تەڵەی دیکتاتۆر و شێرپەنجەی ئایدیۆلۆژیا: خوێندنەوەیەکی درشت بۆ داڕمانی سیاسی و ئابووری ئێران

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-01-02     307

یەکێک لەو پرسیارانەی کە هەمیشە زەینم ئاڵۆز دەکات، سووربوونی ئەو دەستەڵاتدارە تاکڕەوانەیە لەسەر هەڵەکانیان و سوود لە ڕابردووی خۆیان وەرناگرن. بارودۆخی و سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکەیان بەردەوام بەرەو داڕمان و پاشەکشێ دەڕوات، بەڵام دەبینین هەر سوورن لەسەر ئەو ئاڕاستەیەی کە هەیانە و هەرگیز ئامادەنین بەخۆیاندا بچنەوە. زۆربەی ڕژێمە خودسەر و ئایدیۆلۆژیست و تاكڕەوەکان ، تا چرکەساتی ڕوخانیان ئامادەی هیچ گۆڕانکاری و چاکسازییەک لە سیستمی سیاسی و ئابوووری وڵاتەکەیان نەبوون. ئەم سەرکێشییە لە سیاسەتدا چی پێدەگوترێت؟ بۆچی ئەو جۆرە دەستەڵاتدارانە ئامادەی بەخۆداچوونەوە نین، یەکێکیش لەو نموونانە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە!

ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەناو سێ گۆشەی "خوێندنەوەی نادروست بۆ واقیعی ئێران و ناوچەکە و هاوکێشەکان"، "شۆفینیزمی ئایدیۆلۆژی" و "نێرگزبوونی دەستەبژێری ئایینی دەستەڵاتدار"، نەک هەر بۆخۆی، بەڵکو وڵاتەکەشی خستۆتە ناو تەڵەیەکی ترسناکەوە.

سەبارەت بە خوێندنەوەی نادروست؛ تیۆرییەکی سەرنجڕاکێش هەیە پێی دەگوترێت تیۆری تەڵەی دیکتاتۆر (The Dictator's Trap)، کە هەردوو نوسەر بروس بوینودی میسکیتا (Bruce Bueno de Mesquita)، لەگەڵ ئەلیستەر سمیث (Alastair Smith) لە کتێبەکەیان بەناوی "ڕێبەری دیکتاتۆر: بۆچی ڕەفتاری خراپ زۆربەی جار سیاسەتێکی باشە (2011)[1]، کاریان لەسەر کردووە. ئەوان بۆخۆیان ئەو دەستەواژەیان دانەهێناوە، بەڵکو تیۆرییەکەیان لەڕێی بەکارهێنانی تیۆری یاریی (Game Theory) و هاندانی سیاسی و لێکۆڵینەوەی حاڵەتە سیاسییەکان، پەرە پێداوە. یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە دەستەبژێری سیاسی، بەتایبەتی سەرکردەکان، کە پێگەی کەسی یەکەمیان داگیرکردووە؛ تەنها ئەو زانیاریانەیان پێدەگات کە ناڕاستن یان "بەدڵی ئەوانە"، واتە تەنها ئەو زانیاریە ناڕاستانەی کە بەدڵی سەرکردەکانە.

بەو مانایەی ڕاوێژکار و ئەوکەسانەی لە دەوروبەریان کۆبوونەتەوە، لەترسان بێت یان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان، کێشە و ڕاستییەکان لە سەرکردەکان دەشارنەوە. وەها لە سەرکردە سیاسییەکان دەگەیەنن کە بارودۆخ زۆر باشە و ئەوان جەماوەریان لەهەڵکشانە و هەموو ئەو کێشانەی هەن، پلانی دەرەکین و لەو ڕژێمە سیاسیەیان خۆش نایەت. بەو جۆرە بە تێپەڕبوونی کات سەرکردەکان پەیوەندییان بە واقیعەوە نامێنێت، هەڵەکانیش ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن، لەبەرامبەریشدا بڕیارەکان لەسەر بنەمای ناڕاست دەدرێن و کۆنترۆڵی سیاسی و ئەمنی توندتر دەکەن و لەئەنجامیشدا "تەڵە"کە قوڵتر دەبێتەوە.

