ئەنجومەنی شارەوانی چییەو  بۆچی پێكهاتوەو دەبێ چۆن كار بكات؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-06-10     854

ئەنجومەنی شارەوانی پێك هاتوە لە بەرپرس و نوێنەری چەندین فەرمانگەی هەستیارو خاوەن دەسەڵات و چەندین لایەنی تر . كاری ئەم ئەنجومەنە  ئاگاداربون و بەدواداچونی  كاروباری  دامو دەزگانی حكومەت و ڕێكخستن و بەڕێكردنی  كاروباری هاولاتیان و پارێزگاری كردنە لە موڵكو ماڵی گشتی و هاوڵاتیان .بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێستادا حیزب حكومەتێكی ترە لەناو حكومەتدا و زۆرینەی هەرەزۆری  بەرپرسی فرمانگە گرنگ و ئەساسیەكان لە حیزبی دەسەڵالاتدارن ، كاروبارەكان بە شێوەی ئاسایی و یاسایی بەڕێوە نابرێن و بەزۆری بە میزاجی شەخسی و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاكانی  حیزب  بەڕیوەدەچن ، بۆیە هەموو شتێك لە گرێژەنە چوەو لە سەرسكەی خۆی نەماوە . 
پرسیار : ئەگەر بەرپرسی ئەم فەرمانگانە خۆیان كاری نایاسایی و سەرپێچیان كرد كێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكات ؟. لە كاتێكدا  بە پێی یاسا هەموو كەس دەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت  لە كاتی ئەنجامدانی كارێكی نایاسایی و ڕێگا پێنەدراو . ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی هەمویان بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو سەرپێچیانەی لە شارەكەدا دەكرێن . ئەگەر ئەندامێكی ئەنجومەن خۆشی سەرپیچی نەكردبێت ، نابێ بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەوەی ئەندامێكی تری ئەنجومەنەكە كاری نایاسایی كردوە . 
ئەو سەرپیچیانەی ئێستا لەناو شاری سلێمانیدا  دەكرێن دوو جۆرن : هەندی سەر پێچی دەكرێت  لە دەرەوەو سەروی دەسەڵاتی ئەنجومەنی شارەوانییە . واتە لە لایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەوە ئەنجام دەدرێن . بەڵام لەم حاڵەتەشدا  نابێ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بێدەنگبن. بۆ نمونە : ماوەی ساڵێك لەمەوبەر بەناوی دژە تیرۆرەوە بە هەزاران پارچە زەوی بەبێ ڕەەزامەندی و ئاگاداری شارەوانی  هەر بە هەوایی ئیفڕاز كران و  دابەشكران . لەلایەن فرماندەكانی هێزەكانی 70 و بەناوی كەس و كاری شەهیدانەوە بە هەزاران پارچە زەوی بە هەمان شێوەی دژە تیرۆر دابەشكران و تەخشان و پەخشان كران . لە ماوەی چەند ڕۆژی پێشوشدا لە لایەن بەرپرسێكی دژە تیرۆرەوە  لە دۆڵە ڕوت دەست گیراوە بەسەر 14 دۆنم زەویداو بەش بەش كراوە .
 لەم حاڵەتانەدا دەبێ ئەنجومەنی شارەوانی بێنە سەرخەت و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی  ئەنجام بدەن و ڕای گشتی لێ ئاگادار بكەنەوەو ناڕەزایی  دەربِرن  ئەگەر بە قسەیان نەكرا ، دەبێ هەڕەشەی دەست لەكار كێشانەوە بكەن . ئەگەر وانەكەن  شار بەرەو وێران بون و داگیركاری دەڕوات خۆشیان بێ بایەخ دەبن . 
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی و كارەساتی گەورەیە بایی ملیۆنان دۆلار موڵكی گشتی  لە لایەن  شارەوانی و فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانیەوە  بە خۆڕایی و لە بەرامبەر هیچدا بەمیزاجی خۆیان  یان بە فەرمانی بەرپرسانی حیزبی باڵا تەخشان و پەخشانكراوە ، لە كاتێكدا ئەمانە خۆیان بەرپرسیارن ودەبێ خۆیان ڕێگربن لەبەرامبەر بەهەدەردانی موڵكو ماڵی  گشتیدا .
