رۆژی ٢٥ ی شوباتی رابوردوو، کۆڕبەندی دیداری سێیەمی چەند حیزب و رێکخراوێکی لەخۆڕازی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو کە بەخۆیان دەڵێن چەپی کوردستانی. ئەم دیدارانەشیان لە راستیدا روداوێکی بێبایەخن و تەنها بەهایان بریتییە لە نمایشت کردنی وابەستە بوونی سەرکردە و کادێرەکانیان بە بەرهەمی "فیکری"ی سەرزارەکی و ناعەقڵانیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، کە بەمەبەستی گێلاندنی خەڵک لە دەڤەرەکەماندا بەرهەمدەهێنرێت. بەو پێیەش شتێک نییە شایانی وتن بێت دەربارەیان.
بەڵام مێکانیزمی کاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک وای بەباش زانی کە گوێ لە وتەکەی مەلا بەختیار، ئەندامی سەرکردایەتیی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگرم و منیش گۆێم گرت. لە وتارەکەیدا مەلا بەختیار تێڕوانینی بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و کاریان لەسەر داهاتووی کورد و گەلانی ناوچەکە، خستە روو. جا لەبەر ئەوەی پێشتر گفتم پێی دابوو کە چاودێرێکی باشتری نووسین و هەڵوێست و کارە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی بم، بڕیارم دا ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بنووسم.
پێش چوونە ناو بابەتەکە دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە مەلا بەختیار دیارترینی سەرکردە مێژووییەکانی، لە ژیاندا ماوی، رەوتێکە لە "چەپ" ی کوردی کە دەرهاوێشتەی بزوتنەوەی مێژوویی کوردایەتییە و، زادەی یاخی بوونە لە مەنهەجی ئەو بزوتنەوەیە. ئەم رەوتە لەپاش شکستی بزوتنەوە چەکدارییەکەی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥ دا سەری هەڵدا و هەوڵی دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی چەکدداریی نوێ، بە پشت بەستن بە بیروباوەڕی مارکسیزم-لێنینیزمی دا. زۆریشی نەبرد مەلا بەختیار و هاوڕێکانی کەوتنە بەر زەبری دڵرەقی و وەحشیگەری سەرانی تەقلیدیی بزوتنەوەی کوردایەتی کە هەر خۆیان کردیاننەوە بە سەروەر و سەرکردەیان. مەلا بەختیار لەگەڵ ئەو سەرکردانەدا لەسەر کوشتوبڕی شیوعییەکانی عێراق، کە هاوسەنگەریان بوون لە جەنگ دژی رژێمی فاشیی سەددام حسێن، ناکۆک بوو و ئامادە نەبوو بەشداری لەو تاوانەدا بکات. لە ئەنجامدا خۆی و هاوڕێکانی کەوتنە بەر شاڵاوی راوەدوونان و گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن لەسەر دەستی هەمان ئەو رێکخراوە سیاسییەی کە خۆیان کردیان بە ئاغا بەسەریانەوە.
ئەو، کە لە زیندانی حزبدا چاوەڕێی لە سێدارەدان بوو، بەر "مەکرەمە'ی لێبوردنی سەرکردەی رێکخراوەکە (جەلال تاڵەبانی) کەوت و ئازاد کرا. لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ مەلا بەختیار رێکخراوەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە سەرکردایەتیی ئەو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ەی کە ئازار و ئەشکەنجەی خۆی و هاوڕێکانی دا. چەرخی رۆژگار وەرگەڕا و، ساڵی رابردوو، کوڕی سەرکردە، جارێکی دیکە لە حیزب دەریپەڕاند!
مەلا بەختیار مافی خۆیەتی شانازی بەوەوە بکات کە لەنێو سەرکردە مێژووییەکانی ئەم رەوتە لەچەپی دەرهاوێشتەی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە نێویاندا ئەو نووسین و کتێبی چاپکراوی لە هەموویان زیاترە. هەرچەندە ئەمە زیاتر بەڵگەی تەمەڵی و ئاستی نزمی کولتوور و رۆشنبیریی ئەوانی دیکەیە، نەک حەسەناتی مەلا بەختیار خۆی. بە هەر حاڵ، ئەوەی کە هەن لە بۆچوونەکانی مەلا بەختیار، قووڵترین و پڕ بایەخترینی ئەوەن کە پێی بوترێت فیکر لە ناو ئەو رەوتەی "چەپ".
