بنەماڵەی بارزانی دوای مەسعود بارزانی بەرەوكوێ‌؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-04-23     1296

مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی و پەیوەەندی نێوان وڵاتان و میللەتانی جیهان و هۆز و تیرەو بنەمالە سیاسی و دینیەكان و حیزبەكان  لێواو لێون لە كێشەو شەڕو ئاژاوەو ناكۆكی و  یەكتری لەناوبردن و لەت لەت بون و لێكترازان . هۆكاری هەموو ئەو ڕوداوانەش تەنهاو تەنها لەسەر درێژەدان بە مانەوە لە ژیان و بەرژەوەندی تایبەتیدا بوە  ، جا بەرژەوەندییەكان  مادی بووبێت  یان دەسەڵاتی  دینی یان سیاسی.

  زوربەی هەرە زۆری ئەو لەتبون وپارچە پارچە بونەش بارودۆخەكەی بەرەوبارو دۆخێكی خرابتر بردوە نەك چاكتر و دواجار هەر مرۆڤەكان بونە قوربانی ئەو ناكۆكیانەی كە ڕویانداوە .

  لێرەدا زۆر  بە خێرایی هەندی نمونەتان بۆ باس دەكەم : ئەوەتەی دەوڵەتی عێراقی دروست بوە كەمینەی سوننە زۆرینەی  شیعە دەچەوسێنێتەوە ،بەڵام ئیستا كە شیعەكان خۆیان باڵادەست و خاوەن دەسەڵاتن  شەڕیانە  لەسەرپارەودەسەڵات . بابانەكان لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆیان بونە دوو بەشەوە لایەكیان سەر بە دەوڵەتی عوسمانی و ئەوی تریان  سەر بە دەوڵەتی  سەفەوی ئێرانی  دواجار ئەمانە لەشكری دوژمنانیان دێنایە سەر یەكتری . كێشەی نێوان كاك ئەحمەدی شێخ و مەولانا خالێدی نەقشبەندی لە  سلێمانی  لەسەر دەسەڵاتی دینی و دواجار مەولانا خالید سلێمانی بەجێهێشت .

كێشەی نێوان بنەماڵەی بارزانی  لەگەڵ هەموو عەشیرەتەكانی دەورو بەریان لەسەر دەسەڵات و فەرمان ڕەوایی . دوایی كەوتنە پاكتاو كردن و لەناو بردنی یەكتری لەناو خۆیاندا . لە ساڵی 1927  مەلا عەبدول ڕەحمان  كە یەكێك بوە لە كەسایەتیەكانی ناو بنەماڵەی بارزانی لەبەر ئەوەی مونافەسەی  شێخ ئەحمەدی كردوە ، كوشتویانە .

 لە كتێبی مام خان شیروانی بەناوی ڕەچەڵەكی بارزانیان  هاتوەو دەڵێت : مەلا مستەفا  (ملا جوجی ) كوشتوە كەخاڵی خۆی بوە چونكە ترساوە  ئەوجێگەی بگرێتەوە . كێشەی زۆریان لەگەڵ  خورشیدیەكان هەبوە كە بەشێكن لە بنەماڵەی بارزانی .

 شەهید كردنی فاخیر مێرگە سووری و باوك و براكانی  بە فەرمانی مەلا مستەفا  نمونەیەكی تری ناكۆكی نێوان هۆزو بنەماڵەو تیرەكانە . حیزبی شیوعی عێراقی  بوو بە دوو بەشەوە . پارتی دێموكراتی كوردستان لە ساڵی 1964 توشی كێشەی ناوخۆیی  بوو  بەشێك لە سەركردەكانی لە پارتی جیابونەوە .  یەكێتی نیشتمانی  دوای دروستبونی  توشی كێشەی ناوخۆی هات .دواجار بەشێكیان  جیابونەوەو ناوی حیزبی سۆسیالیستی كوردستانیان لە خۆیان نا. دوای ئەوە بەشێكیش لە حیزبی سۆسالیست جیابونەوەو ناوی زەحمەت كێشانیان لە خۆیان نا . مەلا بەختیار  بەشێكی لە یەكێتی دابڕی بەناوی ئاڵای شۆڕشەوە .

 دوایی بزوتنەوەی گۆڕانیش  دروست بوو كە زوربەی سەركردەكانی بزوتنەوەكە ، ئەندامی پێشووی یەكێتی بون . هەتا مرۆڤایەتی هەبێت ، ئەم جۆرە دیاردانەش بەردەوام دەبێت چونكە لە ناخی هەموو مرڤێكدا بەبێ جیاوازی جۆرێك لە ئەنانیەت وخۆ ویستی تێدایە.

