شکستی تیۆریی پیلان، سەرکەوتنی مەمدانی‌و پرۆسەی دیموکراسی

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2025-11-07     180

دوای ئەوەی زوهران مەمدانی لەهەڵبژاردندا توانی ببێتە سەرۆک شارەوانی نیویۆرک، شەپۆڵێک مشتومڕی بەدوایخۆیدا هێنا. لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵێک پرسی وڕوژاندن و وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دانەوە. لەو نوسینەدا، هەوڵ دەدەین زۆر بەکورتی شڕۆڤەی ئەو مشتومڕە و شیکاری وڕوژاندنەکان بکەین. بۆ تێگەیشتن لەو دیاردەیەی کە لە نیویۆرک ڕوویدا، کە کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی بەدوای خۆیدا وڕوژاندنەوە، پێویستمان بە لەباریەک هەڵوەشاندنەوەی دیاردەکەیە لەڕووی چەمکگەراییەوە. هەڵوەشاندنەوەش هەمیشە پێویستە بۆ تێگەیشتن و گەڕاندنەوەی ماناکان بۆ شوێنی خۆیان.

لەو چوارچێوەیەدا نۆربێرت ئەلیاس چەمکی گونجاندن (Integration) و جیاوازیدانان (Differentiation)ی بەکارهێناوە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵناسیی وێناکردن (Figurational Sociology)، بەتایبەتیش کە پڕۆسەی بەشارستانیکردن لەئاڕاستەی بەریەککەوتنی سیستمی سیاسی و کۆمەلایەتیدا گۆڕانکاری دروست دەکەن. دروستکردنی گۆڕانکاری بە میکانیزمە مۆدێرنەکان پرۆسەیەکە مەرج نیە هەمیشە ئاڕاستەیەکی ئەرێنی هەبێت، بەڵکو هەندێک جاریش شکت بەدوای خۆیدا دێنێت.

لەو کورتە نوسینەدا، چۆنییەتی بەیەکەوە بەستنەوەی کۆنسێپت و تێرمەکان، کە لە دووتوێی پڕۆسەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریدا، خۆیان بەیان دەکەن و دەکرێت شڕۆڤەیان بۆ بکرێت، لەوانەش چەمکی پیلان (Conspiracy)، سۆسیالیزم، سەکولاریزم، شۆفینیزم، کۆمەڵگەی زیندوو و دیموکراسی. ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لەو پڕۆسە دیموکراسییەی کە لە ئەمریکادا بەڕێوەچوو و تیایدا مەمدانیی لە ڕووی ئاینییەوە موسوڵمان، لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە سۆسیالیست و لەڕووی دونیابینی دەستەڵاتەوە سەکولاریست، لەڕووی نەژادییەوە هیندۆ/ئەفیریقی و هاوسەری ژنێکی عەرەبی سوری، وێڕای گونجانی لەگەڵ جڤاکی جووەکان و گروپە کۆمەلایەتییە جیاوازەکانیشەوە؛ توانی ببێتە سەرۆک شارەوانی شارێکی فرەییئامێزی وەک نیویۆرک، کە وۆڵستریت (NYC)ی لەباوەش گرتووە و گەورەترین ڕەوەندی جووی تێدا نیشتەجێن.

