ڕەفتار ئاوێنەی ئەندێشەیە، کاتێك ئیسلامیزم لە واقیعی نەتەوەکەی دادەبڕێت

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-02-02     229

دەگوترێت ڕەفتاری هەر مرۆڤێک نیشاندەری ئەو وێنە و تێگەیشتنەیە کە لە مێشکیدا بۆ شتەکان دروستی کردووە[1]. لەسەر ئەو بنەمایەش، دەتوانین بەئاسوودەیی ئەوە بڵێین، کە کێشەی هەرەزۆری ئیسلامییەکانی کوردستان "نامۆبوونە بە واقیع و خواستی کوردبوون" بە مەرجی خۆیان نەبێت. بەو مانایەی زۆربەی جاران، ئەوان ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆجی خۆیان هەیە بۆ کوردبوون، ئەگەر کوردبوون نەکەوێتە ناو ئەو چوارچێوە ئایدیۆلۆژییە، نامۆبوون بەواقیعی کوردبوون یان خۆ لێ بێدەنگکردن دەبێتە خەسڵەتی هەرەزەقی زۆرینەی هەرەزۆریان. هەڵبەت ئەو نەخۆشییەی کە ناومناوە نامۆبوونی ئایدیۆلۆژی (Ideological Alienation) ڕووبەڕووی زۆربەی ئایدیۆلۆژیاکان دەبێتەوە بەتایبەتیش کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم وەکو دوو ئایدیۆلۆژیای سنووربڕ و دۆگما، بەڵام ئەو نوسینە تایبەتە بە قسەکردن لەسەر ئیسلامیزم. ئەم کێشەیە بۆچی ڕوو دەدات؟

بە پشتبەستن بە تێزەکانی دێیڤد هارڤی لەسەر نامۆبوونی زەمانی و هارتمۆت ڕۆزا لەسەر خێراکردنی کۆمەڵایەتی، دەتوانین دابڕانی ئیسلامیزمی کوردستان لە واقیع و خواستەکانی نەتەوەی کورد وەک "نامۆبوونێکی ئاوێتەی زەمینی (پەیوەست بە شوێن و جوگرافیا) – زەمانی (پەیوەست بە مێژوو و تێپەڕبوونی کات)" پێناسە بکەین، کە تێیدا ئایدیۆلۆژیا لە کاتێکی مێژوویی کۆن و فەزایەکی جوگرافیی دەرەکیدا قەتیس دەمێنێت.

بۆ خوێندنەوەی " نامۆبوونی ئایدیۆلۆژی"، تێزێک هەیە بەناوی تیۆری "نامۆبوونی زەمینی و زەمانی" (Spatio -Temporal Alienation)، کە تەنها یەک نوسەر خاوەنی نیە بەڵکو چەمکێکی فرەپسپۆرییە (Interdisciplinary) و لەچەندین بواری فەلسەفی و کۆمەڵناسیی جیاوازدا پەرەی پێدراوە. ئەم تیۆرییە جەختکردنەوەیە لەسەر دۆخی ئیسلامیزم لە واقیعی کوردیدا، کە تیایدا هەڵگری ئەو ئایدیۆلۆژیایە؛ تووشی جۆرێک لە نامۆبوونی ئاوێتە دەکاتەوە و سێ ڕەهەندی سەرەکی هەن:

یەکەم: نامۆبوونی مێژوویی (دابڕان لە کات).