 ئەی دەبێ كێ لێپرسینەوە لەمانە بكات و بیانداتە دادگا . دەست درێژیەكان  ئەوەندە زرن  لەسەر موڵكو ماڵی گشتی ، میدیاكان بە زەحمەت فریای بڵاوكردنەوەو بەدواداچۆن دەكەون . لە ئێستادا شاری سلێمانی لەبەردەم مەترسی داگیركارییەكی زۆر گەورەدایەو ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات ، هیچ ئەرزێكی بەتاڵ  لەناو شاردا نامێنێت .
سەرنج بدەن : شوێنی مەسڵەحەی كۆن  كە بڕیار وابوە بكرێتە باخچە ، ئێستا دەكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون كە دەكەوێتە ناوەڕاستی گەڕەكی نیشتە جێبونەوە ، لە كاتێكدا ئەمە بە پێی یاسا  قەدەغەیەو نابێت . لەوەش سەیرتر ئەوەیە بۆ ئەمەیان  ڕێگا پیدراوە تا باڵ‌خانەی 35 نهومی دروست بكرێت ، بەڵام  ڕێگا نادەن  بەشی پشتەوەی شەقامی ساڵم ، واتە شوێنی خانوەكەی حەمەی فەرەجی ڕەحمەتی بكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون چونكە بەرزتر دەبن لە بینای مەڵبەند. ئەمەیە بانێكەو دوو هەوا .  دیارە باڵەخانەكانی شوێنی مەسڵەحەی كۆن حیزب تێیدا شەریكەو ئەوە هی خۆیانە . 
 بەنزینخانەی چاڵەكەی دووڕیانی سەرچنار كە بڕیار وابوە بكرێتە باخچە ئێستا دەكرێتە تاوەری نیشتەجێبون و كاری تێدا دەكرێت . ساڵی 2009 لەسەر داوای پارێزگای سلێمانی فەرمانگەی كشتوكاڵ 140 دۆنم زەوی پێ داون بۆ ئەوەی بیكەن  بە یاریگای تۆپی پێی نێو دەوڵەتی . بەڵام  بە بڕیاری توانا كەمال  سەرۆكی پیشوی شارەوانی سلێمانی  ئەرزەكە كرا بە شوێنی نیشتە جێبون و پارچە پارچە كرا . 
لە هەمووی سەیرتر ئەوەبو زۆر خەڵك و لایەن لەسەر ئەوە  هاتنە دەنگ ، بەڵام ئەوەی دەنگی لێوە نەهات  پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوون .   لە پردی كۆبانی بەرەو هەواری شار ئەمبەرو ئەوبەری   شەقامەكە هەمووی لە لایەن  بنەماڵەی حوكمڕانەوە داگیر كراوە كە بایی دەیان ملیۆن دۆلارە . پشتی كۆلیجی سەلاحەدینی ئەیوبی و  پەیمانگای  پەروەردەی وەرزشی  كە دەكەوێتە نێوان خەستەخانەی ئەنوەر شێخە لە خوارەوەو مەكتەبەكانی یەكێتی لای سەرەوە ، ئێستا بەناوی وەبەر هێنانەوە دەكرێتە خەستەخانەی ئەهلی باشوور .
