دوای تەواوبونی توتینی موچە، هەرێمی كوردستان بەرەوكوێ؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-07-16     341

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا خۆی نەوت دەرێنێت وبیفرۆشێت و ئابوری هەرێم سەربەخۆ بكات ، حكومەتی عێراقیش بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی .دوای چەندین ساڵ حكومەتی هەرێم نەیتوانی ئیدارەیەكی باشی هەرێم بكات و ژێرخانی ئابوری بە هێزبكات بەوهۆیەوە  كەوتە ژێر قەرزەوەو تا كار گەیشتە ئەوەی نەتوانێت موچەی موچە خۆران بدات .لەوەش كارەسات بارتر ئەوەبوو كە حكومەتی عێراقی لە ڕێگای دادگایەكی پاریسەوە توانی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی لە لایەن حكومەتی هەڕێمەوە قەدەغەبكات . 

دوای ئەوەی فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان قەدەغە كرا .، حكومەتی هەرێم ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ بەردەرگای حكومەتی بەغدا بۆ دابین كردنی موچەی فەرمان بەران . بەڵام لەبەر ئەوەی ئەولیستی موچە خۆرانەی كە حكومەتی هەرێم بۆ بەغدای دەنێریت ئەوەندە ناوی وەهمی و دوو بارەو بندیواری تێدایە ، ئەوەندا لیستی هێزی چەكداری جۆراو جۆری تێدایە ، ئەوە بۆتە جێگەی گومانی وەزارەتی دارایی بەغداو بە بیانوی وردبینیەوە هەموو مانگێك موچەی موچەخۆرانی هەرێم دوا دەكەویت .

گومانەكانی حكومەتی عێراقی لە سەر هەموو لیستی موچەیە بەتایبەتی بونی ناوی زۆری خەڵكی دەرەوەی هەرێم لە ناولیستی هێزەوچەكدارەەكان  و تەنانەت لیستی خانەنشینیدا  .  لە لایەكی تریشەوە حكومەتی هەرێم پێداگری دەكات كە موچەی موچە خۆران بخرێتە سەر بانكی هەژماری من كە بانكی بەرپرسانی حیزبە بۆ ئەوەی هەمیشە موچە خۆران ناچار بكەن دەنگیان پێ بدەن و وا ی نیشان بدەن حكومەتی هەرێم موچەی موچە خۆران دابین دەكات . حكومەتی بەغداش  نایەوێت موچەی موچە خۆران بخرێتە سەر هیچ بانكێكی ئەهلی كە پشتیوانی حكومەتی نەبێت و بەغدا دەیەوێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم بخاتە سەر بانكەكانی خۆی بۆ ئەوەی موچە خۆرانی هەرێم بێ منەت بكات لە حكومەتی هەرێم . گومانی تێدا نییە لە دروستبونی حكومەتی هەرێمەوە تا ئێستا وایان لە هاوڵاتیان گەیاندووە كە ئەو موچەیەی پێیان دەدرێت ، پارەی خۆیانەو دەبێ لە بەرامبەر ئەوەدا بە پێی بریارەكانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار بجوڵینەوەو ئەگەر وانەكەن موچەكانیان دەبڕن و ڕوبەڕوی سزاش دەبنەوە .

 كەواتە موچە یەكێكە لەو چەكانەی كە لە ماوەی 32 ساڵی حوكمڕانی یەكێتی و پارتییدا وەكو هەڕەشە بەكارهاتوە  بەرامبەر بە هاوڵاتیان و بەو هۆیەوە هاوڵاتیان ناچار دەكرێن كە دەنگ بەو دوو حیزبە بدەن . بۆیە ئەگەر ئێستا سەرنج بدەن یەكێتی و پارتی كەوتونە بارودۆخێكی زۆر هەستیارەوەو زۆر ترسی ئەوەیان هەیە كە لە هەڵبژاردنی داهاتودا دەنگی پێویست نەهێنن و دەسەڵات لە دەست بدەن ، چونكە چیتر ناتوانن موچە وەكو هەڕەشە بكار بهێنن دژی هاوڵاتیان .  حكومەتی بەغداش بۆ ئەوەی زیاتر حكومەتی هەرێم توشی ئیحراجی بكات لەبەر دەم هاوڵاتیانداوهاوڵاتیانیش بێ منەت بكات لێیان ، بابەتی موچەیان كردووە بە هات هاتەكەی ڕۆم و حكومەتی هەرێمیان كردۆتە گیسكەكەی هەیاسی خاس.

