ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە. هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ناوەندی بڕیار لە تاران و نەمانی بەرزترین دەستەڵاتی سیاسی و ئایینی، کۆتایی بە سەردەمی "جەنگی سێبەر" هێنا و دەرگای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە یان داڕمانێکی ناوخۆیی واڵا کرد. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و ئەگەرەکانی شکستی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ستراتیژییەتێکی تازە و هاوسەنگییەکی نوێی هەرێمی دەبات. لەو نێوەندەدا هێزە کوردییەکان دەبێت بەچ ئاراستەیەک بجوڵێنەوە؟ لێرەدا هەوڵدەدەین ئەو پرسە لە سێتەوەردا چارەسەر بکەین:
تەوەری یەکەم: داڕمانی ستراتیژی دەوڵەتی ئێران
بۆ ماوەی چوار دەیە، ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای "بەرگری لە دەرەوەی سنوور" و "هێزی سڵەمینەوە"، داڕێژرابوو، بەجۆرێک هەموو ناوچەکەی خستبووە ناو تەنگژە و گێژەلووکەیەکی بەردەوام و ناسەقامگیر. کۆمارێک کە خودی دروشمەکانی ڕەنگدانەوەی ئەقڵییەتێکی شۆفینییست و توندوتیژ لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە گواستنەوەی ئەزموونی شۆرشی ئیسلامیی بۆ دەرەوەی سنوورەکان، کە هەمیشە هۆکارێکی ناسەقامگیریی ناوچەکە بوو.
بەڵام ئەو هێرشەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕائیل لەبڕەو دایە، دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئێران، ڕاستەوخۆ چەند ڕاستییەک دەسەلمێنێت:
شکستی قەڵغانی بەگری: هێرش بۆ سەر تاران نیشانەی ئەوەیە، چەمکی سڵەمینەوە (Deterrence) لای ئێران شکستی هێناوە و تاران پارێزراو نییە. ئەم ئەقڵییەتە ئایدیۆلۆژییەی دەستەبژێری دەستەڵات لە تاران جارێکی دیکەش ئەوەی سەلماند کە ئایدیۆلۆژیا ناتوانێت چاوساغ و ڕێپیشاندەر بێت بۆ ئاییندەیەکی گەش و مژدەبەخش. ئەنجامی ئەو ئایدیۆلۆژیایە، تەخشان و پەخشانکردنی سامانی ئەو وڵاتە بوو لە چەک و میلیشیاکان و ئاژاوەنانەوە، بەڵام لە کۆتاییشدا هیچێک لەو ستراتیژییەتانە نەیانتوانی ئاساییشی ئەو دەوڵەتە بپارێزن.
بۆشایی دەستەڵات: لەگەڵ کوژرانی ڕێبەر، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعییەت و ململانێی باڵەکان دەبێتەوە (سوپا، دەزگا ئەمنییەکان و سیاسییەکان)، لە سەرێکیشەوە جەماوەر. ئەم بۆشاییە دەتوانێت دامودەزگاکانی دەوڵت ئیفلیج بکات. ڕاستە خودی پێگەی ڕێبەری ئیسلامیی ئێران، شکۆیەکی تایبەت و شەرعییەتێکی مەزهەبیی هەیە، بەڵام جێگرەوەی عەلی خامەنەئی، هەرگیز ناتوانێت ئەو شکۆ و شەرعییەتە بە ئەندازەی خامەنەئی بپارێزێت. لەو بارەیەوە دەتوانی بەراوردی بکەین بە شکۆی سەرۆک کۆماری ئێراق. کە مام جەلال بووە سەرۆک کۆمار، خودی مام جەلال شکۆیەکی تایبەتی بەو پێگەیە بەخشی، لەپاڵ ئەو شکۆیەی کە خودی پۆستەکە هەیبوو. بەڵام هەموو ئەوانەی دوای ئەو هاتن، نەک هەر شکۆی تازەیان بەو پۆستە نەبەخشی، بەڵکو ئەو شکۆیەی هەشی بوو، لەدەستی دا.