 هەموو كەسێك  پێی خۆشە لە هەموو كەس دەوڵەمەنتر ، جوانتر ، بەدەسەڵاتر ، بەتواناتر ،ناودارتر و عاقڵتر بێت . كەواتە زۆر مەترسیدارە  مرۆڤ خاوەنی ئەم خەسڵەتانە بێت ،  ئەگەر هەندی ڕێگری وەكو عەقیدەی دینی ، دیسپلینی حیزبایەتی ، عورفی كۆمەڵایەتی ، ویژدانی مرۆڤەكە و  ترسی سزادان و  لێپرسینەوەی  یاسایی  نەبێت  ، مرۆڤەكان بەزەحمەت دەتوانن لە گەڵ یەكتری  بژین .  ئەمەی سەرەوە تەنها دەرگایەك بوو  بۆ چونە ناو كرۆكی باسەكەمەوە :

 

 (بنەماڵەی بارزانی دوای مەسعود بارزانی بەرەوكوێ‌؟

لە دروستبونی شۆڕشی ئایلۆلەوە هەتا ئێستا كە قسەی تێدا دەكەین  هیچ حیزبێكی ساسی وەكو پارتی بە یەكگرتویی و  بە بەهێزی نەماوەتەوە . حیزبێكی خاوەن مەركەزیەت و دیسپلینی زۆر بە هێزە . تا ئێستا توشی لەتبون و كێشەی ناوخۆیی نەبوەو خاوەنی جەماوەرێكی زۆری خۆیەتی  كە تەواو پابەندن بە فەرمانی حیزبەوەو زۆر دڵسۆزن بۆی .

 ئەوەی ساڵی 1964 ڕویدا لەتبون و پارچە پارچە بونی پارتی نەبوو ، بەڵك و جیابونەوەی هەندێك سەركردەی ناو پارتی بون لەو كاتەداو  پارتی هەر بە یەكگرتوی و بە هێزی وەكو خۆی مایەوە .

بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە هەموان بیزانن ئەوەیە كە هەموو هێزی پارتی  لە بنەماڵەی بارزانیەوە  سەرچاوە وەر دەگرێت  نەك لە خودی پارتی خۆیەوە . ئەگەر بنەماڵەی  بارزانی لاواز ببێت یان  لەناو بچێت ، پارتیش  بە هەمان شێوەی  لێدێت  .  كەواتە پارتی  هەم بنەماڵەیەو هەم حیزبیشە.

 

بارودۆخی ئێستای ناو بنەماڵەی بارزانی  لە چ بارودۆخێكدایە؟

 شێخ ئەحمەدی برای مەلا مستەفا تا لە ژیاندا بوو ڕابەری ڕۆحی بنەماڵەكە بوو . مەلا مستەفا زۆر ڕێزی  لێدەگرت و كاتێك  شێخ ئەحمەد دادەنیشت ئەو بە پێوە دەوەستا .ئەم كەلتوری ڕێزگرتنە بوو بە بنەماو فاكتەری مانەوەو بە هێزی  بنەماڵەی بارزانی  تا ئێستاش بەردەوامی هەیە .

  مەلا مستەفاش لە شۆڕشی ئایلولەوە وەكو سەركردەیەكی میللی گەلی كورد ناسرا . كەواتە ئەمانە زۆر ژیرانە هەڵس  و كەوتیان كرد و یەكێكیان بوو بە ڕابەری ڕوحی بنەماڵەی بارزانی و ئەوی تریشیان  بوو بەڕابەرێكی نیشتمانی و لە سەر ئاستی هەموو كوردستان و دەرەوەش ناسراو حسابی بۆ دەكرا .

كاتێك شێخ ئەحمەدی برای مەلا مستەفا ئەمری خوای كرد ، مەلا مستەفا  بە تەنها خۆی  بوو بە شۆڕە سواری مەیدانەكە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان چونكە هیچ ڕكەبەرێكی لە خۆی بەهێتر نەبوو . ئیدریس ومەسعودی كوڕیشی  لە شۆڕشی ئایلولدا كە ئەو كات تەمەنیان زۆر نەبوو هێواش هێواش دەردەكەوتن و خەڵك دەیناسین .  تا مەلا مستەفا لە ژیاندا بوو ئەمان خاوەن بڕیار نەبون .

بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە هەرچەندە ئیدریس  بارزانی لە مەسعود بارزانی بە تەمەن گەورەتر بوو ، بەڵام مەلا مستەفا زیاتر گرنگی بە مەسعودی كوڕی دەداو ئەوی زیاتر دەهێنایە پێشەوەو دەیویست ئامادەی بكات بۆ جێگرەوەی خۆی . وەكو باسی دەكەن مەلا مستەفا كاریگەری خێزانەكەی  لە سەری هەبوە .

دایكی ئیدریس بارزانیش  سۆرانیەو خەڵكی شاری  سلێمانیە.  ئیدریس بارزانی  زوو  ئەمری خوای كردو كار نەگەیشتە ئەوەی  لەگەڵ مەسعود بارزانی  برای  بەربەرەكانی یەكتری بكەن لەسەر دەسەڵات و مەسعود بارزانی بوو بە خاوەن دەسەڵاتی ڕەهاو بێ ڕكەبەر لەناو بنەماڵەو حیزبیشدا .

 بەلام ئەوەی شیاوی  باسە ئەوەیە كۆج كردنەكەی ئیدریس بارزانی قسەو باس و گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا گوایە بە سروشتی نەمردوەو دەستێك لە پشت مردنەكەیەوە هەبوە . بەڵام تا ئێستا ئەوە هەر قسەو گومانەو نەسەلمێنراوە  ڕاستە یان درۆیە . بەڵام ڕابوردوی بنەماڵەی بارزانی لەو بوارانەدا ، گومانەكە بەهێزتر دەكات .  