 ئاخر خەستەخانەی ئەهلی چ پەیوەندی  بە وەبەرهێنانەوە هەیە بایی 12 ملیۆن دۆلار زەوی پی َبدەی ؟. لە نێوان شوقەكانی  گاردن ستی و بەنزینخانەی هەڵگورد لەسەر شەقامی 60 مەتری  زەوییەكی بەتاڵ هەبوو ئێستا پێشی بەلەوح گیراوەو ئەوەش بەتاڵان دراوە . لە نێوان هۆتێل تایتانێك و خەستەخانەی هەرێمدا لەسەر شەقامی 60 مەتری  بایی چەندین ملیۆن دۆلار زەوی براوەو بەنزینخانەو پیشانگای ئوتومبیل و دوكانی فەڕش فرۆشتنی  لێ دروست كراوە .  لە هەفتەی داهاتوشدا لە بناری گۆیژە  دەستكرا بە دەرهێنان و لەناو بردنی سەدان درەخت بۆ ئەوەی شوقەی نیشتەجێبون لە شوێنی درەختەكان دروست بكرێت كە بایی چەندین ملیۆن دۆلارە . تازەترین تاڵانی پێدانی نزیكەی دوو دۆنم زەوی  لەسەر شەقامی 60 مەتری نزیك هۆتێل تایەتانێك  بەناوی وەبەر هێنانەوە  كە بای 14 ملیۆن دۆلارە  دراوە بە كوڕی وەزیری پێشمەرگە بۆ دروستكردنی ریِستۆرانت و كافی َ .
 ئاخر  پێدانی بای 14 ملیۆن دۆلار زەوی  بۆدروست كرۆدنی ڕیستۆرانت بۆ فرۆشتنی شلەو برنج ز قاوە ، چ جۆرێكە لە وەبەرهێنان ؟. یان ئەمە ڕێگایەكە بۆ  دەوڵەمەندكردنی خەڵكە لەسەر موڵكی گشتی ؟.هەر شوێنی هۆتێل تایتانیك خۆشی كە بایی چەندین ملیۆن دۆلارە هەر ئاوا بە تاڵان دراوە . 
  خاوەن پرۆژە پاچی لە ئەرز نەداوە بوە بە خاوەنی 14 ملیۆن دۆلار . ئەمانە پرۆِژەی وەبەرهێنان نین و  لە  بنەڕەتدا پرۆژەن  بۆ دزینی موڵكی گشتی . پار ساڵیش كۆمەڵێك دزوو جەردە سنەوبەرەكانی سەر شەقامی ڕاپەڕێن تاسڵوجەیان سوتاند بۆ ئەوەی شوینەكان بۆ مەبەستی بازرگانی بەكار بهێنن. لەگەڵ ئەوەی ئەوانە ناسراویش بون ، بەڵام چونكە لە دەسەڵاتەوە نزیك بون ، كەسیان  نەگرت . بە هەمان شێوەش پار ساڵ ئاگرلە بناری گۆیژە كەوتەوە  ئێستا ئەوەش هەر گومانی لەسەرە . 
هەموو ئەو زیادە ڕەویانە بۆسەر موڵكی گشتی و بەتاڵان بردنیان  لە ڕێگای شارەوانی سلێمانی و فەرمانگەی بەناو وەبەرهێنانەوە  ڕێگایان پێدراوەو بە ئێمزاو  ڕەزامەندی ئەوان ئەنجامدراون . كاتێك خەبەری پێدانی  نزیكەی 2 دۆنم زەوی بەكوڕی وەزیری پێشمەرگە بڵاو بۆوە ، بەرپرسی فەرمانگەی  بەناو وەبەر هێنان  عەزیز سەعید   لە كۆنگرەیەكی رۆِژنامەوانیدا  دەڵێت : 
هەممو كەسێك مافی خۆیەتی ئەگەر پارەی هەبوو  داوای زەوی بكات بۆ مەبەستی وەرهێنان ئەگەر بەرپرس بێت یان كەسی ئاسایی . باشە كوڕی وەزیر پارەی بۆ چییە بۆ وەبەر هێنان ، ئەوە نییە تۆخۆت بایی 14 ملیۆن دۆلار زەویت بە خۆڕایی پیداوە ؟.   سەیری ئەم پاساوە بێ ماناو گاڵتەجاریەی ئەم ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیە بكەن و بیری لێ بكەنەوە . باشە منیش پارەم هەیەو بەیانی دیم داوای یەك دۆنم زەوی لەو شوێنە دەكەم  ئامادەیە پێم بدات ؟.  ئاخر هەمو ئەو زەویانەی باسمكردن لە سەرەوە كە بەتاڵان دراون ، فەرمون وەرن پێم بڵێن لە كەسانی حیزبی و نزیكەكانی خۆیان بەولاوە ، كەسێكی ئاسایی بێ لایەنی تێدایە ؟.  
