اپێگەی مێژوویی ئێزدییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-02-27     148

بەمەبەستی نوسینی توێژینەوەیەک لەسەر ئێزدییەکان؛ بەسەر کتێبێکی باشدا کەوتم، کە بەشێوەیەکی زۆر مەنهەجی و ئەکادیمی بە زمانی عەرەبی نوسراوە، بەناوی لێکۆڵینەوە لە مێژووی کوردانی ئێزدی (دیراسات في تاریخ الکورد الازیدیین[1])، بە پێنوسی هەردوو نوسەری بەتوانا "عەدنان زیان فەرحان" و "قادر سەلیم شەمۆ" نوسراوە. کتێبەکە لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی کورد و پارێزگاریکردن لە دۆکومێنت/ زانکۆی دهۆک، لە 2009 لە چاپخانەی زانکۆی دهۆک چاپ کراوە. هێشتا کتێبەکەم هەموو نەخوێندۆتەوە، بەڵام دەوڵەمەندی کتێبەکە و ئەو بارودۆخەی ماوەی ڕابردووی ڕۆژئاڤای کوردستان وای لێکردم بەشێک لەو زانیارییانە لەگەڵ خوێنەرانی دابەش بکەم.

کێشەی سەرەکی هەنووکەی کورد بە موسوڵمان و ئێزدیی و کەمینە ئایینییە کوردەکانی دیکەشەوە، نەخوێندنەوەی مێژووی خۆیانە. مێژووی نەتەوەی کورد پڕیەتی لە خەبات و خۆبەدەستەوە نەدان. پریەتی لە شۆڕش و خۆڕادەستنەکردن. ئەم هەموو قوربانییەش دەکرێت هۆکارێکی سەرەکیی بێت لەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی نەتواوەتەوە و توانیویەتی پارێزگاری لە خاکی کوردستان، زمان و کولتووری خۆی بکات. بەبێ دوودڵیش دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆری ئەو فەزڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئێزدییەکان و جیاوازیی ئایینیی، چونکە بەهۆی "جیاوازی ئایینییانەوە" توانیویانە پارێزگاری لە کولتور و زمانی کوردی بکەن. ئەو خۆڕاگری و پارێزگاریکردنەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پەیوەندیی بە جیاوازی ئایینییەوە هەیە، چونکە بەزۆر ئەگەرەوە  ئەو ڕاپەرینانە هێندەی پاشخانیی جیاوازی ئایینییان هەیە، شتێکی دیکە نییە، وێڕای ئەوەی لەو سەردەمانەدا ناسنامەی ئایینی زیاتر باو بووە تا ناسنامەیەکی دیکە. هۆکارەکەش هەموو ئەو فشارانە بوون کە لەسەردەمی عەباسییەکانەوە دژ بە ئێزدییەکان دەستی پێکردووە و لە سەردەمی عوسمانییەکان ئەو فشارانە گەیشتوونەتە لوتکە. لەو پێناوەشدا ئێزدییەکان گەورەترین باجییان داوە.

لە شەرەفنامەی شەڕەفخانی بەدلیسی، کوردانی ئێزیدی پێگەیەکی گرنگییان هەیە. شەڕەفخانی بەدلیسی ناوی ئیمارەتی داسنی لەچوارچێوەی لیستکی تایبەت بە دەستەڵاتدار و میرەکانی کوردستان لە بەشی حەفتەمی کتێبی (شەرەفنامە)دا دەربارەی مێژووی دەوڵەت و ئیمارەتە کوردییەکان، باس کردووە، بەڵام وەکو هەردوو نوسەر دەڵێن؛ بەداخەوە ئەو بەشەی کتێبەکە لەکاتی چاپکردنی فڕێدراوە و دیار نەماوە، دیارە داخ لەدڵێک بر لە چاپکردنی کتێبەکە دەبێت ئەو بەشەی فەوتاندبێت. هەر لە شەڕەفنامەدا هاتووە، کە (7) جڤاکی سەرەکی لە کۆتایی سەدەی پازدەدا لە کۆی (30) جڤاکی هۆزە کوردەکان، لەسەر ئایینی ئێزدی بوون، کە بریتیبوون لە: داسنی، خالتیی (خولدی)، دۆمبلی، مەحمودی، بسیانی، بەختی (بۆتانی) و سلێڤانی.

ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرنجە، هەموو هۆزە ئێزدییەکان لە کوردستان لەپشت سەرکردەی کورد سەڵاحەددینی ئەییوبی وەستاون لە شەڕیان دژ بە خاچهەڵگرەکان. لەبەرامبەر ئەو هەوڵ و پشتیوانییەش، سەڵاحەددین زۆربەی ناوچەکان و قەڵاکانی لە قەسیر، لە رۆژئاڤای حەلەب بەخشین بە ئێزدییەکان. بەو جۆرە ئێزدییەکان توانییان ئیمارەتێک بەناوی ئیمارەتی ئەزیزیان دابمەزرێنن، (شێخ مەند)یش بووە ئەمیری ئێزدییەکان و ڕێبەری کورد لەڕێگای زۆرینەی ئێزدییەکانەوە. شەڕەفخانی بەدلیسی وەسفی ئەو ئیمارەتەی ناوچەکانی حەلەب، کلیس و قەسیری کردووە؛ کوردەکان لەدەوری شێخ مەند کۆبوونەتەوە و هێز و فەرمانڕەوایەتی بەرفراوان بووە و زۆربەی هەرە زۆری کوردی ویلایەتی شام و حەلەب لەدەوری شێخ مەند کۆبوونەتەوە. بەهۆی ئەو هێز و ناوبانگ و فەرمانڕەوایەتییەی میر مەند؛ سڵاحەددینی ئەییوبی شۆرەتی (میری میرانی) هەموو کوردانی حەلەب و شامی بەخشییوە بە میر مەند.

