لە هەشتاکان لە کتێبی "الثقافة القومیة"ی دەستەڵاتی بەغدا، کە بەسەر زانکۆکانی عێراقدا سەپێندرابوو، لای خۆشمان بەعسییەک دەرسەکەی پێدەگوتین، چەمکی ئیمپریالیزم (Imperialism) هێندە بەرکار و زەق بوو، وەماندەزانی ئیمپریالیزم دێوێکە و لە نیوەشەودا دەگاتە سەرمان حەپەلوشمان دەکات. میشێل عەفلەق دەڵێت "کورد هەمیشە خزمەتی پرسەکانی عەرەبیان دەکرد، تا ئیمپریالیزم هات، ئەوکات لە ئێمەیان جیاکردنەوە و کردیان بە دوژمنی ئێمە". ئایدیۆلۆژیستەکان بە قەومی و مارکسی و ئیسلامیشەوە ئەو چەمکە زۆر بەکاردێنن. لەو ماوانەشدا، چەمکەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو بەکار دەهێندرێتەوە. لە زۆر نوسیندا بەرچاو دەکەوێت و لەو ماوانەشدا لە گفتوگۆی فێیسبووک لەگەل برادەرێک کە قوتابی دکتۆرایە، بەهەمان شێوە هۆکاری ئەو دابەشبوونەی ولاتانی عەرەبی گەڕاندەوە بۆ ئیمپریالیزم، ئەمڕۆش بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە گوتارەکەیدا بۆ نەورۆزی ئامەد؛ وێرای ئەوەی خاڵی ئەرێنی تێدابوون، بەڵام لە یەکێک لە بڕگەکان دەڵێت "ڕێگە مەدەن بکرێنە کۆیلەی ئیمپریالیزم". ئیمپریالیزم چییە و کێ داهێنەری ئەو چەمکەیە؟ ئایا هەر بە جیددی مەترسی ئیمپریالیزم بەو جۆرەیە کە باسی دەکەن؟
خۆی واباوە کە چەمکەکە لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەتەوە دەکەوێتە ناو گۆڕەپانی گوتاری چەپەکان و قەومیی و ئیسلامییە عەرەبەکان، بەدوای ئەوانیشەوە ئیسلامیی و چەپەکانی کورد، بەڵام واپێدەچێت کە ڕەگوڕیشەیەکی کۆنتری هەبێت و مانا سیاسی و ئابوورییە نوێیەکەی لە چەند قۆناغیکدا گەشەی کردووە. ڕەگوڕیشەی چەمکەکە لە وشەی (Imperium)ی لاتینییەوە هاتووە، کە ئاماژەیە بۆ دەستەڵاتی ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکانی وەک ڕۆما. یەکێک لەو نوسەرانەی کە ئەو چەمکە دەوڕوژێنێت ئابووریناسێکی لیبڕالی بەریتانییە بەناوی جۆن هۆبسۆن و لە کتێبەکەیدا "ئیمپریالیزم: توێژینەوەیەک" (Imperialism: A Study) لە 1902 بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "ئیمپریالیزم تەنیا حەزی داگیرکاری نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کێشەی ئابووری ناوخۆی وڵاتە سەرمایەدارەکانەوە هەیە". هەرچەندە فلادیمێر لینین وشەکەی دانەهێناوە، بەڵام ئەو بوو بە داهێنەری تیۆریی ئیمپریالیزم، بەو شێوەیەی کە یەکێتی سۆڤییەت باوەڕی پێی هەبوو. لێنین لە 1916 دا کتێبە بەناوبانگەکەی "ئیمپریالیزم بەرزترین قۆناغی سەرمایەداری" نووسی.
لێنین ئیمپریالیزم وەک سیستم دەبینێت. ئەو پێی وایە ئیمپریالیزم تەنیا "سیاسەتێکی دەرەکیی" نییە، کە دەوڵەتێک هەڵیبژێرێت، بەڵکو ئەنجامێکی حەتمی گەشەی سەرمایەدارییە. بەو پێیەش بێت بنەماکانی بریتین لە: قۆرخکاری، کاتێک کۆمپانیا گەورەکان دەست بەسەر هەموو بازاڕدا دەگرن و ڕکابەریان نابێت، هەروەها؛ دروستبوونی ئۆلیگارشی دارایی لەرێی تێکەڵبوونی سەرمایەی بانکەکان و پیشەسازی، ئەو ئۆلیگارشییانە بریتین لەو تاقمە کەمینەیەی کە سامان و پارەیان لە دەستە، یان بنەماڵەیەکن و دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەستەڵاتدا دەگرن، یان هێزێکی سەربازین و چەند جەنەڕاڵێک دەستەڵات دەگرنە دەست، یان هێزێکی مەزهەبین وەکو ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران. هەروەها وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەتەنها کاڵا نانێرن بۆ دەرەوە، بەڵکو سەرمایە (پارە و وەبەرهێنان) دەنێرن بۆ وڵاتە هەژارەکان تا لەوێ سوودی زیاتر و کرێکاری هەرزان بەدەست بێنن، کە ئەمەش ماوەیەکی باشە ڕووی داوە، یەکێکیش لەوانە کۆماری چینە، کە سەرەداوەکانی ئەو خۆسەپاندنەی چین بەدەرکەوتوون لەڕێی هێزی نەرمەوە، دواهەمین بنەماش زلهێزەکان دونیا لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن بۆ دەستکەوتنی کەرەستەی خاوی وەکو نەوت و کانزا و تاد.