كاتێك دەسەڵاتی بەعس نەماو هەرێمی  كوردستان بوو بە خاوەنی حكومەت و پەرلەمانی خۆی ، ماوەیەكی زۆر نیچیر ئیدریس بارزانی كە لە هەمان كاتیشدا زاوای مەسعود بارزانییە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو . خاوەنی دەسەڵاتی زۆر بوو ، لە هەمان كاتیشدا خاوەنی  سامانێكی زۆریشە . خاوەنی ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت و غازە لەگەڵ  توركیا ، كە كارەساتێكی گەورەی بەسەر ئەم میللەتدا هێناوە .

 

دوای پێكهێنانی  كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم چی ڕویدا؟

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور مەسعود بارزانی پێك هێنرا . هەر لە سەرەتای  دروستبونی كابینەكەوە واتە واتی ئەوە  دروست بوو كە ئەوە بۆكەمكردنەوەی ڕۆڵی نێچیر بارزانی و برەو دانە بە ڕۆڵی مەسرور بارزانی  .

 نێچیر بارزانی بە ڕواڵەت كرا بە سەرۆكی هەرێم ، بەڵام  ئەو پۆستە لەئێستادا هەر ناوەو لە ڕاستیدا  مەسعود بارزانی هەر خۆی لە پشتی هەموو بڕیارەكانەوەیەو هەر خۆشی  ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم دەبینێت .  كاتێكیش خەڵك قسەیان لەسەر نەبونی موچەو كەمی خزمەت گوزاری دەكرد ، مەسرور بارزانی دەیگوت ئەوە پەیوەندی بە كابینەی پێشوەوە هەیەو پەنجەی تۆمەتیان بۆ كابیینەكەی نیچیر بارزانی درێژ دەكرد .

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی  دەست بەكار بوو وەكو سەرۆكی حكومەت  دەستی كرد بە پەڕاوێزخستن و دوور خستنەوەی ئەوانەی لە نیچیر بارزانیەوە نزیك بون چ لەناوحكومەت  چ لەناو حیزب. سەیركەن ڕۆژنامە نوس ڕێبوار كەریم وەڵی بەرپرسی كەناڵی  ڕوداو  كە نزیك بوە لە نیچیر بارزانی ، هەر لە كوردستان نەماوە . ئێستا نێوانی مەسرور بارزانی و نێچیر بارزانی باش نییەو لەگەڵ یەكتری ناكۆكن .  ئەوەتا بڕیارێك لایەن مەسعود بارزانیەوە دەرچوەو ئاراستەی هەموو دام و دەزگاكانی پارتی كراوە  كە بە هیچ شێوەیەك چاو پێكەوتن لەگەڵاَ كەناڵی ڕوداوی سەر بە نیچیر بارزانی نەكەن . لە لایەكی تریشەوە دەردەكەوێت كە مەسعود بارزانی زۆر بە جدی هەوڵی هینانە پێشەوەی مەلا مستەفا واتە بابۆی كوڕی دەداو  بە مەبەست  لە بۆنەكاندا دەهێنرێتە پێشەوە .

مەسعود بارزانی تەمەنی بەرەو سەرو چوەو دەیەوێت پیش مردنی خۆی دەسەڵات و ڕابەرایەتی بنەماڵەی بارزانی ڕادەستی كوڕەكانی خۆی بكات بە تایبەتی مەسروری كوڕی .

 سەرەڕای بونی ناكۆكی زۆر لەناو بنەماڵەی  بارزانیدا ، بەڵام لە ئێستادا بەدوور دەزانرێت هیچ لێك ترازانێك  ڕوبدات تا مەسعود بارزانی خۆی لە ژیاندا مابێت . بەڵام  دوای كۆچی  مەسعود بارزانی  دروست بونی كێشەو ناكۆكی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا  ئەگەرێكی زۆر چاوەڕوانكراوە.

لە ئێستادا نێچیر بارزانی كارەكتەرێكی سەرەكی  ناو بنەماڵەی بارزانییە و  كەسێكی ناسراوە لە سەر ئاستی دەرەو ناوەوەش .بەڵام لە ئێستادا  هیچ ڕۆڵێكی بۆ نەماوەتەوە  بیبینێت و پۆستی سەرۆكی هەرێم  بۆتە پۆستێكی كارتونی بۆ ئەو .  گومانم نیە كە نێچیر بارزانی سەرەڕای هەموو نیگەرانیەكانی لە مامی ، بەڵام بە پێی نەریتی ناو بنەماڵەكەیان لە فەرمانی مامی دەرناچێت و ڕێزی زۆریشی لێدەگرێت .

بەڵام بە نەمانی مەسعود بارزانی ئەم نەریتی ڕێزگرتنەش كۆتایی دێـت چونكە ئێستا قۆناغی دەسەڵاتی حوكمڕانی و بەرژەوەندیەكانەو نێچیر بارزانیش خۆی لە مەسروری ئامۆزای بەكەمتر نازانێت و بێدەنگی دەشكێنێت و دەكەوێتە چوڵە.

