خوێندنی باڵا و بەڵای ناوەندخوازی

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2025-12-07     174

وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ دواجار بەسەرپەرشتی دکتۆر ئارام محەمەد قادر؛ وەزیری خوێندنی باڵا، بەنیازن پڕۆژە یاسایەکی نوێ بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دابڕێژن، وەکو نەخشە ڕێگایەک بۆ سەربەخۆیی زیاتری زانکۆکان و دەرچوون لەو ناوەندخوازییەی کە هەموو زانکۆکانی کوردستانی شەپڵە، دەستەمۆ و بێکاریگەر کردوون. لەو کورتە نوسینەدا دەمەوێت جەخت لەسەر وشەی سەربەخۆیی بکەمەوە، ڕەهەندەکانی سەربەخۆی و دەرەنجامەکانی.

هەڵبەت ناوەندخوازی (De-central)، زۆر شێوازی هەن، ڕێک وەکو ناوەندخوازی دەوڵەت. هەموو وڵاتە پێشەوتووەکانی دونیا لە سایەی سیستمێکی سەربەخۆ و ناناوەند بەهەموو شێوازەکانییانەوە بەڕێوە دەچن، لەوانەش فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵی. بەڵام شێرپەنجەی دیکەش هەن کە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پەک دەخەن و نزیکی دەکەنەوە لە مردن، لەوانەش دەستوەردانی حیزبیی و شەپڕێوی ئیداری، بەتایبەتیش سێ کوچکەی دەستوەردان. لەخوارەوە چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو، بەهیوام دڵۆپێک بێت بۆ پرکردنەوە و ڕوونکردنەوەی دەریای خوێندن و پەروەردە.

یەکەم: دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەشێکە لە دامەزراوە گشتییەکانی دەوڵەت، ئەگەر هەموو دامەزراوەکان بەیەک ئاست چاکسازییان تێدا نەکرێت، مەحاڵە دامەزراوەیەک بەتەنیا بتوانێت خۆی لە بێسەرووبەری و ئەو ناوەندخوازییە بترازێنێت، کە وڵات پێیەوە دەناڵێنێت. هەموومان دەزانین هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای حیزبۆکراسی بەڕێوە دەچێت. بەو مانایەی حیزب قۆرخی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی کردووە، لە بنەڕەتیشدا دەبێت ئەو دوو سەرچاوەیە لەلایەن دەوڵەت و حکومەتێکی نیشتمانییەوە قۆرخ بکرێن، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا حکومەت دەستی کراوە بێت لە داڕشتنی سیاسەتەکانی، ئاراستە و چۆنایەتی و ئیدارەیەکی سەرکەوتووەوە. ئەو قۆرخکردنەی حیزب، ڕەنگی داوەتەوە بەسەر هەموو دامەزراوەکان، لەنێوانیشیاندا پەروەردە و خوێندنی باڵا.

دووەم: لەسەر بنەمای خاڵی یەکەمیش؛ یەکەم هەنگاوی سەربەخۆیی زانکۆکان، دوورخستنەوەی دەستی حیزبە لەناو دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵادا. با لەڕووی کردەیی و میکانیکییشەوە، سەربەخۆییەکی زیاتر بە زانکۆکان ببەخشن، ئەگەر دەستی حیزبی لەسەر بمێنێت، بە دڵنیایی یەک هەنگاو نەک هەر ناچێتە پێشەوە، بەڵکو بۆی هەیە قەیرانەکان قوڵتریش ببنەوە. نموونەی دەستوەردانی حیزبیش زۆرن، هەر لە دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆکان و ستافە سەرەکییەکەیان، تا هەندێک جار دەگاتە ڕاگرەکانیش. ئەمەش بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ بەنەرێنی لەسەر ئاست و ئازادیی خوێندن و ئیدارە و هاندانی زۆرینەی مامۆستایان ڕەنگ دەداتەوە. لێرەدا بەهیچ جۆرێک قسەمان لەسەر کەسایەتی سەرۆک و بەڕێوەبەرەکان نیە، کە مرۆڤی بەڕێز و بەتوانان لە بواری خۆیاندا، بەڵکو ڕەخنەکە ئاڕاستەی پڕۆسەی دەستوەردانە.

