بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لەم كاتەدا بۆچی؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-04-05     359

پێش هەموو شتێك زەوی یان خاك ناسنامەی هەموو میللەتێكە . هیچ میللەتێك نابێتە خاوەنی سەربەخۆی و حكومەتی تایبەت بە خۆی ئەگەر خاوەنی خاك یان زەوی خۆی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەری بژێت .  زۆر شت هەن كە نەمان و لە بەین چون جارێكیتر دروست نابنەوە، زەوی یان خاك یەكێكە لەو شتانەی  كە لە ناوچو بە هەر شێوازێك بێت ، وەكو لافاو یان ژێر ئاوكەوتن یان بە تاڵانبرنی زەوی و  بەكارهێنانیان لە لایەن حكومەت و هاوڵاتیانەوە بۆمەبەستی  زۆر بێ بایەخ .

 بۆیە دەبێ پارێزگاری كردن وپاراستنی زەوی وخاك و باش بەكارهێنانی لە  ئەوەلیاتی كارەكانی حكومەت بێت و بەرنامەی تایبەتی هەبێت بۆ چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەو زەویانە بۆ مەبەستی كشتوكاڵی و پیشەسازی . وەكو دروست كردنی كارگە لەسەر ئەو زەویانە . واتە دەبی حكومەت بەرنامەی تۆكمەی هەبێت بۆ ئەوەی بستێك زەوی بە خۆرایی لە ناونەچێت .

 ئەگەر سەرنج بدەین بەردەوام ژمارەی دانیشتوان لە زیاد بوندایە، بەڵام زەویەكە هەمان زەوی جارانەو زیاد نابێت . بۆیە ئەگەر بە پێی بەرنامەی چاك زەویەكان بەكار نەهێنرێت ، دوایی شوێنی دانیشتوان نامێنێت لە سەری بژین و بژێوی ژیانیان دابین بكەن . ئەكەرگوێبیستی هەواڵەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بوبن ، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە زیاد بوندایەو بەرهەمی كشتوكالێ  كە سەرچاوەی ژیانی مرۆڤەكانە بەردەوام لە كەمبونەوە دایەو بەشی پێداویستی هاوڵاتیان ناكات .

سەرنج بدەن وڵاتی ئێران بەو هەمو دژایەتیەوە كە لەلایەن ئەمەریكاو زۆرینەی وڵاتانانی ترەوە دەكرێت و بەردەوام حەساری دەخەنە سەرو دەیانەوێت لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پەڕاوێزی بخەن ، بەڵام بە هۆی ئەوەی خاوەنی خاكێكی بە پیت و بەرەكەتەو بەرنامەی باشیان هەیە بۆ بەكارھێنانی ئەو زەویانە بۆ بواری كشتوكاڵی ، بەو هۆیەوە جگە لەوەی بەشی پێداویستی هەمودانیشتوان  بەروبومی كشتوكاڵی و پیشەسازیشی هەیە .  بەشێكی زۆریشی هەناردەی وڵاتانی تر دەكات . بۆ نمونە ئەمەریكا بەوگەورەییەی خۆیەوە  لەئێستادا مەرایی و مامە حەمەیی بۆ دەكات لە بەر ئەوەی پێگەوكاریگەری بەهێزی هەیە لە ناوچەكەدا   . كەواتە ئەگەر مرۆڤ بەشی پێداویستی خۆی كاڵا وبەرهەمی ناوخۆیی هەبێت ، ئەوكات بێ منەت دەبێت و ناچێتە ژێر باری هیچ كەسێكەوە .   

سەرنج بدەن ئەگەرچی خاكی كوردستانی گەورە بەسەر 4 وڵاتدا بەشكراوە بە دانیشتوانە كەشیەوە ، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە هەربەشێكی كوردستانی گەورەدا  كوردەكان لەسەر خاكی خۆیان دەژین ، بۆیە سەرەڕای ئەو دابەشبونەش توانیومانە پاڕیزگاری لە نانسنامەو بونی خۆمان بكەن . بیربكەنەو بەشێكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە بە پێی بەرنامەیەكی داڕێژراو دەستی بەسەردا گێراوەو بەشێكی تریشی وەكو ناوچەی كێشە لەسەر حسابی بۆ دەكرێت . واتە خەرێكە ئەوەش لە دەستی كورد دەرچێت .