ئەم جۆرە دابڕانە کاتێک ڕوودەدات کە ئایدیۆلۆژیاکە لەبڕی ئەوەی لەگەڵ ئێستای کۆمەڵگەدا مامەڵە بکات، لە ڕابردوویەکی نموونەییدا دەژی، بۆ نموونە (سەردەمی خیلافەت، یان مێژووی دەستەڵاتە ئیسلامییەکان). ئەم نامۆبوونە، لە ئەنجامدا دەبێتە "ئایدیۆلۆژیایەکی تێپەڕبوو"، واتە بەسەرچوو، کە ناتوانێت وەڵامی قەیرانە هەنووکەییەکانی مرۆڤی ئەمرۆ، یان مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەی کوردی بداتەوە، کە بەدۆخێکی ژێردەستەییدا تێپەڕ دەبێت، لەوانەش؛ مەسەلەی ڕزگاریی نەتەوەیی، بەها دیموکراسییەکان، مافەکانی تاک و گەشەپێدان، چونکە مۆدێلەکەی ئەوان لەدەرەوەی سەردەمی ئێستایە و لەگەڵ هەموو ئەو بەهایانە تێکگیر دەبێت. هەر بۆیەشە زۆرجار هەندێک لەو توێژەرانەی کە کار لەسەر ئایدیۆلۆژیا و هزری ئیسلامییەکان دەکەن، پێیان وایە ئیسلامییەکان دیلی مێژووی دوورن و لەواقیعی ئێمەدا ناژین. ئەوان کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزی فرە پێکهاتەی هاوچەرخی چەند ملیۆنکەسی، چڕدەکەنەوە لە کۆمەڵگەیەکی بچکۆڵەی چەند سەدکەسی، وەکو ئاوەدانیی "یەسریب" کە دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ مەدینە. ئەم هاڕینە ئایدیۆلۆژییە، تاکی ئیسلامی تووشی وەهم دەکات و بەتەواوی لە واقیعی ئاڵۆزی ئەمڕۆ دووری دەخاتەوە.

کەواتە، دابڕان لە کات، توشبوونە بە وەهمێکی ئایدیۆلۆژی و دەرچوونە لە زەمەنی ئێستا و تووشی نۆستالجیا[2]ی زەمەنێکی جیاواز دەبێت، واتە "سۆز بۆ ڕابردوو"، کە دەکرێت دوو جۆر نۆستالجیا لەخۆ بگرێت:

یەکەمیان: نۆستالجیای دابڕانی ڕاستەوخۆ لە زەمەنی ئەمڕۆ و گەڕانەوە بۆ ناو مێژووی دووری وەکو سەردەمی چوار خەلیفەکان، یان بەپێی ئەو حەدیسەی کە هەمیشە لەسەر زاری بانگخوازە ئیسلامییەکانە و دەڵێت "خیر القرون قرني، ثم الذین یلونهم، ثم الذین یلونهم" (بوخاری و موسلیم). ئەم حەدیسە نموونەیەکە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی سەردەم یان قۆناغی زێڕین (Golden Age Theory). لێرەدا دوو حاڵەت لەخۆ دەگرێت: (1) تێڕوانین بۆ کات (Linear vs Cyclical): کە تیایدا مۆدێلێکی مێژوویی پێشکەش دەکات و تیایدا کات بە ئاڕاستەی داکشاندا دەڕوات. (واتە: سەرەتا باشترینە و دواتر بەرە بەرە بەرەو لاوازی دەچێت). ئەمەش پێچەوانەی تیۆرییەکانی "پێشکەوتن"ی مۆدێرنیتەوە، کە پێیان وایە مرۆڤایەتی هەمیشە بەرەو پێشەوە دەڕوات. (2) کایەی نموونەیی (Ideal Type): لای کۆمەڵناسێکی وەک ماکس ڤێبەر، ئەم سێ سەدەیەی یەکەم دەبنە "مۆدێلی نموونەیی"، کە هەموو نەوەکانی دواتر هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ ئەو مۆدێلەدا بگونجێنن، کە ئیسلامییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو لەو سۆزە بۆ ڕابردووە (نۆستالجیا) یان لەو خەیاڵەدا دەژین.