ئەوە بۆ دوو مانگ دەچێت موچەی هێزە ئەمنیەكان و پێشمەرگە نەدراوە بە بەهانەی ئەوەی ئەولیستە ناوی هەزاران كەسی وەهمی و كوردی وڵاتانی تری تێدایە .هەموو جارێك كە لیستی ئەو هێزانە دەنێرن ، بەغدا بە بەهانەی ئەوەی لیستەكە پاك نەكراوەتەوە ، موچەكەیان نانێرێت . ئەوەش بۆتە هۆكاری ناڕەزایی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەكان و هەڕەشە دەكەن . گومانی تێدا نییە حكومەتی بەغداش ئەوەی گەرەكە .

 ئێستا حكومەتی بەغدا  خۆی لیژنەیەكی ناردووە بۆهەولێر  بۆ ئەوەی بە لیستی موچەی هێزە ئەمنیەكاندا بچێتەوە . ئەگەر سەرنج بدەن لە ئێستادا هەرچی هەواڵ و خەبەرو باسی خەڵكی هەرێم و موچە خۆران هاتۆتە سەر ئەوەی : بەم زوانە موچە دێت ،  ئەم هەفتیە دێت ، ئەگەر ئەم هەفتەیە نەهات ، هەفتەكەی تر دێت ، لێستەكە تەواو بووە تەنها هەندێك كاری تەكنیكی تێدایە ، لیستی موچە تەواو بووە بەڵام وەزیر لە سەفەرەو كە گەڕایەوە  دەینێرن ،   ئەگەر بەغدا موچە بنێرێت دڵنیابن  ئێمەش دابەشی دەكەین.  ئەی ئەگەر نەینارد پارەدزراوەكانی فرۆشتنی نەوت دهێننەوە بۆ موچەی هاوڵاتیان. واتە خەڵكی كورد وای لێكراوە بیر لە هیچ نەكاتەوە لە موچە زیاتر .  ماوەی زیاتر لە 15 ڕۆژە بەردەوام دەڵین لیستی موچەی مانگی 7 ئامادەیە كە بنرێت بۆ بەغدا ، بەڵام تا ئێستا نەیان ناردووە. موچە خۆر هیچی نییە لە موچە زیاتر ، دوكاندار بازاڕی نییە ئەگەر موچەخۆر موچە وەر نەگرێت و ئێستا هەرچی كاسبكاری شارەكانی كوردستانە دوعای خێر بۆ خەڵكی عەرەب دەكەن كە بۆ گەشت و گوزار سەدانی هەرێم دەكەن و بەوهۆیەوە پارە خەرج دەكەن و بازاڕیان خستۆتە جوڵە . سەیركەن چۆن ئەم بەرپرسە دزن و مافیانە خەڵكی كوردستانیان بێ هیوا كردووەو  باسی ئایندەی هەرێم و ئینتیمای نیشتمانی و خۆشەویستی نیشتمان لە كولەكەی تەڕیشدا نەماوە .

لە هەموو ئەمانەخرابتر ئەوەیە كە حكومەتی بەغدا دەیەوێت هێزی پێشمەرگەش بكاتە بەشێك لە سوپای عێراقی . لەم ڕێگایەوە هەوڵ دەدات كەهێزی پێشمەرگەش وەكوجاران پابەندی  فەرماەكانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار نەبن و لە ترسی بڕینی موچە یان بەرزنەكردنەوەی  پلەكانیان لێیان بێ منەت ببن  وتۆڵەی خۆیان لە یەكێتی و پارتی بكەنەوە  كە چەندین ساڵە بە ناوی دواخستنی موچەو نیوە موچەو پاشەكەوتی موچەوە ، قوتی ماڵ و مناڵیان بە تاڵان دەبەن و بەردەوامیش سامانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن . هۆكاری دواخستنی موچەی هێزەئەمنیەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە كە دەنگی ماڕەزایی بەرزبكەنەوەو خۆیان داوا بكەن بیانكەن بە  بەشێك لەسوپای عێراق .