یەکێک لەو چەمکانەی کە ئەمڕۆ پانتاییەکی زۆری دونیای چەپ و ئیسلامییەکانی داگیرکردووە، تیۆری پیلانە (Conspiracy). تیۆری پیلان ئاسانترین ڕێگا و ئامرازە بۆ پاساوی شکستی ئەم دوو ڕەوتە لەماوەی ڕابردوودا. ڕێژەیەکی زۆر لە ئیسلامییەکان و بەتایبەتیش لە دونیای عەرەبی هەموو شکستەکانییان دەخەنە سەبەتەی ئیمپریالیزم و زانیۆنیزم و دوژمنە وەهمییەکانی ئیسلام. ئەوەچش لە ئاراستە فیکرییە شۆفینیستەکەی ئەو ڕەوتانە، کە بێجگە لە خۆیان کەسی دیکە بە مرۆڤ و ڕزگاربوو نازانن. لەو پرۆسەی هەڵبژاردنەدا ئەو بیرکردنەوەیە بەتەواوەتی شکستی هێنا و دەرکەوت کە نە موسوڵمانبوون و نەسۆسیالیست بوون نابن بە ڕێگر بۆ گەیشتن بە باڵاترین پۆستی ئیداری لەناو پرۆسەی دیموکراسیدا. هەر مەمدانیش نموونە نیە، سادق خان ئەوە دوو دەورەی هەڵبژاردنە پارێزگاری شارێکی گەورەی وەک لەندەنە، وەکو یەکێک لە شارە زیندوو و گرنگەکانی دونیا. پێشتریش لە ئەمریکا باراک ئۆباما بوو بە سەرۆکی گەورەترین وڵاتی زلهێزی دونیا، لە بەریتانیاش ڕیشی سونەکی هیندی بوو بە سەرۆک وەزیران. ئەمەش مانای وایە کۆمەڵگە زیندووەکان بەدوای سەقامگیری و خزمەتگوزاریدا دگەڕێن نەک بەدوای ئایدیۆلۆژیا و ناسنامەی ئایینی و نەژادیی کەسەکان. لەو ڕووەشەوە ناسنامەی مرۆڤەکان گرنگ نیە هێندەی باوەڕبوون بە بەها و نۆرمەکان و لیستی بەڵێن و ئاراستەی خزمەتکردنیان بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونییان گرنگە. لێرەدا  مرۆڤبوون سەنتەرە نەک ڕەنگ و ئایین و ئایدیۆلۆژیا. بۆیە، کۆمەڵگە زیندووەکان ئارام دەگرن بەڵام کۆڵ نادەن. لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بژاردەکان کەمن، کە دیموکراتەکان شکست دێنن لە بەها و نۆڕمە مۆدێرنەکان، بەتایبەتیش، کە لەڕووی ئەخلاقییەوە شۆڕدەبنەوە ناو قوڵایی گەندڵی، خەڵک بەدوای بەدیلدا دەگەڕێن و لەرۆژی هەڵبژاردندا قسەی یەکلاکەرەوەی خۆیان دەکەن.

هەڵبژاردنی مەمدانی نە بەهۆی ئاڕاستە سۆسیالیزمە چەپگەراییەکەی بوو، نە بەهۆی موسوڵمانبوونەکەشی، بەڵکو بەهۆی ئەو لیستە درێژە بەڵێنانەی بوو کە خەڵکی نیویۆرکی هاندا گۆڕانکارییەک لە ڕەوتی ژیانیاندا دروست بکەن. ئەوەی ئەو ڕێگایەش خۆشدەکات و زەمینەسازیی دەکات، نە سۆسیالیزمە، نە ئیسلامیزم و نە پیلانگەرایی، بەڵکو سیستمی دیموکراسی و سەکولاریزم بوون، کە لە پانتایی لیبڕالیزمدا ڕەگیان داکوتاوە. سیستمی دیموکراسی، دەرگاکان واڵا دەکات بۆ هەموو کەسێک کە لە پانتایی بەهاو نۆڕمە مۆدێرنەکاندا خۆی بەیان دەکات و دەیەوێت ڕۆڵی خۆی ببینێت، یەکێکیش لەو نۆڕمانە سەکولاریزمە. سەکولاریزم لەناو سیستمی دیموکراسیدا، تەماشای ناسنامەی کەسەکان ناکات، بەڵکو تەماشای ئامادەبوونی کەسەکان دەکات بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی دیموکراسی، ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ.

لێرەدا کۆمەڵناسیی وێناکردن، ئەو دیاردەیەی وەکو هەڵبژاردنی مەمدانی بەتەواوەتی دەخاتە ناو ستراکتۆرێکی دیاری گونجاندن و جیاوازی. گونجاندن بەمانای ئەوەی گرنگ نیە تۆ لەکوێوە هاتووی، سەر بە چ ئایین و ئایدیۆلۆژیایەکی و تا چەند جیاوازی، بەڵام گرنگە ڕێز بۆ بەها و نۆرمە مۆدێرنەکان دابنێیت و لەسایەی دیموکراسی و سەکولاریزمدا گونجاو بیت، هەم موسوڵمان و هەمیش سۆسیالیست، لەهەمان کاتیشدا ببیتە سەرۆکی گەورەترین شارەوانیی لە بەهێزترین کۆمەڵگەی دیموکراسیدا. ئەم وێناکردنە بەوە چارەسەر ناکرێت پەنجەی شایەتمان بەرز بکەیتەوە و پێت وابێت بەهۆی موسوڵمانبوونەوە بگەیتە ئەو پێگەیە، یان بەڵگە بێت بۆ شکستی لیبڕالیزم و پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو بەشێکە لە تێکەهەڵکێشی و پلەبەندی سیستمی دیموکراسی وەکو کولتوورێکی جێگیر و کارا، کە دۆنالد تڕامپ بەهەموو ئەو سەرمایەی کە هەیەتی و بەهەموو ئەو لەخۆباییبوونەیەوە، کە ڕۆژانە ناشیرینتری دەکات؛ نەیتوانی پێشی لێبگرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×