لێرەدا ڕاستی ئیمپریالیزم لە سێ رەهەنددا دەردەکەوێت، کە بریتین لە باڵادەستی نایەکسانی، بە مانای دروستکردنی پەیوەندییەک کە تێیدا ناوەندێک (وەکو وڵاتێکی بەهێز) سوود لە وڵاتانی پەراوێز وەردەگرێت، ئەو وڵاتانەی کە لەناو مێژوودا چەقیون و بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوەی حەیز و نیفاسن. لەلایەکی دیکەشەوە زۆربەی جار لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری داگیرکاری یان دەستوەردان بۆ پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان یان سەرچاوە سروشتییەکان ئەنجام دەدرێت، دواهەمین خاڵیش دەکرێت ناوی بنێین ئیمپریالیزمی کولتووری، کە تەنها لەڕێگای سوپا ناکرێت بەڵکو سەپاندنی زمان، بەها و شێوازی ژیانی وڵاتێکی داگیرکەر یان بەهێزە بەسەر وڵات و نەتەوەکانی دیکەدا. لەو پێودانگەشەوە لەوە تێدەگەین کە کاتی خۆی یەکێتی سۆڤییەت خۆی ئیمپریالیست بوو، هەرچەندە دروشمی دژە ئیمپریالیستی هەڵگرتبوو. لەڕووی سیاسییەوە، کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەوڕوپای ڕۆژهەڵاتی کردبوو، زمانی ڕووسی و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا سەپاندبوو، بۆیە زۆرێک لە مێژوونووسان پێیان وایە سۆڤییەت جۆرێکی تازە بوو لە ئیمپریالیزمی سوور.
ئێستا ئەو بەڕێزانەی ئیمپریالیزم دەکەنە پاساوی ئەو فەوزایەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوە بێ ئاگان کە دەوڵەتی تورکیا بۆخۆی وڵاتێکە وێڕای ئەوەی کە داگیرکەری بەشی هەرە گەورەی کوردستانە، بۆخۆشی هەڵگری جیناتەکانی ئیمپریالیزمە و ئیمپریالیزمانە بیر دەکاتەوە. ئێرانیش بەهەمان ئەقڵییەت و خۆسەپاندن و بێبەشکردنی نەتەوەکانی دیکە لە سەرەتاییترین مافەکانییان، ئیمپریالیزمێکی هەرێمییە. عەرەبەکانیش هەمیشە لەو هەوڵە دابوون، بەڵام لەو چوارسەد ساڵەی کە ژێردەستەی عوسمانییەکان بوون، نزیکبوونەتەوە لە ئەقڵی کۆیلە و شکستییان هێناوە لەوەی یەکگرتوو بن و بتوانن هەژموون بەسەر دونیای دەرەوەی خۆیاندا دروست بکەن، مەگەر تەنها بۆ کورد ئازا بن. کەواتە ئیمپریالیزم وەکو هێز لەبەرچاوی هەمووان دیار و ناسراوە و شاردراوە نییە، ئەوەی دیار نییە، عەقڵی داماوی ئەو کەس و هێزانەیە کە ناتوانن شکستەکانی خۆیان ببینن و ڕەخنە لەخۆیان بگرن و ڕێڕەوێکی دروست بۆخۆیان دیاری بکەن.