لە كاتێكدا كەسێك خۆی موڵك و ماڵی گشتی بەتاڵان بدات ، چۆن دەكرێت ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بێت كە دەبێ بەرگری لە موڵك و ماڵی گشتی بكات . وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تاكە ڕێگایە بۆ دەوڵەمەندبون لە سەرحسابی گشتی  . وەبەرهێنان بە مانای دروستكردنی پڕۆژەیەك بۆ بەرهەمهێنانی  مریشك و هێلكەو خەیارو تەماتەو دروستكردنی كارگەیەكی شەربەت  یان بلۆك یان كەرەستەی تری خانوو  یان كاڵایەكی تر كە هەم بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بكات و خەڵكیش كار لەو پڕژانەدا بكات .
 نەك بایی ملیۆنان دۆلار زەوی بدەیتە كەسێك خەستەخانەی ئەهلی لەسەر دروست بكات و گیرفانی خەڵك بەتاڵ بكەنەوە . یان ڕیستۆرانت دروست بكات و  برنج و شلەی تێدا بفرۆشن . با ئەوەی ڕیستۆرانت  دەكاتەوە خۆی بچێت شوێن بۆخۆی پەیدا بكات . ئەوەی خەستەخانەی ئەهلی دەكاتەوە  خۆی بچێت زەوی بكڕێت ، نەك لەسەر حسابی موڵكی گشتی بكرێنە ملیۆنێرو دوایی پۆز بەسەر خەڵكدا لێدەن .
 بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییە  بەڵام خۆی سەرپێچی كردوەو حەقی ئەوەیە پرسینەوەی لەگەڵ بكرێت . لە كاتێكدا خەستەخانەی شار  لە شوێنێكی زۆر خراپ دروست كراوە ، ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان بیر لە فراوانبونی بكرێتەوە  زەوی بەتاڵی زۆر كەم هەیە .  بەڵام تەنها هەندێك زەوی بەتاَڵا  لەناو دڵی خەستەخانەكەدا  هەبوو  ڕێگای داوە بكرێتە گەراجی سەیارە . ڕاوەستانی سەیارە بۆ 10 دەقیقەش بێت 1500 دینارە . بەشی پێشەوەشی  كراوە بەدوكان بۆ چایخانەو شوێنی فرۆشتنی خواردن . ئەگەر ئەمەی كردویەتی  بۆ بەدەستهێنانی  داهاتە بۆ خەستەخانەو چارەسەری كێشەی ڕاوەستانی سەیارەیە ، ئەمانە ئیشی ئەو نین و هیچ گومانم نییە ئەمە بۆكەسێكی بەرپرسی گەورە كراوەو ئەمیش ئاانكاری بۆ كردوە . 
ئەوەتا فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەڕلەمانی  عێراق دەڵێن : ئێمە دەرمانمان بۆسلێمانی پەیدا كردوە  بەڵام بەڕێوەبەری  تەندروستی سلێمانی  نایەت وەری بگرێت بۆ ئەوەی دەرمانی كۆمپانیاكانی حیزب بفرۆشرێن . لە لایەكی تریشەوە دەڵێن : دەرمانی كوالیتی خراپ بە نرخی هەرزان بۆ خەستەخانەی هیوای كڕاوە . تا ئێستا بەڕێوەبەری  تەندروستی سلێمانی وەڵامێكی وای نەبوە  كە خەڵك بڕوای پێ بكات . كەواتە چۆن دەبێت كەسێكی ئاوا ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بێت ؟.  