کورد و خوێندنەوەی بارودۆخی نێودەوڵەتی
بزوتنەوەی کوردایەتی هاوچەرخ لەگەڵ هەوڵە شکستخواردووەکانی چاکسازی لە سەرەمەرگی دەوڵەتی عوسمانیدا دروست بوو، بەڵام سەرەتای گوڕوتینی راستەقینەی ئەو بزوتنەوەیە بۆ دوای جەنگی جیهانیی یەکەم دەگەڕێتەوە. ئەو جەنگە ئامانجی سەرەکیی دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو بەسەر زلهێزە ئیمپریالییە ئەوروپییە سەرکەوتوەکانی ئەو جەنگەدا. بەڵام لە ئەنجامی گۆڕانکارییە گەورەکانی هاوکات لەگەڵ ئەو جەنگە و دوای ئەو جەنگەدا، جیهانێکی نوێ هاتە کایەوە کە دەسەڵاتی داگیرکاریی کۆلۆنیالیی راستەوخۆی رەت کردەوە و، سەرکەوتووانی ناچار کرد کە بە سیستەمی ئینتیداب رازی بن و ئەرکی "یارمەتی دان"ی داگیرکراوان بگرنە ئەستۆ تا ببنە ئەندامی تەواوی عصبة الأمم. جا لەبەر ئەوەی کاتێک جەنگی جیهانی بە فەرمی کۆتایی هات و کاری سەربازی راگیرا. سوپای عوسمانی هەرەسی هێنابوو و پێش ئەوەی سوپای بەریتانی بیگاتێ لە بەرەی جەنگ هەڵهاتبوو و، کە بەریتانییەکان گەیشتنە کەرکوک، ئەو تەواوی ویلایەتی موسڵی چۆڵ کردبوو. بۆیە بەریتانییەکان لە ناوچەکانی کەرکوکەوە پەیوەندییان بە هێزە عەشرەتی و سەرکردەکانی سۆفیگەریی سەربازیی ناوچەکە کرد و لە رێی بەخشینی پارەوە پێیان، هانیان دان ببن بە دەسەڵاتی پارێزراو (محمیات) ی بەریتانیا.
هەر لە چوارچێوەی سەپاندنی دەستکەوتی زیاتر بەسەر دەوڵەتی عوسمانیی دۆڕاوی روو لە هەرەس و، بە خۆ دزینەوە لە جێبەجێکردنی ئاگربەست، رێکەوتننامەیەک بە فشاری بەریتانیا داڕێژرا و تێیدا باس لە دامەزراندنی ناوچەی دەسەڵاتی سەربەخۆ بۆ کورد و ئەرمەن کرا، لە پاڵ بە نێودەوڵەتی کردنی تەواوی رێڕەوی ئاویی نێوان دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش. لە هەمان کاتدا یۆنان هاندرا زۆنی دەسەڵاتی لە زۆربەی ناوچەکانی کەنارەکانی خۆرئاوای تورکیای ئێستەدا فراوان بکات. شایانی باسە، بەهۆی نیگەرانیی هاوپەیمانانی بەریتانیا و ترسان لە پاونخوازیی زیاتری بەریتانیا، ئەو رێکەوتننامەیە جێبەجێ نەکرا.