ئێستا ئایا ئیمپریالیزم بەشێکە لە تیۆری پیلان (موئامەڕە)؟
بە دڵنیایی؛ لە زۆرێک لە وڵاتە دواکەوتووەکان یان ڕژێمە ئۆتۆریتێر و خۆسەپێنەرەکان، چەمکی ئیمپریالیزم لە کەرەستەیەکی زانستییەوە بە چەندین شێواز گۆڕدراوە بۆ چەکێکی پڕوپاگەندە. لەو شێوازانەش؛ دروستکردنی دوژمنی دەرەکی، کاتێک ڕژێمێک لە دابینکردنی ئازادییەکان، خزمەتگوزاری و بژێوی خەڵک شکست دێنێت، ئاسانترین ڕێگە ئەوەیە بڵێت "ئیمپریالیزمی جیهانی ناهێڵێت گەشە بکەین". ئەمە وادەکات هاوڵاتییان لە جیاتی ڕەخنەگرتن لە دەستەڵاتی ناوخۆ، سەرقاڵی ڕقبوونەوە بن لە دوژمنێکی نادیار. هەروەها لە چرکەساتی پیشاندانی هەر ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی ڕاستەوخۆ وەکو "نۆکەری ئیمپریالیزم" و "دەستی دەرەکی" ناوزەد دەکرێت. چەمکەکە دەکرێتە ماسکێک بۆ شاردنەوە و خۆدزینەوە لە گەندەڵی و شکستی کارگێڕی و هەڵواسینی هەموو ئەو دۆخە نالەبارە بە هێزێکی دەرەکی، کە دڵنیام زۆربەی ئەوانەی ئاشنان بە دەستەڵاتی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، بیریان دێت چۆن تۆمەتیان بۆ بزووتنەوەی کورد دروست دەکرد و بە ئیسرائیلی دووەم هەژمارییان دەکرد. هەر لەو ڕۆژانەش ئەو جۆرە تۆمەتانە لە بەغدای پێتەختی عێراق دژ بە خەلکی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەرز دەکرێنەوە. ئەوە لە بەشەکانی دیکەی داگیرکەرەکانی کوردستان هەر هەمان شێوازە. ئەمەش وادەکات ئەو دەستەڵاتانە خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە. ئەمە وا دەکات شکست نەخرێتە ئەستۆی بڕیارە هەڵەکانی ناوخۆ، بەڵکو بخرێتە ئەستۆی پیلانێکی نێودەوڵەتی. لەو بارەیەوە کۆمەڵناسی بە ڕەچەڵەک جەزائیری مالیک بن نەبی کە خاوەنی چەمکی ئامادەباشی بۆ کەوتنەبندەستی داگیرکەر (القابلیة للاستعمار) زۆر بە ڕۆشنی باسی لەو گرێکوێرەیە کردووە. ئەو پێی وایە کۆمەڵگە وەکو جەستەی مرۆڤ وایە. ئەو کۆمەڵگانەی کە سیستمی بەرگرییان بەهێزە، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت دەست بخاتە کاروبارییان، بەڵام ئەوانەی کە سیستمی بەرگرییان لاوازە، وەکو جەستەی مرۆڤ زۆر بە ئاسانی هەموو جۆرە ڤایرۆسێک دەتوانێت زەفەریان پێ ببات و دابەشیان بکات. ئەو ڕەخەنەیکی زۆر قوڵ لەو کەسانە دەگرێت کە شکستەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی ئیمپریالیزم. ئەو دەڵێت "ئیمپریالیزم تەنیا سوود لەو بۆشاییە وەردەگرێت کە ئێمە لە ناو خۆماندا دروستمان کردووە". واتە ئەو ڕێک دژی تیۆری موئامەرە بوو، بۆیە پێی وابوو دەبێت نەتەوەکان بەرپرسیارێتی شکستەکانی خۆیان هەڵبگرن.
کەواتە، بەر لەوەی زلهێزەکان دەستوەردان لەناو ماڵی هەر نەتەوەیەک و وڵاتێکدا بکەن، هەروەها بەر لەوەی هەموو شکستەکانی خۆیان بە هێزە دەرەکییەکانەوە هەڵبواسن، دەبێت ڕەخنە لەخۆیان بگرن. رەخنە لەو ئەقڵییەتە دواکەتووە بگرن کە ناتوانێت لەناو زۆڵکاوەکانی مێژوودا بێتە دەرەوە و خۆی بدۆزێتەوە و ڕۆڵی هەبێت لە دروستکردنی مێژوو، نەک ببێتە یاریپێکراو و لەپەراوێزدا بمێنێتەوە. دەبێت لەوەش تێبگەن، کە ئیمپریالیزم هەر ئەوەیە کە زلهێزەکان بەرژەوەندییان هەیە، پلان و ستراتیژییەتییان هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانییان، کەسیش ناتوانێت بەو زلهێزانە بڵێت تکایە بەرژەوەندی خۆتان مەپارێزن، تکایە دەستدرێژی مەکەنە سەر خەڵکی دیکە. زلهێزەکان بە درێژایی مێژوو هەر وابوون. ئەمەویەکان و عەبباسییەکان و بەدوای ئەوانیشدا عوسمانییەکان کە زلهێزی ناوچەکە بوون، ئەوانیش پەلاماری وڵاتانییان داوە و هەوڵی داگیرکاییەکی زۆرییان داوە. تاکە چارە لەو جۆرە دۆخەدا بۆ کورد خوێندنەوەی دروستی سەردەم و زانینی هاوکێشە ستراتیژییەکان و دەسنیشانکردنی ئامانجە ڕەواکانە.