بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2019-12-28     1510

به‌شی‌ حه‌وته‌م

قوڵبونه‌وه‌ی‌ ناکۆکیيه‌کان دوای‌ وه‌فاتی‌ کاک نه‌وشیروان

له‌ به‌شه‌کانی‌ پێشوی‌ ئه‌م نوسینه‌دا ئاماژه‌م به‌وه‌کرد که‌ دوای‌ ماوه‌یه‌کی‌ کورت له‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جۆرێک له‌ ناکۆکی‌ له‌نێوان کاک نه‌وشیروان و هه‌ندێک له‌ تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان سه‌ریهه‌ڵدا. به‌ڵام هه‌تا کاک نه‌وشیروان خۆی‌ له‌ ژیاندا مابوو کار و باره‌کان به‌ باشی‌ به‌ڕێوه ‌ئه‌چوو چونکه‌ کاک نه‌وشیروان یه‌کلایی که‌ره‌وه‌ی‌ هه‌موو بڕیاره‌کان بوو.

پێشئه‌وه‌ی‌ کاک نه‌وشیروانیش کۆچی‌ دوایی بکات. هه‌ندێک له‌ براده‌ران خه‌ریکی‌ هێنان و بردنی‌ قسه‌بون له‌نێوان کاک نه‌وشیروان و ناڕازییه‌کان. هه‌ندێکیان به‌ ئاشکراو بێ په‌رده‌ قسه‌یان ئه‌کردو هه‌ندێکی‌ تریشیان دیبلۆماسیانە واته‌ له‌ ژێر په‌رده‌وه‌ و به‌ جۆرێک وا خۆیان نیشان ئه‌دا کێشه‌یان له‌گه‌ڵ که‌سدا نییه‌و له‌گه‌ڵ هه‌موان ته‌بان. له‌ راستیشدا به‌رژه‌وه‌ندی‌ شه‌خسی‌ له‌و رێگایه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت.

کاک حه‌مه‌ تۆفیق یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی‌ زۆر به‌ئاشکرا دژایه‌تی‌ کاک قادر و کاک عوسمانی‌ ئه‌کرد و ئه‌یوت ئه‌وانه‌ گۆڕان بن یان نه‌بن گرنگییان نییه‌. له‌ گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ که‌ ئه‌کاته‌ باره‌گای‌ سه‌رکردایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌که‌، جگه ‌له‌وه‌ی‌ هه‌موو ژووره‌کان جمه‌یان ئه‌هات له‌ گۆڕانخوازان و سه‌ردانی‌ میوانیش له‌ لایه‌کی‌ تر،  هه‌موان ئاگاداری‌ ئه‌و ناکۆکیانه‌ بون. دیارده‌ی‌ زه‌م و زه‌مکاری‌ گه‌شه‌ی‌ ئه‌کرد و له‌ یه‌کتریان ئه‌خوێند. کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ و کاک مسته‌فا و مامۆستا جه‌لال و جه‌مالیش به‌ده‌ر نه‌بون له‌ هۆکاری‌ ئه‌و ناکۆکیانه‌ی‌ پێشتر که‌ هه‌بون. به‌ڵام هه‌ر یه‌که‌یان به‌شێوه‌یه‌ک و بۆ مه‌به‌ستێک کاریان ئه‌کرد. ئەوان بە بەرنامە کاریان بۆ ئایندەى خۆیان ئەکرد. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ که‌ پشتیوانییان له‌ کاک عوسمان و کاک قادر نه‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی بکرێت و  بڕیاڕ بە ‌ ده‌سته‌جه‌معی‌ بدریت ، نه‌ک هه‌موو بڕیاره‌کان له‌ ده‌ست یه‌ک که‌سدابێت. مانای ‌وایه‌ جیاوازی‌ هه‌بوه‌ له‌ بۆچونی‌ ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ قوڵبونه‌وه‌ی‌ ناکۆکیه‌کان بوو.  خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن وه‌کو مناڵێکی‌ تازه‌ به‌ که‌مئه‌ندامی‌ له‌ دایک بوو. به‌هۆی‌ داواکارییه‌که‌ی‌ کاکه‌ حه‌مه‌وه‌ کە بە زۆر داواى شوێنەکەى کاک عوسمانى دەکرد بە بێ رٍکبەر . ئه‌وانه‌ی‌ فۆڕمیان پڕکردبۆوه‌ بۆ پۆسته‌کانی‌ تر. جێگۆڕکی‌ به‌ شوێنه‌کانیان کرا. هه‌ندێک هه‌ر ده‌ستیان کێشایه‌وه‌. هیچ ژنێکیش نه‌بوو به‌ ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن. کاک قادری‌ حاجی‌ عه‌لیش خۆی‌ کاندید نه‌کرد، چونکه‌ ئه‌و ئه‌یویست بۆ پۆستی‌ رێکخه‌ری‌ گشتی‌ خۆی‌ بپاڵێوێت و دیاره‌ کاک عومه‌ریش ویستویه‌تی‌ رکه‌به‌ری‌ نه‌بێت و کاک قادریش نه‌یویستوه‌ کێشه‌ دروست ببێت. کاتێک پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدان کۆتایی هات. کاک عوسمان زۆرترین ده‌نگی‌ هێنا. بۆ ئاگادارى هەموتان ئەوە کاک نەوزادى نورى بەگ ماوەو بچن پرسارى لێ بکەن تکام لە کاک نەوزاد کرد بەکاک قادر بلێت خۆى بۆ پۆستى رێکخەرى گشتى کاندید نەکات ، بۆ ئەوەى کێشە بۆ بزوتنەوەکە دروست نەبێت .

ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌که‌ به‌شێوازێکی‌ دیموکراتیانه‌ به‌ڕێوه‌ بچویایه‌ و کاک عوسمان خۆی‌ بپاڵاوتایه‌ بۆ پۆستی‌ رێکخه‌ری‌ گشتی‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و ئه‌بوو به‌ رێکخه‌ر. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی‌ کاک عوسمان یان کاک قادر خۆیان بۆ رێکخه‌ری‌ گشتی‌ کاندید نه‌کرد؟ له‌به‌ر دوو هۆکار:

یه‌که‌م: کوڕه‌کانی‌ کاک نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بون ئه‌وانه‌ ببنه‌ رێکخه‌ر و  تەنانەت ئەندامانی خانەش، چونکه‌ ئه‌ترسان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ مادیه‌کانیان بکه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و بۆچونی‌ ئه‌وان به‌رامبه‌ر ئه‌و براده‌رانه‌ وه‌کو بۆچونی‌ باوکیان وابو.

دووه‌م: کاک قادر و کاک عوسمان پێیان باش نه‌بوو له‌سه‌ر پۆست کێشه‌ دروست ببێت و ئۆباڵی‌ شکستی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ش بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ خویان. باشترین نمونه‌و به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌مه‌: ئه‌وکاته‌ی‌ کاکه‌ حه‌مه‌ داوای‌ شوێنه‌که‌ی‌ کاک عوسمانی‌ کرد. کاک عوسمان بۆی‌ به‌جێهێشت. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن براده‌ره‌کانیه‌وه‌ زۆر ره‌خنه‌ له‌ کاک عوسمان گیرابوو. پێیان وتبو نه‌ده‌بوو ئه‌وه‌ بکه‌یت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی‌ گه‌وره‌شی‌ له‌سه‌ر دروست ببویایه‌.

له‌ وه‌ڵامدا کاک عوسمان وتبوی‌ خه‌ڵکێکی‌ زۆر هاتونه‌ لام و داوایان لێکردوم با کێشه‌ دروست نه‌بێت و منیش رێزی‌ بۆچونه‌که‌ی‌ ئه‌وانم گرتوه‌و حه‌زیشم نه‌کردوه‌ بڵێن له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ شه‌خسی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ی‌ توشی‌ شکست کردوه‌.

دژایه‌تییه‌که‌ی‌ کاکه‌ حه‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌و براده‌رانه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ نه‌بوه‌. کاتێک نێچیرڤان بارزانی‌ ئه‌یه‌وێت بۆ پرسه‌ی‌ کاک نه‌وشیروان بێته‌ سلێمانی‌. کاکه‌ حه‌مه‌ به‌ کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ وتوه‌ جگه‌ له‌ خۆت نابێ که‌سی‌ تر به‌شداری‌ پێشوازیکردن بێت. ئێمه‌ وه‌کو بنه‌ماڵه‌ پێشوازی‌ لێ‌ ئه‌که‌ین.