 ئەو كات ئەو كوردانەی خاكەكەیان داگیر دەكرێت ، ئاوارە دەبن . كەواتە  خاك لە دایك و باوكیش گرنگترو پیرۆزترە . كاتێك كە خاكت نەما لەسەری بژی ، خۆشت لە دەست دەدەیت و كەسایەتی و ناسنامەت نامێنێت كەشانازی پێوە بكەیت و بتوانێت پارێزگاری لە خۆت بكەی . دوای ئەم پێشەكیە دەپرسم : حكومەتی هەرێمی كوردستان تا چەند لەخەمی زەی و خاكی هەرێمی كوردستان بوەو چ بەرنامەیەكی بۆ داناوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئەو زەویانە بەكار بهێنن كە سەرچاوەی سەرەكی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و بەردەوامی ژیانیانە .

بە داخەوە كاتێك ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەهێنین ، ئەوحكومەتە تەنها هەر ناو بوەو لە ئەرزی واقیعدا حكومەت نەبوە بە مانا ڕاستییەكەی . سەردەمانێك دوو ئیدارە بوو. دوای ئەوەی بە ناوئەم دوو ئیدارەیە بوو بە یەك وگوایە حكومەتێكی یەك گرتو پێكهێنرا  ، بەڵام تا ئێستا حكومەتێكی ڕاسەقینەی نیشتمانی لە دایك نەبوەو بونی نییە  . ئەم حكومەتەی ئێمە كە لە لایەن دوو بنەماڵەوە ماوەی 32 سالة خاوەنداریەتی دەكرێت و بەڕێوە دەچێت ، جگە لە ماڵ وێرانی هاوڵاتیان و وێرانكردنی نیشتمان و لەناو بردنی ئەرزو ئاوی و تاڵانكردنی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی ، هیچی تری بەرهەم نەهێناوە . بڕبڕەی پشتی ئابوری سەربەخۆو بنیاتنانی  ژێرخانی ئابوری برێتییە لە گەشەی بەردەوامی كەرتی كشتوكاڵ بە پلەی یكەم و كەرتی پێشەسازی بە پلەی دووەم.

هەر وڵاتێك گەشە بەم دوو كەرتە بدات ، دواجار دەبێتە خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆی و پێویستی نابێت بە هاوردەكردن .  ئەم بەناوحكومەتە هیچ بەرنامەیەكی نەبوە لە هیچ ڕویەكەوە بۆ ئەوەی ئابوری هەرێمی كوردستان گەشە پێ بدات خۆی لە دەست پانكردنەوە ڕزگار بكات . ئەم حكومەتە كە هەموو داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی تاڵانكرد لە بری ئەوەی خۆی لەسەر قاچی خۆی بگرێت ، 30 ملیار دۆلارقەرزیشی خستە سەرشانی هاوڵاتیان .

ئەو زەرەرو زیانەی حكومەتی هەرێم بە زەوی زاری گەیاندوەو لە ناوی بردوە ، تا ئێستا هیچ دوژمنێك بە كوردی نەكردوە . كار گەیشتۆتە ئەوەی سەرەڕای هەبونی ئەوهەموو زەویە بە پیتانەی هەبوە ، خەرێكە زەوی دەست نەكەوێت كە كشتوكاڵی تێدابكەن و مەڕو ماڵاتی تێدا بەخێو بكەن. لە بری ئەوەی ئێمە گۆشتی مەڕوبزن و هەناردە بكەین ، دەبێ هەموو جۆرە گۆشتێك هاوردە بكەین و كۆشتی مەڕ بە جۆرێك گران بوە كە بە هەموو كەسێك نەكڕێت . هۆكاری هەمو ئەمانە ئێجگار زۆرن ، بەڵام من هەوڵ ئەدەم گرنگەكانیان باس بكەم .