پچڕانی پەیوەندی بە بریکارەکان: لە کاتێکدا ناوەند لێبدرێت، گروپە وەفادارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا تووشی سەرلێشێوان دەبن، ئەمەش کاریگەریی هەرێمیی تاران بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێنێت. ئەم پەیوەندییە لە خودی خۆیدا لە دوای 7/10 زامدار بووە و زیانێکی زۆری پێکەوتووە، بەتایبەتیش دوای لە پەلوپۆخستنی حەماس و حیزب و اللە و حوسییەکان. ئەوەی ماوەتەوە چەند تەنێکی شەکەت و گروپە میلیشیاکانی عێراقن، کە لەڕووی ستراتیجییەوە نە گوتارێکی ئەقڵانییان هەیە و نە توانای شەڕێکی درێژخایەن لەبەردەم تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ.
تەوەری دووەم: ستراتیژی نەتەوەیی کورد، کاتی بڕیارە مێژووییەکان؛ گۆڕینی گوتاری سیاسی لە "خۆپاراستنەوە" بۆ دەستپێشخەری (initiative).
بۆ کورد و هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمە ساتی "تەقینەوەی دەرفەتەکانە"، بەڵام هاوکات پڕە لە مەترسی، ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت. ئەم وریاییەش پێویستی بە کەسانێکی پڕاگماتیک هەیە، لە بەستنەوەی چۆنییەتی بیناکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و داخوازییە ناوخۆییەکان تێبگات. لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو تەوەرە لەچەند خاڵێکدا کورت بکەمەوە:
کورد لە جیاتی ئەوەی هەمیشە وەک "کێشەیەک" لە چوارچێوەی دەوڵەتە ناوەندییەکاندا خۆی پێناسە بکات، دەبێت وەک "کارەکتەرێکی سەربەخۆ" لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا دەربکەوێت. لەڕێگای گوتارێکی سەربەخۆخوازیی ئەقڵانی، دەبێت ئێران لەوە تێبگات کە کورد دژ بە ستراتیژییەتی ئێرانێکی بەهێز نییە، بەڵام بەشێکیش نییە لەو ستراتیژیەتەی کە باوەڕی بە ئێرانێکی ناوەندگەرا هەیە. لەو پێودانگەشەوە دەبێت جەخت لەو خەسڵەتانە بکاتەوە:
دیپلۆماسی مێژوویی: جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی؛ پەیوەندیی کورد و ئێران (یان هەر دەوڵەتێکی دیکە)، پەیوەندییەکی "کۆلۆنیالی"یە نەک تەنها کێشەی نێوان کەمینە و زۆرینە. بەو مانایەی مێژوو و دۆخێکی کتوپڕ لە چرکەساتێکی مێژوویدا کوردی بەو ئاقارە مێژووییەدا بردووە، بەڵام چیدیکە ئامادە نییە ئەو باجە بدات.
یەکخستنی گوتار: پێویستە هێزە کوردییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێناسەی "مافی سەربەخۆخوازی" وەک مافێکی یاسایی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن، نەک وەک یاخیبوونێک دژی سەروەری دەوڵەت.
سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ستراتیژییەکانی ئێران
ئێستا ئێران لەبەردەم فشارێکی بێوێنەی دەرەکیدایە. ستراتیژی سەربەخۆخوازی دەبێت ئەم خاڵانە بقۆزێتەوە:
بونیادنانی جێگرەوە: (Alternative): کورد دەبێت خۆی وەک سەقامگیرترین و دیموکراتیترین جێگرەوە نیشان بدات، کە دەتوانێت لە ئەگەری هەر وەرچەرخانێکدا، ئاساییشی ناوچەکە بپارێزێت.
پەیوەندی هەرێمی: دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو هێزانەی کە بەرژەوەدنییان لەگەڵ لاوازبوونی ناوەندگەرایی تاراندا هەیە، بە جۆرێک، کە سەربەخۆیی کوردستان وەک فاکتەری "ئاشتی و هاوسەنگی" بناسێنرێت، نەک وەک سەرچاوەی ناسەقامگیری. لەو دووڕیانەشەوە، دەبێت کورد بوێرییەکی هەرێمی پیشان بدات و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، نەک شتێکی دیکە.