فیکری نەتەوایەتیی ناسراو بە کوردایەتی، لەم بارودۆخە نێودەوڵەتییە ئاڵۆزەدا پێگەیشت و رووناکبیرانی کوردی فڕێدایە پەیوەندییەکی ناهاوسەنگ لەگەڵ ئیمپریالیزمی بەریتانیدا؛ لەلایەکەوە ئەم هێزە ئیمپریالیستییە وەک دۆستی هیوا و ئاواتەکانی کورد بۆ بەدیهێنانی شوێنپێیەک لە جیهانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی هاوچەرخدا خۆی نمایشت دەکرد و لەلایەکی دیکەوە بەرژەوەندییەکانی لە پێشبڕکی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی سەرکەوتوو لە جەنگی جیهانیدا و ئامانجە لەبن نەهاتووەکانی بۆ فراوانخوازیی بەردەوام، بەریتانیای خستبووە خانەی رێگران لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی یەکگرتووی کورد کە بە شێوەیەکی مۆدێرن لەلایەن سەرکردەی سەروو-لۆکاڵی بەهێزەوە پێشڕەوی بکرێت. رووناکبیرانی ئەوسای کورد بە حەسرەتەوە دەیانڕوانییە شکستهێنانی سەرکردە تەقلیدییەکانی کورد لە پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئەوتۆ بە بەریتانیاوە کە وەکو بنەماڵەی هاشمییەکان و شێخەکانی کەنداو بتوانن لە رێی ئەو پەیوەندییە تایبەتییەوە بە بەریتانیاوە، لە ئاکامدا وەکو ئەوان، ببنە دەوڵەتی هاوچەرخ.
زۆری نەبرد مرۆڤایەتی خزایە نێو جەنگێکی جیهانیی نوێی ترسناکتر و کوشندەتر لە جەنگی جیهانیی یەکەم. جەنگی جیهانیی دووەم مەترسیی لەناوچوونی مرۆڤایەتیی کردە ئەگەرێکی ئامادە . کاولکارییە بەرجەستەکان و توانا نوێیەکانی کاولکاری، هەموو جیهانی، بە هەموو رژێمە سیاسییە جیاوازەکانییەوە، تۆقاند. لەبەرامبەر ئەم واقیعە نوێیە، براوەکانی جەنگی دووەم سیستەمێکی جیهانیی نوێیان دامەزراند کە سنووری وڵاتانی دەرئەنجامی جەنگی کردە سنووری دائیمی و، فراوانخوازی و بەزۆرلکاندن و دەستکاریکردنی سنوورەکانی قەدەغە کرد، تەنها بە رێککەوتنی زۆر دەگمەنی زلهێزەکانی دوو جەمسەرە تازەکەی جیهان، یاخود بە میکانیزمی ئاشتیانەی پێکهاتنی ناوخۆیی (دێمۆکراتی) ئەوتۆ نەبێت، کە هەڵقوڵاوی خودی سیستەمە سیاسییەکانی وڵاتان بێت. لەگەڵ بەرجەستە بوونی ئەم هەلومەرجە نێودەوڵەتییە نوێیە، دەستەیەک لە رۆشنبیرانی چەپخوازی کورد درکیان بەم گۆڕانکارییانە کرد و تێگەیشتن کە هەلومەرجی نۆێ عەقڵانییەتی نوێی پێویستە و، ئەوەش بریتییە لە گرێدانی خەبات لە پێناوی مافە نەتەوەییەکانی کورد بە خەبات بۆ بەدیهێنانی سیستەمی سیاسیی دێمۆکراتی لەو وڵاتانەدا کە نەتەوەی کوردی بەسەریاندا دابەش بوو. بەو پێیەی کە ئەو جۆرە سیستەمە دێمۆکراسییە زامنی بەدیهێنانی ئاشتییانە و شارستانییانەی مافی چارەی خۆنووسین دەبێت بۆ گەلی کورد.
لە عێراقدا، ئەو کوردە چەپخوازانە لقی کوردیی حزبی شیوعی عێراقیان پێکهێنا و هیوا و ئاواتە نەتەوەییەکانی گەلەکەیان بەبزوتنەوەی مێژوویی چەپی یەکگرتووی عێراقەوە گرێدا. ئەم چەند دێڕە تەزکیە نییە بۆ سەرگوروشتەی چارەنووسی ئەو رێکخراوە کە کە دواتر بوو بە رێکخراوی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی و لە دواییشدا بوو بە حزبێکی "سەربەخۆ". چونکە بەداخەوە، لە بری گەشە و پەرەسەندن، بوو بە رێکخراوێکی پەراوێزگرتووی گۆڕەپانی سیاسی و، لە بریی عەقڵانییەت خەریکی کاوێژکردنەوەی دەستەواژە و دەربڕینەکانی هەمان ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستانە کە ٣٠ ساڵ زیاترە دەستیان لە بینەقاقای ئاوات و هیواکانی گەلەکەمان گیر کردووە.