  لەولاشەوە ئەدهەم بارزانیش كە كوڕی شێخ  عوسمانی شێخ  ئەحمەدی بارزانەو لە ئێستادا هیچ ڕۆڵێكی نییەو پەڕاوێزیش خراوەو خراوەتە ژێر چاودێرییەوە  بە هەمان شێوەی نیچیر بارزانی ئەویش بێدەنگ نابێت  . گومانی تێدا نییە كەسانی تریش خۆیان بۆ دوای كۆچی مەسعود بارزانی ئامادەكردوە و هەر یەكەیان  بەشی خۆی دەوێت لە كێكەكە  .

ڕەنگە هەندی كەس بڵێن هەرگیز لێكترازان  ڕونادات و خۆیان دەزانن ئەگەر  لەناو خۆیاندا ڕێك نەبن ، خۆیان لەناو دەچن  و ئەوە هەر خەونی دوژمنانی بنەماڵەی بارزانی و پارتییە . ئەوانەشی دژی بنەماڵەی بارزانین ، دەڵێن لییان گەڕێن  با یەكتری بكوژن . بەڵام  من بەش بە حاڵی خۆم  خۆشحاڵ نابم  بەوەی شەڕو ئاژاوە  لەناو میللەتی كوردی بەگشتی بنەماڵەكانیش بە تایبەتی دروست ببێت ، چونكە دواجار  هەر كورد خۆی زەرەر دەكات و دۆزی كوردیش بە هیچ ئاكامێك ناگات .

 بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیەش باش بزانین  كە گۆڕانكاری  پڕۆسەیەكی  بەردەوامی ناو كۆمەڵگایەو ئەوە  نە بە حەزی من و تۆیەو نە بە حەزی بنەماڵەی بارزانییە چونكە مێژوی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندوە  . دواجار هەر ناكۆكیەكانی ناو بنەماڵەی بارزانی دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ لێكترازانی ڕێزەكانی ناو بنەماڵەكەو كەم بونەوەی ڕۆڵی پارتی چونكە حیزبی بنەماڵەیە .

دەمەوێت بۆچون و لێكدانەوەی خۆم  بۆ ڕوداوەكانی دوای كۆچی مەسعود بارزانی بنوسم  :

1-لە ساڵانی ڕابوردودا بەرژەوەندیە مادیەكان ئەوەندە زۆر نەبون  كە ببنە مایەی كێشەی گەورەو  ژیان وگوزەرانی  هەموان  لە یەكەوە نزیك بوو . پەیوەندیەكانی نێوان ئەندامانی بنەماڵەكەش بە هێزو یەكگرتوبون .  بەڵام  ئێستا حسابات  ملیارات دۆلاری تێپەڕاندوەو بەوهۆیەوە بەرژەوەندیەكان زۆر بون و مێژوش ئەوەی سەلماندوە زوربەی كێشەكان لەسەر پارەو دەسەڵاتە . كەواتە ئەم فاكتەرە كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر مانەوەی  یەكڕێزی ناو بنەماڵەی بارزانی دادەنێت چونكە لێرەدا بەرژەوەندی  ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینێت .  

2-لە ڕابوردودا لەناو بنەماڵەی بارزانی هەر شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفاو مەسعود و ئیدریس هەبون و خاوەن بڕیار بون . بەڵام ئێستا هەر نەوەكانی مەلا مستەفا خۆی دەیانی تێ پەڕأندوە  .

 نەوەكانی  مەسعود بارزانی و نەوەی نەوەكانی . نەوەكانی ئیدریس بارزانی و نەوەی نەوەكانی . سابیرو لوقمان عبیداللە  و هەموو ئەوانی تریش و نەوەكانیان . سامانی زۆر و بەرژەوەندی زۆر و نەوەی  زۆیش ، كێشەی زۆریش بەدوای خۆیدا دێنێت .

3- دوای كۆچی موسعود بارزانی نیچیر بارزانی و مەسرورزانی دەبنە دوو كارەكتەری دیاری ناو بنەماڵكەو ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لەو بارودۆخەی دێتە ئاراوە و هەر یەكەیان هەوڵ دەدات زۆرترین لایەنگر بۆلای خۆی پەیدا بكات . هەردوكیان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە ناسراون , هەردوكیان خاوەن پارەو كۆمپانیای گەورەشن .

بە بۆچونی خۆم دوای نەمانی مەسعود بارزانی بنەماڵەی بارزانی دابەشی سەر دوو بەرەو لایەن دەبن ، بەرەی مەسرور بارزانی و  بەرەی نیچیر بارزانی . بە هەمان شێوەش  ئەندامان و لایەنگرانی حیزبیش بەسەر  ئەو دوو لایەنەدا بەش دەبن . مەرج نییە ئەمانە دەست بكەن بە شەڕی دەستەو یەخەو  یەكتری كوشتن ، بەڵام كۆكیش نابن. یان وەكو ئێستای ناو یەكێتیان لێدیدێت .