بە سەدان هەزار موچە خۆر هەیە موچەكانیان ناگاتە 250 هەزار دینارو ئەویش لە كاتی خۆیدا نادرێت و تا ئێستا 7 كەسیش لە سەرەی موچەدا گیانیان لە دەستداوە . ئێستا كە حكومەتی عێرقی بڕیاری داوە موچەكانیان  بە موچەی هاوڵاتیانی تری عێراق یەكسان بكات  موچەی هیچ كەسێكیش لە 500 هەزر كەمتر نەبێت ، هاوڵاتی كورد نەعلەت لەو دەسەڵاتدارارە كوردانە دەكات كە چەندین ساڵە موچەكانیان دەدزن .

حكومەتی عێراقی زۆر بە عاقڵانەو بە بەرنامە  كار لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكات و دەیەوێت كەروێشك بە عەرەبانە بگرێت . ئەوان پێیان وایە چۆن چەندین ساڵە حكومەتی هەرێم  بە ئارەزوی خۆی كاری كردوەو لە بەغدا بێ منەت بووە ، زۆر بەلایانەوە گرنگ نییە ساڵێكی تریش ئارام بگرن و بارودۆخەكە تێك نەدەن تا ئەو كاتەی هەرچی داهاتی هەرێم هەیە دەیخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە . كە هەموو داهاتیشیان خستە ژێر دەستی خۆیانەوە ، بە مانای ئەوە دێت هاوڵاتیانیش وابەستەی بەغدا دەبن . ئەوەش بەمانای كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێم دێت و بەناچاری دەبی خۆیان دەست بەرداری حكومەت ببن وئەو كاتە هەڕێمیش جگە لە ناو هیچ مانایەكی نامینێت  . ئەگەرچی حكومەتی بەغدا هەر بەردەوام دەبێت لە ناردنی موچە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە دەڵیت پێ دانی موچەی موچە خۆرانی هەڕێم  نابێ ببەسترێتەوە بە كێشەی سیاسیەوە ، بەڵام ئەوەش سنوورێكی هەیەو حكومەتی بەغداش هەر ئاوا بە ئاسانی ناچێتە ژیرئەوبڕیارەوە. لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیشدا ئەوە هاتوە كە دەبێ هەرێم نیوەی داهاتەكانی ناوخۆی  ڕادەستی بەغدا بكات .

 بە هۆكاری ئەوەی تا ئێستا حكومەتی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیددڕاڵی داهاتەكانی ناوخۆی ڕادەستی بەغدا نەكردووە ، بەغداش بەهانەی دەبێت بۆ نەناردن و دواخستنی موچەی موچە خۆرانی هەرێم . سبەی حكومەتی عێراقی هەر بە نێوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم ڕازی نابێت و داوای پارەی ئەو هەموو ئەو نەوتە دەكەن كە چەندین ساڵە بە قاچاخ لە ڕێگای ئێران و توركیاوە  بە تانكەر دەفرۆشرێت كە ڕۆژانەبە 200 هەزار بەرمیل مەزندە دەكرێت دوای قەدەغە كردنی فرۆشتنی نەوت لە لایەن هەرێم خۆیەوە  .

بەیانی بەو بیانوانە حكومەت هیچ نەبێ موچەی هێزە چەكدارەكان دوادەخات و دەستی دەستیان پی دەكات وئەو كات كێشە بۆ حكومەتی هەرێم دروست دەكەن . لەو ڕۆژەوە حكومەتی هەرێم مانگانە  لیستی موچەی موچە خۆران و هێزە چەكدارەكان بۆ بەغدا دەنێرێت ، هیچ مانگێك وەكو یەك نیەوی هەموو مانگێك ژمارەی موچە خۆران زیاد دەكات ،  تەنانەت ژمارەی خانە نشیانیش زیادی كردوە كە ئەمە جێگەی پرسیارە بۆ بەغدا .