هەرچەندە دەکرێت ئەو تیۆرییە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆریش ببێتەوە، چونکە لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و گڵۆبالیزم، دەکرێت سەرکردەکان بەئاسانی ئاگایان لەهەموو ڕووداوەکان بێت، بەڵام ئەوەی لە بەرامبەردا دەبێتە لەمپەر، بەتەنها تەڵەی دیکتاتۆر نیە، بەڵکو شۆفێنیزمی ئایدیۆلۆژیە. یەکێک لەو تیۆریانەی کە تایبەتە بە شۆفینیزمی ئایدیۆلۆژی تیۆری ناڕێکی مەعریفییە (Cognitive Dissonance)، لەلایەن دەروونناسی ئەمریکی لیۆن فێستینگەر (Leon Festinger) لە 1957 داهێندراوە، لە کتێبەکەیدا کە هەر بەو ناوە بڵاوکراوەتەوە[2] و یەکێک بوو لە کاریگەرترین دەروونناسەکانی سەدەی بیستەم. بەپێی ئەوتیۆرییە؛ مرۆڤەکان، بەتایبەتیش سەرکردەکان کە زانیارییەکییان پێدەگات و دژە لەگەڵ بیروباوەڕەکەیان، تووشی فشارێکی دەروونی دەبن. لەو حاڵەتەشدا یان دەبێت باوەڕەکەیان بگۆڕن،  کە ئەمەش کارێکی مەحاڵە بۆ ئایدیۆلۆژیستەکان؛ یان دەبێت پاساو (Justification) بۆ رەفتارەکانییان دابڕێژن. هەر ئەمەشە زۆربەی جاران ڕوودەدات. دەستەبژێری دەستەڵاتیش لە ئێران هەرچەندە واقیعی سیاسی و تێکچوونی هاوکێشەکان و داڕمانی ئابووری دەبینن، بەڵام هێشتا واز لە دروشمەکانیان ناهێنن. وازهێنان لەو دروشمە ئایینیانەی کە ساڵەهایە بناغەی کار و دەوڵەتداری و فراوانخوازییانە، وەکو هەڕەسی کەسایەتی و مەعریفی وایە.

سێیەم گۆشەی لەمپەر لەبەردەم سەرکردە سیاسییەکان؛ "نێرگزبوونی دەستەبژێرە" (Elite Narcissism). کاتێک نێرگزبوون لەگەڵ پیرۆزیی ئایینی تێکەڵ دەبێت، کوێربوونی ئایدیۆلۆژی دروست دەکات و ناهێلێت واقیع وەک ئەوەی هەیە ببیندرێت. یەکێک لەو تیۆریانەی کە ئەو دیاردەیەمان بۆ چارەسەر دەکات تیۆری "گرێی مەسیح" (Messiah Complex)، یان گرێی ڕزگارکەرە. ئەم تیۆرییە تەنها دەروونناسی نیە، بەڵکو لە سیاسەتیشدا بەکار دەهێندرێت، کاتێک دەستەبژێر، سەرکردە یان ڕێبەر؛ پێی وایە ئەو "نێردراوی خودایە"، یان ئەرکێکی پیرۆزیان لەسەر شانە بۆ ڕزگارکردنی ئوممەت. ئەوانە لەدۆخێکی نێرگزبوونی مەترسیداردا دەژین. ئەو نێرگزبوونە زۆربەی هەرەزۆری سەرکردە ئیسلامییەکان پێیەوە دەناڵێنن. ئەوان پێیان وایە هەڵە ناکەن، چونکە بڕیارەکانییان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی "ئایینی خۆدا" دادەڕێژن. هەموو جۆرە ڕەخنەیەکی سیاسی یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی؛ وەک "دژایەتیکردنی خودا" دەبینن.

ئەو سێ گۆشە، یان ئەو سێ بنەمایە؛ ئەو تۆقی نەفرەتەن کە سەرکردە و ڕێبەرەکان والێدەکەن لە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان داببڕێن. خۆیان لەسەرەوەی ڕەخنە و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ببینن. تا لەکۆتاییدا خۆیان و نەتەوە و نیشتمانەکەیان بەرەو هەڵدێر و لەناوچوون دەبەن.

ئێران وەکو وڵاتێکی نوێ، کە خاوەنی خاکێکی بەرفراوان و دەوڵەمەندە و چەندین گروپی مرۆیی جیاوازی تێدا دەژین، نزیکەی 45 ساڵە کراوە بە زیندانێکی گەورە بۆ نەتەوەکانی ناو سنووری دەوڵەتی ئێران، لەسایەی ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینی/ ناسیۆنالیستی. ئایین/ مەزهەبێک هێندەی نزیکە لە ئەفسانە و میتۆلۆژیا، هێنە پەیوەندی بە واقیعەوە نیە، چ جای سەپاندنی بەسەر هەموو ئایین و ئایینزاکانی ناو ئێران. هەروەها ناسیۆنالیزمێک کە ئایدیۆلۆژیای پان/ئێرانیزم بەبنەما دەگرێت بە ڕێبەرێتی نەتەوەی فارس و سەپاندنی زمانی فارسی بەسەر هەموو نەتەوەکانی دیکەی ناو ئەم سنوورەدا.

ڕژێمی ئیسلامی، بە ڕێبەرێتی خومەینی، لەو رۆژەی هاتە دەستەڵات، سیاسەتی هاوردەکردنی شۆڕشی بەگوێی دونیادا چرپاند. ئایدیۆلۆژیای شۆرشی ئیسلامی/ ئێرانی، وەکو دوو دیوی یەکدراو، ئەو بەڵایە بوو، کە 45 ساڵە نەتەوەکانی ئێران باجی هەڵە و سەرەڕۆییەکانی دەدەن. واز لە ژەهر خواردنەوەکەی خومەینی و دەرەنجامەکانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران/ عێراق بێنە، دوای ئەوە؛ ئەو ڕژێمە هەموو توانا و سامانی ئێرانی بەکارهێنا بۆ فراوانخوازیی ئایدیۆلۆژی خۆی و کۆنترۆڵکردنی گروپە شیعییەکانی لوبنان، یەمەن، سوریا، هەوڵی جوڵاندنی شیعەکانی بەحرەین و سعودییەش، کە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، تا بۆدواجار لە دوای 2003 دەستی بەسەر عێراقیشدا گرت و چالاکی و خەونی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیش لەولاوە بوەستێت.