دووەمیشیان نۆستالیژیای ناو نۆستالژیا یان ناڕاستەوخۆ. بەمانای ئەوەی نوسەرێکی میسری لەناو نۆستالژیایەکی ڕاستەوخۆدا دەژیت، بەڵام لە واقیعێک کە بەتەواوەتی جیاوازە لە واقیعی کوردستان. چۆن؟ ئەو هزر و تەفسیر و خوێندنەوە جیاوازانەی کە نوسەرە میسرییەکان لەناو واقیعی میسردا بۆ دەقەکانی ئیسلام دەیکەن، تەواو جیاوازە لەواقیعی خوێنەرێکی ناو کۆڵانەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە کۆمەڵگەیەک کە خواستەکان، ئازارەکان، کولتوور و مێژوو و جوگرافیا و پەیوەندییەکانیشییان جیاوازن. ئاخر نوسەرێکی وەکو سەید قوتب کە لە کۆمەڵگەی میسری گەورە بووە و پێگەیشتووە، کۆمەڵگەیەک کە سیستمی سیاسی و خەم و ئازارەکان و کولتوور و مێژووەکەشی جیاوازە لەگەڵ واقیعی کوردستان، بەدڵنیایی نۆستالژیاکەشی جیاواز دەبێت لەگەڵ نۆستالژیای خوێنەرێک کە لە کوردستان دەژیت. سەید قوتب هەرگیز ناتوانێت وەکو تاکێکی کورد بیر بکاتەوە، تاکێک کە لە ئاساییترین حاڵەتدا بۆماوەی سەد ساڵە لەلایەن چوار داگیرکەر هاوئایینی کورد دەچەوسێندرێنەوە و هەر چواریشیان بانگەشەی موسوڵمانەتی دەکەن. هەموو ئەو خەسڵەتانە بەشێکن لە نۆستالژیای ڕاستەوخۆی کەسێکی وەکو سەید قوتب بۆ سەردەمی "باشترین سەدە" یان سەردەمی خیلافەت، کاریگەریان لەسەر نوسەر هەیە و دەقەکانی نوسین لەژێر کاریگەری بارودۆخی میسر لەدایک دەبن. خۆ ئەگەر بەمەبەست توێژینەوەیەک لەسەر نۆستالجیای نوسەرێکی ئیسلامی میسری بکەین، بەدڵنیایی پاڵنەرەکانی نۆستالژیای ئەو، ڕەهەندی جیاوازی هەن، لەگەڵ نۆستالژیای ئیسلامییەکی ناو کۆڵانەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک. لێرەدا، چونکە ئیسلامییەکی کورد پەروەردەی کتێبەکانی ئەو نوسەرە میسرییەیە کە نۆستالژیایەکی ڕاستەوخۆی هەیە، خوێنەرە کوردەکەش دەچێتە ناو قالبی هەمان نۆستالژیای ئەو نوسەرە میسرییە. بەو جۆرە دەکەوێتە ناو نۆستالژیای ناو نۆستالژیا، یان نۆستالژیایەکی ناڕاستەوخۆ.

دووەم: نامۆبوونی جوگرافی و نەتەوەیی (دابڕان لە شوێن).

ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم زۆرجار وەک "فۆڕمێکی شۆڕشگێڕ"، تەماشا دەکرێت، کە سنوورە نەتەوەییەکان ناناسێت. لە واقیعی کوردیدا، ئەمە دەبێتە هۆی پێکدادان لەگەڵ پرسی نەتەوایەتی و خواستە سەربەخۆییخوازەکانی خەڵکی کوردستان. لەو دووڕیانەدا کێشەکە لەکوێوە سەر دەگرێت؟ کاتێک ئیسلامیزم دەیەوێت ناسنامەیەکی ئایینی ڕووت ، بەسەر واقیعی ستەملێکراوی کورد بسەپێنێت، کە پێویستی بە ڕزگاریی نیشتمانییە. لێرەدا ڕەفتاری ئیسلامیزم دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ ئەندێشەیەک، کە کوردستان وەک فەزایەکی تایبەت نابینێت، بەڵکو وەک پارچەیەک لە نەخشەیەکی خەیاڵی (ئوممەت) دەیبینێت.

لەو دووڕیانەشدا، دەیان بەڵگە و دۆکومێنتمان لەبەردەستدا هەن، ئەوە دەسەلمێنن کە ئیسلامییەکان لەوەهمی گەڕاندنەوەی (ئوممەت)دا دەژین، ئوممەت بەمانای خیلافەت و برایەتیی ئیسلامی. لە سایەی عەقیدەی دۆستایەتی و دوژمنایەتی (خۆبەریکردن) (وەلاء و بەراء)؛ برای ڕاستەقینە ئەوە نیە کە هاوزمان و هاوکولتوور و هاوزێدە، بەڵکو ئەوەیە کە هاوبیروباوەڕ و موسوڵمانێکە وەکو ئەو بیربکاتەوە. دۆستایەتی و دوژمنایەتیش لەسەر ئەو بنەمایە بینا دەکات.