لە كاتێكدا حكومەتی عێراقی بڕیاریداوە موچەی خانە نشینانی هەرێمیش بە خانە نشینانی تری عێراق یەكسان بكات  بە پێی یاسا ، بەدووریش نازانرێت  كە بە  لیستی خانە نشینانی هەرێمدا نەچنەوە بۆ ئەوەی بزانن ئایا بە پێی یاسا خانە نشینكراون یان بە هەڕەمەكی و ئارەزومیزاجی بەرپرسان . وەكو دەبینرێت بەدەیان كەس بە ناوی وەزیرو جێگر وەزیرو ڕاویژكاروبندیوارو بەڕیوەبەری گشتییەوە خانە نشینكراون و ئەو كارەیان نەكردوە .  واتە مەرجی یاسایی خانە نیشینیان تێدا نییە .  وەكوباس دەكرێ گوایە خەڵك هەبوە ئەمڕۆ وەكو بەڕێەبەری گشتی  دەست بكار بوەو بۆ بەیانی خانە نشین كراوە. بەكورتی حكومەتی عێراقی هەوڵ دەدات هەمو خانە نشینەكان بە یاسایی بكات ، كاتێكیش ئەوە دەكرێت گۆڕانكاری زۆر ڕودەدات  لە چۆنیەتی خانەنشینكردن و ژمارەی خانە نشینان .

بەیانی داوادەكات لەسەر چ بنەمایەك ھێزەچەكدارەكان پلەی سەربازیان وەرگرتوە ، ئایا بە پیی خزمەتی  ساڵانەیانە یان بەشداری كردنیان بوە لە خولی تایبەتیدا ، یان بە هەڕەمەكی و میزاجی بەرپرسانی حیزبی بووە  . خەڵك هەیە خزمەتیشی زۆر نییە ، بەڵام دوو پلەی زیاتر وەرگرتوە لە حەقی خۆی . من خۆم بیستومە گوایە بەرپرسانی سەربازی عێراقی وتویانە كە دەبێ ژمارەی هێزی چەكدار لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان دیاری بكرێن .

 ئایا بەو پێیە هەرێم حەقی ئەوەی هەیە 433 هەزار چەكداری هەبێت ؟. جگە لەوەش بەرپرسانی عێراقی باسی ئەوەیان كردووە كە بەڕێژەیەكی زۆر پلەی سەربازیان بەرزكردۆتەوەو بە پلەی زۆر بەرزیش  خەڵكیان خانە نشین كردووە كە ئەمانە هەمویان نایاسایین و قابیلی پێداچونەوەن .  كاتێك كە حكومەتی دڵنیابۆوە  لە ڕاستی و دروستی ناوی هەموو خانە نشینان و هێزی پێشمەرگەو پلەكانیان  بە پێی یاسا و تەوتین كردنی ناوەكانیان لە بانكەكانی سەر بەحكومەتدا ، هەنگاوی دوایی ئەوە دەبێت كە داهاتی گومرگەكان و ناو خۆش وەردەگرێت و هەرچی پەیوەندیشی بە نەوتەوە هەیە  خستییە ژێر دەستی خۆیەوە ، مانەوەی حكومەتی هەرێم هیچ گرنگییەكی نامێنێت چونكە وەزارەتێك كە هیچ بڕەپارەیەكی لەبەر دەستدا نەبێت  مانەوەشی هیچ مانایەكی نامێنێت  .

بۆ بواری خزمەت گوزاری  شارەكان و ڕیگاو بانەكان و پێداویستی تریش ئەوكات لە بەغداوە وەكو پارێزگاكانی تری عێراق پارە بۆ پاڕێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش دادەنێن لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتوان . دوای ئەوەی حكومەتی بەغدا هەموو ئەمانەی ئەنجامدا ، حكومەتی هەرێم دەبێ خۆی بای بای بكات . هەرێمی كوردستانیش لە ناوێك زیاتر هیچی تر نابێت . لەبەر ئەوەی بونی هەڕیم لە دەستووردا بڕیاری لێدراوە لەم قۆناغەدا ناتوانن بڵین هەرێم نەماوە و بۆ ئەوەی دەنگە دەنگ پەیدا نەبێت ، سەرۆكی هەرێم وەكو سەرۆكێكی ڕەمزی بێ دەسەڵات دەمێنێت .ئەگەر سەرنج بدەن تا ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستی پێ نەكردۆتەوە . هۆكاری سەرەكی دەگەڕیتەوە بۆئەو هەموو كێشانەی لە گرێبەستە نەوتییەكالندا هەیە . حكومەتی هەرێم كە لە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتێدا كورت دەبێتەوە و بە پلەی یەكەم پارتی كە كۆی پڕۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی لە ژێر دەستدا بووە ، ئەوەندە كاری نایاسایی و فرت و فێڵیان لە گرێبەستە نەوتەیەكاندا كردوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، كەس سەرودەروی لی ناكات.