لە ئەنجامی هەموو ئەو سەرکێشییانەی ئەو ڕژێمەی، کە بووەتە کابووس بەسەر سینگی نەتەوەکانی ئێرانەوە:  

یەکەم: ئابووری ئێرانی بەرەو داڕمانێکی ڕاستەقینە بردووە؛ بەشێوەیەکی دڕاماتیک بارودۆخ و بژێوی خەڵکی ئێران بەرەو هەڵتەکان دەچێت.

دووەم: دوای تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ میلیشیاکان و گروپە ئیسلامییەکان، نەتەوەکانی ئێران باجێکی قوڕسیان بۆ ئەو سیاسەتە فراوانخوازییە داوە و ئامادەش نین واز بێنن.

سێیەم: هەر لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە و پیلانە نێرگزییەکانی ئایدیۆلۆژیایی ئیسلامیزم/ ئێرانیزم، پەلاماردانی ئیسرائیل لەلایەن حەماس لە 7/10 و ئەو دەرەنجامانەی دواتر بەسەر ناوچەکەدا هاتن، هەموو خەونە فراوانخوازییەکەی ئێرانی پوکاندنەوە.

چوارەم: بەدرێژایی هەموو ئەو مێژووە، خەڵکی ئێران نەک هەر باجی ئەو سەرەڕۆییانەی ڕژێمی ئیسلامی داوە، بەڵکو بەهەزارانیشیان لەسێدارە دراون، بەتایبەتیش ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێران، بە بیانۆی سیاسی و دژایەتی خودا و ئەو وەهمانەی کە ئەو رژێمەی لەسەر بیناکراوە.

 

دەرەنجام

45 ساڵ، کە دەکاتە زیاتر لە چوار دەیە، بەپێی زۆرێک  لەتیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، پێیان وایە سوڕی دەستەڵاتەکان لە سی تا چل ساڵ تێپەر ناکات، نەک هەر بەهۆی فاکتەرە دەرەکییەکان، بەڵکو فاکتەرە ناوخۆییەکان زۆر زیاتر و بەهێزترن بۆ داڕمان و دەستپێکی قۆناغێکی تازە. یەکێک لەو تیۆریانە؛ تیۆری "داڕمانی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییە"، یەکێکیش لەو کۆمەڵناسانەی وڵاتە یەکگرتووەکان؛ پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد؛ تیۆدا سکۆکپۆڵ (Theda Skocpol) لە کتێبەکەی بەناوی "دەوڵەتەکان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان"[3] ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕژێمە ئایدیۆلۆژی و شۆڕشگێڕەکان لە تەمەنی چل ساڵی "هێزی بزوێنەری خۆیان" لەدەست دەدەن. دوای سەرهەڵدانی شۆڕش و گەرم و گوری دروشم و ئایدیۆلۆژیا؛ کە دەگەنە تەمەنی چل ساڵی وردە وردە پیر دەبن و بەرەو کۆتایی تەمەنیان دەڕۆن. یەکێکیش لەو ڕژێمانە یەکێتی سۆڤییەت بوو، کە دوای چوار دەیە لە جێگیربوونی تەواو تووشی داڕمان بوو، بەپێچەوانەی سیستمی دیمکوراسی/ سەکولار، بەهۆی ئەو میکانیزمانەی کە لەسەری دامەزراوە؛ هەمیشە قابیلییەتی خۆنوێکردنەوەی هەیە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە؛ تەنانەت لە مێژووی ئیسلامدا، بەپێی تەواوی سەرچاوەکان، مێژووی خیلافەت لە ئیسلامدا لەدوای وەفاتی پێغەمبەر تەنها سی ساڵ بوو. لەو بارەیەوە ئیبن خەلدوون کە تایبەتمەندە لە مێژووی عەرەب و ئیسلام؛ لە تیۆرییەکەیدا دەڵێت "دەوڵەتەکان لە نەوەی سێیەمدا (واتە دوای نزیکەی 40 ساڵ) توشی سستی و داڕمان دەبن". لە مێژووی ئیسلامیشدا دوای سی ساڵ سیستمی خیلافەت لەگەڵ هاتنی ئومەوییەکان گۆڕا بۆ شێوازی پشتاوپشتی دەستەڵات. ئەمەش پشتڕاستی هەموو ئەو تیۆریانە دەکاتەوە کە دوای سی بۆ چل ساڵ رژێمە تۆتالیتێرەکان توشی قەیران و پیربوون دەبن.

لەسەر ئەو بنەمایەش، رۆژانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی سنووردارە و لەقەیرانێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەدا دەژییت.

 

[1] The Dictator’s Handbook: Why Bad Behavior Is Almost Always Good Politics (2011)

[2] A Theory of Cognitive Dissonance

[3] States and Social Revolutions (1979)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×