ژێبەندیی نیشتمانی: گەشەکردن و کزبوون

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-03-14     96

ژێبەندیی یان ئینتیمای (Belonging) نیشتمانی، چەمکێکی کۆمەڵناسیی، دەروونناسی و فەلسەفی قوڵە، گوزارشت لە پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو دەکات، یان بە مانایەکی دیکە؛ ژێبەندی واتە تەنها بوونێکی فیزیکی نییە، بەڵکو هەستکردنە بەوەی تاک بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆی کۆمەڵگە، کەسایەتییەکی پەسەندکراوە و بەها و قوڕسایی خۆی لەناو ئەو کۆیەدا دەبینێتەوە.

پێناسەی ژێبەندی

بە زمانێکی سادە ژێبەندی واتە "هەستکردن بەوەی تۆ لێرەیت و لێرە جێگەت دەبێتەوە". لەڕووی زانستییەوە ژێبەندی بەچەند شێوازێک پێناسە دەکرێت:

لەڕووی دەروونزانی (Psychology): ژێبەندی هەستێکی دەروونییە، تاک تیایدا هەست دەکات لەلایەن گروپێکەوە (خێزان، هاوڕێ یان نەتەوە) خۆشەویستە، ڕێزلێگراوە و بەشدارییەکی کاریگەری هەیە و پارێزراویشە.

لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە (Sociology): ژێبەندی بریتییە لە وابەستەبوونێکی کۆمەڵایەتییانە و پابەندبوون بە بەها و نۆڕم و کولتووری گروپێکی دیاریکراو، کە ناسنامەی ئەندامەکانی تیادا ڕەنگ دەداتەوە.

چوارچێوەی تیۆری ژێبەندیی (Theoretical Framework)

بۆ تێگەیشتن لە ژێبەندی، پێویستمان بە چوارچێوەیەکی تیۆریی هەیە بۆ ئەوەی دواتر لێکۆڵینەوە لە بنەماکان و گەشەکردن و خەفەبوونی ژێبەندی بکەین، بەتایبەتیش هۆکارەکانی کزبوونی ژێبەندیی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان.

تیۆری هەڕەمیی پێویستییەکانی ماسلۆ (Maslow’s Hierarchy of Needs)

لە سایکۆلۆژیادا، ئەبڕاهام ماسلۆ، ژێبەندی (Belongingness) دەخاتە پلەی سێیەمی هەڕەمەکەیەوە. لە دوای پێویستییە فیزیکییەکان (خواردن و ئاو) و پێویستی ئاسایش، مرۆڤ پێویستییەکی بایۆلۆژی و دەروونیی هەیە بۆ ژێبەندی. بەبێ ژێبەندی، مرۆڤ تووشی گۆشەگیری، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبێت.

تیۆری ناسنامەی کۆمەڵایەتی (Social Identity Theory)

یەکێکە لە گرنگترین تیۆرییەکان لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا، کە لەلایەن هێنری تاجفێل (Henri Tajfel) و جۆن تێرنەر (John Turner) لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەرەی پێدراوە. تیۆرییەکە بە کورتی دەڵێت: ئێمە بە تەنها وەک تاک خۆمان ناناسێنین، بەڵکو بەشێکی گەورەی ناسنامەمان و هەستی ڕێزمان بۆ خۆمان (Self-esteem) و وابەستەبوونمان، بەو گروپە مرۆییەوە گرێدراوە کە تیایداین. ئەو ئاماژە بەوە دەکات، کە بەشێکی گەورەی ناسنامەی مرۆڤ  لە ڕێگەی ئەو گروپانەوە دروست دەبێت، کە وابەستەین پێیانەوە. ژێبەندی لێرەدا دەبێتە پڕۆسەیەک بۆ "پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتی"، تاکەکان جیهان دەکەنە دووبەش: ئێمە (In-group) و ئەوان (Out-group). ئەم ژێبەندییە هەستی باوەڕبەخۆبوون و سەربەرزی بە تاک دەبەخشێت. بۆ ئەوەی تێبگەین چۆن ناسنامەی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، دەبێت تەماشای ئەو سێ پڕۆسەیە بکەین کە بریتین لە:

پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتی (Social Categorization). ئێمە بۆ ئەوەی لە جیهانی دەوروبەرمان تێبگەین، خەڵك بە پێی گروپەکان پۆلێن دەکەین (وەک: نەتەوە، ئایین، خێڵ، وەرزش یان پیشە). ئەمە هاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی بەخێرایی بڕیار بدەین و مامەڵە لەگەڵ پرسە جیاوازەکاندا بکەین.