هێواش هێواش دیوەخانانەو خەڵك كڕینی ناو حیزبەكان و هاوكاری دوكانە حیزبیەكان  نامێنێت . ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی دەنگدەرەی پارتی كەم دەبێتەوە ، زۆرینەی پەڕلەمانیان  نامێنێت وناچار دەبن داوای هاوكاری لە حیزب و لایەنەكانی تر بكەن . لێرەوە  گۆڕانكاری ڕیشەیی لە پڕۆسەی سیاسیدا دەست پی َدەكات .  

4- هاولاِتیانی زونی زەردیش بە تایبەتی دەڤەری بادینان كە ناوەندی بەهێزی بنەماڵەی بارزانییە ، دابەش دەبن بەسەر لایەنگرانی بنەماڵەی بارزانی  بە تایبەتی ئەوانەی كە لێیانەوە نزیك بون وزۆر سود مەند بون ، ئەوانەش كە  لە كۆندا دوژمنایەتیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی  هەبوەو ئەوانەشی لەلایەن ئەوانەوە سزای سیاسی دراون .

لە لایەكی تریشەوە  بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی  ناوچەكانی نزێك سنووری توركیاش بە حوكمی نزیكی و پەیوەندی نزیكیان بە پەكەكەوە ، دژی بنەماڵەی بارزانین . كەواتە ئەمانە هەمویان بە نەیارو لایەنگرانی بنەماڵەوە دەبنە لایەنگری ئەو لایەنەی بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بەدی دەكەن . كەواتە ئەمە سەرەتایەك دەبێت بۆ كەمبونەوەی ڕوڵێ‌ بنەماڵەی بارزانی و لاوازبونیان .

 

بە بۆچونی خۆم دوای هەموو ئەمانە دوو  گۆڕانكاری گەورە ڕودەدەن :

یەكەم : بنەماڵەی  بارزانی بەرەو بچوكبونەوە دەڕوات ، چۆن؟. ساڵانی ڕابردوو  كە باسی بارزانیەكان دەكرا ، كۆمەڵێك لە تیرەو خانەوادەو كەسایەتی زۆری لە خۆدەگرت . بەڵام دوایی ئەمە بچوك بۆوە تەنها بۆ شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا .

 كاتێكیش شێخ ئەحمەد ئەمری خوای كرد ، دەسەڵات  بە تەنها كەوتە دەستی مەلا مستە تا خۆشی خاوەنی دەسەڵات بوو لە زاخۆوە  تا خانەقین هەموان  گوێڕایەڵی فەرمانەكانی بارزانی بون . بەڵام لە ئێستادا تا دێگەڵە  مەسعود بارزانی دەسەڵاتی هەیە .

 ئێستاش مەسعود بارزانی بەرنامەی داناوە  كە دوای خۆی تەنها كوڕەكانی خۆی  ببنە جێگرەوەیی  و بە پلەی یەكەم مەسروری كوڕی . كەواتە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین عەشیرەتی بارزانی بەو گەورەیی خۆیەوە  لە  هەنگاوی یەكەمدا  بچوك بۆوە بۆ تەنها یەك بنەماڵەی ناو عشیرەتەكە ئەویش بنەماڵەی مەلا مستەفایە بە براو كوڕەكانیەوە .

 لەناو بنەماڵەكەش بۆ تەنها یەك خێزانی ناو عەشیرەتەكە  ئەویش مەسعود بارزانییە .لەناو خێزانی مەسعود بارزانیش تەنها بۆ  بۆ كەسێكی دیاریكراو ئەویش مەسرور بارزانییە .  ئەی باشە نەوەكانی تری كوڕەكانی مەلا مستەفا چ كارەدەبن ، وەكو ئیدریس و لوقمان و سابیرو عبیداللە ئەوانیتر , ئەی ئەدهەم بارزانی كوڕی شیخ عوسمانی كوڕی شیخ ئەحمەدی برای مەلا مستەفا ، ئەی نەوەی ئەوانەش كە هەمویان لەشكرێك دەبن و هەموشیان خۆیان بە هاوبەش و خاوەن حەق دەزانن ؟.

گومانی تێدا نییە دوای كۆچی مەسعود بارزانی هەموو ئەمانە دەكەونە جوڵەو بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا وێڵ دەبن  . كەواتە ئەوەی كە باسم كرد ئەوە دەگەیەنێت  كە عەشیرەت و بنەماڵەی بارزانی بەردەوام     بەرەو بچوك بونەوە ڕۆیشتون .

دووەم : ئەوەی لە خاڵی یەكەمدا باسمكرد  دوو ئەنجامی زۆر گرینگی لێ بەرهەم دێـت. یەكەم  دەسپێكی سەرەتایەكی گرنگ دەبێـت بۆ كەمبونەوەو نەمانی یەكجارەكی  دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێلەكی دواكەوتو.

 چونكە هێواش هێواش  ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی تێكەڵی ژیانی مەدەنی دەبن و لە ناوچەكانی  پێشویان دوور دەكەونەوەو  دەست بەرداری كەلتوری  دەمارگیری خێلەكی و بنەماڵەیی و تۆلە كردنەوەو  ڕق لە یەكبون و نەریتە كۆنەكانیان دەبن .   ئەمە بەدەست خۆیان نییەو ڕەوڕەوەی مێژو بەرەو پێشەوە دەڕوات  مێژوی هەموو میللەتانی دنیاش بەم قۆناغانەدا تێپەڕیون و گۆڕانكاری گەورەیان بەسەردا هاتوە .

