ئەندام پەرلەمان یان بازرگانی سیاسی؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-05-03     273

سەرەتا بە وتەیەكی چەرچڵ دەست پێ دەكەم كە دەڵێت: ئەگەر بتەوێت  هەر میللەتێك وەكو خۆی بناسیت دەبێ سەیری ئەندام  پەڕلەمانەكانی بكەی بۆ ئەوەی بزانێت شایانی گوڵ باران كردنن یان پێلڵاو تێگرتن . لە لێدوانێكی تریدا دەڵێت: هەموو میللەتێك شایستەی ئەوحكومەتەیە كە هەیەتی . پەڕلەمان ئەو دامەزراوەیە  كە كۆڵەكەو بڕبڕەی پشتی هەموو دەوڵەتێكی دێموكراسیە . لە ڕێگای پەڕلەمانەوە دەستووری وڵات دادەنریت . لە ڕێگای دەستوریشەوە هەموو یاساكانی بەڕێوەبردنی وڵات دادەڕێژرێن . لە ڕێگای پەڕلەمانەوە بڕیاری پێك هێنانی حكومەت دەدرێت  بۆ ئیدارەدانی هەر وڵاتێك .

 لە ڕاستیدا پەرلەمان و ئەندام پەڕلەمان وەكو ئەوە وایە یك شتبن چونكە نە پەڕلەمان بێ ئەندام پەڕلەمان دەبێت و نە پەڕلەمانیش بێ ئەندام پەڕلەمان بونی دەبێت . كەواتە هەردوك لایان لازم و مەلزومی یەكترن. كەواتە پەڕلەمانێكی بەهێزو چالاك و بەتوانا لە بونی ئەندام پەڕلەمانی بە تواناودڵسۆزو نیشتمان پەروەرەوە سەرچاوە دەگرێت . من لەم نوسینە كورتەدا دەمەوێت باسی پەڕلەمان و ئەندام پەڕلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بكەم .

ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین لە یەكەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی كوردستانەوە لە سالی 1992 و پێك هێنانی حكومەت و دام و دەزگای حكومەت تا ئەم كاتەی كە ئێستا تێیدا دەژین ، نە خاوەنی پەڕلەمانێك و نە حكومەتێكی ڕاستەقینە بوین و ئەوەی هەمان بوە تەنها دامەزراوەی شكڵی و حیزبی بون نەك نیشتمانێ . هۆكاری ئەمانەش هەموی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی كە حیزب لە دەرەوەی دام ودەزگاكانی حكومەت خاوەن دەسەڵات و بڕیاری كۆتایی بون ، بۆیە دامەزراوەی پەڕلەمان و حكومەت وەكو ئەوە وابوە كە هەرلە بنەڕەتەوە نەبوبن .

جارێكیتریش باسی ئەمەم كردوەو زۆر گرنگە وەبیری خوێنەرانی ئازیزی بهێتنمەوە . لە ساڵی 1992 كە هەڵبژاردنی پەڕلەمان ئەنجام دراو یەكێتی و پارتی ویستیان حكومەت پێك بهێنن ، بۆچونێك هەبوو كە كاك مەسعود و مامجەلال خۆیان ببنە سەرۆكی پەڕلەمان و سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوەی دەسەڵات نەچێتە دەستی حیزبەكان و حكومەت بێ بایەخ ببێت . وەكو دەگێڕنەوە مامجەلال وتویەتی با كاك مەسعود سەر پشك بێت كام پۆستەی دەوێت . دوایی فەرەنسۆ حەریری وتویەتی چۆن دەبێت سەرۆك بارزانی بكرێتە سەرۆكی پەڕلەمان  یان حكومەت و خەڵك بۆی هەبێت قسەی لە قسەدا بكات . ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت كە سەرۆك بارزانی لەسەروی پەڕلەمان و یاساشەوەیە .