ناسنامەسازی کۆمەڵایەتی (Social Identification). لەو قۆناغەدا مرۆڤەکان خۆیان بریار دەدەن سەر بە چ گروپێکی مرۆیی بن (In-group). کە خۆمان وەکو ئەندامی گروپێکی مرۆیی دەناسێنین، وەک ئەوان ڕەفتار دەکەین و بەها و نۆڕمەکانی ئەو گروپە وەردەگرین و شانازیان پێوە دەکەین. لەو قۆناغەدا (من) دەوبێتە (ئێمە).

بەراوردکاری کۆمەڵایەتی (Social Comparison). ئەمەیان قۆناغێکی هەستیارە. لێرەدا ئێمە گروپەکەی خۆمان (In-group) بەراورد دەکەین بە گروپەکانی دیکەوە (Out-group).  لێرەدا بۆ ئەوەی هەست بە باشی و شانازی بکەین، هەوڵ دەدەین گروپەکەی خۆمان بە "باشتر" و "بەرزتر" پیشان بدەین.

چەمکی هابیتۆس (Habitus) لای پیێر بۆردیۆ

بۆردیۆ پێی وایە ژێبەندی تەنها هەست نییە، بەڵکو کردار و ڕەفتارە. کاتێک مرۆڤ لە ژینگەیەکدا گەورە دەبێت، کۆمەڵێک خەسڵەت و نەریت (Habitus) وەردەگرێت؛ ئەو کاتە وای لێدەکات هەست بە "ژێبەندی" بکات بۆ ئەو چینە یان بۆ ئەو کولتوورەی کە چاوی تیادا کردۆتەوە و لەگەڵییان گەورەبووە، لەڕێی بەکۆمەڵایەتیبوونەوە بووە بە بەشێک لەو گروپە. ئەمە ئەو کاتەیە کە مرۆڤ بەبێ بیرکردنەوە دەزانێت چۆن لە ناو گروپەکەیدا ڕەفتار بکات.

ئاستەکانی ژێبەندی

ژێبەندی بە شێوەیەکی بازنەیی لە بچووکەوە بۆ گەورە گەشە دەکات، هەرچەندە بەشی هەرەزۆری ئەو گەشەکردنە لە چوارچێوەی بە کۆمەڵایەتیبوونەوە دەبێت بەو جۆرەی خوارەوە:

ژێبەندیی سەرەتایی (خێزان و خزمایەتی). مرۆڤ هەر چاو دەکاتەوە دایک و باوک و ماڵبات و خزم و کەسەکانی لە دەوروبەری خۆی دەبینێت.

ژێبەندیی کۆمەڵایەتی: (هاوڕێیان، دەستە و گروپە پیشەییەکان). ئەوەش پەیوەندی بە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە هەیە، کە مرۆڤ لەماڵەوە دەردەچێت و هاوڕێ پەیدا دەکات و بەشێوازی جیاواز دەبێتە ئەندامی دەستە و گروپە پیشەیی و دواییش سیاسییەکان.

ژێبەندیی نەتەوەیی و سیاسی: (ژێبەندی بۆ خاک، زمان، ئاڵا و دەوڵەت). لێرەوە وشیاری تاکەکان دەگاتە ئاستێک بەدوای سۆمبۆڵەکاندا دەگەڕێت. وابەستەبوونی بۆ خاک و سیمبۆڵە سیاسییەکانی وەکو ئاڵا و ئەو زمانەی کە لەگەڵ هاوڕێکانی گفتوگۆی پێدەکات و ئەو دەوڵەتەی تیایدا دەژییەت، هەموویان دەبن بەو چوارچێوەیەی کە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی دروست دەکەن.

