ئایندەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2023-02-19     506

لە ئێستادا قەوارەی هەرێمی كوردستان لە خرابترین دۆخی سیاسیدایەو ئەگەر بارودۆخەكە هەر ئاوا بەردەوام بێت و چارەسەرێكی بۆ نەدۆزرێتەوە ، كۆی قەوارەی سیاسی هەرێم لەبەر دەم مەترسی لەناوچوندا دەبێت .  زۆر زەحمەتە لەم نوسینە كورتەدا جێگای ئەوە ببێتەوە  كە بە درێژی  باسی هەموو ئەو هۆكارانە بكەم كە بونە  هۆكاری دروستبونی مەترسی گەورە بۆسەر قاوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان .  بەڵام زۆر بە كورتی هەوڵ دەدەم  ئاماژە بۆ گرنگترینیان بكەم :

 یەكەم : هۆكاری سەرەكی ئەو مەترسیانەی  ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان دەبنەوە  ناكۆكیەكانی نێول یەكێتی و پارتییە . ڕەگی ناكۆكیەكانی ئەودوو حیزبەش دەگەڕێتەوە  بۆ ناكۆكیەكانی نێوان مەلا مستەفاو باڵی مەكتەبی سیاسی  لە شۆڕشی ئایلولدا  كە لە ساڵی 1964  ڕویداو لە ئەنجامی ئەو ئەو ناكۆكیانە  بەرەی جەلالی و مەلایی دروست بوو. دوای ئاشبەتاڵ و دەست پێكردنەوەی  شؤڕشی نوێ لە سالێ 1976 ناكۆكیان بون بە ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی و لە ئێستاشدا ناكۆكیەكان بون بە ناكۆكی  ڕاستەقینەی نێوان هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵةبانی  .     

تێكەڵ بونەوەی بەرەی جەلالی لەگەڵ پارتی لە سالی 1970 وئاشبەتاڵی سالێ 1975 نەك كۆتایی بە كێشەكانی نێوان ئەو دوو بەرەیە هێنا ، بەلكو دوای دەست پێكردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە لایەن یەكێتی نیشتمانیەوە لە سالی 1976 ، ناكۆكی و شەڕو یەكتر كوشتن بە شێوەیەكی زۆر خرابتروگەرم و كوڕتر  دەستی پێكردەو ئەو ناكۆكیانە تا ئێستاش هەر بەردەوامەو بەو هۆیەوە بە دەیان هەزار هاوڵاتی كورد بونە قوربانی . كارەساتی هەكاری سالێ 1979 و شەڕی نێوان یەكێتی و پارتی لە سالێ 1996 نمونەی ئەو كارەساتانەن . لێرەدا خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە كە دەمەوێت ئاماژەی بۆ بكەم  ئەگەرناكۆكیەكانی  ڕابوردوی نێوان بالی مەكتەبی سیاسی و مەلا مستەفا  بە دیوێكی تردا  ناكۆكیەكانی نێوان  یەكێتی و پارتی لە ئێستادا، لەسەر خەبات و تێكۆشان و بە دەستھێنانی  مافەكانی گەڵی كوردو سەربەخۆیی كوردستان بوبێت و هەر یەكەیان ئەوی تریان تۆمەتبار كردبێت بەوەی دژ بە بەرەی گەلەو وابەستەی وڵاتانی دژ بە كوردەو بۆ بەرژەوەندی خۆی كاردەكات و خوێنی هاوڵاتی كورد دەڕێژێت ، ئێستا هەرێمی كوردستان ڕزگاری بوەو سەربەخۆیەو خاوەنی حكومەت و پەڕلەمان و پارەی زۆریشە .

 كەواتە با پرسیاریان لێ بكەین ئەی شەڕو ناكۆكیەكانی  ئێستایان لەسەر چییە كە كە قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی لەناو چوندایە . هەمومان دەزانین كە نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان جێنبن پلاسخارت چەندین جار هۆشداری داوەتە یەكێتی  و پارتی و بە ئاشكرا پێی ڕاگەیاندون ئەگەر كۆتایی بە ناكۆكیەكانیان نەهێنن و  هێزی پێشمەرگە یەك نەخەن ، هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێتەوە . واتە لەناو دەچێت .بەڵام  دەسەڵات و پارە  یەكێتی و پارتی كوێر كردوە .