ئەمان هاتون زۆرترین ئیمتیازیان بە كۆمپانیاكان داوە ، لە پێناوی ئەوەی خۆیان وەكو حیزب دەسكەوتیان هەبێت . واتە بە ئاشكرا دزیان لە هاوڵاتیان كردوە و بەشە زۆرەكەی دزیەكەشیان داوەتە كۆمپانیا كان لە پێناوی دەسكەوتێكی كەمی دزیەكە بۆخۆیان . حكومەتی عێراقی هەرگیز ڕازی نابێت بەو ڕێكەوتنەی حكومەتی هەرێم لە گەڵ كۆمپانیا نەوتیەكان ئەنجامی داوە كە بڕێكی زۆر پارە بدرێت بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت كە بڕەكەی دوو جار زیاترە لەوەی بەغدا دەیدا بە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت .

كاتێك باسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكرێت هەموو نەهێنیەكانی نێوان بەرپرسانی هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت ئاشكرا دەبێت و بەو پێیە حكومەتی هەرێم زۆر قەرزداری ئەو كۆمپانیایانەیەو حكومەتی عێراقیش ئامادە نابێت بچێتە ژێر دانەوەی دزیەكانی بەرپرسانی هەرێم . خۆ ئەگەر بەرپرسانی هەرێم هەر پێداگربن لەسەر ئەوەی دەبێ حكومەتی بەغدا بچێتە ژێر دانەوەی قەرزەكانیان بابەتێكی زۆر هەستیار دێتە گۆڕێ .

ئەو كات بەرپرسانی عێراقیش لە گوێی گادا نەنوستن وئەو خورمایەی  بەرپرسانی هەرێم پێشتر خواردویانە ، دەنكەكانیان لە گیرفانی ئەوانداێە . ئەوان باش دەزانن چەند پارەی دزراوی نەوتیان لە ڕێگای بانكەكانی خۆیان سپی كردۆتەوەو ناردویانە بۆ دەرەوەی وڵات . دەڵێن باشە ئێمە قەرزەكان دەدەینەوە بەڵام فەرمون وەرن با حسابی بكەین چەند نەوتان فرۆشتوەو چەندی ئەو پارەیە بۆ موچەو خزمەت گوزاری خەرج كراوە . ئەو كات كارەساتێكی گەورەتر ئاشككرا دەبێت . ئەو كات ئاشكرا دەبێت  كە ئەو 30 ملیارەی هەرێم دەڵی قەرزدارم ، دوورە لە ڕاستییەوەو بەرپرسانی هەرێم پارەكەیان خواردوە . پێیان دەڵێن تئێوە چون پێش وەخت پارەتان وەرگرتوە لە بری ئەوە نەوتیان پێ بدەن. واتە پارەكەتان بە سەوزی خواردوە و  بەڵام ئەوپارەیەی  قەرزیشتان كردوەو بە سەوزی خواردوتانە نەتان هێناوەتەوە بۆ ناو كوردستان ولە بانقەكانی دەرەوە داتان ناوەو هاتون ئەمە دەكەنە قەرز بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمداو بەو هۆیەوە موچەكانتان پێ نەداون . كورت و كرمانجی قسەكردن لەسەر بابەتی نەوت و قەرزەكانی هەرێم  ڕیك وەكو مەسەلەی دارەكەیە ، كە دەلین هەردوو سەری پیسە .بەڵام  ئەم دارە هەمووی پیسە. یان كەدەڵێن :ئەم باسە وەكو (هێن) وایە تا چێلكەی تێوەردەی بۆگەنی زیارتر دەبێت .

