خراپەکاریی سادەکردنەوە: ستراتیژی سادەکردنەوەی تاوانەکانی جینۆساید لای دەستەبژێری سیاسی کورد

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-05-15     133

دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر قوڵ و مەترسیدار لە مێژووی هاوچەرخی کورددا سەری هەڵداوە، بەتایبەتیش لەناو دەستەبژێری سیاسی کورد لە کوردستانی باشوور، کە خۆی لە سادەکردنەوە (Simplification)ی زۆر پرسدا دەنوێنێت، بەتایبەتیش سادەکردنەوەی تاوانەکانی جینۆسایدی کورد. هەر دوای 2003 و هاتنە سەر دەستەڵاتی عەرەبی شیعە لە عێراق، نیشانەکانی سادەکردنەوەی تاوانەکانی  دژ بە کورد و گەورەکردنی تاوانەکانی دژ بە شیعەی عەرەب، لای ئەو دەستەڵاتە نوێیە دەرکەوتن. تاوانەکانی جینۆسایدی کورد کە خۆی لە چوار کەیسی جینۆساید و چەندین کەیسی تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤدا دەنوێنێت، لە ڕێگەی سادەکردنەوە و بێدەنگکردنەوە بە ئاسانی تێپەرێندران. لێرەدا بە تەنها لەبەردەم سادەکردنەوەی زمانەوانیدا نین، بەڵکو لەبەردەم پڕۆسەیەکی سیاسیی مەبەستدارداین. ئەو سادەکردنەوەیە لەلایەن تازە دەستەبژێری سیاسی عێراق، جێگای سەرسورمانی ئێمە نییە، چونکە ئەوانە میراتگری ئەو دەوڵەتەن و نایانەوێت دەوڵەت ئەو بارە قوڕسەی بکەوێتە سەر شان، بەڵکو ئەوەی جێگای سەرسورمانی هەموو کەسێکی شارەزایە، سادەکردنەوەی تاوانەکانی دەوڵەتی عێراقە لەلایەن دەستەبژێری سیاسی کورد لە بەغدا. ئەم جۆرە سادەکردنەوەیە (Simplification) ڕاستەوڕاست پێچەوانەی زێدەڕۆیی یان گەورەکردن (exaggeration)ی ڕووداوەکانە لەلایەن دەستەبژێری سیاسی ئیسڕائیلی. خوێنی هاوڵاتییەکی ئیسڕائیل بەرامبەرە بە خوێنی زیاتر لە هەزار مرۆڤی فەلەستینی. دوابەدوای دادگاییکردنەکانی سەرانی نازی لە نۆرنبێرگ (Nuremberg)ی ئەڵمانیا، کە لە 1945 دەستی پێکرد بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان، ئیسرائیل هێشتا بەتەواوی دانەمەزرابوو و ڕۆڵی لەو دادگاییکردنانە نەبوو، گەڕاندنەوەی ئەدۆڵف ئایشمانی لە ئەرجەنتینەوە بۆ ئیسڕائیل بە دەرفەتێکی مێژوویی زانی، بۆ ئەوەی بیتەقێنێتەوە. ڕووداوەکە هێندە گەورە بکات، بچێتە ناو یادەوەری هەموو مرۆڤێکی سەر زەوی و هۆلۆکۆست ببێتە لەکەیەکی ئەبەدی بە نێوچەوانی ئەڵمانەکانەوە.