كەواتە هەر لە سەرەتاوە ناكۆكی ئەمانە لەسەر دەسەڵات و  پارە بوە بەڵام  بە هۆی ئەوەی لە ساڵانی پێش ڕاپەڕیندا  نەدەسەڵاتی حوكمڕانیان  هەبوەو نا پارەو سامانی زۆرێش لەبەر دەستدا بوە ، كێشەو ناكۆكیەكانی خۆیان خستۆتە ناو قاڵبی  نیشتمان پەروەری و خەباتی نیشتمانی و لەم ڕێگایەوە خەڵكیان خەڵەتاندنەوەو شەرعیەتیان داوە بە ڕشتنی خوێنی لاوانی كوردو  دڕێژەدان بە شەڕی بڕاكوژی.

دووەم: لە دوای ڕاپەڕین و دروستبونی حكومەتی هەرێم و  بەردەوام بونی  شەڕی نێوانیان ، چەندین حزب و لایەنی سیاسی تر لە ئەنجامی ناكۆكیەكانیان  و  بێزاری خەڵك لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار دروستبون لە شێوەی دوكانی سیاسیدا . دواجار ئەمانە لە لایەك بونە بارێكی قورس بەسەر بودجەی هەرێمی كوردستانداو  لە لایەكی تریشەوە  بونە سەرچاوەی  كێشە چونكە ئەم حیزبانە  بەردەوام یارییان دەكرد لە نێوان یەكێتی و پارتی و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەبون نەك بەرژەوەندی گەل و نیشتمان  . لە ئێستادا دەسەڵاتی حوكمڕانی  تەنها لە دەستی پارتی و یەكێتیدایە و پارتیش باڵادەستی یەكەمە . ئەو دوو لایەنە خاوەنی هێزی تایبەتی خۆیانن و دەستیان گرتوە بەسەر سامان وداهاتی ئەم هەرێمەدا . حیزبەكانی تر ئەگەرچی لەناو پەڕلەماندا هەن و بزوتنەوی گۆڕانیش  بەشدارە لە حكومەتدا ، هیچ كامێك لەوانە كاریگەریان لەسەرگۆڕینی پڕۆسەی سیاسی نییەو  تەنها وەكوناو هەن . بەردەوام ڕەخنە دەگرن و قسەی خۆیان دەكەن ، بەڵام كەس گوێیان لێ ناگرێت و وەكو ئەوە وایە هەر نەبن .

 

مەترسیە گەورەكانی سەر ئایندەی هەرێمی كوردستان

یەكەم : هەر چەندە هەموو ئەو حیزبانەی دەرەوەی دەسەڵات خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن ، بەڵام ئەو حیزب و لایەنانە  نەبەتەنها خۆیان هیچیان بۆ دەكرێت و نەدەشتوانن  لە بەرەیەكدا یەكبگرن و  ڕوبەروی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی ببنەوە . دروستبونی  بزوتنەوەی گۆڕان ئومێدێكی گەورە بوو  بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی  بەھێز لە گۆرەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت بەرامبەر یەكێتی و پارتی .

بەڵام سەد مەخابن ئەو ئومێدە نەهاتە دی و دواجار بوو بە بڵقی سەر ئاو . ئێستا بەڕواڵەت  نەوەی نوێ بۆتە جێگرەوەی  بزوتنەوەی گۆرأن ،  بەڵام دواجار حالێ نەوەی نوێش لە حاڵی بزوتنەوەی گؤران  باشتر نابێت و ئەویش دوای ماوەیەكی تر دەبێتە  بڵقێكی ئاوی گەورە  چونكە خاوەنی هیچ بەرنامەو ئەجیندایەكی سیاسی نییەو لە ئەنجامی ناڕەزاییەكانی خەڵك لە پارتی و  یەكێتی  دروست بوە . كەواتە بونی ئەم حیزبانە لە مەیدانەكەدا  كە یەكێكیان ڕوی لە شامەو ئەوی تر لە شیراز هیچ بەرهەم ناهێنن و ئەگەر هەموو ساڵێكیش هەڵبژاردن  بكڕێت ، بارودۆخەكە  هەر وەكو ئێستا بەردەوام دەبێت.

