سەركردەكانی كوردو دەربارەكانیان

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2024-05-13     416

ئەوەندەی من لە یادم بێت و ئاگاداری شۆڕش و خەباتی سیاسی گەلی كوردی هەرێمی كوردستانی عێراق و بم  لە دەستپێكی شۆڕشی ئایلولەوە هەتا ئەم كاتەی ئێستا تێیدا دەژین هەموو سەركردەی حیزبەكان بەردەوام لە بیری ئەوەدابون و كاریان بۆ ئەوە كردوە  تا لە ژیاندا ماون هەرخۆیان سەركردەبن و دوای خۆشیان دەسەڵات ڕادەستی نەوەكانیان بكەن .

ئەو سەركردانە بۆچونیان وابوە ئەگەر سەربەخۆیی لەسەردەستی ئەوان بە دەست نەیەت ، ئەوە لەسەر دەستی كەسانیتر بە دەست نایەت . بۆیە هەر یەكەیان خۆی بە شایەنی ئەوە زانیوە تا لە ژیاندایە هەر دەبێ سەركردەبێت . ئەوەی وای لێكردون ئاوا بیر بكەنەوە  دەگەڕێتەوە بۆ بیركردنەوەی خێڵەكی دواكەوتوی ناو كۆمەڵگای كوردی . هەمووهۆكاری ئەو لێكترازان و جیابونەوەی لەناو هەناوی حیزبەكانیشدا ڕوی داوە هۆكارەكەی بۆ هەمان بیركردنەوە دەگەڕێتەوە  .

كاتێك ناڕەزایی و بۆچونی جیاوازلەناو حیزبێكدا دروست بوەو ڕەخنەی زۆر ئاراستەی سەرۆكی حیزب یان سەركردایەتی حیزبەكە كراوە و داوایان كردبێت گۆڕانكاری بكرێت لە ڕێگای بەستنی كۆنگرەوە .  سەركردە یان سەركردایەتی هیچ حیزبێك بە شێوەیەكی ئاسایی نەهاتونە پێشەوەو ئامادەبن دەست بەرداری بەرپرسیاریەتەكەیان ببن ودان بە هەڵەو شكستە كانیاندا بنێن و ڕێگا بدەن كەسانێكی تازە بێنە پێشەوە .

 هەر لەبەر ئەوە بوە هەر كاتێك هەستیان بە ناڕەزایی ئەندامانی حیزبەكەیان كردبێت هەوڵیان داوە  ئاستەنگ و  بەربەست دروست بكەن  بۆ ئەوەی هەر خۆیان خاوەن دەسەڵات و خاوەن بڕێار بن . مەلا مستەفا كەسەركردەیەكی دیاری كورد بوەوسەرۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان بووە هەر لە بنەڕەتەوە بڕوای بە حیزبایەتی نەبوەو خۆی بەوە زانیوە كە هەر خۆی شایەنی ئەوەیە تاكە سەركردەی كورد بێت وهەموو  بڕیاریش هەیە لە دەستی خۆیدا دابێت و تا مردیش هەر وابوە وبەردەوام كاریبۆ ئەوە كردوە كە نەوەكانی خۆیجێگەیبگرنەوە .دوای نەمانی مەلا مستەفا مەسعودی كوڕی جێگەی گرتۆتەوە . ئێستا كە ئەویش تەمەنی گەیشتۆتە كۆتایی ، هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە  مەسروری كوڕی بكاتە جێگرەوەی خۆی .  دوای سەركردەكانی بنەماڵەی بارزانیش سەركردەكانی تری كوردیش هەربە هەمان شێوە بیریان كردۆتەوە  .

 بۆیە كەم كۆنگرە هەبوە كە گیرابێت و بێ كێشە سەرۆك و سەركردایەتی تازەی تێدا هەڵبژێرابێت  زۆرینەی كۆنگرەكان بە جیابونەوەی هەندێك لە سەركردەو كادیری ئەو حیزبە كۆتایی نەهاتبێت .  جیابونەوەی بەشێك لە سەركردەكانی  پارتی دێموكراتی كوردستان  لە مەلا مستەفا  ساڵی 1964 بەناوی جەماعەتی مەكتەبی سیاسی كە دوایی وەكو جەلالی ناسران  . جیابونەوەی بەشێك لە سەركردەو كادیرو پێشمەرگەی باڵی بزوتنەوەی ناویەكێتی نیشتمانی كوردستان و دروست كردنی حیزبی سۆسیالیستی كوردستان . جیابونەوەی بەشێك لە حیزبی سۆسیالیستی كوردستان و پێك هێنانی زەحمەت كێشان . جیابونەوەی بەشێك لە سەركردەو كادیرو پێشمەرگەی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان  بە ناوی ئاشەوە  . لەتبونی حیزبی شیوعی و بە هەمان شێوەش جیابونەوەو لێكترازان  لەناو حیزبە ئیسلامیەكانییش ڕویداوە .