بۆ شیکردنەوە و قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە، دەتوانین لە چوارچێوەی تیۆرییەکی سەرەکیدا  بەناوی "بەئاڵوگۆڕکردنی دادپەروەری" (Transactional Justice)، ئەو ئاریشەیە شرۆڤە بکەین، تیۆرییەکەش لە ڕاستیدا خۆی لە لە سێ تەوەرەی جیاواز و سێ چوارچێوەی جیاوازدا دەبینێتەوە. هەر لەو سێ چوارچێوەیەشدا باس لە ئاریشەی سادەکردنەوەی تاوانەکان دەکەین. سادەکردنەوەی تاوان کارێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە بازرگانیی سیاسیی. کە دەگوترێت دەستەبژێری سیاسی گرنگییان پێ نەدا، بەمانای گۆڕینەوەی دادپەروەری بە دەستکەوتێکی سیاسیی. ئەو سادەکردنەوەیە هی ئێستا و ڕۆژێک و دوان نییە، هەر لەگەڵ دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکانیشەوە دەست پێناکات کە لە 2005 دەستی پێکرد، تا ئەمرۆش و بە دادگاییکردنی عەجاجیشەوە نەوەستاوە و ناوەستێت. هەموومان بیرمان دێت هەر دوای ڕاپەڕین سەرکردە کوردەکان چوونە بەغدا و لەگەڵ تاوانباری گەورە و بکوژی سەدان هەزار کەس لە ڕۆڵەکانی کورد، دەستییان بە ماچ و مووچ کرد. بۆیە تێگەیشتن لەو دیاردەیە و گرنگینەدان بە خوێنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیان دیاردەیەکی بکوژ و سەرسوڕهێنەرە. ئەو سادەکردنەوەیە هەر لە ئاستی سەرکردە و دەستەبژێری سیاسییدا نییە، بەڵکو دەکرێت شۆڕبێتەوە بۆ ناو هەموو تاکێکی کورد و دیاردەیەکی سایکۆلۆژی و مێژوویی بێت. لێرەدا هەوڵ دەدەین لە سێ ڕوانگەی جیاوازەوە باس لەو جۆرە سادەکردنەوەیە بکەین و ئاماژە بەو بێخەمی و بێدەنگییە سامناکە بکەین کە دەستەبژێری سیاسی کوردی پێیدا تێپەڕ دەبێت.

تەوەری یەکەم: تایبەتە بە چەمکی "دادپەروەری گواستنەوەی کاتی" (Transitional Justice)، کە بوارێکی سەربەخۆیە لە زانستە سیاسییەکان و یاسای نێودەوڵەتیدا. ئەو چوارچێوەیە پێمان دەڵێت چۆن کۆمەڵگەکان مامەڵە لەگەڵ تاوانەکانی ڕابردوودا دەکەن. یەکێک لەو نوسەرانەی بە وردی باس لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئەو سازشانە دەکات، کە لەکاتی گۆڕانی ڕژێمەکاندا ڕوو دەدات بریتییە لە ڕوتی تیتڵ (Ruti Teitel)، خاوەنی کتێبی دادوەریی ڕاگوزەر (Transitional Justice). لێرەدا، کە وڵاتێک لە قۆناغی شەڕ و دیکتاتۆرییەتەوە دەچێتە قۆناغێکی تازە و نوێ، زۆرجار دەستەبژێری سیاسی دەکەونە بەردەم دوو بژاردە، کە بریتین لە: دادپەروەریی یان سەقامگیریی. مەترسییەکە لێرەدا ڕەهەندە ستراتیژییەکەیە، بەو مانایەی حاڵەتێک نییە و تێپەڕێت و گوزەر بکات، بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی جینۆساید و دادگاییکردنەکان. دەستەبژێری سیاسی کورد ستراتیژی سادەکردنەوەیان بەکار هێنا بۆ ئەوەی تاوانەکە لە پرسێکی نەتەوەیی مێژوویی و یاسایی گەورەوە بگۆڕن بۆ پرسێکی تەکنیکی و ئیداری بچووک. لە کاتێکدا دەبوایە عێراق لەسەر ئەو بنەمایە بینابکرێتەوە، وەک ئەوەی نوسەری دیاری عێراقی کەنعان مەکییە لە کتێبەیدا بەناوی دڵڕەقی و بێدەنگیدا دەڵێت:

"عێراقی دوای بەعس ناتوانێت سەرکەوتوو بێت ئەگەر پەیمانێکی ئەخلاقی نوێ واژۆ نەکات کە بنەماکەی دانپێدانان بێت بەو ستەم و جینۆسایدەی بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی دیکە کراوە".

