"مادام دز و گەندەڵکارەکان باس لە سەربەخۆیی دەکەن، نابێت تۆ باسی بکەیت، ئەگەر باسی بکەیت، واتە تۆش بەشێکیت لەوان". بەمانای ئەوەی ئەگەر (أ) پشتیوانی لە سەربەخۆیی بکات، دەبێت تۆ دژیبیت، نەک بەهۆی سەربەخۆیی، بەڵکو لەبەرئەوەی کە ئەو (أ) دز و گەندەڵکارە. ئەمە ئەو لۆژیکەیە کە زۆرێک لە هاونیشتمانییانی ئێمە باوەڕیان پێی هەیە. ئەم لۆژیکە، لەوانەیە لەکەم شوێنی دونیادا نموونەی هەبێت.
لەمیانەی نوسینم بۆ یەک ڕستەی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی"؛ و پشتیوانیم بۆ سەربەخۆیی؛ یەکێک بۆی نوسیبووم "ئەم نوسینەی تۆ لەهی کادیرێک دەچێت"، بەو مانایەی مادام کادیرێک باس لە سەربەخۆیی دەکات، دەبێت تۆ باسی نەکەیت. هەڵبەت بەقەد هەژاریی ئەو لۆجیکە، واقیعەکەش جێگای نیگەرانییەکی گەورەیە. نیگەرانی لەوەی، هیچ ئومێدێک نیە تا دەیان ساڵیدیکەش ناتوانین لە گرێیەک ڕزگارمان بێت؛ دەتوانم ناوی بنێم گرێی (شەست و شەش)، کە دەرگایەکی بۆ دووبەرەکی و ناتەبایی ناوخۆیی کردەوە؛ تائەمڕۆش کەس نەیتوانیوە دایبخات. گرێیەک تاچەند لۆجیکە، تاچەند ڕاستە یا ناڕاست، کێشە نیە، بەڵام گرێیەکە بمانەوێت یان نا کۆمەڵگەی ئێمەی داگیرکردووە. گرێیەکە تا ئەمڕۆش ئێمەی کردۆتە دیلی شەڕی ناوخۆ و دووبەرەکیی و ناتەبایی. باوەڕت بەو گرێیە هەبێت یان نا، لەهیچ بەرەیەکییان بیت یان دژییان بیت یان نا، سەربەخۆ و سەربەخۆخواز بیت یان نا؛ تۆ مادام دروشمێک بەرز دەکەیتەوە و لەهی ئەوان دەچێت؛ واتە تۆ لەوانیت. بازنەیەکی داخراوە و بۆتە نەفرەتی مێژوو و لێڕزگاربوونی مەحاڵە و "بشفرێت هەر وشترە".
ئەمڕۆ، لە میانەی بیرکردنەوە لەو لۆجیکە نەفرەتییە؛ گەڕامەوە بۆ تیۆری "ململانێی لاساییکەرەوە"، کە چەند ساڵێک بەر لەئێستا لەنوسینێکدا ئاماژەم پێکردووە. لەو تیۆرییەدا فەیلەسوف و زانای فەرەنسی رینێە جیرار (René Girard) کاری لەسەر ململانێی لاساییکەرەوە (Mimetic Desire)، یا ئارەزووی لاساییکردنەوە کردووە؛ کەتیایدا خەڵک خۆیان بە دژە ناحەزەکانییان پێناسە دەکەن. رینێە هەوڵ دەدات لە ئارەزووی مرۆیی و ئەو ململانێیانەش کە بەرهەمی ئەو ئارەزووەن، تێبگات، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کارە ئەکادیمییەکان و هونەردا هەیە لە هەردوو سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا[1].
لێرەدا، دژە ناحەزبوون، بۆ نموونە دژە پارتیبوون یان دژە یەکێتیبوون، یان لەڕووی بیروباوەڕەوە دژە موسوڵمانبوون، یان دژە جووبوون، تادوایی، دەتوانین وەکو جۆرێک لە "ناسنامە" پێناسەی بکەین. هەریەکێک لەوجۆرە دژبوونە، جۆرێکە لەخۆناساندن و "شوناسێک" دەدات بە دژەکە. مادام تۆ دژە پارتیت، گرنگ نیە تاچەند هەڵگری لۆژیک و ئەقڵ و هۆشیاریت، بەڵکو ئەوەی گرنگە بەو دژبوونەت واتە تۆ کەسێکی پێشکەوتوویت چونکە پارتیبوون واتە دواکەوتن و خێڵەکیبوون و گەندەڵی. یا دژە یەکێتیبوونت، بەمانای ئەوەی یەکێتی لەوەتەی هەیە هەر لەبەرەی داگیکەردا بووە و بەدژەیەکێتیبوونت تۆ کوردایەتیی دەکەیت. یان تەنها دژە موسوڵمانبوون واتە تۆ کەسێکی مۆدێرنیت. یان دژەجووبوون، واتە تۆ کەسێکیت پشتیوانی لە هەق و دادوەریی دەکەیت و دژی ئەو کوشتن و قات و بڕییەیت کە لە غەززە بەڕێوە دەچێت.
بەمانایەکی دیکە؛ چونکە دژەکەی من پشتیوانی لە "سەربەخۆیی" دەکات، دەبێت من دژی بم، تەنانەت ئەگەر ئەوە لە دوورمەوداشدا لەبەرژەوەندیی مندا نەبێت. ئەلێرەدایە؛ دووبەرەکی لە ململانێوە دەست پێدەکات، نەک لە بیروباوەڕەوە. نموونەش لێرەدا زۆرن، کەمن ئەو کوردانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەکەیان نیە، بەڵام چونکە حیزبێکی دیاریکراو، کە پێیان وایە گەندەڵە یان باوەڕی بەسەربەخۆیی نیە و تەنها بۆ مەڕامی سیاسی و بازرگانیپێوەکردن باسی دەکات؛ ئەوە نابێت ئێمە باسی بکەین و باوەڕمان پێی هەبێت. کەواتە وەک ئەوەی جیرارد جەختی لەسەر دەکاتەوە؛ ناتەبایی و ناحەزی لە ململانێوە سەرهەڵدەدات، نەک بنەمایەکی ئایدیۆلۆجی و باوەڕداریی و تیۆریکی هەبێت.