…هەندێکی دیکە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ عەقڵ و عەقڵانییەتدا ناکۆک بوون!
هەرچی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتییە، بەهۆی پێگە و پێشینەی عەشرەتگەری و سۆفیزمی سەربازیی سەرکردەکانیانەوە، گوتارێکی دووفاقیان هەبوو. لە لایەکەوە بانگەشەی دێمۆکراسییان بۆ عێراق دەکرد و، لە لایەکی دیکەوە پابەند بوون بە کولتووری چەکداری و دژایەتی کردنی دەسەڵاتی یاسا (هەر یاسایەک بێت) لە ناوچەی دەسەڵاتیاندا. ئەوان زۆر بە توندی بەرەنگاری یەکەمین یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی بوونەوە، کە لە دوای رووخاندنی سیستەمی پاشایەتی لە عێراقدا، لەلایەن دەستەی سەربازان، ساڵی ١٩٥٨، ئەنجام درا. بەمەش پێشینەی عەشرەتگەری و سۆفیزمی سەربازیی سەرکردەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی زاڵ بوو بەسەر بەرژەوەندییە بابەتییەکانی گەلی کورد، لە پتەو کردنی بنەمای دێمۆکراسی لە عێراقدا. ئەم بزوتنەوەیە،لە ئەیلولی ١٩٦١ ەوە، جەنگێکی میللیی درێژخایەنی لە دژی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەرپاکرد و، ئەوانیش بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە سزای بە کۆمەڵ و تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتییان بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجام دا. ئەم جەنگە میللیە، سەرباری شکستی جۆراوجۆر و بە لاڕێدا چوونی یەک لە دوای یەک، تا روخاندنی رژێمی سەددام حسێن و داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، لە لایەن ئەمریکاوە، بەردەوام بوو.
ئەوەی سەرکردەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە هەلومەرجی نێودەوڵەتیی دوای جەنگی جیهانیی دووەم تێگەیشتبوون، ئەوە بوو کە هەماهەنگی دوای بردنەوەی ئەو جەنگە، بە جەنگی ساردی نێوان بلۆکی سۆڤێت و پەیمانی ناتۆ کۆتایی هات. ئەوان قەناعەتێکیان لا دروست بوو کە جەنگی میللی ، بۆ سەرکەوتن، تەنها پێویستی بە پاڵپشتی پارە و چەک و تفاق و هاوکاریی لۆژیستیی جەمسەرێک لە دوو جەمسەرەکەی جەنگی ساردی جیهانییە؛ پاڵپشتییەک بایی ئەوەندەی ورەی حکومەتێکی مەرکەزیی پێ بڕوخێت و سەربەخۆیی لێوە ئەنجام بدرێت. بەمەش، وایان لێکدایەوە کە هیچ پێویستییەکیان بە خۆگلاندن لە خەباتی بە دێمۆکراسی کردنی کۆمەڵگا فراوانەکەی مەرکەز نییە. واتە، سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی، سەرەڕای هەڵگرتنی دروشمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی، جەنگی ساردی جیهانییان کردە بەهانە بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو دروشمانە لە مانا راستەقینەکانیان و، تێکڕای جەنگە میللییەکەیان کردە ملکەچی لۆژیکی بیرکردنەوەی سەرکردایەتییە عەشرەتگەری و سۆفیگەرییە سەریبازییەکەیان و، پێداویستیی فراوانکردنی دێمۆکراسییان، بە تایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا، فەرامۆش کرد.