هەر چەندە ئەم لێكترازان و جیابونەوەی ناو حیزبەكان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە بۆچونی جیاوازیان هەبوە لەسەرفەلسەفەو ستراتیجی حیزبەكەو چۆنیەتی ئیدارەدان و بەڕیوەبردنی ، بەڵام دوای هەموو ئەو ساڵانە مێژو سەلماندی كە هەموو ئەو لێكترازان و جیابونەوانەی ناوهەناوی حیزبەكان  هۆكارەكانیان بەرژوەندی  شەخسی بوەو لە سەر بەرنامەو ستراتیچی حیزبی نەبوەو هیچ پەیوەندییەكیشی  بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەوە نەبوە . ئەگەر سەرنج بدەین  هەمو لێكترازان و جیابونەوەو دروستكردنی حیزبی تازە ، لە زیان زیاتر سودیان نەبوەو لە ئەنجامدا بونە هۆكاری دروست بونی كێشەو شەڕو ئاژاوە و خوێن ڕشتن و  بە كوشتدانی ڕۆڵەكانی ئەم میللەتەو  بەردەوام بارودۆخی ناو كۆمەڵگای كوردی بەرەو خرابترو خرابتر چوە. بۆیە هەمیشە وتراوە ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار .   بۆ ئەوەی زۆر سەرتان نەیەشێنم و باش لە مەبەستەكەم بگەن باشترین نمونەی تازە كورە ، شەڕی دوو براكان .واتە كاكە حەمەی حاجی محمود و عەبدوڵای برای . ئەم شەڕە تەنها لە سەر بەرژەوەندی تایبەتە . گومانی تێدا نییە كە ئەم شەڕە نە لەسەر فەلسەفەی ماركس ولینینەو نە سەرمایەداری نە سۆسیالیستییە تەنها لە سەر دەسەڵات و پارە حەیاتەكەیە .

شەڕی كاكەحەمەو براكەی چەند پەیوەندی بە ستراتیج و فەلسەفەی حیزبیەوە هەیە ، شەڕو ناكۆكی و لێكترازان و لەتبون و جیابونەوەی حیزبەكانی تریش بە هەمان شێوە لەسەر بەرژەوەندی شەخسی بوە . دەپرسم دروستكردنی ئاش لە لایەن مەلا بەختیارەوە كە خۆی كرد بە خاوەنی بیرو بۆچونەكانی شەهید ئارام ، چ فەلسەفەو ئایدۆلجیەكی لە خۆدەگرت و ئەگەر ئەوەی بۆ بچویایە سەر چی دەكرد بۆ كورد ؟.   هەمومو ئەمانە بۆ هێنانەدی حەزوو ئارەزوە  شەخسیەكان و خۆدەرخستن و دەست كەوتی شەخسی بووە .  

پارتی دێموكراتی كوردستان یەكەم حیزبە كە تا ئێستا كەمترین دیاردەی جیابونەووەولەتبون و پەرت بونی تێدا ڕویدابێ . ئەمە مانای ئەوە نییە كە پارتی لە هەموو حیزبەكانی تر باشتر بوە چونكە ئەندامەكانی پارتی هەمان هاوڵاتی ئەم هەرێمەن . بەڵام جیاوازیەكە لێرەدا ئەوەیە كە پارتی تەنها چەترێكە  بۆ پاراستنی بنەماڵەی بارزانی . ڕاستە پارتی بەناو حیزبێكی دامەزراوەییەوهەرچی دام ودەزگای حیزبی پێویستیەتی تێیدا هەیە ، بەڵام هەموو ئەمانە تەنها شكلین و وەكو ناو هەن و ئەركیان كۆكردنەوەی خەڵكە لە دەوری بنەماڵەی بارزانی  .

هیچ بڕیارێك  لە دەسەڵاتی پارتیدا نییە بە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەشەوە ، ئەگەر ئەو بڕیارە كەسێكی بنەماڵەی بارزانی لە پشتەوە نەبێت . كەواتە هۆكاری ڕونەدانی لەتبون و جیابونەوەی ناو پارتی ناگەڕێتەوە بۆ ئەوە  بە مانای وشە حیزبێكی دێموكراسی بوەو ڕێز لە بیرو بۆچونی ئەندامەكانی  گیراوە ، بەڵكو زۆر بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی حیزبێكی بنەماڵەییەو لەسەر بنەمای خێڵ پێك هێنراوە و ڕێگا بە بیروبۆچونی جیاواز نادرێت تێیدا .