لێرەدا چەند نموونەیەک لەو دابڕانە باس دەکەم

گۆڕینی چەمکی نیشتمان بۆ دارولئیسلام: لای بزووتنەوە ئیسلامییەکان (وەک ئیخوان و جیهادی سەلەفی)، نیشتمان تەنها پارچە زەوییەک نییە، کە سنووری سیاسیی هەبێت، بەڵکو هەر شوێنێکە، کە شەریعەتی تێدا جێبەجێ بکرێت. نموونە: سەید قوتب یان مەودودی پێیان وایە "نیشتمانی موسوڵمان عەقیدەکەیەتی"، ئەمەش وادەکات هەست بە نامۆبوون بکات بەرامبەر ئەو خاکەی لێی دەژی، ئەگەر بەپێی دیدگای ئەو ئیسلامی نەبێت. لێرەدا جوگرافیا بەهاکەی لەدەست دەدات و بیروباوەڕ "دەبێتە شوێن"، ئەو نامۆبوونە بەرامبەر خێزانیش هەر وایە. هەیانە ئامادەن بۆ دەیان ساڵ سڵاو لەکەسێک نەکەن بەهۆی جیاوازی بیروڕا.

سڕینەوەی مێژووی "پێش ئیسلام" (نامۆبوونی نەتەوەیی): ئەم ئایدیۆلۆژیایە مێژووی نەتەوەکان دابەش دەکات بۆ دوو بەش: پێش ئیسلام (جاهیلییەت) و دوای ئیسلام (ڕووناکی). ئەمە وادەکات تاک شەرم لە ڕابردووە دێرینەکەی خۆی بکات. نموونە: لە میسر، هەندێک لە ئیسلامییەکان مێژووی فیرعەونەکان بە مێژوویەکی بتپەرستی و دوور لە ئایین دەبینن. لە کوردستان، بایەخ نەدان بە نەورۆز و دیتنی وەک جەژنێکی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردی. ئەوەش نموونەی ئەو دابڕانەیە کە دەیەوێت ناسنامەی نەتەوەیی لە مێژوو داببڕێت و تەنها لە چوارچێوەی "ئوممەت"دا کورتی بکاتەوە.

گۆڕینی زمانی دایک بۆ زمانی پیرۆز. ئیسلامیزم زۆرجار زمانی عەرەبی نەک وەک زمانی نەتەوەیەک، بەڵکو وەک تەنها زمانی "هۆشیاری ڕاستەقینە" دەناسێنێت. نموونە: کاتێک تاکێک واهەست دەکات کە زمانی دایک (وەک کوردی، فارسی یان ئەمازیغی)، ناتوانێت گوزارش لە پیرۆزییەکانی بکات، پەنا دەباتە بەر لاساییکردنەوەی زمان و فەرهەنگی ناوچەیەکی دیکە بەتایبەتیش عەرەبی، ئەمە جۆرێکە لە نامۆبوونی کولتووری و نەتەوەیی. یان لەجیاتی بەکوردی سڵاو بکەن، کردوویانە بە عەرەبی و بەلایانەوە پەسەند نیە بە هیچ شێوازێکی کوردی سڵاو بکرێت. یان گۆڕینی ناوی خودا لە بەکارهێناندا بۆ (اللە)،لای هەندێک لە سەلەفییەکان، وەکو اللە لێت ڕازی بێت، لەجیاتی خودا لێت ڕازی بێت. 