گەورەترین فەزیحەی گەندەڵی هەرێم كە تازە ئاشكرا بوەو عەلی حەمە ساڵح بە درێژی وزۆر و بەڕاشكاوی باسی كردووە كە گەورەترین فەزیحەی سەردەمە لەسەر كۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی و بۆری نەوتی هەرێم  . لە ساڵی 2017 نێچیر بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی مۆسكۆیان كرد . ئەودوانە گرێبەستی دەرهێنانی نەوتیان دایە ڕوسیا لە ناوچەی گەرمیان .

 ئەوەی شایانی باسە ئەوەبوو ئامۆزاكەی قوباد تاڵەبانی  نوێنەری ڕەسمی حكومەتی هەرێم بوو لە ڕوسیا ڕێگایان نەدا بەشداری كۆبونەوەكە بێت ،  بەڵام ئاشتی هەورامی و كەسێكیتری سەر بە بنەماڵە  بەشداری كۆبونەوەكەبوون . وەكو دەردەكەوێت 250 ملیۆن دۆلار بەناوی كۆمپانیای ڕاوێژكاری وەرگیراوەو لەو پارەیە  200 ملیۆنی بۆ پارتی بووەو 50 ملیۆنیشی بۆ یەكێتی بووە .

 بەڵام ئەوە بەرتیل بوە ڕوسیا پێی داون  بۆ ئەوەی ئیمتیازی  دەرهێنانی نەوت وەرگرن زیاتربۆ دژایەتی ئەمەریكا . كەواتە بەم كارەیان ئەمەریكاشیان دڵگران كردووە. ئێمتیازی بۆری نەوتی كوردستانیش لە سەدا 40 دراوە بە كۆمپانیای كاری پارتی و لە سەدا 60 دراوە بە كۆمپانیایەكی ڕوسی بە یەك ملیارو حەوت سەد ملیۆن دۆلاركە زۆر لە مێژە هەموو پارەكەیان دەست كەوتۆتەوە چونكە پارتی لە بەر خۆی وەكو بزانم بۆ هەر بەرمیلێك  حەوت دۆلاریان وەرگرتوە . كارەسات ئەوەیە لەو ڕۆژەوە كە نەوتی هەرێمیش هەناردە ناكرێت دەبێ هەر كرێی ئەوبوریە بدەن . واتە وەكو كاك عەلی باسی دەكات  تا كێشەی ئەم بۆریە یەكلا دەبێتەوە ، دەبێ هەرێم بڕی 11 ملیار دۆلار بدات . كەواتە هۆكاری هەناردە نەكردنی نەوتی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم یان ڕاستر بڵیم پارتی خۆی دەگەڕیتەوە چونكە كێشەی هەناردەكردنی نەوت و كۆمپانیاكان و ئەو هەموو دزی و فرت و فێلانەی تێیاندا كراوە ئەوەندە ئاڵوزو قورسە وا بە ئاسانی چارەسەر ناكرێت وحكومەتی عێراقیش ئامادە نییە بچێتە ژێر باری دانەوەی ئەوهەموو قەرزانە . بە بۆچونی من كێشەی نەوتی هەرێم و كۆمپانیاكان و ئەو هەموو گەندەڵیانەی تێیاندا كراوە دواجار بە لەناوچونی هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت چونكە تاوانی هەموی دەكەوێتە سەر بەرپرسانی هەرێم و دواجار دەستبەرداری دەسەڵات و قەوارەی هەرێمیش دەبن تەنها لە پێناوی ئەوەی لێیان خۆشبن و ڕزگاریا ببێت .

لەم ڕۆژانەدا گوێم لێبو كەئەندام پەڕلەمانێكی بەغدا دەیگوت ماوەی دەستووریش تەواو بوەو پێویستی بە هەموار كردنەوە هەیە بەڵام بارودۆخەكە لە ئێستادا گونجاو نییە قسە لەو بارەیەوە بكرێت . خۆ ئەگەر لایەنە ناكۆكەكانی بەغدا كەمێك لە یەكتری نزیكتر ببنەوەو قسەیان بكەن بە یەك و كوردیش وەكو ئێستا بە پەرتەوازەیی بمێنێتەوە كە من بڕوام وایە خرابتریش دەبێت ، ئەوە بەدوورش نازانرێت  دەستوور بگۆڕن و هەرێمی كوردستانیش نەمینێت و وەكو ساڵانی پێشو ببێتەوە بە حكومەتی مەركەزی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×