 ئەی قوناغی دەرەبەگایەتیش لە سەرەتادا حوكمڕان نەبون و دوایی  بە یەكجاری نەمان  ئامانجی دووەم دەسپێكی سەردەمی گەشە كردنی پڕۆسەی سیاسی و دێموكراسی  لە بواری حوكمڕانی و بەڕیوەبردنی كۆمەڵگادا لەسەر شێوازی نۆێی وڵاتانی پێشكەوتو دەست پێدەكات وگەشە دەكات و كۆتایی مەرگی دەسەڵاتی خێلەكی نزیك دەبێتەوە .  

كۆتا سەرنج و پێشنیارم  لەسەر ئەم بابەتە :

یەكەم : زۆر بە داخەوەو سەد مەخابن مەسعود بارزانی نەیتوانی وەكو سەرۆكێكی  ڕاستە قینەی كورد هەڵس و كەوت بكات . نەیتوانی لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتەدا بیت كە دەبی َسەرۆكیك  بیكات .

 میژوی چەند ساڵەی خەباتی  مەسعود بارزانی دەری خست  كە ناتوانێت سەركردەبێت چونكە بنەماكانی سەركردایەتیكردنی تێدا بەدیی ناكرێت . مەودای بیركردنەوەی سیاسی زۆر كورتەو بەشی ئەوە ناكات كە پێی ببێتە سەركردەیەكی گەورەی نیشتمانی .

  ڕاستە بەناو سەرۆكە، بەڵام بە زۆر سەرۆكە . سەرۆكی ڕاستەقینەو خۆشەویستی جەماوەر نییە . ئەو وەكو دیكتاتۆرێك وایە . ئەی نابینن  لەسەر ئەوەی  خەڵك ڕەخنە دەگرن حوكمی 6 ساڵ زیندانیان بۆ دەردەكەن ؟.

 بەڵام هەرگیز ئەوەی لێ چاوەڕوان ناكرێت و دیارە  هەر بە سروشت وایەو ناتوانێت خۆی بگوڕێت . خۆ ئەگەر ئەم عینادیەو ئەو جۆرە بیركردنەوەی نەبوایە ، هەر دوای نەمانی مامجەلال و كاك نەوشیروان ، یەكێتی بە تەواوی بەرەو پوكانەوەو لەناوچون دەچوو . كەواتە ئەوە مەسعود بارزانی خۆیەتی هۆكاری مانەوەی یەكێتی .

ئەگەر ساڵانی ڕابوردو پاساوی شەڕكردنی لەگەڵ  بەرەی جەلالی و لایەنەكانی تر هەبوبێت ، ئێستا هیچ پاساوێكی نییە  بۆ تێكدانی ناو ماڵی كورد،  چونكە هیچ ڕكەبەرێكی لەبەردەمدا نەماوەو خۆی شۆڕەسواری مەیدانە ئەگەر بیەوێت ، بەڵام دەركەوت خۆی حەزی بەم ئاشوبەی ئێستیایە .

 لێی دەپرسم  ئێستا كێ ڕكەبەریەتی ؟. كێ بۆتە كۆسپ لەبەر دەمیدا ، بۆ ئەوەی سەرۆكی ڕاستەقینەی هەموان بێت ؟.   ئەگەر بڵێت  بافێڵ تاڵەبانی ، ئەوە هەر عەیبەیەكی گەورەیە بافێڵ تاڵەبانی بە ڕكەبەری خۆی بزانێت . بەڕاستی ئەمە دروستكردنی ڕكەبەری وەهمیە  بۆ درێژەپێدانی  تێكدانی ناوماڵی كورد .

 ئەگەر ئەو سەركردەیەك  بێت لەئاستی سەركردایەتی كردن ، نابێت  خۆی بخاتە ئەو ئاستەوە  ئەوانە ڕكە بەرایەتی  بكەن .  ئەگەر وەكو سەركردەیەكی كارێزماو نیشتمانی بیر بكاتەوە دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێكدا كارێكی وابكات ، هەموو خەڵكی دەڤەری سەوزیش بەسەركردەو ڕابەری خۆیانی بزانن  .

 مەسعود بارزانی  ڕكە بەرە سەرەكیەكانی لە ژیاندا نەماون ، ئێستا دژایەتی  نەوەكانیان دەكات و بەوهۆیەوە دانیشتوانی دەڤەری سەوز  سزادەدا . لە ئەنجامی ئەو كارەدا دانیشتوانی دەڤەری  سەوزیش[D1]   لە ناچاریدا پشتیوانی لە نەوەكانی تاڵەبانی دەكەن ، نەك لەبەر خۆشەویستی بۆیان .