ژێبەندیی مرۆیی: (هەستکردن بەوەی تۆ بەشێکیت لە کۆی مرۆڤایەتی). ئەم قۆناغە زۆر بە درەنگەوە دروست دەبێت. مرۆڤ چەند پێبگات هێندە ئەو هەستە ژێبەندییە مرۆییەی بەهێز دەبێت، مەگەر لە ژینگەیەکی پڕ لە ململانێ و توندوتیژیدا بژییەت، ئەوکاتە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دوادەکەوێت یان هەرگیز بە دیوە ڕەهاییەکەی دروست نابێت.

ڕەهەندی ژێبەندی و نیشتمان

لە چوارچێوەی وابەستەبوون بە نەتەوە و نیشتمان، ژێبەندی دەبێتە کەرەستەیەکی سیاسی. دەوڵەت – نەتەوە هەوڵ دەدات "ژێبەندیی دەستکرد"، یان زۆرەملێ لە ڕێگەی زمانێکی یەکگرتووەوە دروست بکات. کاتێک زمانی دایکی نەتەوەیەک قەدەغە دەکرێت، لە ڕاستیدا "ژێبەندی" ئەو نەتەوەیە بۆ ناسنامە ڕەسەنەکەی دەکرێتە ئامانج، بۆ ئەوەی ڕایبکێشن بۆ ناو ژێبەندییەکی زۆرەملێ، کە هی نەتەوەی داگیرکەرە. ئەو ژێبەندییەش لەڕێی مەعریفەیەکی درۆیینە و ساختە دەبێت. داگیرکەر سەرەتا لەڕێی مەعریفەیەکی ساختە و درۆیینە هەوڵ دەدات ئەقڵی نەتەوەی داگیرکراو بشواتەوە، گومان لەسەر زمان و بەها و نۆڕمەکانی و کولتوورەکەیشی دروست بکات. بەدیلەکەش هەمیشە ئامادەیە و بە چەندین شوازی جیاواز دەیخاتە ناو گۆرەپانی نەتەوەی داگیرکراو. لەو قناغەدا ڕۆڵی ڕۆشنبیران یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ڕێگریکردن لەو وابەستەبوونە بۆ داگیرکەر.

ئامادەباشی

کە داگیرکەر، چەند زانیارییەکی تازە دەخاتە ناو گۆرەپانی نەتەوەی داگیرکراو و بەئامانجگیراو، لەڕێی سیستمی ئامادەباشییەوە بەتوندی ڕەت دەکرێتەوە. بەڵام دواتر لەڕێی دووبارەکردنەوە، لەرێی سیستمی پەروەردە و میدیاوە، وردە وردە ئەو سیستمی ئامادەباشییە دەدڕێت و هەرچی مەعریفە و زانیاری داگیرکەر هەیە بە لێشاو دێتە ژوورەوە. مەترسییە گەورەکە ئا لێرەدا دروست دەبێت. لە جیاتی ژێبەندی بۆ نەتەوە و نیشتمانە داگیرکراوەکە، دەگۆڕێت بۆ نەتەوە و نیشتمانیی داگیرکەر. نەک هەر ئەوەندە، لەڕێی ئەو ئامرازانەوە، کە بریتیبوون لە دووبارەکردنەوە، سیستمی پەروەردە و میدیا؛ وا لە تاکە داگیرکراوەکان دەکات نەتەوە و نیشتمانی خۆشییان بە بەشێک لە موڵکی داگیرکەر بزانن، هەندێک جار زۆر بە حەماسەتتریش بەرگری لەو گروپە نوێیە و ئەو نیشتمانە تازەیە دەکات. لەوێوە داگیکەر چیدی بە داگیرکەر هەژمار ناکرێت، بەڵکو ئەویدیکەی دۆست و نیشتمانێکی هاوبەش بەڵام بەهەژموونی مێژوو و ئایین و کولتوور و بەها و نۆرمەکانی داگیرکەر و بە مەرجەکانی ئەویش دەبێتە نیشتمانی هەمووان، تا بە تێپەڕبوونی کات نەتەوەی داگیرکراو هەموو خەسڵەتە تایبەتەکانی لەدەست دەدات. ئەوەی ئەمڕۆ لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دەگوزەرێت، هەرچەندە پرۆسەیەکی زۆر سستە، بەڵام خواستێکی دڕ و ڕاستەوخۆ هەیە بۆ ئەوەی ڕێک هەمان پرۆسە بگیرێتە بەر و نەتەوە داگیرکراوەکە لەرێی هەمان سیستم و هاوکێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەوە بە پێوەرەکانی داگیرکەر و بە ڕێژەی جیاواز کۆتایی پێ بێت. ئەم هەوڵە لە تورکیا و باکووری کوردستان زۆر زەقە. ئەگەر بە وردی تەماشای هەندێک لەو سیاسییانە بکەین کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە بەغدا دەمێننەوە، بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە، هەمان هەست و ئاراستەیان بۆ دروست دەبێت. لە پارچەکانی دیکەش هەمان پێوەر هەن.