دووەم: لە هەموو دونیادا نوخبەی ڕۆشنبیر و كەسانی نیشتمان پەروەرو دلسۆز ڕۆڵ و كاریگەری بەرچاویان هەیە لەسەروشیار كردنەوەی جەماوەر بۆ گۆڕینی   سیستەمی حوكمڕانی و بەرەو پێش بردنی پڕۆسەی سیاسی و دێموكراتی  . بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو حیزبە كوردیەكان  بە ئەوانەی خاوەنی دەسەڵاتن و ئەوانەشی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن بونە كۆمپانیای بازرگانی و شوێنی دۆزینەوەی كارو وەرگرتنی پلەو پۆستی باڵاودەسكەوتی تایبەتی  ، بەو هۆیەوە  بەرژەوەندی حیزبی و تاكە كەسی جێگەی بەرژەوەندی نیشتمانی گرتۆتەوە  . لە هەموی خرابتر ئەوەیە  هەموو حیزب و دوكانە سیاسیەكان  بونە حیزبی بنەماڵەو تاكە كەسی  ئەجیندای نیشتمانیان زۆر لاواز بوە  . پارتی و یەكێتی و  بزوتنەوەی گۆرأن و حیزبی سۆسیالیست بەتەواوی بونە حیزبی بنەماڵە . ئەگەر بە وردیش سەرنج بدەین حیزبە ئیسلامیەكانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان  بونە حیزبی كەسانی تایبەت  كە ئەوەش شێوەیەكە لە بنەمالةیی .

 سەیركەن  ئەوەتەی یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی  ئیسلامی هەن  هەر سەركردەكانیان نەگۆڕاون و هەمان كەسن .ئەگەر بە وردی  سەرنجیان  بدەی دەبینی ئەوانەی لە سەركردایەتی حیزبدان و بەردەوام ئاڵو گۆڕی پۆستیان بۆ دەكرێت  وەكو وەزیر و ئەندام پەڕلەمان ژمارەیكی دیاریكراون .  پرسیارێكی تر ئەوەیە : ئایا ئەگەر ئەم حیزبانە  دەیانەوێت  لە پێگەی ئیسلامیەوە   پڕۆسەی سیاسی بگۆڕن بۆچی نابنە یەك حیزب، یان هیچ نەبێ لە بەرەیەكی یەكگرتودا  كۆببنەوە بۆ ئەوەی كاریگەریان  بە هێزتر بێت .   كەواتە  لێرەدا بەرژەوەندی  حیزبی و تاكە كەسی دەكەوێتە پێش بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی لەبەر ئەوە  بەردەوام لە بازنەیەكی داخراودا  دەمێننەوە .    

مەترسیە گەورەكە لێرەوە دەست پێ دەكات كە بەهۆی ئەو دابەشبونە  زۆرەی ناو كۆمەڵگای كوردی بەسەر ئەم حیزب و لایەنانەدا  بەرژەوەندی نیشتمانی لەناو كۆمەڵگادا غائیب بو وەو بەرژەوەندی شەخسی جێگەی گرتۆتەوە . ئەگەر سەیر بكەین  زۆرینەی خەڵكی ڕۆشنبیر و دڵسۆز و خاوەن بڕوانامەی  بەرز  هەر یەكەیان بە پێی بەرژەوەندی خۆیی و چۆنی بۆ لوابێت و لە كوێ دەسكەوت و  بەرژەوەندیەكانی مسوەگەر بوبێت ، لەوێ گیرساوەتەوە .  سەیركەن دادوەرو مامۆستای زانكۆو كەسانی ڕۆشنبیر و نیشتمان پەروەر  دابەشبون  بەسەر ئەوحیزب و لایەنانەدا و بە  چاك و خراپ  بەرگری لەو لایەنە دەكەن كە دەسكەوتی  تایبەتیان بۆدابین دەكەن  . زۆرترین لەدەوری  پارتی و یەكێتی كۆبونەوە چونكە  پاروە  چەورەكە زۆرتر لای ئەوانە .

كەسێك دەبێتە لایەنگری  حیزبە ئیسلامیەكان وبزوتنەوەی گۆران و نەوەی و لەسەر حسابی ئەوان دەبێتە  ئەندام پەڕلەمان یان وەزیر یان  بەڕێوەبەری گشتی و  ڵێرەوە ئەجیندای نیشتمانی ون دەبێت .  سەیركەن خاوەن بڕوانامەیەكی  دكتۆرا  دەبێتە لایەنگری نەوەی نوێ بۆ ئەوەی  ببێتە  ئەندامی پەڕلەمان .  ئاری سامی  حوسەین  نازم ، كە باوكی گەورەترین ڕۆشنبیری ئەم شارەو زۆرترین خزمەتی بە سلێمانی كردوە و خۆشی باشترین و باناوبانگترین دكتۆری مێشك و دەمارەو كەسێكی بەناوبانگەو لێرەوە دەتوانێت گەورەترین خزمەت بە خەڵك بكات ، بیر لەوە دەكاتەوە  ببێتە ئەندامی پەڕلەمان لەسەر حسابی لایەنێك . ئەمانە هەموی مەترسین و كارەساتن بۆ سەر ئایندەی ئەم نیشتمانە .