 كەواتە مەسعود بارزانی  خۆی بۆتە كۆسپ بۆ ئەوەی نەبێتە سەرۆكی هەموان . باشە ئەگەر خۆی بەسەرۆكی هەموان دەزانێت  تا ئێستا چەند جار خۆیی و كوڕەكەی  سەردانی ئەم دەڤەرەیان كردوەو خەڵكی هەڵەبجەو گەرمیانی ئەنفال كراویان  بەسەر كردۆتەوە . غاندی تا مرد بایی 5 دینار جلی لەبەردا نەبوو ، بەڵام بو بە پێشڕەوی  گەلەكەی و ڕزگاری كردن .

 لە بەرامبەردا سەرۆكەكەی ئێمە كە، خاوەنی چەندین ملیار دۆلارەو و خەڵك لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا گیان لە دەست دەدەن ؟ . دانیشتوانی چەمچەماڵ  ئاوی خواردنەوەیان نییە . نیلسۆن مەندیلا دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد كراو بو بەسەرۆكی وڵات ، ئەو پاسەوانەی  دەعوەتی خواردن كرد كە كاتی  خۆی لە زیندان  لە بری ئاو میزی خۆی داوەتێ‌ .

 بۆیە بۆتە ڕەمزی لێبوردەیی و ئاشتەوایی  ، بەڵام مەسعود بارزانی ئەوەندە لێبوردە نییە بەشداری پرسەی سەركردەیەكی میللەتەكەی  بكات چونكە كاتی خۆی ناكۆكی لەگەڵیدا هەبوە . چۆن خەڵوز هەزار جار بە ئاو بیشۆی هەر ڕەشەو  سپی نابێتەوە ، ناخی ئەویش ئاوایە بەرامبەر بە بەرەی جەلالی و زونی سەوزیش .   كەواتە ئەوە چارەنوسی میللەتەكەی ئێمەیە سەرۆكێكی ئاوامان هەبێت .

 مەسعود بارزانی خۆی نایەوێت ناوماڵی كورد یەك بێت  دەنا خەڵك و زوربەی كادیری حیزبەكان و سەركردەكان  لە حیزبایەتی شەكەت و ماندو بون و دەیانەوێت  ئەو كەمە تەمەنەی ماویانە، بە ئارامی لە ناو ماڵو مناڵیاندا  بەسەر بەرن و چیتر لە ململانێی حیزبی نەكەن ، بەڵام نەزانینی مەسعود بارزانی ئەوانەی وەكو نەیاری خۆی هێشتۆتەوە .

دووەم: دوای مردنی مامجەلال حیزبەكەی توشی كێشەی ناخۆیی و ئاژاوەو لێكترازان بوو . نەوشیروان مستەفاش بە هەمان شێوە دوای نەمانی خۆی حیزبەكەی بوو بە ئاردی ناو دڕك و هەر ناوی ماوە .دیارە مەسعود بارزانیش  لەسەر هەمان نەریتی ئەوان دەڕوات و دەیەوێت دوای نەمانی خۆی نەك هەر حیزبەكەی  توشی لێكترازان ببێت ، بەڵكو بنەماڵەكەشی توشی كێشەو گرفت ببێت .

 ئەو بڕیارەی ئێستا دەریكردوە كە هیچ دامو دەزگایەكی  حیزبی سەر بەپارتی چاوپێكەوتن لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕوداوی سەر بە نیچیر بارزانی  نەكەن ، ئاماژەیەكی ڕونەو گومانی تێدا نییە كە دوای نەمانی مەسعود بارزانی بنەماڵەی بارزانی وەكو ئێستا بە یەكگرتویی نامێننەوەو  ئەو هەموو سەرە زۆرە نەك لە یەك مەنجەڵدا ، بەڵكو لە چەندین مەنجەڵیشدا ناتوانن بە یەكەوە بكوڵن .

بە بۆچونی خۆم دوای نەمانی مەسعود بارزانی  لەناو بنەماڵەی بارزانیدا  نێچیر بارزانی باشترین كارەكتەرە كە دەتوانێت ببێتە قاسمی موشتەرەك نەك تەنها  لە نێو بنەماڵەی بارزانیدا ، بەڵكو لە نێوان لایەنەكانی تری دەرەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیشدا .

 گەنجێكی سیاسی ناسراوە . هێمنایەتی و ڕوخۆشی بە ڕوخساریەوە دیارە  بە پێەوانەی مامی و مەسروری كوڕی  كە تا ئێستاش نازانن  پێ بكەنن و پێیان وایە پێكەنین بۆ پیاوی گەورەیە عەیبەیەكی گەورەیە . لە ڕوخساریدا زۆر دەمارگیری خێڵەكی و ڕق و كینەو حەزی تۆَلە سەندنەوەی تێدا بەدی ناكرێت  و زیاتر حەزی بە ژیانێكی سەردەمیانە هەیە.

  كەسێكی زۆر بێزراوی ناوكۆمەڵگاش  نییە . یەكەمین كەسی ناو بنەماڵەی بارزانییە  بە ئاشكرا دژی ڕیفراندۆم بوو . ئەگەر خۆی خاوەن بڕیار بوایە  هەرگیز سەرۆكی پەڕلەمانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و وەزیرەكانی  لە كار دوور  نەدەخستنەوە . ئەگەر خۆی بڕیار بەدەستی یەكەم بوایە ، هەرگیز ناوماڵی كورد وەكو ئێستا وێران نەدەبوو .