 واتە ناوەندی بڕیارو بڕیاری كۆتایی لەسەر هەموو شـێك تەنها بنەماڵەی بارزانین نەك پارتی . پارتی تەنها چەترێكە بۆدرێژەدان بە حوكمڕانی و پاراستنی بنەماڵەی بارزانی . لەبەر ئەوەی بنەماڵەی بارزانی خۆیان بە خاوەنی حیزبەكە دەزانن  چۆنیان بوێت و چۆن لەبەرژەوەندیان بێت ئاوا ئیدارەی دەدەن . ئەوانەشی دەبنە ئەندام و لایەنگری پارتی ، لە هەنگاوی یەكەمدا قبوڵیانە كە بنەماڵەی بارزانی خاوەن بڕیاری كۆتایی بێت لەناو حیزبدا   كەواتە لە دەرەوەی  بنەمالەی بارزانی كەسێك یان كەسانێكی خاوەن دەسەڵات و بڕیار نابن  تا بیر لە جیابونەوەو گۆڕانكاری لەناو حیزبدا بكەن .

 بنەماڵەی بارزانی بە جۆرێك كۆنتڕۆڵی حیزبەكەیان كردوە ، كە هیچ كەسێك ناتوانێت لە فەلەكی ئەوان بچێتە دەرەوە . بەڵام لە حیزبەكانی ترداو بە تایبەتی لە زونی سەوزدا جۆرێك ئازادی بیر كردنەوە  هەیەوخەڵك دەتوانێت بە ئازادی قسە بكات و نەفەسی خۆی دەركات و هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی زۆرترین جیابونەوەو لێكترازانی ناوحیزبەكان لەو زونەدا ڕودەدەن .

ئەوەش هەم قازانجی هەیەو هەم زیانێش . بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت كەسەرۆكی حیزبەكانی دەڤەری سەوز زۆر دێموكراسی بون و بڕوایان بە ئاڵ و گۆرێ سیاسی هەبوبێت . مامجەلال تا لە ژیاندا بوو ، هەر خۆی سەرۆك بوو . ئەوەتا دوای خۆی كوڕەكانی جێگەیان گرتۆتەوە . كاك نەوشیروان كە بزوتنەوەی گۆرانی دروستكرد ، تا لە ژیاندابوو هەر خۆی خاوەن بڕیار بوو،دوای خۆی كوڕەكانی بونە جێگرەوەی .

ئەوەی كە هاوبەشە لە نێوان هەموو سەركردە وسەركردایەتی[D1]  حیزبەكان ئەوەیە هەر كاتێك یەكێك بوو بە سەركردەی حیزبێك وا خۆی وێنا دەكات كە تەنها ئەو لە خەمی گەل ونیشتمان دایەو ئەوانیترلەسەر حەق نین و ئەگەر ئەو مافەكانی گەلەكەی بەدەست نەهێنێت ، كەسیتر ناتوانێت هیچ بەدەست بێنێت  . سەركردەی حیزبەكان لە پێناوی مانەوەی خۆیان ،هەوڵ دەدەن كۆمەڵێك لەخۆیان نزیك بكەنەوەو بیانكەن بە  پشتیوانی خۆیان و بۆ ئەوەی هەر بە دڵسۆزی بۆیان بمێننەوەولە بەرامبەر ئەوەدا  ئیمتیازی باشیان پێ دەدەن بۆ ئەوەی هەمیشە هاوكارییانبن  . ئەوانە لە پێناوی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیاندا ، وەلائی حیزبیان دەگۆرێت بۆ وەلائی شەخسی و دەبنە دەربار . مەلیكەكانی سەردەمی كۆن و ئەو مەلیكانەش كە ئێستا خاوەنی دەسەڵاتن خاوەنی حەشاماتێك لە دەربارن . واتە حاشیەكانی مەلیك  . لێرەدا مانای حاشیە هەموو ئەو دەست و پێوەندو خزمەتكارو پاسەوان و كەسە نزیكەكانی مەلێك یان پاشا دەگەیەنێت ، كە هەمویان ئامادەن بە خوێنیان مەلیك یان پاشا  بپارێزن لە پێناوی ئەو دەسەكەوتانەی  بە هۆی مەلیكەوە بە دەستی دێنن .  