بەڵام ئەوەی بینیمان دەستەبژێری سیاسی کورد لە بەغدا پێویستییان بەوەبوو قوڕسایی تاوانەکە سادە بکەنەوە بۆ ئەوەی هیچ ئامانجێکی دیکەی نیشتمانی نەبێتە بەربەست لەبەردەم بەرژەوەندییە سیاسییە کاتییەکانی ئەو دەستەبژێرە و ئەو حەشاماتەی بەغدایان کردبوو بە ڕووگەی ئامانجەکانییان. ئەگەر پێداگربان لەسەر پەیمانێکی ئەخلاقی، هەم ئامانجە نیشتمانییەکان مسۆگەر دەبوون و هەمیش بەرژەوەندییەکانییان. بەڵام مەستبوون بە دۆخی تازە و ساویلکەیی بیرکردنەوە وای کرد سادەکردنەوەی پرسە نیشتمانییەکان، هۆکاری سەرەکی بن بۆ هەڵمەتەکەی حەیدەر عەببادی لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، کە سوپای داگیرکەری عێراق بەرەو ناوچە کوردستانییەکان گەڕایەوە و جارێکی دیکە تەنها لەسەر ناسنامە و کوردبوون بەهازاران کورد لە توزخورماتوو و کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دەکوژران و ڕاوەدوو دەنران.

هەروەها تێزێکی دیکە هەیە بۆ ئەو ئەقڵییەتەی کە دوای 2023 بەسەر دەستەبژێری سیاسی کورددا زاڵ بوو، بەرژەوەندی هاوبەش بوو، کە دەکەوێتە چوارچێوەی تیۆرییەک بەناوی "تیۆری بەجێماوەکانی دەستەڵات" (Power Legacy)، کە بەشێکە لە تیۆری دامەزراوەیی نوێ. نوسەرانی ئەم تیۆرییە لە کتێبێک بەناوی  "دامەزراوە نافەرمییەکان و دیموکراسی: وانەکان لە ئەمریکای لاتینەوە"، باس لەو ڕێککەوتنە بێدەنگانە دەکەن کە دەستەبژێری کۆن و نوێ لە پشت پەردەوە ڕێکدەکەون بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی یەکدیکە نەخەنە مەترسییەوە. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەستەبژێری سیاسی کورد تیایدا دۆسییە جیاوازەکانی جینۆساید و تاوانە فرەڕەهەندەکانی دەوڵەتی عێراقییان سادەکردنەوە. چوارچێوەکە باس لەوە دەکات کە دەستەبژێرە سیاسییەکان (تەنانەت ئەوانەی قوربانیش بوون) زۆرجار حەز بە دادگاییکردنی ڕادیکاڵانەی ڕژێمی پێشوو ناکەن، چونکە دادگاییکردنی ورد و قوڵ، رەنگە پەلی زۆر کەس بگرێت، لەوانەش موستەشارەکان یان ئەو لایەنانەی لەو سەردەمەدا پشتیوانی رژێمیان دەکرد وهاوکار بوون. لێرەدا سادەکردنەوەی پرسەکە دەبێتە پارێزەر بۆ ئەوەی دەستەڵات بە گشتی لەرزۆک نەبێت. بەو مانایەی هێندەی دەستەبژێری سیاسی کورد بەتەنگ سەقامگیری دەوڵەتی داگیرکەرەوە بوون، خودی دەستەڵاتی تازە عەرەبی شیعە هێندە بەوردی لەو ئاریشەیە تێنەدەگەیشتن، هەرچەندە سادەکردنەوەی تاوانەکانی دژ بە کورد لەوانەوە سەرچاوەدەگرێت، کاتێک رایانگەیاند "سەددام لەهیچ شتێک دادوەر نەبووبێت، لە دابەشکردنی تاوانەکانیدا دادوەر بوو"، تاکە مەبەست لەو دەستەواژەیە تەنها و تەنها کورد بوو، بە مەبەستی سادکردنەوەی تاوانەکان و ڕازیکردنی دەستەبژێری سیاسی کورد بە چوونەناو پرۆژە سیاسییەکەی خۆیان و بەدەستهێنانی شەرعییەت و پێگەیەکی ڕەسمی نێودەوڵەتی.