گومانیشم نییە لەسەر ئەم بۆچونەم بەرامبەر بە نێچیر بارزانی هەزارو یەك  لێكدانەوە بۆ قسەكانم دەكەن . هەرچی پێم دەڵێن ئازادن ، بەڵام هەموو مەبەستی من تەنها بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردە.  هەموو مێژوی كورد بخوێننەوە تا ئەم رۆِژەی ئێستامان  هەمیشە سەركردەكان شەڕی یەكتریان كردوە ، لەناوخۆیاندا كۆك نەبون .

كۆمەڵگای كوردیان بەش بەش و لەت لەت كردوەو بەوهۆیەوە بە هیچ ئاكامێك نەگەیشتوین . لە ساڵی 1964    تا ئێستا كە دەكاتە 58 ساڵ ئێمەی كورد لەم بەشەی كوردستاندا یەكتری دەكوژێن ، ڕقمان لە یەكترە ، نیشتمان دەفرۆشین لە ڕقی یەكتری ، دوژمن پەلكیش دەكەین بۆ سەر وڵاتمان ، دەبینە پیاوی دوژمنانمان و ماڵی خۆمان وێران دەكەین .

ئەی كاتی ئەوە نەهاتوە بیرێك لە داهاتوی خۆمان و نەوەكانمان و نیشتمانمان بكەینتەوەو چیتر یەكتری نەكوژین و دوژمن پەلكێشی ناو نیشتمانمان نەكەین ؟. باشە شەرم نییە بۆ هەمومان لەم كاتە هەستیارەدا  ئاوا شیرو تیر لە یەكتری بسوین و ئاوا مییلەت سەرگەردان بكەین .

 ئەوەی ئێستا ڕێك سەردەمی بابانەكانە . دوو ئیدارەیی تەواوە . باشە من و تۆ  چ دەسكەوتێكمان دەبێت  پشتیوانی لەولایەنە بكەین  كە پارەی موچەكەمان  بە ئاشكرا بە تاڵان دەبات و برسیمان دەكات ؟.

 ئاخر چیمان دەست دەكەوێت شەر بۆ لایەنێك بكەین و  من و تۆ  بخاتە سواڵ و خۆی دەوڵەمەند بكات ؟. لە بری ئەوەی ئاواتەخوازبین دوای مەسعود بارزانی بنەماڵەی بارزانی  یەكتری قەلاچۆ بكەن ، باشتر نییە ، دوای ئەو قۆناغی ئاشتەوایی گشتی دەست پێ بكەین ؟.

بۆیە لە كۆتاییدا دەڵیم باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوماڵمان ئەوەیە بە هەموو توانامانەوە هەوڵ بدەین لەسەر یەك كەس ڕێك بكەوین و بیكەینە سەركردەی هەموان . هەتا بارودۆخ بەم شێوەیە بڕوات ، پەرتەووازەیی ناوماڵی كورد زیاد دەكات . دوكانە حیزبیەكان و بازرگانەكانی جەنگ زۆر دەبن . سامانی نیشتمان زیاتر بەتاڵان دەبرێـت . ئێستاش كۆمەڵگای ئێمە نەگەیشتۆتە ئاستێكی  وا پێشكەوتو كە بتوانێت  بەشێوازی  دێموكرانیانە  حوكمڕانی بكات .  

پۆڵ بریمەر وتویەتی : پێش ئەوەی  عێراق بەجێ‌ بهێلم بە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیم وتوە : ئێوە بەكەڵكی حوكمڕانی نایەن چونكە هەر بەدوای  پارەو ئافرەتەوەن . كەواتە كاتی ئەوە هاتوە بە خۆماندە بچینەوە ، خۆمان بگۆڕین .

 بونی یەك حیزب لە ئێستادا ئەگەر دیكتاتۆریش بێـت بۆ ئێستای ئێمە  باشترە  لەم پاشاگەردانیەی ئێستا لە ئارادایە .   دڵنیام دوای مەسعود بارزانی گۆڕانكاری گەورە ڕودەدات و جێگرەوەی پارتی و یەكێتی  دروست دەبێت .

 خۆ ئەگەر  گۆڕانكاری ڕوبدات   بە بۆچونی من نێچیر بارزانی  باشترین كارەكتەرە  بۆ ئەوەی  ببێتە قاسمی موشتەرەك و زۆرینە قبوڵی بكەن و پشتیوانی لێ بكەن ، ئاسۆیەكی ڕوناك  بۆ میللەتەكەمان  دەردەكەوێت .  ئەگەر لە ئێستادا بەلای زۆر كەسیشەوە  گونجاو نەبێت ، بەڵام  باشترینی ناو خراپەكانە .

ئەمەی من نوسیومە بۆچون و بیركردنەوەی خۆمەو  ئەگەر كەسانی تریش بۆچون[D2]  و پێشنیاری تریان هەیە بۆ ئاینەدەی خۆمان ، هیوادارم سەرنج و پێشنیارەكانیان بنوسن بۆ ئەوەی  دواجار بگەینە بڕیارێكی باش بۆ ئەوەی  ئەم میللەتە لە شەڕی نەگریسی پارتی و یەكێتی ڕزگاریان ببێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×