سەركردەی حیزبەكان بەردەوام  هەوڵ دەدەن كە زۆرینەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی  بەلای خۆیاندا ڕاكێشن لە ڕێگای پێدانی پلەو پۆستی حیزبی و دەسكەوتی مادی و  لە ڕێگای ئەوانیشەوە هەوڵی دەستەمۆكردنی زۆرینەی كادیرە ئەساسیەكانی تری ناو حیزبەكە  بدەن . كاتێك كەزۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی وكادیرە ئەساسەیەكانی حیزب بونە دەربارو حاشیەی سەرۆكی حیزب ، ئەو كات سەركردەی حیزبەكان دڵنیابون كە گۆرەپانەكەیان بۆ تەخت بووە ، بە ئارەزوی خۆیان بڕیار دەدن .

 خۆ ئەگەر لێرەو لەوێ كۆمەڵیك دنگی ناڕەزایی هەبێت هیچ مەترسیەكیان نابێت چونكە دواجار یان دەبێ ئەوانیش تەسلیم ببن یان بڕۆن و بۆیان بەجێ بهێڵن .  بۆیە دەبینی لە كاتی بەستنی كۆنگرەو كۆنفڕانس و كۆبونەوەكاندا سەركردەی حیزب زۆرینەی سەركردەو كادیرە ئەساسیەكانی مسوەگەركردوەو كە  لە كاتی دەنگداندا گرێنتی مانەوەی مسوەگەر دەكەن  . ئەگەر وردتر بچینەناو باسەكەوە دەبینی زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی و كادیری ئەساسی حیزبەكان ڕێك وەكو فەرمانبەری  سەرۆكیان لێ دێت وچ فەرمانێكیان پێ بكرێت ئەوە جێ بەجێ دەكەن .

خوێنەری ئازیز بۆ ڕونكردنەوەی زیاتر دەمەوێت بارودۆخی ئێستای ناو حیزبەكانی هەرێمی كوردستانتان وەكو نمونە بۆ بهێنمەوە . پارتی دێموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە دوو حیزبی سەرەكین و حوكمرانی هەرێم لەدەستی ئەواندایە . ئەم دوو حیزبە  بەناو خاوەنی دامەزراوەی حیزبین وەكو سەرۆكی حیزب، مەكتەبی سیاسی ، سەركردایەتی و چەندین دام ودەزگای حیزبی تر . بەڵام دەبینین ئەودامەزراوانە تەنها ڕوكەشن و وەكو ناو هەن . لەناو پارتیدا دەسەڵات و بڕیاری كۆتایی لای مەسعود بارزانیەو لای یەكێتیش لای بافڵ تاڵەبانیە. سەیركەن تا ئێستا چەندین جار سەرۆكی هەرێم كە برازای مەسعود بارزانیە مەڕسومی دەركردوە بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەلبژاردنی پەڕلەمان ، بەڵام چونكە مەسعود بارزانی ڕازی نییە ، پێی هەڵدەوەشێنێتەوە لە كاتێكدا ئەمە بۆ ئەرۆكی هەرێم جوان نییە ، بەڵام چاری نییە .  لەناو یەكێتێدا جگە لە بافل تاڵەبانی كەسییتر خاوەن بڕیار نیەو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی تەنها هەر وەكو ناو هەن . خۆ ئەگەر كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوی ئیسلامیش وەكو نمونە وەرگرین زۆر جیاوازی نییە لەگەڵ یەكێتی و پارتی . ئەوەتەی ئەو دوو حیزبە هەن ، تەنها سەلاحەدین بەهادین و عەلی باپیر سەرۆكن . هەتا ئەوان سەرۆكبن ئەوە ئەو حیزبانە عەیبیان نابێت . خۆ ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەوانیان لابرد دەڵێن حیزبەكان لە ڕێگا ڕاستەقینەكەی ئیسلام لایان داوە .  سەیركەن حیزبی بەناو سۆسیالێست لە لایەن دوو براوە ئیدارە دەكرا ، نەیانتوانی بەیەكەوە كار بكەن و كاكەحەمە ی حاجی مەحمود براكەی خۆی دوور خستەوە .

ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین زۆرینەی كێشەی ناو حیزبەكان خۆیان و سەركردەكانیان و كێشەی نێوان ئەم حیزب و ئەو حیزب و  سەركردەكانیان لەگەڵ حیزبەكانیتر كە بەناو حیزب و سەركردەی سیاسین و لە پێناوی ڕزگاری و سەربەخۆیی كورد كار دەكەن ، بەڵام لە ناوەرۆكدا كێشەی حیزبی و شەخسین و لەسەر دەسەڵات و بەرژوەندی تایبەتین نەك گشتی .