چەپی دەرهاویشتەی ئەم بزوتنەوەیە لە جیهانبینیی سەرکرداکانی دەرنەچوو
لە ژێر کەوا و سەڵتەی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە، نەوەیەکی نوێ لە مەلا بەختیار و هاوڕێکانی هاتنە دەرەوە و، لە چەپی ئەم بزووتنەوەیەوە، لە پاش شکستی بزوتنەوەکەی بارزانی، ریزبەندییەکی نوێیان هێنایە کایەوە. ئەوان سەر لەنوێ هەوڵیان دا دروشمەکانی دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و بگرە سۆسیالیزمیشی، بۆ چەقی بزوتنەوەکەەبگەڕێننەوە. بەڵام خۆیان لە هەمان جیهانبینیی بزوتنەوە باوکەکەیان بۆ دەرباز نەکرا و هەمان تێڕوانیان بۆ جەنگی ساردی جیهانی دووبارە کردەوە، بەو پێیەی پێیان وابوو مافە نەتەوەییەکانی کورد تەنها بە زەبری چەکداری دێنە دی، ئەو چەکەش بە یاریکردن لە چوارچێوەی جەنگی ساردی جیهانی و دەرهاویشتە ناوچەییەکانی، پەیدا دەبێت. واتە بە تەواوەتی تەسلیمی پێگەکانی بیرکردنەوەی سەرکردایەتییە تەقلیدییەکەی بزوتنەوەی کوردایەتی بوون!
ئەم رەوتە لە "چەپ" کە دەکرێت بە پێوەری تەمەنی کار، ناو بنرێت "چەپی مەلا بەختیاری"، لەپێشا سەرقاڵی تیۆریزەکردنی قازانجێکی گەورە لە شەڕی عێراق -ئێران بۆ "ئێمە"، بوو. چونکە بووە هۆی رەخساندنی باری هەموار بۆ بزوتنەوە چەکدارییەکەی کە بەشێک بوون لێی.. ئەم چەپە دەستپێشخەر بوو بۆ هەوڵی هاریکاری لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لە "شەڕی داکۆکی لە نیشتمان"، کەچی زۆری نەبرد لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکانی تاران بوون و داوای (جەنگ، جەنگ، تا پیروزی) یان دەکرد. واتە داوای نەوەستانی شەڕیان دەکرد تا سەرکەوتنی ئێران بەسەر ئەوەی چەند مانگێک پێشتر دەیانگوت داکۆکی لە نیشتمان/عێراق دەکات. ئەسڵی ئەم ناکۆکییە لۆژیکییەش تەنها مسۆگەر کردنی پارە و چەک و کۆمەکی لۆژستی بوو بۆ بەردەوام بوونی بزوتنەوە چەکدارییەکەیان، بە هەر نرخێک بێت و لە هەر لایەکیانەوە بێت. ئەوجا، چارەنووسی دێمۆکراسی لە خودی عێراق و ئێرانیش بە جەهەننەم.
٤٥ ساڵ دوای ئەو جەنگە کاولکارە و ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر هەردوو وڵاتدا هێنای و دوای ئەو جەمسەرگیرییە مەزهەبییەی کە بە بۆنەیەوە دووچاری گەلانی ناوچەکە کرا و، تا ئەمڕۆش بەناویەوە شیر ەو تیر لە یەکتر دەسوون…دوای ئەو هەمووە، مەلا بەختیاری بەساڵا چوو، هەمان ئەو بۆچوونەی دەربارەی ئەو جەنگە و جەنگ بە گشتی، لەم دیداری "چەپ"ی بەگورنەتەڵە بووەدا، دووبارە کردەوە.
جەنگی سارد کۆتایی هات…
بە هەرەسهێنانی بلۆکی سۆڤێت و کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، پلانڕێژانی سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەمریکا وا تێگەیشتن کە جیهانێکی نوێی ئەوتۆ هاتۆتە ئاراوە کە ئەوان تەنها جەمسەرێکی کاریگەرن تێیدا. بەڵام پاش چەند سەرکێشییەکی سەربازیی تاکڕەوانە، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە سیستەمی جیهانیی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای باڵادەستیی سەربازی و توانای بێ هاوتای سوپای ئەمریکا لە وێران کردن و داگیرکردنی وڵاتانی وەک عێراق و سیربیا، بەڵام دواجار، لەم دوو دەیەیەی رابوردوودا، بۆیان ئاشکرا بوو کە ئەمریکا توانای کۆتاییپێهێنانی سیستەمی یاسای نێودەوڵەتیی داڕێژراوی دوای جەنگی جیهانیی دووی نییەو، ئەو سیستەمە سەرکەشییە سەربازییەکان و داگیرکردنی ئەو بۆ وڵاتانی مەحکوم کرد و، تەنگوچەڵەمەکانیشی لە کۆنترۆڵکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، ناچاری کرد دان بە رۆڵی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بنێ لە پێکهێنان و شەرعییەت دان بە مێکانیزمەکانی کۆتایی هێنانی داگیرکردنی بۆ عێراق.