سێیەم: نامۆبوونی زمانەوانی و سیمبۆڵیک

ئیسلامیزم پەنا دەباتە بەر زمان و سیمبۆڵگەلێک، کە ڕەگێکی مێژوویی و کولتوورییان لەناو ژیانی ڕۆژانەی کورددا نیە. ئەوانەی کە لەنزیکەوە ئاشنان بە ئیسلامیزم، زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو جۆرە سیمبۆلانەن. لەوانەش بەکارهێنانی چەمکە سەلەفی یان ئیخوانییەکان، کە بەتەواوەتی لە ژینگەی عەرەبییەوە هاتوون. بۆنموونە مەلا کرێکار لە شیعرێکی خۆیدا دەڵێت "دیاردەی ئیسلامیمان نەما؛ لای من ڕیش و لای تۆش سەرپۆش"، بەو مانایەی هەر پیاوێک ڕیش دانەنێت و هەر ژنێکیش لەچک نەکاتە سەری، لەناو بازنەی ئیسلامیزمدا ناژیت. لەڕووی ڕەفتارییەوە، ئەم دابڕانە وادەکات ئەندێشەی ئیسلامی" نەتوانێت بخزێتە ناو "پانتایی کوردی"، چونکە زمانەکەی زمانی خەڵکی ئاسایی و ڕەفتار و کردارەکانیشی لەگەڵ واقیعی کوردیدا ناژین. تەنانەت لە خواپەرستی و نوێژکردنیشدا ڕەفتار و جموجۆڵی ئیسلامییەک لەگەڵ موسوڵمانێکی باوەڕدار جیاوازە. زۆربەمان لە مزگەوتەکان ئاڵۆزی نێوان ئیسلامییەک و نوێژکەرێکی ئاساییمان بینیوە یان بەر گوێ کەوتووە، هەندێک جار لەسەر شێوازی دەستگرتن، یان بەیەکەوە لکاندنی قاچەکان مشوتمڕ دروستبووە.

بواری ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لەو نوسینە کورتەدا دەتوانین دۆخی ئیسلامییەکان لە میتافۆڕی "قەیرانی ئاوێنە شکاوەکە"دا چڕ بکەینەوە، کە نوسەری ناوداری میسر فوئاد زەکەرییا لە کتێبی "ڕاستی و وەهم لە بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکاندا" ئاماژەی بە ئاوێنەی شێوێندراو کردووە و زۆر نوسەری دیکەش بە شێوازی جیاواز ئاماژەیان پێکردووە. ئەگەر ڕەفتار ئاوێنەی ئەندێشە بێت، ئەوا لە حاڵەتی ئیسلامیزمی کوردیدا؛ "ئاوێنەی شکاوە"، چونکە ئەندێشەکە (ئایدیۆلۆژیاکە) جیهانییە و نانەتەوەییە. واقیعەکە (کۆمەڵگەی کوردی) ناوخۆیی و نەتەوەییە. دەرەنجامی ئەم دابڕانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئیسلامیزم نەتوانێت "پڕۆژەیەکی دەوڵەتداری" یان "پڕۆژەیەکی چاکسازی کۆمەڵایەتی"، پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی بکات، کە لەگەڵ تایبەتمەندییە دەروونی و مێژووییەکانی مرۆڤی کورددا بگونجێت. لێرەوە ڕەفتارەکانی (سیاسەت، گوتار و هەڵوێست)، دەبنە شتێکی نامۆ و وەک "تەنی نامۆ" لە جەستەی کۆمەڵگەدا دەردەکەون.