دواجار کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ تکاو رجای‌ له‌ کاک عوسمان و ئه‌وانی‌ تر کردوه‌ که‌ به‌شداری‌ مه‌ڕاسیمی‌ پێشوازیکردنه‌که‌ بکه‌ن.  کاتێ کاک عوسمان ده‌ستی‌ له‌ ئه‌ندامێتی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن کێشایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ره‌خنه‌ی‌ زۆری‌ لێگیرا. به‌ڵام وه‌ڵامی‌ ئه‌و ئه‌وه‌بوو کە بزوتنەوەى گۆڕان لە سەر ئەو بنەماو ئامانجانە نەماوە کە لە پێناویدا دروستکراو لە ئێستادا ناسنامەو ئامانجى بزوتنەوەکە بۆتە شتیکی تر.

کاک عه‌مید هۆشیار بۆی‌ گێڕامه‌وه‌ وتی‌ رۆژێک کاک نه‌وشیروان ناردویه‌تی‌ به‌ دوامداو منیش چومه‌ سه‌ردانی‌. کاک نه‌وشیروان پێی ئه‌ڵێت: خه‌تای‌ ئێوه‌یه‌ کاک عوسمان قسه‌مان پێ ئه‌ڵێت. کاک هۆشیاریش ئه‌ڵێت: کاک نه‌وشیروان تۆ گه‌وره‌ی‌ هه‌مومانی‌  بەو برادەرانەشەوە و ئەوانیش هەر بە گەورەى خۆیانت ئەزانن. ئه‌گه‌ر له‌ سیاسه‌تیشدا به‌یه‌که‌وه‌ نه‌گونجێن.

حه‌ق نییه‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی‌ کە به‌ یه‌که‌وه‌بون په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌ته‌کا‌نیشتان نه‌مێنێـت و نه‌توانن به‌یه‌که‌وه‌ بگونجێن و بە راستى کارێکى خراپیش ئەکەن ئەم بزوتنەوەیە لەسەر دەستى ئێوەدا توشى شکست ببێت.   وتی‌ مام رۆسته‌میش لەوێ بوو  زۆر خەمبار بوو و دۆشداما. دوای‌ ئه‌وه‌ کاک نه‌وشیروان ئه‌ڵێـت  بچۆ سەردانى کاک عوسمان و کاک قادر بکە  بابەیەکەوە قسە بکەین . کاک هۆشیار سەردانى ئەو دوو برادەرە دەکات و دواجار ئێوارە خوانێک رێک دەخەن بە ئامادەبونى کاک عومەرى سەید على، کاک حەمە تۆفیق، کاک سالار عەزیز ، کاک قادر و کاک عوسمان لە مالى کاک نەوشیروان.  پێش ئێوارە خوانەکە لە کاتیکدا کاک هۆشیار خەریکى سەردانى ئەم و ئەو دەبێت  کاک حەمە توفیق بە کاک هۆشیار دەڵێت:
ئەوە خەریکى چیت مەشغول دیارى ؟؟. ئەویش دەلێت بە نیازم دانیشتنى ئەو برادەرانە رێک بخەم . کاکە حەمە دەلێت : ئەگەر ئەوان بگەرێنەوە من واز لە بزوتنەوەى گوران دێنم .  بە هەر حال ئێوارە خوانەکە ریک دەخرێت و قسەو ناز و گلەیی دەکرێت و  بارو دۆخەکە هێور دەبێتەوە.

بۆ بەیانى کاکە حەمە لە ڕۆژنامەى چاودێر لێدوان دەدات و دەلێت ئەو دوو برادەرە گەرانەوە چونکە هیچ ئەجێندایەکى سیاسیان نەبوە. کاک نەوشیروان لە کاکە حەمە تورە دەبێت و کاکە حەمەش دەلێت ئەوە قسەى من نییە . بەلام چاودێر بەدەنگ لێدوانەکە لێ دەدەنەوەو  جارێکى تر ریسەکە بووە بە خورى و کێشەکە  بە هەلواسراوى مایەوە .