ئامادەسازیی ناوخۆیی (بونیادنانی دەوڵەت پێش ڕاگەیاندن). سەربەخۆخوازی تەنها دروسشم نییە، بەڵکو کردارە. لەم قۆناغەدا پێویستە:
سەربەخۆیی ئابووری فەرهەنگی: کەمکردنەوەی پاشکۆیەتی ئابووری بۆ ناوەند و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی بە جۆرێک، کە مرۆڤی کورد خۆی بە هاوڵاتی دەوڵەتێکی خەیاڵکرد نەزانێت.
دامەزراوەسازی: دروستکردنی ئەو ژێرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی، کە لە کاتی هەر هەڵوەشانەوەیەکی کتوپڕی ناوەنددا، کورد بتوانێت خێرا بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە و وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ مامەڵە بکات.
لە زانستی ستراتیژیدا، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئامانج و ئامراز. (سەربەخۆیی) ئامانجە، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هەندێک جار پێویست دەکات لە ڕێگەی "فیدڕاڵی، یان "ناوەندگیرییەوە"، هەنگاو بنرێت، بە مەرجێک وەک وێستگەیەک سەیر بکرێن نەک وەک کۆتایی رێگاکە. یان وەک ئەوەی کورد لە باشوور لە بەغدا پاڵي لێداوەتەوە، لە کاتێکدا باشوور بە دەیان قەیراندا تێپەڕ دەبێت و زۆربەی قەیرانەکانیش هۆکارەکەی بەغدایە و ناتوانن چارەسەری بکەن.
تەوەری سێیەم: بۆ ئەوەی کورد بتوانێت پرسی سەربەخۆیی وەک کلیلێکی چارەسەر لە کێشمەکێشی نێوان (ئێران و ڕۆژئاوا) دا پێشکەش بکات، پێویستە خۆی لە "قوربانییەک کە داوای هاوکاری دەکات" بگۆڕێت بۆ "هاوبەشێکی ستراتیژی کە چارەسەری پێیە". لێرەدا چوارچێوەی ئەو ڕوانگە ستراتیژییە دەخەینە ڕوو، کە چۆن کورد دەتوانێت لەم نێوەندەدا جێگەی خۆی بکاتەوە:
گۆرینی چەمکی "کێشەی کورد" بۆ "پرسی کورد، یان پرسی چارەسەریی. ڕۆژئاوا (بەتایبەت ئەمریکا و ئەڕوپا) هەمیشە لە تێکچوونی یەکپارچەیی ئێران دەترسێت. دەترسێت لەوەی هەر ئاڵۆزیی و هەڵوەشانەوەیەک ببێتە هۆی پشێوی و شەڕی ناوخۆ. ستراتیژییەتی کورد دەبێت لە چەند ڕوێکەوە ئەم ترسە بڕەوێنێتەوە:
نیشاندانی مۆدێل: کورد دەبێت بیسەلمێنێت کە دەوڵەتی کوردستان دەبێتە "کەمەربەندی تەناهی (Security Belt) لە ناوچەکەدا، نەک هۆکاری پارچەپارچەبوون و ناسەقامگیری.
دیموکراسی و سەکولاریزم: لە ناوچەیەکدا کە توندڕەوی تێدا زاڵە، پێشکەشکردنی کوردستان وەک وڵاتێکی دیموکرات و کراوە و سەکولار، دەبێتە گەورەترین ڕاکێشەر بۆ ڕۆژئاوا تا وەک جێگرەوەیەک بۆ دەستەڵاتی تیۆکراسی (Theocracy) لە تاران سەیری بکەن.