لەگەڵ بەهێزبوونی ئیمارەتی ئێزدییەکان لە حەلەب و شام، ئیمارەتی ئێزدی لە باشووری کوردستان دووچاری جۆرێک لە لاوازی دەبێت بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئەتابیکەکانی موسڵ بە ڕێبەرێتی بەدرەدین لوئلوئە لە بۆسەر ئەو ئیمارەتە. بۆیە نەوەکانی شێخ ئادی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی داسنی ڕوویان لە ڕۆژئاڤای کوردستان کردووە، یەکەم کەسیش کە ڕووی لەوێ کردووە زێندەدینی کوری شەرەفەدین بووە.

دوای کۆچی دوایی میر مەند، دەستەڵاتدارانی ئەو میرنشینە پێگەیەکی گەورەیان داوە بە میر زێنەددین، دوای ئەوە دەستەڵاتی میر زێنەددین زۆر بەرفراوان بووە و گەیشتۆتە میسر. بۆیە مەمالیکەکان وەکو مەترسیی هەژماریان کردووە، لە ئەنجامیشدا شا سەیفەددین قەلاوون فەرمانێکی بۆ جێگرەکەی لە شام دەرکردووە بۆ دەستگیرکردنی میر زێنەدددینی هەکاری و بینێرن بۆ میسر. بەو جۆرە توانراوە لە دیمەشق لە 1282ی زایینی دەستگیر بکرێت و بینێرن بۆ میسر. لەوێ ئەشکەنجەیەکی زۆریان داوە و دوای سێ ساڵ لە زیندان ئازادیان کردووە و گەڕاوەتەوە و لە 1298ی زایینی کۆچی دوایی کردووە. دوای ئەوە کورەکەی عێزەددینی هەکاری دەستەڵاتی گرتۆتە دەست و یەکێک بووە لە میرە بەناوبانگەکان و بە (میری میران) ناوبانگی دەرکردووە و تەواوی کوردانی حەلەب و دیمەشق لە دەوری کۆبوونەتەوە. دەستەڵاتی میر عێزەەدین لە کۆتایی دەستەڵاتی چەرکەسەکان ئەوەندە بەهێز بووە، هەر کوردێک ببیندرابا پێیان گوتووە (تۆ کوردیی خودای ئێمەی یان کوردی میر عێزەددین)، لەوانەیە مەبەستیش لەو دەستەواژەیە، جیاوازیی ئایینی بووبێت. دوای هەموو ئەو ڕووداوانە لە 1516ی زایینی، دەستەڵاتی عوسمانییەکان لەژێر سوڵتان سەلیمی یەکەم لە هەڵکشاندا بووە و پەلاماری سوریای داوە و سوپای میسری تێکشاندووە، میرێکی ئێزدیش بەناوی میر قاسم کە لە ماڵباتی "میر مەند" بووە، دژ بە میر عێزەددین؛ پشتیوانی لە عوسمانییەکان کردووە و لەگەڵ سوپای عوسمانی چۆتە ئیستەمبۆڵ، بەڵام دوای ئەوەی عوسمانییەکان میر قاسمییان بە تۆمەتی ناپاکی کوشتووە، جارێکی دیکە میر عێزەددینییان کردۆتەوە بە والی حەلەب.

ئەو مێژووە زۆر ورد و جێگای لەسەر وەستانە، بەتایبەتیش ڕەهەندی کوردی لە حەلەب تا دیمەشق. لەو مێژووە تێدەگەین کە پرۆسەی تەعریب و کۆچی بەلێشاوی هۆزە عەرەبییەکان توانیویەتی ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی لەکوردبوون دابشۆرێت، بەتایبەتیش دوای کۆتاییهاتنی دەستەڵاتی سەڵاحەددینی ئەییوبی. بەپێی سەرچاوەکان، دەستەڵاتی ئێزدییەکان لە کوردستان لەرێی جڤاکی هۆزە کوردەکانەوە؛ کە لەسەر ئایینی ئێزدی بوون لە پێش ئیسلامەوە، زۆر بەرفراوان بووە، گرنگترینی ئەو جڤاکانەش دۆمبەلی، مەحمودی، بەختی، بسیانی، خالتانی و سلێڤانی بوون، وێڕای داسنی و ئینکاری کە بەر لە ئیسلام دەستەڵاتییان لە هەکاری و بۆتان و شەنگال زۆر باڵا بووە.

ئەوەی کە جێگای سەرنجە، ئێزدییەکان لەهەموو کوردستانی مێژوویی باڵادەست بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز و هاتنی هێزە هەمەجۆرەکان بۆ کوردستان، بەشی هەرەزۆری ئەو هیزە ئێزدییانە بەتایبەتیش بەشێک لە میرەکانییان بوون بە موسوڵمان و بەشەکەی دیکەیان کە نەیانویستووە ببن بە موسوڵمان بەرەو شێخان و شەنگال خشاون.  بەوجۆرە لەگەڵ بەرفراوانبوونی دەستەڵاتی موسوڵمانەکان، دەستەڵاتی ئێزدییەکان لە بەرتەسکبوونەوەدا بووە.

 

[1] Farhan A. Z.; Shamo, Q. S. (2009). Dirasat fi Tarikh al-Kurd al-Izidiyyin [Studies in the History of Yezidi Kurds]. Duhok: Kurdish Studies and Document Preservation Centre/Duhok University.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×