سێیەم: بە پلەی سێیەم، ئەوەی کە زانکۆکانی پەکخستووە دەستوەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە لە گچکە و گەورەی زانکۆکان، لەڕێی کۆمەڵێک ڕێنماییەوە، کە بەشێک لەو ڕێنماییانە وەکو پەتی نەفرەت وان لە گەردەنی توێژی ئیداری، مامۆستایان و فەرمانبەران. خوێندنی باڵا، دەکرێت هەندێک هێڵی گشتی بۆ زانکۆکان دابنێت، وەکو سیاسەتێکی نیشتمانی بۆ ڕەوتی خوێندن، بەڵام هەرگیز نەچێتە ناو وردەکارییە ئیدارییەکان و ڕەوتی خوێندن و ئازادیی زانکۆکان. ئەوکاتە زانکۆکان بۆخۆیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ڕێنماییەکان لەبەرژەوەندی چۆنییەتی و کوالیتیی خوێندن و ئارامیی زانکۆکەیان ستافی زانستی دادەنێت. ئەمە جۆرێک لە ململانێی نیشتمانیش لەنێوان زانکۆکاندا دروست دەکات، بەوەی هەر زانکۆیە و هەوڵ بدات باشترین و گرنگترین ڕێنمایی پێڕەو بکات لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و خوێندن، ئەوکاتە زانکۆکان بەدوای جۆرێتیدا دەگەڕێن و لەیەکدی فێردەبن و ئاستەکان بەرز دەبنەوە، تەنانەت خوێندەڤانەکانیش هەوڵ دەدەن بەرەو ئەو زانکۆیانە برۆن کە ئاستییان بەرزتر و ئازادییان زیاترە. ئەوەی ئێستا هەیە، زانکۆکانی کردوون بە مێگەل و دەبێت هەمووان وەکو یەک ڕەفتار بکەن، کە لەکۆتاییدا تیمێکی نانیشتمانیی ناشیرینی دروست کردووە. ئەوە چش لەوەی کە زانکۆکان لە ئامادەییەکان خراپتریان بەسەر هاتووە و تەنها ئەو خوێندەڤانانە دەبینین، کە خەڵکی ئەو دەڤەرەن کە زانکۆکەی تێدایە، ئەمەش دژ و پێچەوانەی سیاسەتی نیشتمانسازی و دروستبوونی نەتەوەیەکی هۆشیارە.

چوارەم: زۆربەی وڵاتانی دونیای سێیەم کە پێیان دەڵێن "تازە گەشەسەندوو"، پارەیەکی پێویست و گونجاو بۆ خوێندن دابین ناکەن. نەک هەر ئەوە، زانکۆکان شانازی بەوەوە دەکەن کە دەست بەپارەوە بگرن و کۆتایی ساڵ بڕێکی باش بگەڕێننەوە بۆ حکومەت، لەکاتێکدا بواری توێژینەوە لەو زانکۆیانە لە وێرانە وێرانترە. لەدونیای پێشکەوتوودا باڵاخانەکانی ناوەندەکانی توێژینەوە لە فاکەڵتییەکان زەبەلاحتر و کاراتر و دەوڵەمەندترن، بەڵام لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا ئەگەر ناوەندێکی توێژینەوە لەلایەن حیزبێکەوە پشتیوانی نەکرێت، وەکو پەککەوتە وایە، نەک هەر ناتوانێت بستێک بڕواتە پێشەوە، بەڵکو بەربەستیشی بۆ دروست دەکرێن و لەکۆتاییدا شکست دێنێت. تەرخاننەکردنی بودجەیەکی دروست، دەبێتە هۆکارێک بۆ بەسەریەکداکەوتنی پۆلەکان و جەنجاڵییەکی زۆر، نەبوونی تاقیگەی پێویست، کەمی داهاتی مامۆستا و بەکەم تەماشاکردنیان.

پێنجەم: قەیرانی چوار کوچکەیی؛ "سیستم، مامۆستا، بەرنامە و شوێن". هەر چوار کوچکەکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەشدارن لە دابەزینی چۆنایەتی و کواڵیتی خوێندن. لە خاڵی یەکەم و دووەمدا بەشێکی باسەکە پەیوەندی بە سیستمەوە هەیە. سیستمی خوێندن دابڕاو نیە لە سیستمی سیاسی، سیستمی ئابووری و سیستمی کۆمەڵایەتی. هەر چوار سیستمەکە وەکو پەراسوو دەبەریەکڕاچوون و یەکتر تەواو دەکەن. ئینجا ئەو سیستمە سەقەتە بەدڵنیایی مامۆستای سەقەتیش بەرهەم دێنێت، مامۆستای سەقەتیش ناتوانێت بەرنامەیەکی قوڵ و تۆکمە و ئاڕاستەکەر بۆ خوێندەڤانان دابین بکات، ئینجا بەپلەی کەمتر شوێنی خوێندن و باڵاخانەی زانکۆکان. لە کوردستان نەک هەر مامۆستا شوێنێکی شایستەی بۆ دابین ناکرێت بۆ ئەوەی کار و بەرنامەکانی خۆی تیادا دابین بکات و سەربەخۆیی و چۆنایەتی مامۆستا بپارێزێت، بەڵکو لەزۆر شوێن خوێندەڤانان پێویستییان بە پۆلی زیاتر و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە.