 ڕۆشنبیر و نیشتمان پەروەرە دڵسۆزو بێلایەنەكانیش  هەرچی بڵین و  باسی بكەن و داوابكەن و بنوسن كەس  بە قسەیان ناكات . كەسانی ڕۆشنبیر و دڵسۆزو نیشتمان پەروەر نوسینەكانیان و بۆچونەكانیان  بۆ ئەوەیە دەسەڵات ئاگادار بكەنەوە لەو هەڵەو كەم و كۆڕیانەی هەیە . بەڵام ئەم دوسەڵاتەی كوردیە بە حوكمی  دەسەڵاتی دارستان كار دەكات و گوێ بۆ كەس ناگرێت .

 بە كورتی كەرتبون و دابەشبونی  تاكی كوردی بەسەر حیزب و لایەنەكانداو  پەڕتەوازەی و  یەكنەگرتنی حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات  بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی كە سامانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن بۆ خۆیان ،گەورەترین مەترسین لە سەرئایندەی هەرێمی كوردستان .

 كەواتە مەترسیەكانی سەر جەماوەرو پێنەدانی موچە لە كاتی خۆیداو ئەنجام نەدانی خزمەت گوزاری و نەمانی دێموكراسیەت و زۆر بونی كێشەی كۆمەڵایەتی و توندو تیژی  بەرامبەر بە ئافرەتان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زؤر بوندا دەبێت و كۆی كۆمەڵگای كوردی  ڕوبەڕوی بێ ئومیدبون دەبێت لەم دەسەڵاتە كوردیەوخوازیاردەبن بچنەوەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی و ئەوەش مانای كۆتایی هاتنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە .

سێیەم: گەورەترین مەترسی لەسەرئایندەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كی تا ئێستا  هەرێم نەبۆتە خاوەنی هێزێكی پێشمەرگەی نیشتمانی یەكگرتو.  هەرچەندە بە ڕواڵەت   یەكەكانی 70ی یەكێتی و 80 پارتی گوایە ئەمانە هێزی نیشتمانی و لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەكرێن ، بەڵام تا ئێستا  ئەوە هەر وەكو ناو وایەو ئەو هێزانە لە ژێر فەرمانی یەكێتی و پارتیدان.  واتە هێزی پێشمەرگە   تا ئیستا  ھێزی دوو حیزبەو  ئێستا بەتەواوی بۆتە هێزی دوو بنەماڵەو بەو هۆیەوە هەمو كاتێك مەترسی پێكدادان هەیە .

مەترسیەكە هەر ئەوە نییە  ئەوەتا پارتی هێزی دژەتیرۆری سەر بەخۆی هەیە دەزگای پاراستن و ئاسایشی خۆی هەیەو لە بەرامبەردا یەكێتی هێزی دژە تیرۆری خۆی و دەزگای زانیاری و ئاسایشی خۆی هەیە . ئەم هێزانە زیاتر  بۆ چاوەدێری  لەسەر جموجۆڵی  یەكتری لە لایەك و ئەندامانی حیزبەكانی خۆیان لە لایەكی ترەوە بەكار دێنن . واتە ئەم هێزانە  زیاتر هێزی حیزبی و بنەمالةیین  نەك نیشتمانی .

لە لایەكی ترەوە زوربەی بەرپرسەكانی نێوان هەردوو حیزب خاوەنی هێزی تایبەت  بە خۆیانن وەكو فەوج و لێوا. . كورت و كرمانجی لە ئێستا  تەنها یەك حكومەت نییە لەناوحكومەتێكدا  بەڵكو چەندین حكومەت هەن لەناو ئەم  بەناو حكومەتە درۆینەی هەمانە . كەواتە  بونی ئەم هەموو فرەكۆێخاییە نەك ناتوانێت  ئاسایش و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بپارێزێت ، بەڵكو بەردەوام دەیخاتە بەردەم مەترسی دەست تێوەردانی دەرەكی دواجار لەناو چونەوە .

لە هەموو ئەمانە خرابتر ئەوەیە كە ناكۆكیەكانی  نێوان هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارگەیشتۆتە ئاستی ئەوەی وەكو سەردەمی بەعس چۆن ئەفواجی خەفیفەی  هەر لە كورد خۆی دروست كردو شەڕی كوردیشی پێدەكردن . ئیستا دەسەلاتدارانی كورد  ئەمە دوو بارە دەكەنەوە بەرامبەر بە یەكتری . بۆ نمونە سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی ڕادەكات بۆ هەوڵێرو ئەوانیش پشتیوانی ڵی دەكەن .  لەولاوە هێزێك بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك دروست دەكەن .  پار سال پارتی ھێزێكی بۆ حەمەی حاجی مەحمود دروست كردو ئەوەتا ئەمساڵێش هێزێكی هەزار كەسی بۆ دروست دەكات .