خۆڕاگریی سیستەمی نێودەوڵەتی، لە ماوەی زیاد لە ٢٠ ساڵی رابوردووەوە، لە بەرامبەر تاکڕەوییەکانی ئەمریکا، بە دڵی مەلا بەختیار نەبوو. ئەو لە دیدارەکەدا نیگەرانیی دەربڕی دەربارەی فەوزای جیهانی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد. وەک ئەوەی بەهیوا بووبێت ئەو جیهانە تاکجەمسەرە بێتە دی کە پلاندانەرانی سیاسەتی ئەمریکی چاوەڕوانی بوون. ئەمەش شتێکی نامۆ نییە، چونکە جیهانی خۆخستنە ژێر باڵی زلهێزێکی جیهانی سەرتاپاگیر، ئەو وەهمانە دەبووژێنێتەوە کە لە ساڵەکانی ٦٠ ەکانەوە بزوتنەوەی کوردایەتی دەرخواردی ئەم جۆرە چەپەی دەدەن؛ جیهانی زلهێزێکی ئەوتۆ کە بەربەستە یاسا نێودەوڵەتییەکانی سیستەمی جیهانیی دوای جەنگی دوو ببەزێنێت و، ئەگەر چی لە مەودای دووریشدا بێت، ببێتە مایەی دامەزراندنی دەوڵەتە سەربەخۆکەی کورد بەبێ خۆماندوو کردن بە خەباتی بەدیهێنانی دێمۆکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەو وڵاتانە و لە نێوان ئەو گەلانەدا کە قەولە ببنە دراوسێمان.
مێکانیزمەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم ٢٥ ساڵەی دوای جەنگی ساردی رابوردوو بە قەولی مەلا بەختیار جیهانی نوقمی دۆخێکی ناتەندروست کرد کە زیانی بە ئابووریی جیهان و بە بنیادی کۆمەڵایەتی لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بە حوکمڕانی و بە مێنتاڵیتی بەکۆمەڵ گەیاند. سەرەڕای ئەم هەموو بارە نەرێنییە، پێی وابوو، ئەو هەورە چڵکنە بەرەو ڕەوینەوە دەچێت….بە فریادرەسیی کێ؟…
مەلا بەختیارو ترامپ
لەبەرامبەر ئەو هەموو ناروونییە لە جیهانی ٢٥ ساڵی رابوردوودا، دۆناڵد ترامپ لەبەرگی فریادڕەسدا هاتە پێش چاوی مەلا بەختیاری "پیرمەندی چەپ". ئەو لەبارەی ترامپەوە ئەمەی وت: «ترامپ… لەپڕ بڕار نادات لە پڕ هەڵناچێت…من ناتوانم بڵێم لە سەدا سەد ئەوەی ترامپ ئەیڵێت جێبەجێ ئەبێت، بەڵام ئەتوانم بڵێم بەشی زۆری بەرنامە ئابوورییەکانی و بەرنامە سیاسییەکانی و فشارەکانی ترامپ و ئەوانەی لەگەڵ ترامپ ئەبن لە دنیادا دێتە دی و گۆڕانکاری بەدی دێت. گۆڕانکاریی باشیش بەدی دێت.» ئەو گۆڕانکارییە باشانەیش جێی جەنگێکی ساردی نوێ و تەنانەت گۆڕانی هاوپەیمانییەکانیش و لێکنزیکبوونەوەی ئەمریکا و رووسیا لە بەرامبەر ئەوروپایشی تێدا دەبێتەوە…گەر دەپرسیت جەنگێکی ساردی نوێ بۆ دەبێت باش بێت؟ چونکە جەنگێکی ساردی وەها روونییەکی تێۆری دەبەخشێت و لەپاڵ ئەمریکای ترەمپەوە، لە هەرکوێیەک بین لە گۆڕەپانی بەرەنگاریی جیهاندا، رەنگە بمانگەیەنێت بە ئاواتی دەوڵەتی کوردی بێ خۆ هیلاککردن بە بەدیهێنانی دێمۆکراسی لەو وڵاتانەدا کە دابەش بووین بەسەریاندا!
