:

1- دكتۆر مەحمود عوسمان لە شۆڕشی ئایلولدا  كەسێكی زۆر نزێكی مەلا مستەفا بوە. لە یادەوەریەكانیدا دەڵێت : كە ئاشبەتاڵ كرا، شۆڕش خاوەنی 48 ملیۆن دینار بوە، كە ئەو كات دەیكردە 144 ملیۆن دۆلار و بە پارەی فرۆشگاكانی شۆڕشەوەو ئاودیو كردنی هەندی ئالیاتی وەكو شۆفڵ و بیلدۆزەر و شتی تریش  خۆی لە نزیكەی 150 ملیۆن دۆلار دەدا. لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: مەلا مستەفا ئاودیوی كرد بۆ ئێران و دوایی بۆ ئەورپا.سەیركەن بە جۆرێك پاشەكەوتی كردوە، تا ئێستا جگە لە بنەماڵەكەی خۆیان كەسی تر نازانێت ئەو پارەیە لە كوێێە.ئەوەش نیشانەی كار قایمی و نەهێنی پاراستن و مشور خۆرییە.

2- ساڵی 1989 دوای ئەنفال ماڵم لە شاری سەقز دانا.ئەو كات بەرپرسی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی بوم كە بارەگاكەی لە چەمی قاسمەڕەش بو.ڕۆژێكیان كە لە سەقزبوم كەسێك هاتە لام و پێی وتم كۆمەڵێك پێشمەرگەی یەكێتی لەو چایخانەیە هەر جنێو بە سەركردایەتی یەكێتی دەدەن.پێی وتم بۆچی ناچی گوێیان بۆ بگرێت بزانی چییان دەوێت.

دوای قسەكەی یەكسەر دەستیم گرت و یەك ڕاست چومە چایخانەكە. دوای سەلام و چاك و چۆنی پرسیارم لێكردن بۆچی ئاوا توڕەن؟ یەكێكیان وتی چۆن توڕە نابین مانگی 3 هەزار تمەنمان پی َدەدەن و بەشی هیچمان ناكات. پێم وتن ئەگەر دڵتان عاجز نابێت ماگی داهاتو كەمتریش دەبێتەوە چونكە پارە نییە.هەر لە ڕاستیشدا پارە نەبو چونكە خۆم ئاگادار بوم.

سەیرم كرد كەسێك لە سوچێكی چایخانەكە دانیشتوەو قسە ناكات.وتم كاكە بۆ نایەیتە پێشەوەو تۆش قسەیەك بكەی.وتیان وازی لێ بێنە ئەو پێشمەرگەی پارتییە. بە فرسەتم زانی پرسیارم لێكرد ئێوە موچەتان هەیە؟ وتی بەڵی هەمانە.وتم هەمو مانگێك وەری دەگرن ؟ وتی نەخەیر وەری ناگرین سەرۆك بۆمان كۆدەكاتەوە.

3- ساڵی 1987 پێشمەرگەكانی یەكێتی دو كارمەندی ئیتالییان لەسەر ڕێگای قادر كەرەم گرتبو كە لە كۆمپانیایەك كاریان دەكرد. دوایی لەگەڵ كۆمپانیاكەیان ڕێكەوتن كراو ئازاد كران لە بەرامبەر دو ملیۆن دۆلاردا.

هەر لەوساڵەشدا كەسێكی تری بیانی لە لایەن پێشمەرگەكانی مەڵەبەنی سێوە گیرابو، بەرامەبەر ئازادكردنی ئەویش بڕێك پارە وەرگیرابو، بەڵام نازانم چەند بو.

لە كۆنگرەی یەكی یەكێتیدا مام ڕوستەم پرسیار لە مامجەلال دەكات كە پارەكە چی لێكراوە؟ مامجەلال لەبری ئەوەی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە بۆ ئەندامانی كۆنگرە ڕون بكاتەوە، خۆی توڕەدەكات و دەڵێت: خۆ نەمان دزیوە.. باسەكە لێرەدا كۆتایی دێت. لەو پارەیە میقدارێكی كەمی دێننەوە بۆ كوردستان، بەڵام لانی كەم 2 ملیۆنی چاوی بە كوردستان نەكەوێتەوەو دوایی زانیمان بۆمان پاشەكەوت كراوە.