کەواتە ژێبەندی بریتییە لە سێگۆشەی (ناسنامە، پەیوەندی و بەهاکان). ئەگەر هەر یەکێک لەو سێ لایەنە تێکبچێت، تاک تووشی نامۆبوون (Alienation) و بەزینی دەروونی دەبێت.

پڕۆسەی کاڵبوونەوەی ژێبەندی، یان لە دەستدانی ئینتیما

پرۆسەی کاڵبوونەوەی ژێبەندی لە ناو تاکی کورددا، بابەتێکی سۆسیۆ- سیاسی ئاڵۆزە. ئەم دیاردەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "نامۆبوونی نەتەوەیی" (National Alienation) یان دەتوانین ناوی بنێین "پەراوێزکەوتنی ناسنامە (Identity Marginalization). لێرەدا هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە و ستراتیژییەتی چارەسەر دەخەینە ڕوو:

یەکەم: هۆکارەکانی کاڵبوونەوەی ژێبەندی

شکستی سیستم و بێهیوایی سیاسی (Political Disillusionment)

کاتێک دەستەڵاتی سیاسی ناتوانێت دادپەروەری، ئاساییشی ئابووری و کەڕامەتی هاوڵاتی دابین بکات، تاک تووشی جۆرێک لە "نامۆبوون" یان "دابڕانی دەروونی" دەبێت لە نیشتمان. لێرەدا نیشتمان لە چەمکێکی واتایی و پیرۆزەوە دەگۆڕێت بۆ تەنها "جوگرافیایەکی بێ بەرهەم". وەک ئەوەی کە دەڵێت "نیشتمان تاکێک پێڵاوە ناهێنێت"، چونکە بستێک زەوی لەو نیشتمانەدا نییە، یان چونکە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسی و ڕێزپەرەی کە هەیە، یان بەهۆی نەبوونی هیچ تایبەتمەندییەک لە کەسایەتی ئەودا، نەیتوانیوە هیچ بەرژەوەندییەکی دیاریکراو لە نیشتمان بۆخۆی دابن بکات، بۆیە هەوڵ دەدات سەر هەڵبگرێت و دەڕوات، ئەگەر نەشیتوانی، دەڵێت "نیشتمان تاکێک پێڵاو ناهێنێت". لێرەوە، شکستی سیستمی سیاسی، دەبێتە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی ژێبەندی و وابەستەبوون بە نیشتمانەوە.

هەژموونی کولتووری و جیهانگیری (Cultural Hegemony): لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنۆلۆژیاوە، تاکی کورد لەژێر کاریگەریی کولتوورێک دایە بۆی کراوە بە کولتووری باڵا، کە زۆربەی کات بۆ نەتەوەیەکی داگیرکراو، کولتووری داگیرکەرە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک بەهای کولتووری خۆی بە (کۆن) یان (نەگونجاو) ببینێت، کە ئەنجامەکەی دەبێتە لاساییکردنەوەی کوێرانە و کاڵبوونەوەی ناسنامەی دایک.