یەكەم : لەبەر ئەوەی ئیمە بە مانا تەواكەی خاوەنی حكومەت نەبوین و بڕیارو دەسەڵات كەوتۆتە دەستی ئاغاكانی دیوەخان و نەوەی سەرۆك خێڵەكان ، بۆیە هیچ بەرنامەیەكی گەشەی كەرتی كشتوكاڵ و  پیشەسازی  لە كارنامەی حكومەتدا بونی نەبوە . واتە گرینگی دان بەپارێزگاری كردن لە خاك و گرینگی دان بە بواری كشتوكاڵی هیچ بەهایەكی نەبوە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە چونكە ئەوانە نازانن نرخی زەوی چییەو سەرقاڵی تاڵانی كردنی سامانی نیشتمانن.  

دووەم: كاتێ بوژانەوەی ئابوری بە تایبەت ساڵانی 2012 و 2013 پارە زۆر كەوتە بازاڕەوە لە بری ئەوەی حكومەت بەرنامەی هەبێت و هەوڵ بدات كەرتی كشتوكأل و پیشەسازی گەشە پێ بدات و كۆمپانیای هاوبەش بۆ هاولاتیان دروست بكات بۆ ئەوەی پارەكانیان بخەنە گەڕ ، بەرپرسانی حكومەت و حیزب دەست پێشخەربون لە دەست بەسەراگرتنی زەوی حكومەت  بۆخۆیان و دروست كردنی باخ و ڤێلا بۆخۆشگوزەرانی خۆیان   . هاوڵاتیانیش چاویان لەو بەرپرسانە كردوودەستیان كرد بە دروستكردنی باخ و ڤێلا لەسەر ئەو زەویە دێمیانەی كە موڵكی حكومەت بون . خەڵك لەخۆیەوە خۆی دەكردە خاوەنی زەوی حكومەت و تاڵان فرۆشی دەكردن . 

ئەمە بوو بە كارەسات و هەر كەسێك  بڕێك پارەی هەبوبێت چەند دونمێكی زەوی كڕیوەو هەرچی شوێن هەیە بە دەشتایی و شاخاوی دەورو بەری شارەكان  كران بە باخوڤێلا .  كەسێك هاتوە بە تەنها 5 بۆ 6 دۆنم زەی كڕیوەو كردویەتی بە باخ و خانویەكی تێدا دروست كردوە ، بێ ئەوەی هیچ داهاتێكی هەبێت و تەنها بۆ خۆشی خۆی . كارەساتەكە لێرەدا ئەوەیە ئەو زەویانەی باخ و ڤێلایان لەسەر دروست كراوە كە بە سەدان هەزار دۆنم زەوی دەخەمەڵێنرێن لە سەرانسەری هەرێمدا ، تازە وەكو ئەوە وایە ئەو زەویانە هەر نەبوبن .

 چونكە ئەوباخ و ڤێلایانە هیچ بەرهەمێكیان نێە . تازە نەدەتوانرێت بكرێنە كشتوكاڵ یان پەڕۆژەیەكی پێشەسازی یان بازرگانیان لەسەر دروست بكرێت و نە دەشتوانرێت مەڕو ماڵاتی تێدا بەخێو بكرێت نە جێگا ماوە پڕۆژەی گاوداری تێدا بنیان بنرێت . بۆ نمونە ساڵانی زوو شارباژێری تەخت سەرچاوەی داهاتی كشتوكاڵی گۆشت و شیرو كەرەی شاری سڵێمانی بوو ، بەڵام ئێستا بچن سەیری بكەن مەترێك زەوی نەماوە بەرهەمی لێ بەدەست بهێنرێت ، ئەم دیاردەیە سەرانسەری هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوەو هەرچی زەوی كشتوكاڵی هەیە لە بەردەم مەترسی لەناوچوندایە . 