4- مامجەل و مەسعود بارزانی داوای چاوپێكوتن لە گەڵ پۆڵ بریمەر دەكەن. سەرەتا پۆڵ بریمەر ترساوە وای زانیوە داوای گەڕانەوەی كەركوك دەكەن، بەڵام دوایی داوای یەك ملیارو نیو پارەی نەوت بەرامبەر خۆراك دەكەن كە دوای ڕوخانی سەدام مابو.ئەویش یەكسەر بۆیان دەخاتە تەیارەوەو بەرەو كوردستان.ئەم پارەیەش پاشەكەوت كرا لە لایەن جوت سەرۆكەوە.

5- ئەو كاتەی كە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت هاتنە هەرێمی كوردستان وئێمزا لەسەر 48 گریبەست كرا، بڕی 5 ملیار دۆلاریان وەكو شیرینی دایە حكومەتی هەرێم. یەك ملیار بە شێوەی كاش بۆ هەندی خزمەت گوزاری. بەڵام 4 ملیاری دەخرێتە بانكێك لە وڵاتی بەریتانیاو بە دكتۆر بەرهەم دەڵێن ئەو بڕە پارەیەمان بۆ داناوی.

دوایی هەردوك سەرۆك وەكو برا لە نێوان خۆیاندا بەشی دەكەن و بڕیاردەدەن بۆمان كۆبكەنەوە.دوایی دكتۆر بەرهەم لە پەڕلەمان دەڵێت: 4 ملیار دۆلارم تەسلیم مەكەن، تەنها 4 ملیۆن دۆلارم تەسلیم بكەن.دیارە ئەمەشیان كەوتە قورگی شێرەوە.

6- دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاری سەربەخۆیی ئابوری دەدات، كە هەمو ئابوریە سەربەخۆكە بریتی بو لە دەرهێنان و فرۆشاتنی نەوت و بە تاڵان بردنی پارەكەی، كە پارە نەماو هەموی دزرا،حكومەت توانای پێدانی موچەی نەماو بڕیاری پاشەكەوت كردنی موچەی دا.واتە بە دو مانگ جارێك موچەی دەدا. وەكو ئەوەی خەڵك گێل بێت و خۆی نەزانێت پارە كۆبكاتەوەو پاشەكەوتی بكات.

ئەم چەند نمونەیەی سەرەوە كورتە مێژویەكن لە دیاردەی پاشەكەوت كە لە لایەن سەركردەكان و حكومەتەوە پەیڕەو دەكرێت و بۆتە بەشێك لە مێژوی میللەتەكەمان. هاوڵاتی ئازیز ئەمانەی لە سەرەوە باسمكردن تەنها بەشێكی زۆ كەمن لە چاو ئەو هەمو پارەیەی لە فرۆشتنی نەوت بە قاچاخ. داهاتی گومرگەكان.داهاتی ناوخۆ. یارمەتی هاو پەیمانان.

داهاتی بازرگانی كردن.داهاتی ئەو هەمو كۆمپانیا زەبەلاحانەی هەردو حیزب. داهاتی فرۆشتنی ئەو هەمو زەویانەی حكومەت كە دەیان فرۆشن، كە بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەگەر لە كاتی خۆیدا تەنها 5 ملیار دۆلارەكەی شیرینی نەوت لە سێكتەری ئاو و كارەباو و ڕێگاو باندا خەرج بكرابا، تا چەندین ساڵی تریش هەرێم كێشەی نەدەبو.

ئەگەر تەنها نێوەی ئەو پارانەی لە لایەن بەرپرسەكانەوە دزراوە، بۆ هەرێمی كوردستان خەرج بكرایا لە ئێستادا وەكو حكومەتێكی بەهێز دەردەكوتین لەناوچەكەو دەبوینە جێی سەرنج و متمانەی وڵاتە زل هێزەكان.

دواجار نەریتی پارەكۆكردنەوە بو بەدیاردەو گۆڕا بۆ پاشەكەوت و لە لایەن دەسەڵاتەوە پەیڕەو دەكرا گوایە بۆ چارەسەری كێشەی دارایی هەرێمی كوردستان. بەڵام لە ڕاستێدا ئەوە پارە كۆكردنەوە نەبو، ئەوە بە مانای وشە دزی و تاڵانی بو. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێرامانە، ئەوەی جێگەی خەم و پەژارەی هەمومانە ئەوەیە كە ڕۆژێك لە رۆژان هیچ بڕە پارەیەك لەوپارە پشەكەوت كراوانە نەگەڕێنراوەتەوە، لە كاتێكدا زرۆریش پێویست بوبێت.كورد پەندێكی هەیەو دەڵێت: ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش.