دیارە سەرۆك بارزانیش قسەكەی فەڕەنسۆ حەریری پێ باش دەبێت و لەدەرەوەی حكومەت دەمێنێتەوە . بۆیە لە هەنگاوی یەكمدا تا ئێستا كۆی سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بە كەم ئەندامی لە دایك بوو تا ئێستاش چاك نەبۆتەوەو هەرگیز چاكیش نابێتەوە چونكە لەو ڕۆژەوە دەسەڵاتەكان و بڕیارەكان چونە دەرەوەی پەڕلەمان و حكومەت و حیزب بوو بە بڕێاردەری سەرەكی . كەواتە پێكهاتەی حكومەتی هەرێم ئاوای لێهات : پەڕلەمان كرا بە شاگردی حكوكەت ، حكومەتیش كرا بە شاگردی حیزب، حیزبیش كرا بە دوكانی بنەماڵە ، بنەماڵەش بوو بە غولامی بێگانە .  

. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین بڕیاردەری سەرەكی لە ئێستادا نە پەڕلەمانە نە حكومەتە و نەحیزبە و تەنها دوو بەناماڵەكان ئاشەكە دەگێڕن وئەوانیتر هەموو تەماشاكەرن . ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ بۆچونەكەی چەرچڵ كەدەڵێت : ئەگەر بتەوێت هەر میللەتێك وەكو خۆی بناسیت سەیری ئەندام پەڕلەمانەكانی بكە ، دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە لە بری ئەوەی ئەندام پەڕلەمان كە كۆڵەكەی پێهێنانی پەڕلەمانە و ببێتە داكۆكیكەر لە بەرژەوەندی گشتی وڵات و یەكە یەكەی هاو وڵاتیان بەو سیفەتەی ئەوان نوێنەری هاوڵاتیانن چونكە  بە دەنگی ئەوان بون بە ئەندام پەڕلەمان ، بە پێچەوەوانەوە بونە داكۆكی كەر لەسیاسەتی حیزبەكانیان كە ئەو حیزبانەش لە لایەن بنەماڵەكان وخاوەن دەسەڵاتەكانەوە ڕابەرایەتی دەكرێن و تەنها بیر لەبەرژەوەندی خۆیان دەكەنەوە . ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی سەر بە یەكێتی و پارتین و ئەوانیش پێكهاتەی سەرەكی  پەڕلەمان و حكومەتن ، ڕێك وەكو ئەوە وایە یەكێتی و پارتی وەكو فەرمانبەر لە پەڕلەمان دایان مەزراندبن و فەرمانی  حیزبەكانیان جێ بەجێ بكەن و ئەوەی بیری لێناكەنەوە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانە . ئەندام پەڕلەمانە كانی سەر بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش لەبەر ئەوەی كەمینەن لە پەڕلەمان ، هەر پێشنیارێكی باشیشیان هەبێت ، كەس گوێیان بۆ ناگرێت و هەرچی ئەوان بیڵین ڕەت دەكرێتەوە . لە هەموو ئەمانە خرابتر ناهوشیاری خەڵكە كە دەبێتە كارەسات .

 لەم بارەشەوە هەر چەرچڵ دەڵێت: هەموو میللەتێك شایستەی ئەوحكومەتەیە كە هەیەتی . مەبەستی ئەوەیە ئەگەر میللەت هوشیار بێت ، دەبێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێزیش. ئێمە چۆن دەبینە خاوەنی پەڕلەمان و حكومەتی بەهێزكاتێك هەڵبژاردن دەست پێ دەكات و مامۆستایەكی زانكۆی خاوەن بڕوانامە لە بواری یاسادا لەگەڵ گۆرانی بێژێكدا خۆ كاندید دەكەن ، گۆرانی بێژەكە دوو هێندەی مامۆستای زانكۆكە دەنگ دێنێت .

ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش لەناو خۆیاندا یەك دەنگ نین و یەكێك ڕوی لە شامەو ئەویتر لە شیراز و ئەوەش لە بەرژەوەندی یەكێتی و پارتی دەبێت . لە بەر ئەوەی پارتی زۆرینەی پەڕلەمانی هەیە هەرچی لە بەرژەوەندی ئەوان نەبێت ناهێڵن لە پەڕلەمان تێپەڕێنرێت ئەگەر، ئەگەر دژی بەرژەوەندیەكانی گشتیش بێت .

لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی حوكمڕانی كوردا نەتوانراوە دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان دانرێت چونكە پارتی دەستورێكی دەوێت پڕ پە پڕ وەكو كراس بە بەری پارتی بێت . ئەو هەموو گرێبەستانەی نەوت كە كراون پەڕلەمان ئاگاداریان نیە . گرێبەستی 50ساڵەی نەوت لەگەڵ توركیا كاتێك نێچیر بارزانی كردی هیچ پۆستێكی حكومیشی نەبوو. ئێستاشی پێوەبێت پەڕلەمان ناوەرۆكی ئەو گرێبەستە نازانێت چونكە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بۆخۆیانیان كردوە .

 كاتێك مەسعود بارزانی ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی تەواو بوو ، داوای كرد دوو ساڵی تریشی بۆ زیاد بكەن و ئەوەش پێویستی بە هەمواری دەستوری سەرۆكایەتی هەرێم هەبوو . لەو كاتەدا كە سەرۆكی پەڕلەمان گۆڕان بوو ، گۆڕانیش ئامادە نەبوو ئەوە بكات ، ئەوەبوو سەرۆكی پەڕلەمان و وەزیرەكانی گۆڕانیان هەر دەركرد . مەسعود بارزانی بڕیاری ڕیفراندۆمی دا بێ ئەوەی  پرس بە پەڕلەمان بكات . هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن كە دامەزراوەی پەڕلەمان هەر لەسەرەتاوە دامەزراوەیەكی كارتۆنی بێ بایەخ بوەو بۆ خەڵەتاندنی خەڵك و دەوڵەتان وەكو چۆن وەزن بۆ شیعر دادەنرێت ئەویش ئاوا بوە . كەواتە لەو حاڵەتەدا ئەندام پەرلەمانیش هیچ ڕۆلێكی نابێت . ئەندام پەڕلەمانەكان  بە قسەی حیزبەكانیان دەكەن و ئەوانەشی سەر بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنن هەرچی بیڵێن بایەخی نابێت چونكە كەس بە قسەیان ناكات و گوێیان بۆ ناگیرێت .

 ئەگەر هەر زۆر پێداگریش بكەن حەسیر مەیدانیشیان دەكەن . كەواتە لەم هەرێمەدا كە هەموو شتێك لە ژێر هەژمون و كۆنتڕۆڵی حیزبە دەسەڵاتدارەكان و سەرۆكی حیزبەكاندایە ، نە پەڕلەمان بایەخی هەیەو نە ئەندام پەڕلەمان . ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەكانن ، كاریان ئەوەیە بەرگری لە حیزبەكانی خۆیان بكەن تا دەگاتە ئاستی شەڕكردن لە پێناویاندا .

 ئەندام پەڕلەمانە كانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش ، هیچ حسابێك بۆ بیرو بۆچونیان ناكرێت و بە زۆرینەی دەنگ هەموو بڕیارێك تێدەپەڕێنرێت . بۆ نمونە هەرچەند ئەندام پەڕلەمانە كانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیان دا دەستورێك بۆ هەرێم دانرێت ، بەڵام چونكە بە دڵی پارتی نەبوو ، ئەندام پەڕلەمانەكانی پارتی ڕێگەیان نەدا. هەرچەند ئەندام پەڕلەمانەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیان داو داوایانكرد ناوەرۆكی گرێبەستە نەوتیەكان و گرێبەستی 50ساڵەی نەوت و غاز لە گەڵ توركیا ئاشكرا بكرێن ، ئەندام پەڕلەمانەكانی پارتی كەزۆرینەن ، ڕێگایان نەدا ئاشكرا بكرێن چونكە هەموو ئەو گرێبەستانە بە ویستی پارتی و بۆ بەرژەوەندی ئەوان مۆركرابون .

لەگەڵ هەمووئەو گرنگیەی دامەزراوەی پەڕلەمان و ئەندامانی پەڕلەمان هەیانە لە پڕۆسەی سیاسیدا لە وڵاتانی دێموكراتیدا ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هەردوك لایان زۆر بێ بایەخ كراون . كار گەیشتۆتە ئەوەی خەڵك زۆر بە ناشیرینی باسی ئەندام پەڕلەمانی و ئەندامانی پەڕلەمان بكات . كاتی خۆی دەمانبینی  پەڕلەمان پڕیەتی لەكەسانی خاوەن كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خاوەن بڕوانامەی بەرزی یاسایی ، بەڵام لە ئێستادا حیزبەكان بەدوای كەسانێكدا دەگەرێن بۆ كاندیدكردنیان كە تەنها لە ڕێگایانەوە بتوانن  زۆرترین دەنگ كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن زۆرینە بەدەست بهێنن و وڵات تاڵان بكەن، نەك كەسانێك كاندید بكەن كە بتوانن سیستەمی حومكمڕانی بگۆڕن و بەرگری لە مافەكانی هاوڵاتیان بكەن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن .

ئەگەر لەئێستادا سەرنج بدەن بۆ هەڵبەژاردنی داهاتوی پەڕلەمان ك بڕیارە لە دەی مانگی حوزەیران ئەنجام بدرێت، چەندین حیزب و لایەن و لیستی جۆراو جۆر هەیە بۆ چونە هەڵبەژاردنەوە . خەڵكانێك هەن خەرێكی سەفاو مەروان لە نێوان هەموو ئەو حیزبو لایەن و خاوەن لیستانەی خۆیان ئامادەكردوە بۆ هەڵبەژاردن و خەرێكی مامەلەكردنن . مامەلە كردنەكە ئەوەیە ئەگەر كاندیم بكەی دێمە ناو حیزبەكەی یان لیستەكەی تۆ. لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی هیچ ئەجیندایەكی نیشتمانی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان بونی نەماوەو هەموی بۆتە ئەوەی لە كوێ دەسكەوتی  شەخسی هەبێت ، ئەم كۆمەڵە بازرگانە سیاسیانە لەوێ ئامادەدەبن .

 كەواتە ئەوەی ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە ئەندامی پەڕلەمان ، لە خەمی كەسدانین و خەریكی بازرگانین  بەناوی سیاسەتەوە . كەواتە پەڕلەمان بۆتە ناوەندێكی بازرگانی و كۆمەڵێك خەڵكیش  بەناوی سیاسەتەوە دەچنە ئەو ناوەندەوە بۆ بازرگانییكردن و بە دەست هێنانی بەرژەوەندی شەخسی . ئەوانەی دەیانەوێت ببنە ئەندامی پەڕلەمان ، هەرلایەنێك  كاندیدیان بكات بەلایانەوە گرنگ نییە چونكە ئەوانە تەنها بەدوای پارەوەن . ئەوانە بەم شێوەیە بیر دەكەنەوە : من ماوەی 4 ساڵ دەبم بە ئەندامی پەڕلەمان و مانگانە زیاتر لە 7 ملیۆن دینار وەردەگرم و دوایش خانە نشین دەكرێم .

دوی ئەوە ئەو حیزبە یان ئەو لایەنە چی لێ بەسەر دێت كێشەی من نابێت چونكە من بە مەرامی خۆم دەگەم . سەرنج بدەن ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی كە خولەكەیان تەواو دەبێت ، زۆرینەیان هیچ پەیوەندییەكیان بەولایەنانەوە نامێنێت كە كاتی خۆی لەسەر حسابی ئەوان بۆتە ئەندامی پەڕلەمان . ئەگەر بۆ جارێكی تر كاندیدی بكەنەوە  ئەوە كوڕی دڵسۆزی ئەوحیزبەیە . خۆ ئەگەر كاندیدی نەكەنەوە، ئەوە دەگەڕێت لە شوێنێكیتربۆ ئەوەی كاندیدی بكەنەوە . كەواتە زوربەی ئەندام پەڕلەمانەكانی خولەكانی پێشوی پەڕلەمان بونە بازرگانی سیاسی و حەیای سیاسەت وپةرلەمان و كاری ئەندام پەڕلەمانیشیان بردوە. 

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوەی كە سەبارەت بە ئەندامانی پەڕلەمان باسمكرد، ئێستاش كەسانێك هەن كە زۆر ڕێزیان لە خۆیان گرتوە ، ئەوانە شایستەی ئەوەن چەندین جاری تریش كاندید بكرێنەوە بۆ پەڕلەمان چونكە سەلماندویانە كە بەرگریكارێكی باشی هاوڵاتیان بون و ئەوەی لە دەستیان هاتوە كردویانە بەڵام چی بكەن گوێیان بۆ نەگیراوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×