پێشکەشکردنی کوردستان وەک کلیلی وزە و گواستنەوە: ئێران یەکێکە لە گەورەترین خاوەن سەرچاوەکانی وزە، بەڵام ڕۆژئاوا ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. بەڵام کورد دەتوانێت ئەو کلیلە بێت ببێت بە "ڕێڕەوی جێگرەوە"؛ ئەگەر کوردستان (بەتایبەت ڕۆژهەلات و باشوور) وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو، فیدڕاڵی یان کۆنفیدرالی، یان هاوپەیمان مامەڵە بکەن، دەتوانن ببنە ڕێڕەوێکی ئارام بۆ گواستنەوەی وزەی ئاسیا بۆ ئەوڕوپا، بەبێ ئەوەی بکەونە ژێر هەژموونی تاران یان ڕووسیا. ئەمە بۆ ڕۆژئاوا بایەخێکی "ئاساییشی نەتەوەیی" زۆری هەیە.
ستراتیژی پچڕانی زنجیرەی هەژموون. ئێران ستراتیژییەتی "قوڵایی ستراتیژی" بەکار دێنێت بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست (مانگی شیعی). بەڵام ئەگەر کورد بیەوێت بەربەستێک بێت بۆ ئەو قوڵاییە دەبێت وێنەی (بەربەستی جوگرافی) بگوازێتەوە: کوردستان ڕێک لە ناوەندی ئەم زنجیرەدایە. کورد دەتوانێت بە ڕۆژئاوا بڵێت: سەربەخۆیی ئێمە، کۆتایی بە هەژموونی ناوچەیی ئێران دەهێنێت لە تارانەوە بۆ بەیرووت. ئەمە وادەکات سەربەخۆیی کورد بەتەنها پرسێکی نەتەوەیی نەبێت، بەڵکوو ببێتە پێویستییەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ڕۆژئاوا لە ئاییندەدا.
مامەڵەکردن وەک "دەوڵەتی دیفاکتۆ"، پێش ڕاگەیاندن. بۆ ئەوەی لە کاتی وەرچەرخانە گەورەکەدا وەک سەربەخۆخواز مامەڵەت لەگەڵ بکرێت، نەک وەک گروپێکی یاخی، یان وابەستە و پاشکۆی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، پێویستی بە چەند خەسڵەتێکە، لەوانەش:
دیپلۆماسیی یەکگرتوو: دروستکردنی "ئەنجومەنی باڵای ستراتیژی"، لە نێوان لایەنە کوردییەکان، کە تەنها یەک گوتاری هەبێت بۆ دەرەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا بجوڵێتەوە.
پەیوەندی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانی دیکەی ئێران: کورد دەبێت وەک ڕێبەر و پێشەنگی گۆڕانکاری لە ئێران دەربکەوێت، نەک تەنها وەک لایەنێک کە خەریکی کێشەی خۆیەتی، یان وەک پاشکۆی ئەوان. ئەگەر بۆخۆی وەک ڕێبەر دەربکەوێت؛ شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی زیاتر بە پرسی کورد و بە داواکارییەکانی دەبەخشێت، بەڵام هەمیشە نابێت ئامانجە گەورەکەی بیر بچێت کە سەربەخۆیی کوردستانە.
ئەنجامگیری (بەرەو وەرچەرخان)
لە یارییە گەورەکەدا، ڕۆژئاوا تەنها پشتیوانی لەو لایەنە دەکات کە "بەدیلێکی ئامادەکراوی" پێ بێت. کورد نابێت چاوەڕێ بکات تاران بڕوخێت تا بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە، بەڵکو دەبێت ئێستا وەک "دەوڵەتێکی چاوەڕوانکراو" ڕەفتار بکات، کە زۆر درەنگیشە. دەبێت وەها خۆی پیشان بدات، کە ئامادەیە ئەرکە نێودەوڵەتییەکان وەئەستۆ بگرێت، لەوانەش (دژایەتی تیرۆر، پاراستنی وزە و سەقامگیری هەرێمەیەتی) هەروەها بێگومان لە سایەی سیستمێکی هاوچەرخ، کە باوەڕی بە دیموکراسی/ سەکولاریزم، مافەکانی مرۆڤ و هەموو ئەو بەها و نۆرمانەی کە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوویان لەسەر بینا دەکرێت.