بە بۆچونی من هۆكاری ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی كە ئەوانەی دەبنە ڕابەرو سەركردەی حیزبەكان كەسانێك نین كە لە ئەنجامی بە توانایی و زیرەكی و شارەزایی لە بواری سیاسەتی نێودەولەتی و كەسایەتییەكی نیشتمان پەروەری ناسراوی ناوكۆمەڵگاوە ببونە سەركردەو ڕابەر . زوربەی ئەوانە پۆستی سەركردایەتییان وەكو میرات بۆ ماوەتەوە یان بارودۆخێكی سیاسی ئەوانەی كردۆتە سەركردە ، كە لە ڕاستیدا ئەوانە شایستەی ئەوە نەبون ببنە سەركردە و ڕابەری گەلێكی بێ دەوڵەت .

لێرەدا مەترسیە گەورەكە سەرهەڵ دەدات و ئەویش ئەوەیە كە سەركردەیەك خاوەنی بیرو بۆچونێكی كراوە نەبێت و توانای فكری فراوان نەبێت وشارەزای سیاسەت نەبێت و بیرو بۆچونی بنەماڵەی و خێڵەكی ڕق وكێنەو تۆڵەكردنەوەی بەسەریدا زاڵ بێت و بە ئارەزوی خۆی هەموو بڕیارێك بدات و پرس و ڕا بەكەس نەكات و خۆشی لە هەموو كەس بە زاناتر بزانێت و ئەوانەی خوار خۆشیەوە وا پەروەردە كرابن  ئەگەر بڕێارەكانی سەرۆك ڕاستیش نەبن و بشبنە جێگەی مەترسی ، ئەوان هەر  چەپڵەی بۆ ڵێدەن و بەرگری لە بڕێارەكانی بكەن وقسەكانی بۆ ڕەتوش و مكیاج بكەن .  ئەوكاتە سەرۆك زیاتر توشی هەڵەی كوشندە دەبێت و وڵات بەرەو  كاولكاری دەبات  چونكە وا بیر دەكاتەوە كە هەموو قسەو بۆچون و بڕیارەكانی لە شوێنی خۆیاندان و ئەوەتا هەموان چەپڵەی بۆ لێ دەدەن . سەركردەكانی كورد هەمویان بێ جیاوازی لە بری ئەوەی كەسانی شارەزاو لێزانی  سیاسی و بەتواناو نیشتمان پەروەر لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوەو بەردەوام پرس و ڕایان پی بكەن  بۆ ئەوەی توشی هەڵەی كوشندە نەبن ، لە پێناوی مانەوەی خۆیان ومانەوەیان لە  دەسەڵاتدا هاتون كەسانی نەزان ونەشارەزایان لەخۆیان كۆكردۆتەوە .

واتە بەردەوام بەرنامەیان داناوەو كاریان كردوە بۆ گەوجاندنی دەوروبەریان بۆ ئەوەی كەس بیر لە هیچ نەكاتەوە. هەر بەم بۆنەیەوە نوسەروڕۆشنبیری گەورە (فرج فودە) كە لە سەڵی 1945-1992 ژیاوە دەڵێت: ئومید لە دواڕۆژی كۆمەڵگایەك ناكرێت كە پزیشكان وئەندازیاران ومامۆستایانی زانكۆكان و ڕۆشنبیران  لە بەرامبەر مینبەرێك  كۆدەبنەوە كە نەزانێك لێدوان دەدات ووەهمیان پێ دەفرۆشێت و هانیان دەدات  بۆ ئەنجامدانی توندو تیژی و ترساندن و دەستەمۆكردنی هاوڵاتیان  .

 چونكە ئەو جۆرە كەسانە شارەزای ئەوە بون چۆن سەرنجی سەركردەكان بۆلای خۆیان كێش دەكەن و باش دەزانن جی دەكەن و چی ناكەن و چۆن خۆیان لە سەركردەكان نزیك دەكەنەوە لە پێناوی بە دەست هێناتی  بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان. ئەم جۆرە كەسانە پێیان دەگوتریت دەرباری سەركردەكان . واتە ئەوانەی كە لە خزمەتی سەركردەكاندا دەبن لە هەموو بارودۆخێكدا . سەركردەكانیش بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بەم جۆرە كەسانە هەیە  نەك ئەوانەی كە زیرەك و شارەزان و هەرگیز ڕازی نابن پشتیوانی ئەو سەركردانە بكەن كە لایان ڕونە لە پێناوی بەرژەوەندی گەل و نیشتماندا نین و نابن  .  

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×