 ئەو پارانەی لەو باخ و ڤێلایانەدا خەرج كراوە ، دەتوانرا دەیان كۆمپانیای بازرگانی و پێشە سازی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی پێ دروست بكرێت و بە دەیان هەزار كەس كاری تێدا بكەن .  تەنانەت خاوەن ئەرزە كشتوكاڵیەكانی گوندە دوورە دەستیەكانیش  ئەرزەكانیان كردۆتە باخی شەخسی بەرهەمیان نەماوە . لە هەموو ئەمانە خرابتر ئەوەیە لە وەرزی بەهاردا كە دنیا سەوز دەبێت ووڵاتیان دەیانەوێت  بچنە دەرەوەی شارەكان بۆ بۆكاتی خۆشی بەسەر بردن ، زۆر ئەستەمە خەڵك شوێنێكی بەتاڵی دەست  بكەوێت كە لێی دانێشت و كات بەسەر بەرێت ئەگەر خاوەنی باخ و ڤێلای خۆی نەبێت ،چونكە هەرچی زەوی هەیە تەنانەت شوێنە دوورە كانیش تەل بەندو پەرژێن كراوە.   

سێیەم : ئەم بەناوحكومەتە لە بری ئەوەی گرینگی بەكەرتی كشتوكاڵ بدات و هاوكاری جوتیارەكان بكات بۆ ئەوەی گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوەو بەرهەمی كشتوكاڵی زۆر بكەن ، هاتن بۆپاڕێزگاری لە خۆیان و دژی یەكتری هەر لایەنەو لە سنووری خۆی هەرچی گەنجی لادێكان هەبوو كردیانن بە ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلییس كەس نەما  لە بواری كشتوكاڵدا كار بكات . چونكە تەنها كۆمەڵێك پیرو پەك كەوتە لە گوندەكان مابونەوە ئەوانەش هێواش هێواش مردن و هەندێكیشیان بەرەو شار هاتن . كەواتە ئەو ئەنفالەی دەسەڵاتی كوردی بەسەرزەوی و زارو گوندەكانیداهێنا زۆر خرابتر و ترسناكتر بوو لە ئەنفالەكانی سەدام  .

چوارەم : لە هەمووئەوانە خرابترو ترسناكترئەوەبوو كە بەرپرسانی حكومەت بۆ خۆدەوڵەمەند كردن و بەدەست هێنانی پارەی زۆر ، بەرنامەیان دانا بۆ دەست بەسەراگرتن و بەتاڵانبردنی  ئەو زەویە بەنرخانەی كە دەكەونە نزیك شارەكان  و ناو شارەكان بۆئەوەی بكرێنە باڵەخانەی نیشتەجێبون بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمەڵیك خەڵكی چاو چنۆك كە نزیك بون لە بەرپرسەكان خۆیانەوە .

 هیچ پڕۆژەیەك بەبێ شەراكەتی بەرپرسێكی حیزبی ڕێگای پێ نەدراوە جێ بە جێ بكرێت   . بەو هۆیەوە بە سەدان كەس لە ڕێگای  موڵكی گشتیەوە بونە ملیۆنێرو ملیاردێر . كارەسات لێرەدا ئەوەیە لە بری ئەوەی حكومەت بەرنامە دانێت كە  شوێنە سەخەریەكان ئەوانەی بەكەڵكی كشتوكاڵ نایەن ، بكرێنە باڵەخانەی نیشتەجێبون ، هاتون باشترین شوێنی دەشتایی كشتوكاڵیان كردۆتە باڵەخانەی نیشتەجێبون .