ئەم قەیرانە، هەر لە زانکۆوە دەست پێناکات، بەڵکو لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێدەکات، لەجیاتی منداڵی ئازا و ڕەخنەگر پەروەردە بکرێت، ژمارەیەک ڕۆبۆت دروست دەکرێن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، داهێنان و کارامەیی ڕاستەقینە بلۆک دەکات، لە کۆتاییدا زۆربەی ئەوانەی دەگەنە زانکۆ، ئامادە نەکراون بۆ خوێندنی بالا.

شەشەم: قەیرانی توێژینەوە و لەباشترین حاڵەتدا بەرهەمهێنانی توێژینەوەی ئاست نزم. لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتودا دەوڵەت سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای توێژینەوە بەرەوپێش دەبات. شارەوانییەکان بەبێ توێژینەوە و تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە دارێک لەسەر بەردێک دانانێن. بەوجۆرە، بودجە و یارمەتییەکانی توێژینەوە لەجێی نەبوون دان، کولتوورێکی بەهێزی توێژینەوە دروست نەبووە، بەبێ توێژینەوەش زانکۆکان ناتوانن داهێنان بکەن.

هەروەها کێشەی بڵاوکردنەوە لە گۆڤاری زانکۆکان، لەلایەک توێژەر موچەی نیە، بەڵام ئەگەر توێژینەوەیەک بداتە هەر گۆڤارێک دەبێت بڕە پارەیەک بدات بۆ ئەوەی گۆڤارەکەش بەلای خۆیەوە بیدات بە ستافی پێداچوونەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی خراپ لەسەر لایەنی دەروونی توێژەر دادەنێت. ئەوە جگە لەوەی کە گۆڤارەکانیش بوون بە چێشتی مجێور و هیچ جۆرە تایبەتمەندییەکانییان تێدا نیە. گۆڤاری هەموو زانکۆکان هەرچی بۆیان بڕوات بڵاوی دەکەنەوە. لەکاتێکدا پێویستە گۆڤارەکانیش بەرەو تایبەتمەندێتی بڕۆن و بڵاوکردنەوە لەپێناو بڵاوکردنەوە نەبێت.

هەر لە پەیوەندی بە بواری توێژینەوە و هاوکاری زانستی نێودەوڵەتی، لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تا سەر ئێسقان سنووردارە. زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی بودجە و سنووردانان و ئاستی نزمی مامۆستایان و بەربەستی سیاسییش، کێشەیان هەیە.

حەوتەم: وەکو بەشێک لە قەیرانی دامەزراوەکانی وڵات، دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لەدەست خراپی بەڕێوەبردن دەناڵێنێت. دیارە ئەو خاڵەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەهەموو خاڵەکانەوە هەیە، بەتایبەتیش خاڵی یەکەم و دووەم، دەستوەردانی حیزب ڕێگرە لەوەی مرۆڤی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابندرێت. ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر سیستمی بەڕێوەبردن دەبێت. زۆربەی جاران ئەو تیمەی کە زانکۆ بەڕێوە دەبات یان بەهۆی فشاری حیزبییەوە یان بەهۆی ئاڕاستەی حیزبیبوونییان و لەزۆربەی حالەتەکانیش تێنەگەیشتنیان لە زانستی بەڕێوەبردن و ململانێی ئیداری لەسەر حیسابی چۆنایەتی خوێندن و چۆنایەتی بەرێوەبردنیش، زانکۆکان بەرەو داتەپین دەچن. مرۆڤی ئیداری مەرج نیە لە بوارێکی زانستی لێهاتوو بێت، بەڵام مەرجە لە ئیدارە لێهاتوو بیت. هەندێک جاریش سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان لێهاتوون بەڵام دەست و پێیان بە ڕێنماییە بێ بنەما و ناوەندخوازی بێتام بەستراون. بەو جۆرە لەکۆتاییدا زانکۆکان بەرەو داتەپین دەچن. لە سیستمێکی ئیداری خراپیشدا بەدڵنیایی گەندەڵی ئیداری و دارایی بەشی شێر بۆخۆی دەبات و دەبن بە شێرپەنجە.

خاڵی دیکە زۆر هەن، بەڵام بەو هێندە ئاماژانە واز دێنم، بەو هیوایەی ئەو سەربەخۆییەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت کاری بۆ بکات، هەنگاوی جیددی بن و لەهەموو ڕووەکانەوە ئەو ناوەندخوازییە لەبار یەک هەڵبوەشێت و سەربەخۆییەکی جیددی لەڕووی سیاسی، ئیداری و دارایی بدرێت بە زانکۆکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×