لە كاتێكدا ساڵانە  دەیان هەزارخوێنكاری زانكۆ خوێندن تەواو دەكەن  تەنها یەكەم و دووەم و سێیەمەكانیش  دانامەزرێنن ، بەڵام پارتی دێت لەسەر  بودجەو قوتی خەڵك ، بە هەزاران كەس  بۆ ئەم و دەكاتە موچە خۆر دژی یەكێتی.  هەر لەسەرەتای دروستبونی حكومەتەكەی مەسرور بارزانیدا  باسی چاكسازی و بڕینی موچەی پلە بەرزەكان كەم كردنەوەی خەرجیەكان دەكرا . بەڵام ئەگەر بەدوادا چونێكی  ورد بكڕێت  دەبینی خەرجیەكانی حكومەت بەردەوام لە زیاد بوندایە بە هۆكاری ئەوەی هێزی تایبەت بۆ ئەم ئەو دادەمەزرێنن ژمارەی ھێزەكانی دژەتیرور و هەردوو دەزگای ئاسایش و دەزگای زانیار و پاراستن  زیاد دەكەن بۆ دژایەتی یەكتری .

لە كاك شۆرش ئیسماعیلیان پرسی ئەو كات كە وەزیری پێشمەرگە بوو ئایا ئەو هێزەی بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك دروست كراوە لای ئێوە تۆمار كراون و موچە وەردەگرن ؟.  لەوەڵاما وتی من ئاگاداری ئەوانە نیم . ئەی كەواتە  كێ موچەی ئەمانە دەدات و  بۆ چ مەبەستێك دروستكراون ؟.  بۆ ھێزەكەی حەمەی حاجی مەحمودیش هەمان پرسیار ڕاستە.  لە كاتێكدا  پارتی و یەكێتی  ئەمە نێوانیان بێت و  هاوپەیمانانیش بەردەوام داوابكەن هێزی نیشتمانی  دروست بكەن و كێشەكانتان چارەسەر بكەن ئەمانیش لەسەر ناكۆكیەكانیان بەردەوامبن . دەبێ هەمومان چاوەڕوانی  مەرگی حكومەتی هەرێم و لەناوچونی  قەوارەی هەرێمی كوردستان بین.

 دوای ئەم هەموو ساڵانەی خەباتی میللەتی كورد بۆ ئازادی و سەر بەخۆیی و دوای ئەوەی  باشترین دەرفەتمان بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی  ئازادو سەربەخۆبین ، بەڵام ئەوەتا خەرێكە ناكۆكیەكانی نێوان  دوو بنەماڵەی قین لە دڵ بەرامبەر بە یەكتری  هەموو ئەوڕەنجە بە بادەدەن، ئایا ڕۆشنبیران و دڵسۆزان و خەمخۆران و نیشتمان پەروەرانی  ئەم گەلە چی بكەن لەم قۆناغە هەستیارەدا ؟.

 باشترین كار ئەوەیە هەموان لە یەكتری نزیك ببنەوەو لەسەر پڕۆژەیەك ڕێك بكەون كە لە دواڕۆژدا  ئەم پڕۆژەیە ببێتە هەوێنی  دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێكی  بە هێزی جەماوەری بۆ ڕوبەڕو بونەوەی  یەكێتی و  پارتی و هەرێمی كوردستان لە مەترسی لەناوچون بپارێزن .  لە ئێستادا  من هاتومە سەر ئەو ڕایەی كە باشترە بۆ ئایندەی  نیشتمان و بۆ تاكی كوردیش كە زۆرینەمان پشتیوانی  لە لایەنێك بكەین كە بەتەنها  ببێتە خاوەن  بڕیار بۆ ئەوەی لەم دابەشبونەی ناو خۆمان ڕزگارمان ببێت و  چی دەبێت ئەگەر ئەم ڕێگایەش تاقی  بكەینەوە و بزانین ئەنجامی چۆن دەبێت . یانهەربردەوامبین لەسەر ناكۆكی و یەكتر كوشتن .

ح ئەگەرهەریەكێكمان  بە تەنها پاڵەوانێك بین ، هیچمان پێ ناكرێت ئەگەردەست نەخەینە  ناودەستی یەك و پشتی یەكتری نەگرێن قسەمان یەك نەخەین  . تا ئێمە  پەرتەوازەو دوور بین لە یەكتری ،  بە قازانجی ئەم دەسەڵاتەیە . بەردەوام بونی ئەم دەسەڵاتەش بە م شێوەیەی ئێستا ،  بە واتای مەرگی قەوارەی هەرێمی كوردستان .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×