ئەمە لە كاتێكدایە باروگوزەرانی هاوڵاتیان لە ئاستێكی زۆر خرابدایە. گۆڵدەمائیر سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل دەڵێت: سەركردە ئەوەیە سواڵ بۆ میللەتەكەی بكات، نەك میللەتەكەی بكاتە سواڵ. بەڵام سەركردەكانی ئێمە واخەریكە كۆی كۆمەڵگا دەكەنە سواڵكەر.

خوێنەری بەڕێز و هاوڵاتیانی ئازیز: دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دیارەدەی گەندەڵی و دزی و تاڵانی لە هەمو وڵاتانی دونیادا هەیە، بەڵام ڕێكاری یاسایی زۆر توند دەگیرێتە بەر لە كاتی ئەنجامدانی و لێپرسنەوەو سزادان هەیە بۆ ئەو كەسانەی كاری لەو جۆرە دەكەن.

بەڵام كارەسات ئەوەیە كە سەركردەباڵاكانی ئەم میللەتە كە ساڵانێكی زۆرە خەبات ئەكەن لەپێناوی سەربەخۆیی كوردستان. لەو پێناوەدا خوێنی سەدان هەزار هاوڵاتی ڕژاوە.خەڵك ماڵ وێران بوە.

سەرگەردان بوە. ئێستا كە فرسەتێكمان بۆ ڕەخساوەو توانیومانە جۆرێك لە سەربەخۆیی و ئازادی بەدەست بهێنین، لە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان بنیات بنێین، ژیانی خەڵك چاك بكەین دوای كارەساتی ئەنفال و كیمیا باران، جێگەی داخ و پەژارەیە، پەنا ببرێتە بەر شاردنەوەی سامانی هاوڵاتیان.

لێرەوە پرسارگەلێكی زۆرخۆیان قوت دەكەنەوەو داوای وەڵام دەكەن. كوڕم دەوێت خۆی لە قەرەی وەڵامدانەوەیان بدات بەم شێوەیە لێت دێنە پێشەوە پەنجا بە چاوتا دەكەن:

ئەرێ‌ بەڕاست سەركردەی كورد ئاوان؟ سەیرە تا ئێستا ئێوە سەركردەكانی خۆتان نەناسیوە ؟ ئەگەر باش ناسیوتانن چۆن تا ئێستا هەر لە پشتیانەوە وەستاون؟ باشە چەندین ساڵە ئەو هەمو خوێنە لە پێناوی چیدا ڕژاوە؟

پێتان وایە لە سێبەری ئەم سەركردانە ڕزگارتان دەبیت و سەربەخۆیی وەردەگرن؟ بۆچی چەندین ساڵە بە ئامانجی خۆتان نەگەیشتون؟ خەتای خۆتان و سەركردەكانتانە یان دوژمنانتان؟ پێتان وایە ئێوە میللەتێكی زیندون یان میگەل ئاسا.باشە تاكەی ئاوا دەمێننەوە؟ بە نیازنین ڕێگایەكی نوێ‌ بگرنە بەر بۆ ڕزگاركردنی خۆتان؟

بەنیازنین دژی ئەو سەركردانەتاتن بوەستەنەوە؟ ئەمانەو سەدان پرسیاری تر وەڵامیان دەوێت. منیش خۆتان سەرپشك دەكەم و بە ئارەزوی خۆتان وەڵام بدەنەوە.

من لێرەدا زۆر بە كورتی سەرنجەكانی خۆم دەخەمەڕو: بەداخەوە سەركردەكانی ئێمە شایستەی سەركردایەتیكردن نەبون.میللەتی ئێمە میللەتێكی هوشیار و زیندو نییە. سەیركەن لەسەر كوژرانی ڕەش پێستێك، ئەو ئەمەریكا گەورەیە چۆن شڵەقا.ئەوروپاش شڵەقا.