زمانکوژی و پەراوێزخستنی زمان (Linguicide and Marginalization): لە پرۆسەی ژێبەندیدا زمان کۆڵەکەی سەرەکی وابەستەبوونە. کاتێک زمانی کوردی لە ناوەندە بازرگانییەکان، پەروەردەییەکان و تەنانەت لەسەر تابلۆی سەر شەقامەکاندا دەخرێتە پلەی دووەم و سێیەم یان پەراوێزەوە، تاک هەست دەکات زمانەکەی "زمانی سەرکەوتن" یان زمانی شارستانییەت" نییە، بۆیە بە ئاگا یان بێ ئاگا ژێبەندی بۆ زمان و ناسنامەکەی کەم دەبێت و پاشەکشە دەکات. لە هەرێمی کوردستان زمانی کوردی تا ئاستێکی زۆر لە قەیران دایە، بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانی و نەبوونی دەمارگیری بۆ زمانی کوردی لەلایەن تاکی کوردەوە، لە ڕۆژهەلات و باکووری کوردستانیش تا ئێستا زمانی کوردی قەدەغەیە.

قەیرانی پەروەردەی مێژوو: سیستمی پەروەردە ئەگەر نەتوانێت مێژووییەک زیندووبکاتەوە، کە جێگای شانازی بێت، یان تێگەیشتنێکی ڕەخنەیی بۆ ناسنامە دروست بکات، نەوەی نوێ بێ ناسنامە گەورە دەبن. لە هەرێمی کوردستان، کە هەرێمێکی فیدڕاڵی و سەربەخۆییەکی نیمچە رەها هەیە بۆ پێڕەویکردن لە سیستمێکی پەروەردەی دروست، نەتواندراوە ژێبەندیی نیشتمانی وەکو پێویست دابەزێنن بۆ ناو فێرخوازان و بەکۆمەڵایەتی بکەن.

دووەم: چارەسەرییەکان (Solutions & Strategies)

داڕشتنی سیاسەتی زمانی نیشتمانی (National Language Policy): پێویستە حکومەت یاسایەکی توند و گونجاو دەربکات، بۆ ئەوەی زمانی کوردی بکاتە مەرجی سەرەکی بۆ کارکردن لە هەموو کەرتەکاندا. ئەمە وای لێدەکات زمانی کوردی ببێتە "زمانی بەرژەوەندی" یان "زمانی بازاڕ و بازرگانی"، کە گەورەترین هاندەرە بۆ پاراستنی ژێبەندیی نیشتمانی.

گۆڕینی گرێبەستی کۆمەڵایەتی (Social Contract): پێویستە پەیوەندی نێوان تاک و دەستەڵات لەسەر بنەمای "ماف و ئەرکەکان" بێت، نەک دڵسۆزی خێڵەکی"، یا ناوچەگەری. کاتێک تاک هەست بکات دەوڵەت پارێزەری مافەکانییەتی، وابەستەبوون بە خاک دەبێتە ژێبەندی و پابەندبوونێکی خۆڕسک و جێگیر.

مۆدێرنەکردنی کولتوور (Modernizing Culture): کولتووری کوردی نابێت تەنها لە فۆلکلۆردا کورت بکرێتەوە. پێویستە لە ڕێگەی سینەما، ئەدەبیاتی هاوچەرخ و داهێنانی تەکنۆلۆژیاوە، ناسنامەی کوردی بکرێتە ناسنامەیەکی "سەرنجڕاکێش" بۆ گەنجان بۆ ئەوەی هەست بە شانازی بکەن بە هەڵگرتنی ئەو ناسنامەیە.

پەروەردەی فرەرەهەند: پێویستە مێژوو بە شێوەیەک بخوێندرێت، کە تەنها باسی کارەساتەکان نەکات، بەڵکو جەخت لەسەر بەها مرۆییەکان و توانای گۆڕانکاری بکاتەوە، بۆ ئەوەی تاکەکان هەست بکەن کە ئەوان کەسایەتییەکی کاریگەرن لەو نیشتمانەدا.

دەرەنجام

کاڵبوونەوەی ژێبەندی "نەخۆشییەکی سیاسی/ کۆمەڵایەتییە"، کە دەرەنجامەکەی شکستی سیاسی و فشارە دەرەکییەکانە. چارەسەری سەرەکی لە دروستکردنی "دەوڵەتی دامەزراوەیی" و "سەروەری زمان" دایە. بەبێی ئەمانە، تاکی کورد لە ناو شەپۆڵەکانی جیهانگیری و هەژموونی نەتەوەکانی دیکەدا دەتوێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×