 لەوەش خرابتر ئەوەیە لە بری ئەوەی باڵەخانەكانی نیشتەجێبون  لە دەرەوەی شار یان دوور لە خانوە نزمەكان دروست بكرێن بۆ ئەوەی ئەو باڵەخانانە  ژیان و گوزەرانی دەورو بەریان تێك نەدەن ، لە هەر شوێنێكی شار ئەرزێكی بەتاڵ هەبوبێت ، بێ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی كراوەتە بالەخانەی نیشتەجێبون . بۆ نمونە :شوێنی مەسڵەحەی كۆن .  لە بەر ئەوەی ئەو باڵەخانانە دەستی حیزبیان لە پشتەوەیە لە بەرامبەر مەڵەبند دروست كراون و ڕێگریان لێ نەكراوە ، بەڵام ئەو كەسەی كە خانوەكەی حەمەی فەرەجی كڕیوە بەو نیازەی بیكاتە باڵەخانەی نیشتەجێبون  كەدەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی ، مەڵبەندی سڵێمانی ڕێگای پێ نادەن دروستی بكەن و دەڵێن ئەوە لە روی ئەمنیەوە بۆ مەڵبەند خراپە . ئەمەیە : بانێكەو سەد هەوا .

باشترین شوێن كە لە سنووری سلێمانی  كە بەناوبانگن و زۆر گرنگن بۆ كشتوكاڵ دەشتی شارەزورو ڕانیەو بیتوێنە  بچن سەیر بكەن  باشترین ئەرزی كشتوكاڵی كراون  بە باخی شەخسی و خانو دوكان و بەش بەش كراون . ئەگەر كار وەكو ئێستا بڕوان دوای 20 ساڵیتر لە دوكانەوە  بەرەو پیرەمەگرون و تاسڵوجەو عەربەت تا دەگاتە هەڵەبجە ، هەموی دەبێتە شارو شارۆچكەو ئەرزی كشتوكاڵی نامێنێت. ئەگەر حكومەت هەبوایە دەبوو بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نەدات ئەوزەویە  بە پیتانە  بكرێنە باخ و ڤێلای شەخسی و لەناو بچن . 

 لە بیرتانە كە ساڵانی ڕابوردوو  باسی برنجی بازیان دەكرا، بەڵام سەیركەن لەو ئەرزانەی كە برنج و گەنم و بەرهەمی كشتوكاڵی لی بەدەست دەهێنرا 5 كارگەی چیمەنتۆو پاڵاوگەی نەوت و دەیان كارگەی تریشی لێ  دروست كراوە، جگە لەوەی هیچ بەرهەمێكی كشتوكاڵی نەماوە ، خەریكە خەڵكەكەی لەدوكەڵی ئەوكارگانەدا دەخنكێن و توشی نەخۆشی هەمە چەشنە بون، وەكو نەخۆشی شێر پەنجە . دەكرا ئەوكارگانە دوور لە ئاوەدانی و لەو شوێنانە دروست بكرێن كە بەكەڵكی كشتوكاڵ نایەن . ئەوە مانای وایە ئەم حوكمڕانانە هیچ خەمی زەوی زاریان نییە .   

پێنجەم : بەرپرسە  نا بەرپرسەكان بۆ پاڕیزگاری لە مانەوەی خۆیان دەستیان كردوە بە دابەش كردنی زەوی و بە هەزاران پارچە زەوییان  بەبێ ڕەزامەندی شارەوانی دابەش كردوە  . لە ڕاپەڕین نزیك تاسڵوجە هەزاران پارچە زەوی  لە لایەن بەرپرسانی باڵای هێزی پێشمەرگەوە  بەناوی شەهیدانی داعشەوە دابەشكراون  بەڵام بۆ بەرژەوەندی خۆیان دابەشیان كردوەو فرۆشتویانن . هەروەها بە هەزاران پارچە زەویی تریان بەسەر دژەتیرۆر و ئاسایشدا بەشكردوە.  بەڵام بەهەزاران فەرمانبەری حكومەت هەیەكە خاوەنی ماڵ و مناڵ و چەندین ساڵ خزمەتن تا ئێستا زەویان پێ نەدراوە . بەڵام ئەوەی دوێنی كراوەتە ئاسایش یان دژە تیرۆربۆ پارێزگاریكردن لە مانەوەی خۆیان لە پێناوی تاڵانكردنی سامانی نیشتمانی ، زەویان  پێ دەدەن .   بەو هۆیەوە هەر لە كەڵەوانانی نزیك تاسڵوجەوە تا دەگاتە بازگەی عەربەت ، زۆرینەی زەویەكان بە بێ بەرنامە دابەش كراون وهیچ خزمەت گوزاریەكیش  بۆ ئەو شوێنانە نەبراوە  بۆ ئەوەی بكرێنە خانو . گرنگ ئەوەیە دابەشیان كردوەو فرۆشتویانە و خەدەماتی بۆ دەچێت یان ناچێت كێشەی ئەوان نییە .