ئەوەی نەت بیستوەو نەت دیوە لەم شارەی ئێمەدا دەیبینی . فەرمانگەی  گشتی ڕۆشنبیری  سلێمانی زەوییەكی بەتاڵی هەبوە لەسەر شەقامە گشتییەكە . لە بری ئەوەی بیر بكەنەوە لە دوا ڕۆژدا بیكەنە هۆڵی سینەماو شوینی  ئەنجامدانی چالاكی ڕۆشنبیری ، داویانە  بە موساتەحە بە سەرمایەدارێك . ئەی نابێت لایەنێك هەبێت لێی بپرسێتەوە  بۆچی و بەچ حەقێك ئەمەتان كرد ؟.  ساحەیەكی تۆپی پێ هەیە لە نێوان بەنزینخانەی ئاشتی لە دووڕیانی  سەرچنار لە نێوان بەنزینخانەی ئاشتی  و مزگەوتی  حاجی ئەحمەد  ئەو ساحەیەی پرسەی خوالێخۆشبوو مامجەلالی تێدابو ، بەشی لای سەرەوەی ساحەكە بەلەوح جیاكراوەتەوە بۆ ئەوەی بیكەنە بەنزینخانەو دوكان .  ئاخر كە تۆ ساحەی یاریكردنت  نەما ، یانەی وەرزشیەكەت  چ مانایەكی دەمێنێت .  ئێستا هەرچی هەیە ڕوی كردۆتە داگیر كردنی زەوی بەناوی وەبەر هێنانەوە چونكە ئەمڕۆ نان لە زەویدایە . كۆتا سەرنجم :
1-لە كاتێكدا ئەم هەموو داگیركاریەی سەرموڵكو ماڵی گشتی هەیە و ئەو هەموو كارە نایاساییانە ئەنجامدەدرێت  نە پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا هیچ ڕۆڵێكیان نیەو وەكو ئەوە وایە هەر نەبن  . هەر دەڵێی ئەوەی لەم  شارە ڕودەدات كەم تا زۆر پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە . لە كاتێكدا لە هەمو پارێزگاكانی تری عێراق و هەرێمی كوردستانیش پارێزگار ڕۆڵی بەرچاوی هەیە . 
 دیارە هەمومان دەزانین  پارێزگار لە حیزبی قائید نییەو لە دایكە زڕەكەیەو ناتوانێت  ڕۆڵی خۆی وەكو پارێزگار ببێنێت چونكە ڕێگای پێنادەن . بەڵام ئەگەر من لە جێگای ئەوبم ، یەكسەر دەست لەكار دەكێشمەوە . ئەوەتا هەموو موڵكی گشتی داگیركراو دنیا هاتە دەنگ ، چۆن دەبێ پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا ئاوا بیدەنگ بن . چۆن  دەبێ ڕێگا بدەن ئەو زەویەی خۆیان داویان كردوە بۆ یاریگا ، داگیری بكەن . كەواتە با  لێم عاجز نەبن و قسەكە هی خۆمان بێت و لە بەینمان دەرنەچێت ، ئەوانیش وەكو  موچەخۆری بندیوار وان . 
2-ئەو ئەنجومەنی شارەوانیەی ئێستا هەیە ئەوەندەی خۆیان سەرچاوەی كێشەن و ئەوەندەی ئەوان كاری نایاسایی و سەرپێچی و زیادە ڕەوی و موڵك و ماڵی گشتی بەهەدەر دەدەن ، ئەوەندە سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكان نین . كێشەكان زیاتر پەیوەندییان  بە زەوی زارەوە هەیە . زەوی زاریش لە ڕێگای شارەوانی و وەبەرهێناوە ئیدارە دەدرێت . ئەو دوو لایەنەش  زیاتر پابەندن بە حیزبەوەو فەرمانی ئەوان جێ‌ بەجێ‌ دەكەن . باشە كێ‌ بەرپرسیارە لە چاككردنی  ڕێگاوبانی ناو گەڕەكەكانی سلێمانی ، ناوجەرگەی شار ، شەقامی یەختیاری كە بە جادەی پۆزەكە  بەناوبانگە ، مرۆڤ شەرم دەكات كە بەو شەقامانەدا گوزەر دەكات  . هەموی بۆتە چاڵ و چۆَڵا و شۆستەكان هەموو بونە قاڵدرمەو بەردەمی هەر دوكانێك  بە جۆرێك كاشی كراوە .  نێوان كارێزە وشك و پاركی ئازادی كیلۆمەترێك كەمترە . لەزەمانی  بەعسدا بڕیار وابوە  بكرێتە دوو ساید .  قەرەبوی هەموو ئەو ماڵ و دوكانانە  كراونەوە كەبەر  شەقامەكە دەكەون بەڵام بەداخەوە فریانەكەوتن بۆمان بكەن .