مەلا بەختیار خولاسەی گەشەکردنی فیکریی خۆی بە "چەپی نوێ" دەناسێنێت. بەڵام ئای لە کڵۆڵیی ئەو چەپە، نوێ بێت یان کۆن، کە نەتوانێت شاڵاوی فاشیزمی نوێی جیهانی ببینێت کە رابەرەکانی ترامپ و هاوشێوەکانین لە زۆر وڵاتی دونیادا. ئەم شاڵاوە نوێیەی فاشیزم دەیەوێت چەرخی مێژوو بە جۆرێک بۆ دواوە بگێڕێتەوە کە دەستکەوتەکانی چەندین ساڵەی گەلان ، لە بواری مافە گشتی و ئابوری و ژیارییەکان بسڕێتەوە. ترامپ و هاوشێوەکانی کاردەکەن بۆ سڕینەوەی مافی هاووڵاتیانیان لە گەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری، بە ناوی مافی ئەوان لە درۆکردن و پەخشی قۆرخکارانەی درۆکانیان. ترامپ بە ئاشکرا هەماهەنگە لەگەڵ رووسیا بۆ بە ئاسایی کردنی فراوانخوازی و بە ئاشکرا سەرقاڵی تاڵانکردن و بەشکردنی سەروەت و سامانە سروشتییەکانی ئۆکرانیایە، لەگەڵ روسیادا. ئەو بە ئاشکرا باسی داگیرکردنی کەناڵی پەنەما و گرینلاند دەکات.
دەربارەی ئێمەش ترامپ هەر ئەو ترامپەیە کە گوتی«دەبوا دوای داگیرکردنی عێراق، نەوتەکەمان ببردایە و ئەو ناوەمان جێهێشتایە». هەر ئەو ترامپ ەشە کە پاساوی بۆ بەهانا نەچوونی کوردانی سوریا ئەوە بوو کە کورد لە پەلاماردانی کەنارەکانی نۆرماندی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەشدار نەبوون!! …ترامپ و ئەو جیهانەی خەون بە هەژموون سەپاندن بەسەریدا دەبینێت، جیهان و پاڵەوانی بەدیهێنانی خەونە پەمەییەکانی کورد و گەلانی ژێردەستە نابێت. هەروا مەسیحی فریادڕەسی هیچ رەوتێکی چەپی خاوەن عەقڵ و ویژدان نابێت.
هەڵسوکەوتی رۆژانەی ترامپ و ئیدارەکەی لەم دوو مانگەی دوای گوتارەکەی مەلا بەختیار، سەلماندی، نەک تەنها بۆ هەوادارانی چەپ، بەڵکو بۆ هەموو دونیا، کە ترامپ و ئەو ئێکۆسیستەمەی لە دەوری کاردەکەن، لە دوای جەنگە خوێناوییە جیهانییەکانەوە، گەورەترین مەترسین بۆ سەر دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی. هەر بۆیەش هیوادارم ئەم رەوتە لە چەپی کوردی، کە مەلا بەختیار نوێنەرێتی، بەشی ئەوەندە تووشی شۆک بووبن لەبەرامبەر ئاشکرا بوونی زیاتری ئەجێندای ترامپ و ئێکۆسیستەمی دەوروبەری، کە هانیان بدات بە کولتوور و جیهانبینییاندا بچنەوە و دەستهەڵگرن لە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی شێوازی بیرکردنەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی…ئەو بزوتنەوەیەی رقئەستوورییەکی کەم وێنەی نمایش کردووە لە فێر نەبوون لە هەڵەکانی.