 لە دیدی خۆمەوە دابەشەكردنی زەوی بەسەر فەرمان بەران  و چین و توێژەكانی تری ناوكۆمەڵگا بە هەر شێوەو پاساوێك بێت ،  خیانەت و تاوانی زۆر گەورەیە  چونكە وەكو لە سەرەوە باسم كرد ، زەوی كە لەدەست درا جارێكی تر دروست نابێتەوە و هیچ بەرهەمێكی لێ بەدەست نایەت . ئەم قسەیەی من ئەوە ناگەیەنێت كە من دژی خواستەكانی فەرمانبەران و چینەكانی تری كۆمەڵگام .

 دیاردەی دابەشەكردنی زەوی لە مێژە هەیە . بەڵام  ساڵانی ڕابوردوو ژمارەی دانیشتوانی شارەكان كەم بون شارەكان وەكو ئێستا فراون نەبون ، بۆیە ئەگەر زەویش دابەش كرابێت ، وەكو ئێستا كاریگەری خراپی نەبوە . بەڵام دابەش كردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە ئێستادا من خۆم وەكو كارەسات دەیبینم بۆ داهاتو . ئەگەر ئەو دەسەڵاتدرانە لەخەمی فەرمانبەرانن  با بەرنامە دانێن بە نرخی هەرزان و بە قیستی مانگانە شوقەیان پێ بفرۆشن و لەكاتی خۆیدا موچەكانیان پێ بدەن نەك بۆیان پاشەكەوت بكەن .

موژدانەكەی سەرۆكی حكومەت  بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا  لەم كاتەدا بۆچی و چی لە پشتی ئەو بڕیاوەوە هەیە ؟.

ئەگەر سەرنج بدەن چەندین ساڵە حكومەت موچەی موچەخۆران و خانە نیشینان بە پاشەكەوتی موچەو نیوە موچەو دوواخستنی موچەكانیانەوە دابەش دەكات. واتە حكومەت پارەیەكی زۆری موچە خۆران قەرزدارە  ئەوەش بە هۆی بێ بەرنامەیی حكومەت و تاڵانكردنی سامان و داهاتی هاوڵاتیان لە لایەن بەرپرسانی حكومەت خۆیانەوە . لەم كاتەدا جەنابی سەرۆكی حكومەت هاتوە موژدە دات بە فەرمان بەران  كە كە زەویان بەسەردا بەش دەكات .

 بریارەكەش وایە زەوی دەدرێت بە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی كە زەویان وەرنەگرتوە. سەرنجی ئەمە بدەن و باش بیر بكەنەوە : باشە زەوی بۆ ئەو هەموو فەرمانبەرانە  لە كوێ بەدەست دێنن ؟. باشە پێش ئەوەی جەنابی سەرۆكی حكومەت ئەم برڕیارە بدات ، زانیاری وەرگرتوە زەوی  هەیە كە دابەشی بكەن ، بۆچی زەوییان هێشتۆتەوە بۆ دابەشكردن ؟. من قسە لە سەر شاری سلێمانی دەكەم و دڵنیام لە هەموو شوێنەكانی تریش هەر بەو شێوەیە .