جیاوازی نێوان میللەتی زیندو و مردو لێرەدایە: میللەتی مردو وەكو مێگەل وایە و هەمیشە دەبێ شوانی هەبێت و كۆیان بكاتەوە. میللەتی زیندو هەمو تاكەكانی خۆیان بەسەركردەو پێشڕەو دەزانن و لە كاتی پێویستدا ئەركی خۆیان جێ‌ بەجێ‌ دەكەن و پێویستیان بەكەسێكی تر نییە ببێتە سەركردەیان.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 هەزار دەرچوی پەیمانگاو زانكۆ هەیە. هەمو ساڵێكیش دەیان هەزاری تری دەچێتە سەر كە ئەمانە تا ئێستا بێكارن و هیچ ئومێدیكیش نییە كارێكیان دەسكەوێت.

دوای چەند ساڵێكی تر جیلێكی مردو دروست دەبێت و كچەكان دەبنە پیرە كچ و كوڕەكانیش پیرە كوڕ. نەك هیچ بەرهەمێكیان نابێت بۆ كۆمەڵگا بەڵكو دەبنە بارێكی قورس بەسەر كەس و كاریانەوەو خۆشیان دەبنە سەرچاوەی هەزران كێشەی كۆمەڵایەتی. سەیركەن لەم هەمو قەیرانانەدا ئەم بەناو نوخبە خوێندەوارە نە هیچ ڕوڵ و نە هیچ خەمێكیان هەیە.

كاری ئەمانە ئەوەیە كە ڕۆژ بۆوە، بچنە بازاڕو لە دەوری عەرەبانەی موبایل و دوكانی موبایل كۆببنەوە، یان بچنە كافە تریاو نیرَگەلە بكێشن. ئەگەر خەڵكانی تریش خۆپیشاندان بكەن، لە بری ئەوەی بەشداری بكەن، لە دورەوە بە دەم جگەرە كێشانەوە سەیریان دەكەن و لە دڵی خۆشیاندا گاڵتەیان پی َدەكەن.

ئەگەر هەر ئەمانە خۆیان ڕێك بخەن و بێنە سەرشەقام، دەتوانن سیستەمی حوكمڕانی بگۆڕن. میللەتێك نوخبەی خوێندەواری ئاوابێت، بە میللەتی زیندو ئەژمار ناكرێت. كارەساتیش لێردا ئەوەیە سەركردەكانیش پێویستیان بە میللەتی ئاوا مێگەل ئاسا هەیە بۆ ئەوەی چییان بوێت و چۆنیان بوێت ئاوا بكەن.

خوێنەری بەڕێز، هاوڵاتیانی ئازیز ئەگەر بە وردی سەرنجی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بدەین و شیكارێكی وردی بۆ بكەین و خۆشمان نەخەڵەتێنین، بەڕونی دەردەكەوێت كە ئەمەی ئێستا ڕودەدات، ئاشبەتاڵێكی سیاسیانەی لەسەر خۆیە و قەوارەی هەرێمی كوردستانیش ئەستێرەی لە ئاوا بوندایەو ئەوەی ئێستا هەیە تەنها ناوەو هیچی تر. سەرنجی ئەمانەی خوارەوە بدەن.

1- لە ئابوری سەر بەخۆوە، لە تاڵانفرۆشی سامانی ئەم نیشتمانەوە، هاتوینە سەر ئەوەی خۆمان تەسلیمی بەغدا بكەینەوە هەمو مەرجەكانی ئەوان جێ بەجێ بكەین، لە پێناوی موچەدا.
2- خاوەنی هێزێكی پێشمەرگەی تۆكمەو یەكگرتو نین.

3- لە سایەی ڕیفراندۆمەكەی مەسعود بارزانییەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانمان لە دەستدا.

4- پشتیوانی نێو دەوڵەتیمان نەماوە بە تایبەتی لە لایەن ئەمەریكاو بەریتانیاوە، دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم گرێبەستی نەوتی لەگەڵ ڕوسیا مۆركردو لە سەدا 60 بۆری نەوتی هەرێمی پێ فرۆشتوە.

5- باسی مادەی 140 نەماوە ئەوەتا كوردی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكوژرێن و دەغڵ و دانیان دەسوتێنرێت و كەس نییە بەرگرییان لێ‌ بكات.

6- بەشێكی هەرێمی كوردستان بە كردەیی لە ژێردەستی توركیادایەو كەی بیەوێت، بەڕۆژێك دەگاتە كەركوك. زۆنی سەوزیش وەكو پارێزگایەكی ئێران وایە.