 خۆ ئەگەر ئەوان نەبونایە شەقامی 60 مەتریشمان نەدەبوو . ئەوە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانی یەكێتییە لەم شارەدا تا ئێستا نەتونراوە ئەو كیلۆمەترە بكرێتە دوو ساید . بەڵام هەر دوێنی شارەوانی و وەبەر هێنان  بایی 14 ملیۆن دۆلار زەوی دەدەن بە كوڕی وەزیری پێشمەرگە كە بیكاتە چێشتخانە برنج و شلەی تێدا لێ بنین و ئەمە ناو بنێن وەبەرهێنان . لە بەری ئەوەی بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوی بە خۆڕایی  ببەخشن بەناوی وەبەرهێناوە  ، بۆچی لانی كەم نێوەی ئەو زەویانە بە پارە نافرۆشن و  ڕێگاو بانەكانی پێ چاك ناكەن و ناو شاری پێ‌ جوان ناكەن ، باشە كێ‌ ڕێگای لێگرتون و بۆچی ئەوە ناكەن ؟. 
بایی 100 ملیۆن دۆلار هەر لە نزیكی كارێزە وشك زەوی بەتاڵان دراوەو ئەوەش حاڵی ڕێگاو بانەكانی شارمانە . كەواتە ئەم ئەنجومەنە بون و نەبونی لە چیدایەو بۆچی ببێت؟. ئەم ئەنجومەنە ژمارەیان زۆرە نزیكەی 13 كەسن . هەفتەی جارێك كۆ دەبنەوە . كەم جار هەیە هەمویان ئامادەبن و هەندێكیان  هەر پەیوەندیان بە هیچەوە نییە.لە لایەكی تریشەوە لەبەر زۆری ژمارەیان كاریان لەبەر ناڕوات و  هەر یەكەی دوو قسە بكات  سەعاتێكی دەوێت . بۆیە من پێشنیار دەكەم :
لە بری ئەنجومەنی شارەوانی  ئەنجومەنێكی تر هەبێت  كە لە 5 كەس پێك بێـت  كە یەكێكیان  نوێنەری  داواكاری شگشتی بێت .  ئەمانە هیچ كارێكی تریان نەبێت و تایبەت بن بەم لیژنەیە . واتە بەرپرسی هیچ فەرمانگەیەك نەبن . كاری ئەمانە بەدواداچون لێپرسینەوە بێت لە سەرپیچیەكان و زیادە ڕەویەكان و ئاگاداركردنەوەی سەرپێچی كەران كەسیش بۆی نەبێت دەست بهێنێتە ڕێگایان . واتە خاوەن دەسەڵات و خاوەن برشیاریش بن . دەبێ ئەم ئەنجومەنە خاوەن دەسەڵاتێكی وابێت  كە پرسینەوە لە سەرۆكی شارەوانی و وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری  گشتی كشتوكاڵ و گشت سەرۆكی فەرمانگەكانی تربكات . ئاخر چۆن دەبێت و دەگونجێت  زۆرترین سەرپێچی و زیادەڕەوی لە لایەن شارەوانی و وەبەرهێنانەوە بكرێت و خۆشیان ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بن وخاوەن بڕیاریش بن ؟. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×