ئەگەر لە سلێمانی زەوی بەسەر فەرمان بەراندا بەشكرێت ، دەبێ  لە كەڵەوانان و لای عەربەت زەوی دابەش بكەن چونكە زەوی لە ناو شاردا  نەماوە . پارچەیەك زەوی لەو شوێنانە  بایی 70 وەرەقە زیاتر نابێت و بۆ تاپۆكردنی چەند وەرەقەیەكی تریشی دەوێت و بە 10 ساڵی تریش خەدەمات بۆ ئەو شوێنانە ناگەیەینرێت و ئەمە تەنها بۆ تەفرەدان و دەست بڕینی فەرمابەرانە .

هیچ فەرمانبەرێك نییە  بایی چەندین پارچە زەوی ئاوا قەرزی لای حكومەت نەبێ . كەواتە لەم كاتەدا كە سەرۆكی حكومەت كە موژدەی دابەشكردنی زەوی دەداتە فەرمانبەران وەكو ئەوە وایە بیخاتە بری قەرزەكانیان لای حكومەت و لە لایەكی تریشەوە نزیكی هەڵبژاردنەو بەم موژدانە بێ بەهایە هەوڵ بدات دەنگی فەرمانبەران بەدەست بهێنێت .دڵنیابن ئەگەر زەوی بدرێتە هەموو ئەوانەی پێشتر وەریان نەگرتوە ، ئەو زەویانەی لە كەڵەوان و عەربەتیش ماوە بەش ناكات و ناچار دەبن گوندە نزیكەكان بخەنە سنووری شارەوانی و ئەرزەكانیان ئیفڕاز بكەن بۆ ئەوەی فەرمانی سەرۆكی حكومەت چێ بە جێ بكرێت .

 هەر كەسێك بەهۆی پێدانی زەویەوە  كە ئەویش مسوەگەر نییە ، دەنگ بەم تاڵانچیانە  بدات ،  خاوەنی هیچ دیدو كەسایەتیەك نابن و دەستی ئەم دەسەڵاتەیان لەسەر زیاد بێت . حكومەتی عێراقی پارەی موچەی ناردوە . دوای  20 ڕۆژ سەرۆكی حكومەت بڕێاری دابەش كردنی  دەدەدات و ئەوەشمان بۆ دەكاتە موژدانە .

 بەڕاستی ئەوە سوكایەتییە . سەرۆكی حكومەت بە قەدەر قونسلەكانی وڵاتان سەردانی هەڵەبجەی نەكردوە . ئەمساڵ سەردانی هەڵەبجەی كردوە و بڕیاری دروستكردنی پردێك دەدات ، كە چەند ساڵێك لەمەوبەر بڕیاری دروستكردنی دراوەو تا ئێستا دروست نەكراوەو دوو بارە دەیكاتەوە بەمنەت بەسەر هەڵەبجەدا . كاتی هەڵبژاردنە دەبێ بەرنامەی خەڵەتاندنی خەڵك دانێن .سەیركەن ئەم سەرۆكی حكومەتە هەر هەڵەبجەی لە بیرنەبوە چونكە كەوتۆتە زونی سەوزەوەو زونی سەوزیش سزای لە سەرە بۆیە تا ئێستا هەڵەبجە پش گوێ خراوەوهەر لە بیرچۆتەوە  .

 بەڵام ئێستا  كەوتۆتە بەهانە لە حكومەتی عێراقی وداوادەكات ژمارەی كورسییەكانی هەڵەبجە لە 3 كورسییەوە بكرێنە 6 كورسی و پێی وایە لە هەڵبژاردندا  بە هۆی  بڕیاری دروستكردنی پردێكەوە  كە دیاریش نییە دروست دەكرێت یان دروست ناكرێت 3 كورسی بۆ خۆی دەبات . ئەوەیە خەونو خەیاڵ . ئەمە لە كاتێكدایە پارێزگای هەڵەبجە سەید سادق و پێنجوێنی لەسەر نییەو ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە بە خورماڵ و بیارەو تەوێڵەو سیروانەوە هەموی 79 هەزار كەسە و تەنها 3 ئەندام پەرلەمانیان بەردەكەوێت .  دەڵێن :كە جولەكە ئیفلاسی كرد ،بە دەفتەری قەرزی كۆندا دەچێتەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×