کاک قادر جگه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی‌ کۆمه‌کی‌ زۆر له‌ دۆسته‌کانیه‌وه‌ بۆ گۆڕان. موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ 33 مانگی‌ خۆی‌ داوه‌ته‌ نانبڕوه‌کان. کاک عوسمانى حاجى مەحمود ماوەیەکى زۆر هاوکارى بۆ ژمارەیەک لە نانبڕاوەکان دابین کردوەو سەرەڕاى پەیداکردنى کۆمەک بۆ بزوتنەوەکە .

 لە کاتیکدا نانبراوەکان هیچ کارێکیان دەست نەدەکەوت، له‌ به‌رامبه‌ردا کاکه‌ حه‌مه‌ هه‌ر سه‌فه‌رێکی‌ بۆ له‌نده‌ن بۆ لای‌ ماڵ و مناڵی‌ کردبێت. له‌ سه‌رحسابی‌ خه‌ڵک بوه‌. له‌ کاتێکدا بڕی‌ 7 ملیۆن دینار موچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ هه‌بوه‌. له‌ گرده‌که‌ ته‌نها ئه‌و سه‌یاره‌ی‌ گۆڕانی‌ هه‌بوو مه‌سره‌فی‌ سه‌یاره‌که‌ش له‌سه‌ر خه‌ڵک بوو. کاتێک بڕیاردرا هه‌ر که‌س مه‌سره‌فی‌ به‌نزین له‌سه‌ر خۆی‌ بێت، سه‌یاره‌که‌ی‌ ته‌سلیم کرده‌وه‌و دوای‌ ئه‌وه‌ به‌ پێ هاتوچۆی‌ ئه‌کرد.

 پرسیاری‌ من ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مو گۆڕانخوازان و به‌ویژدانه‌وه‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌: کاکه‌ حه‌مه‌ زه‌رورتربو‌ بۆ گۆڕان یان براده‌ره‌کانی‌ تر؟؟. کاکە حەمە زیاتر بە گورانەوە ماندوو بوە ، یان ئەو دوو برادەرەى تر ؟؟.  کەواتە  کاکە حەمە بە چ مەبەستێک و بە پشتیوانى کێ هەوڵى دوور خستنەوەى ئەو دوو برادەرەى دەدا‌؟ ئاخر چۆن ئه‌بێت خه‌ڵکێک به‌م حاڵه‌یه‌وه‌ بێت و ته‌حه‌دای‌ که‌سانی‌ تر بکات؟. ئێستاش بپرسن کاکە حەمە لە کوێی بزوتنەوەى گوراندایەو چ خزمەتێک بە گۆڕان دەکات ؟؟. کاک مستەفا بە خشکەى و ژێر بە ژێر هەمیشە لە هەوڵى ئەوە دابوە بەرژەوەندییەکانى خوى بەدەست بهینیت . سەرەتا بەرپرسى دارایی بوو .

 دوایی بوو بەوەزیرى پێشمەرگە. ئێستاش جێگرى سەرۆکى هەرێمە بۆ وەرگرتنى موچەو نەسریە چونکە لەوە زیاتر هیچ شتێکى پێناکرێت بۆ گۆڕان.  بەراستى ئەمە جێگەى پرسیارە بۆچى کەسێک ئەم هەموو پۆستانە  یەک لە دواى یەک وەرگرێت ، لە کاتێکدا زۆر کەسى تریش هەن حەقیانە پۆستیان پى بدرێت . لێرەدا پرسیار ئەوەیە : ئایا ئەم پیاوە شایستەى ئەوەیە یان هوکارى ترى لە پشتەوەیە؟. 

مامۆستا جه‌مال بە حوکمى ئەوەى ئەندامى خانە بوەو کەسێکى ناسراوەو خەلک زۆر هاتوچۆى کردوە، هەرچۆنێک بێت بە پێی مەکانەتى خۆى توانیویەتى هاوکارى ئەم و ئەو بکات و دڵیان رازیبکات ئەوش زۆر ئاساییە.  بەلام ئەوەمان لەبیر نەچێت مامۆستا جەمال پشتیوانى لە کاک قادر و کاک عوسمان نەکرد بۆ بەدامەزراوەکردنى بزوتنەوەکە .