7- لای هەموشتان ئاشكرایە حاڵی پەڕلەمان و دام و دەزگاكانی حكومەت چۆنەو ئەو پەڕلەمانەی ئێستا هەیە شتێك نییە جگە لە گاڵتەجاری و خۆ خەڵەتاندن.پەڕلەمانێك نەتوانێ لە حكومەت بپرسێتەوە دوای ئەو هەمو تاڵانیەو ئاگای لە كەمترین حساباتی دۆسییەی نەوت نەبێت، چۆن پەڕلەمانێكە.بەشێكی زۆری ئەندامانی پەڕلەمان خەریكی پاكانەكردنن بۆ حكومەت و شاردنەوەی دزی و تاڵانی بەرپرسەكان.

8-  بەردەوامی ناكۆكیەكانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و هەول َدان بۆ پاكتاو كردنی یەكتری  لە ساڵی 1964 تا ئێستا دەكاتە 56 ساڵ كە بونە هۆكاری هەمو نەهامەتییەكانی ئەم میللەو هیوایەكیان بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە نەهێشتۆتەوە.

9- هەمو داواكاریەكانی كورد لە  بەغدا هاتۆتە سەر ئەوەی داوای بودجە بكەن و پلەو پۆست وەرگرن. بەڵام ئەمانە هیچیان دەسكەوتی نیشتمانی نین. لە هەمو كاتێكدا حكومەتی بەغدا ئامادەیە ئەوە بۆ كورۆد بكات.ئەگەر زۆرینەی پۆستەكانی بەغداش بەدەستی كوردەوەبن، ناتوانن هیچ دەسكەوتێكی نیشتمانی بۆ كورد دەستەبەر بكەن. سەرۆكی كۆمار كوردە. چی پێدەكرێت بۆ كورد بەدەستی بهێنێت؟

ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە بە تاقیكردنەوە بۆمان دەركەوتوە، ئومێد نەماوە لە ژێر سێبەری حوكمڕانی پارتی و یەكێتێتیدا هیچ دەسكەوتێك بۆ كورد بەدەست بێت، هەتا ئەمانە بەم شێوەیە لەگەڵ یەكتری هەڵس و كەوت بكەن.

ئەگەر بەوردی سەیری پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی بكەی و ئەو هەمو قسە ناشیرینانەی بە یەكتری ئەڵێن و ئەو هەمو تۆمەتانەی بۆ یەكتری دروست دەكەن، تروسكاییەك بەدی ناكەی كە ئایندەی ئەم هەرێمە ڕوناك بكاتەوە.

ڕۆژ لە دوای ڕۆ پەیوەندییەكانیان بەرەو ئاقارێكی خرابتر دەچێت.كەواتە پی ناچێت ئەمانە بتوانن ئیدارەی هەرێمی كوردستان بدەن.  ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات.

ئایندەی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بەرمەترسی لەناو بردنەوە. كاتی ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنێكی كارای خاوەن بەرنامەو ستراتیج بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە خۆی نمایش بكات و بێـتە مەیدانەوەو پێشڕەواتی جەماوەر لە ئەستۆ بگرێت ئەو هەمو خەڵكە ناڕازیانە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوەو ئەركی مێژویی خۆی جێ بەجێ‌ بكات.

بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و هەرێمی كوردستان لەم قەیرانە ترسناكە ڕزگار بكات و ببێتە جێگرەوەی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار. لە ڕاستیدا لە ئێستادا كاتەكە زۆر گونجاوە بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەرفراون، چونكە هیچ كاتێك بەقەدەرئێستا جەماوەری ناڕازی زۆر نەبوە.

ئەوەش كارێكی زەحمەت نابێت ئەگەر لە لایەن جەماوەرەوە ویست و ئیرادە هەبێت بۆ ئەو گۆڕانكارییە.مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی هەبێت، دەتوانێت هەمو كارێك ئەنجام بدات،چەند زەحمەتیش بێت. ئەوەی زۆر گرنگە هەمومان باش بیزانین ئەوەیە، ئەم دەسەڵاتەی ئێستا هیچ لە خەمی ئایندەی هەرێمی كوردستان نین و تەنها لە خەمی مانەوەی خۆیاندان و دەستییان لی بشۆن و ئەوان لە مێژە هەر بۆخۆیان كار دەكەن و خەریكی پاشەكەوتن بۆنەوەكانیان.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×