لەڕوانگەی جیرارد، کە لە کتێبی "فێڵ، ئارەزوو و گێڕانەوە (ڕۆمان): خود و ئەویتر لە بونیادی ئەدەبیدا" (Deceit, Desire and the Novel: Self and Other in Literary Structure)، پەرەی پێداوە؛ ئارەزووی مرۆڤەکان لاساییکردنەوەیە؛ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئارەزووی شتەکان ناکەین، بەڵکو ئارەزووەکە لەوەوە سەردەگرێت چونکە کەسێکی دیکە، یان کۆمەڵێک کەس ئارەزوویانە. واتە ململانێی لاساییکەرەوە لەو کاتەدا سەرهەڵدەدات کە دووکەس یان زیاتر ئارەزووی یەکدی دووبارە دەکەنەوە سەبارەت بە ململانێ و ناحەزبوون.
ئەم هاوکێشە کۆمەڵایەتیی/ دەروونناسیی (Social Psychology)، دەمانباتەوە بۆ تیۆریی "پرۆسەی بە شارستاتنیکردن"، کە تیایدا نۆربێرت ئەلیاس ئاماژە بە چۆنییەتی کۆمەڵگە لاوازەکان دەکات، کاتێک کە دەکەونە ناو گێژاو و گێژەلووکی شکستی بەشارستانییبوون، کە تیایدا بێ متمانەیی، ناپاکی (خیانەت)، دابەشبوونی حیزبی و خێڵەکی، کۆناسنامەمان دەدڕێنێت و هەپروبەهەپرونی دەکات. هەموو ئەمەش دەمانباتەوە بۆ بنەمای مەبەستە سەرەکییەکەم، کە (سەربەخۆخوازییە). ئایا سەربەخۆخوازیی ڕاستە، دادوەرییە و پرسێکی نیشتمانیی نەتەوەی کوردە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە داواکاری سەربەخۆیی بەرزبکاتەوە؟ یان کێ ئەو مافەی هەیە مافی سەربەخۆخوازی لەوانی دیکە قەدەغەبکات؟
کەسانێک بەدەستی خۆیان؛ خۆیان خستۆتە بەرەی دژە سەربەخۆیی، یان بەرەیەک تەنها لەبەر ئەوەی ئەوکەس و لایەنانەی کە ئەوان دژایەتی دەکەن، دژایەتی هەمان ئەو دروشمانەش دەکەن کە هەڵیانگرتووە. ئەوجا ئەو دژایەتییە لەژێر پاساوی ئەوەدا بێت، کە ئەوان ڕاست ناکەن، یا داواکەیان ستراتیجییەتی نیە و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و بازرگانی پێوەکردنە و تاد. لەکاتێکدا، هەموو ئاماژەکان، مێژووی سەدساڵی دوای دابەشکردنی کوردستانی ژێردەستی عوسمانی و ناسینی ڕەفتار و گوتاری پێتەخت و دەستەڵاتە داگیرکەرەکان، بە جینۆسایدیشەوە، ڕێژەیەکی زۆر لە کورد، بەتایبەتی حیزبەکان، سوورن لەسەر ئەوەی هەمیشە و بەپاسا و یان بەبێ پاساو بگەڕێنەوە بۆ پێتەختی داگیرکەر، وەک گەڕانەوەی دەستەبژێری سیاسیی کوردی باشوور و حیزبە سیاسییەکان بۆ بەغدا. لەو گەڕانەوەشدا هەم ئەو لایەنانەی کە لەو پێتەختانەدا سیاسەت دەکەن، هەم ئەوانەش کە دژە سەربەخۆیین[2] و لەو میانەشدا دژەپارتین؛ ئەگەر ئەو دوو لایەنە لە گوتاریشدا یەک نەگرنەوە، لەسەر زەمینەی واقیعدا یەک ئاڕاستەن و هەوڵ و کۆششی هەردوولا، دەڕژێتەوە ناو ئاشی داگیرکەر. بەو مانایەی ئەوان بیانەوێت یان نا، لەکۆتاییدا هەوڵ و کۆششەکەیان دەڕژێتەوە ناو بەرژەوەندی ئەوانەی لە پێتەختی داگیرکەردا سیاسەت دەکەن. ئالێرەدا، "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" ئێمە هەم دژی کارکردنە لە پێتەختە داگیرکەرەکان، با دروشمی سەربەخۆییش هەڵبگرن، هەمیش دژی ئەو گوتارەیە کە دژە سەربەخۆییە. بۆیە و تاماوین "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی".
[1] بۆ ئەوانەی دەیانەوێت شتێک لەسەر رینێە جیرارد بخوێننەوە؛ https://www.britannica.com/biography/Rene-Girard
[2] لەو نوسینەدا، مەبەستم لە دژە سەربەخۆخوازەکان تەنها باشووری کوردستانە، ئەوانەن کە هەموو سەربەخۆخوازەکان دەخەنە خانەی پارتیبوون. ئەوانە زۆربەی جار دژە پارتین، بۆیە دژی هەموو ئاماژەیەکن کە لەگوتاری پارتیدا کەم تا زۆرێک جەختی لەسەر دەکرێتەوە.