بەڵام بە ویژدانەوە دەڵێم مامۆستا جەمال نمونەى کادر و پێشمەرگەو سەرکردەى سەربازى ئازا بوە لە شاخ.   مامۆستا جەلال جەوهەر ژێر بە ژێر هەمیشە خەریکى  ئیشکردن بوە بو ئەم و ئەو وەکو دامەزراندن و هاوکارى مادى . جگە لەمانەش بە جۆرێک مامەڵەى لە گەل ئەندامانى ژوورەکە کرد، کە هەمویانى دڵگران کرد. نەیدەهێشت کەس ئیشى بەدەست بێت . دواجار دکتۆر بایەزید ژورەکەى جێهیشت . کورت و کرمانجى مامۆستا جەلال رۆلێکى زور خراپى دەبینى . پێشموایە کاریگەرى خراپیشى  لەسەر کاک عومەر هەبوە.  

لە کاتى هەلبژاردنەکانى 25 / 7 من لە کەرکوک بوم مامۆستا جەلال نەک هیچ رۆلێکى نەبوە، هەر نەهاتە ناو جەماوەرەو خۆى شاردبووەوە . جێی خۆیەتى  پرسارى لیبکریت بوچى خوى شاردبوەو نەدەهاتە ناو جەماوەر ، لە روى نەدەهات ، یان مەترسى لەسەر بوو ، ئەگەر مەترسى لەسەر بوو، سەرچاوەى مەترسییەکە کام لایەنە بوو ، هۆکارەکەى چیبوو ، ئەى بۆچى ئەوانى تر نەدەترسان . چ کارێکى کردبوو، کە ببیتە هۆکارى ئەو ترسە گەورەیە  ئەمانەو زۆر پرسیارى تر پێویستیان بە وەڵام هەیە ؟؟؟. داوامان لێکرد خانویەکمان لە دبز بۆ بگرێت کە خەڵکى ئەوێیە ، ئەوەشى  بو نەکرا ، ئێستا کە بەرپرسى ژوورى حکومەت و پەرلەمانە بە دواداچونى کردوە بۆ چونیەتى کار کردنى ئەو کەسانەى لەسەر حسابى گوران پۆستیان وەرگرتوە ؟؟ ئایا چاکن خراپن گوران پییانەوە روسورە یان یان بونە هۆکارى رەخنە گرتن لە بزوتنەوەکە.

کارى ئەو ئەوەیە و دوور و نزیک ئاگاى لەوە نییە هەندێک لەوانە  گۆمەکەیان قوڕاو کردوە و گۆڕانیان لەکەدار کردوە. سەیرەکەش لەوەدایە داواى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەکات بو چاکسازى . 

کاک عومەرى سەید عەلیش کەلتورى تەکەتولاتى  ناو یەکێتیشى گواستۆتەوە بۆ ناو گۆڕان و بە هەموو توانایەکیەوە دەیەوێت لێرەش پەیرەوى ئەوە بکات و برەوى پێ بدات. هەموو گۆڕانخوازان وازبێنن، ئەو ئامادە نییە دەست بەردارى پۆستەکەى ببێت . ئەوەى تا ئێستا بە دیاریکراوى کردویەتى، پەرت کردنى ریزەکانى گۆڕانە و بریاریشى داوە  ئەو کاتە گردەکە جێدەهێڵێت کە کەسى تیدا نەمابێت.

 دەستەگەرى و باڵباڵێن لەئێستادا بەجۆرێک قوڵبوەتەوە، متمانە و یەکڕیزى بزوتنەوەکەوەى خستۆتە ژێرپرسیارەوە. بەڕاى من دەبوو کاک نەوشیروان هەر لە سەرەتاوە زۆر بە حەکیمانە چارەسەرى ئەم کێشانەى بکردایە لە رێگاى بە دامەزراوەکردنى بزوتنەوەکەوە کارو بارەکانى دابەش بکردرایە  بۆ ئەوەى هەر کەسەو کارى خۆى بزانیت و کەس نەتوانیت دەست بخاتە کارو بارى ئەوى ترەوە.

بەڵام هەر وەکو لە سەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، کاک نەوشیروان نەک نەیتوانیوە بەڵکو نەیویستوە بزوتنەوەکە بەدامەزراوەى بکات و هۆکارى هەموو کێشەکانیش هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونکە کرۆکى کێشەکان بنەماى فکرى و فەلسەفى نەبوە، زیاتر کاردانەوەو تۆڵەو ڕقى شەخسى بوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×