دەتوانین ئەو نامۆبوونە لە چوارچێوەیەکی دیکەشدا ببینین. ئەدەبیاتی ئیسلامیزم لە کوردستان بە تێکڕایی دەگەڕێتەوە بۆ میسر بە پلە یەک و بە پلەدووش بۆ سعودیی و دوورگەی عەرەبی و دواتریش جەزائیر و ئەردن و سوریا. بەگشتی سەرچاوەی ئەدەبیاتی ئیسلامیزم عەرەبین، بەشێوەیەکی ڕێژەییش پاکستان، لە پێشەوەی هەموویانەوە کەسێکی وەکو ئەبو ئەعلای مەودوودی. ئەو ئەدەبیاتەی کە ئیسلامییەکان لەسەر پەروەردە دەکرێن، بەتایبەتیش ئەدەبیاتی ئیخوانی، بەتێکڕایی دەگەڕێتەوە بۆ عەرەبە ئیسلامییە ئیخوانییەکان. بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمین سەرچاوەی یەکەمی ئەدەبیاتی تیۆرییەکانی ئیسلامیزمن، بەدوای ئەوانیشدا هەندێک لەوانەی کە بە سەلەفی جیهادی ناسراون. دوای ئەوانیش تیۆریزەکردنی سەلەفیزم، بە هەموو باڵەکانییەوە. ئەمەش مانای وایە سەرچاوەی پەروەردەی ئیسلامییەکان لە پێشەوەی هەمووشیانەوە مەسەلەی دۆستایەتی و دوژمنایەتی یان "دۆستایەتی و خۆبەریکردن" "وەلاء و بەراء"، کە بنەمایەکی دۆگمای قوڵی هەیە لە دابڕینی تاکەکان لە خێزان و کۆمەڵگە و واقیعی خۆیان، بەجۆرێک سەرکردەیەکی وەکو ئەبولئەعلای مەودودی لە کتێبی (أحادیث الی الطلبة) و لە (توجیهات اسلامیة)دا دەبێژێت: "ئێمە کاتێک دەمانبیست یان دەمانبینی قوتابییەک یان گەنجێک لەسەر ڕێگای بانگەواز و ئیسلام، پەیوەندی لەگەڵ باوکی یان خێزانەکەی تێکچووە، یان لەماڵ دەرکراوە، «پیرۆزباییمان لێدەکرد»، چونکە ئەوە نیشانەی ئەوە بوو، کە ئەو گەنجە بە تەواوی لە جاهیلییەت جیا بووەتەوە و ئامادەیە بۆ بیناکردنی ژیانێکی نوێ لەسەر بنەمای عەقیدە".

بەکورتی، ئەوانەی لەسەر بنەمای ئەو ئایدیۆلۆژیایە جۆش دراون و پەروەردە کراون، بەهیچ شێوەیەک نامۆ نییە، کە لەگەڵ جۆش و خڕۆشانی هاوزمانەکانییان ناخڕۆشین هێندەی لەگەڵ پرسی شیشانییەک، ئەفغانییەک، یان فەلەستینییەک دەخرۆشێن بە بیانۆی هاوئایدیۆلۆژیا، بە بیانۆی ئەوەی ئەوان موسوڵمانن و دەچەوسێندرێنەوە، بەڵام چونکە حیزبێکی سیاسیی نائیسلامیی ڕێبەرێتی بزووتنەوە کوردییەکە دەکات، ئەو نامۆبوونە دروستدەبێت، هەموو ئەوەش لەسەر بنەمای دۆستایەتی و دوژمنایەتییە.

 

[1]  عەرەب دەڵێن: التصرف عنوان التصور

[2] نۆستالجیا (Nostalgia) واتە "بیری رابردوو کردن" یان "حەسرەتخواردن بۆ سەردەمێکی بەسەرچوو". ئەم چەمکە لە دوو وشەی یۆنانی پێک هاتووە؛ ئەلگۆس (Algos) واتە گەڕانەوە بۆ نیشتمان و نۆتۆس (Nostos) واتە ئازار. کەواتە لە بنەڕەتدا بە مانای "ئەو ئازارە دێت کە بەهۆی دووری لە نیشتمان یان دووری لەکاتێکی دیاریکراو، یان سەردەمێکی دیاریکراو، دروست دەبێت.

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی نۆستالجیا: (1) پیشاندانی خەیاڵ: مرۆڤ لە نۆستالژیادا تەنها لایەنە جوانەکانی ڕابردوو دەبینێت و ناخۆشییەکانی نابینێت و لەبیریان دەکات، یان هەر نەیدیون. (2) کاتێک مرۆڤ لە سەردەمی ئێستادا هەست بە نائارامی یان نامۆبوون دەکات، پەنا دەباتە بەر یادکردنەوەی ڕابردوو وەک جۆرێک لە ئارامی. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئیسلامییەکان دەیانەوێت مۆدێلێکی ڕابردوو لە واقیعی ئەمڕۆی جیاوازدا دووبارە بکەنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×