سێیەم تێز و چوارچێوە، بریتییە لە "نەبوونی هۆشیاری مێژوویی"  (Lack of Historical Consciousness)، بەڵام لێرەدا ئێمە لەبەردەم دوو چەمک و چوارچێوەی تیۆریداین، کە دووەمییان بریتییە لە فەرامۆشیی مێژوویی (Historical Amnesia). چوارچێوەی یەکەمییان زیاتر وەک دۆخێکی دەروونی/ کۆمەڵایەتی یان پاشخانێکی فیکری تەماشا دەکرێت، کە مەرج نییە هەمیشپە بە ئەنقەست دروست ببێت. ئەمەیان جۆرێکە لە بێباکی، یان ئەوەی لە کوردیدا پێی دەگوترێت "ساویلکەیی سیاسی"، کە تیایدا نە دەستەبژێر و نە خەڵک بە گشتی هەست بە گرنگی مێژوو و ڕووداوەکان و دەرهاوێشتەکان ناکەن. ئەو تێزە گرنگی بە هۆشیاری مێژوویی دەدات و پێی وایە وەک نوسەری ئەسپانی/ ئەمریکی جۆرج سانتیانا دەڵێت: "هەر نەتەوەیەک خاوەنی هۆشیاریی مێژوویی نەبێت، مەحکوم دەبێت بە دووبارەکردنەوەی ڕابردوو" و ناتوانێت ڕووداوەکانی رابردوو ببەستێتەوە بە ئێستا و داهاتووی خۆیەوە. بۆ نموونە کاتێک دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفالی بەلاوە گرنگ نییە، چونکە پێی وایە ئەوە ڕابردووە و تێپەڕیوە، دەبێت تەماشای داهاتوو بکەین، ئەمانە بێئاگان لەوەی کە سادەکردنەوەی ئەم تاوانانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ دووبارەبوونەوە. ئەم ساویلکەییە، زیاتر دیاردەیەکی ئاسۆیی و ستراکتۆرێکی کولتوورییە، بەهۆی نەبوونی ناوەندی لێکۆڵینەوە و غیابی ئەقڵی فەلسەفەی مێژوو لە پەروەردە و خەریکبوونی خەڵک بە قەیرانە کاتییەکانی بژێوییەوە دروست دەبێت. هەمووشمان ئەو جۆرە خەریکبوونە بە چاوی خۆمان دەبینین. دەبینین هێندەی میدیا سەرقاڵی هاتن و بردنی موچەیە، بە دەیەکی ئەوەش خەریکی پرسە نیشتمانییەکان و تەییارکردنی خەڵک نییە لەپێناو نیشتمانسازی. هەر ململانێی خودی حیزبەکان ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ نەبوونی هیچ ستراتیژییەتێکی نیشتمانی و هیچ ڕوانەگەیک بۆ داهاتووی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەی کوردستان.

لەبەرامبەر "نەبوونی هۆشیاری مێژوویی"دا، "فەرامشکردنی مێژوو" (Historical Amnesia)مان هەیە. بەپێچەوانەی نەبوونی هۆشیاری مێژوویی، فەرامۆشکردنی مێژوو پڕۆسەیەکی مەبەستدار و ڕێکخراو و چالاکە. لەو پانتاییەدا دەستەبژێر بە ئەنقەست ڕووداوە مێژووییە گرنگەکان بەتایبەتیش تاوانەکان، لە هۆشیاریی گشتیدا کاڵ دەکەنەوە. ئەو تێزە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەستەبژێر لەڕێی بێدەنگکردنی میدیایی، فەرماۆشکردنی پەروەردە و گرنگینەدان بە پرسە گرنگەکان لە پەروەردەدا، یان گۆڕینی یادەوەرییەکان بۆ بۆنەیەکی ڕاگوزەری ساڵانە، کار لەسەر سادەکردنەوە دەکەن. ئەم پڕۆسەیە لە سەرەوە بۆ خوارەوە (Top-Down) کار دەکات و دەسەپێندرێت. واتە دەستەڵات بە مەبەست دەیەوێت کۆمەڵگە ئەو جۆرە پرسە گرنگانە فەرامۆش بکات بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی مێژوویی، مامەڵە و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی خۆیان بەبێ ئاریشە تێپەڕێنن.

هۆشیاربوون بە قۆناغێک دەکرێت ناوی بنێین قۆناغی "دەرفەت"، دەرفەتێک کە دواتر دووبارە نابێتەوە. بەڵگەش هەڵوەشانەوەی عێراق بوو، هەروەها هەڵوەشانەوەی ئەو سوپایە بوو کە بەرپرسیاری یەکەم بوو لە هەموو تاوانەکانی جینۆساید. لێرەدا ئەوەی دەستەبژێری کورد لە بەغدا ئەنجامییان دا "فەرامۆشکردنێکی رێکخراو بوو". تاوانەکانییان هێندە سادە کردنەوە، هێنایانە ئاستی یادکردنەوەی ساڵانە و کڕوزانەوەی میدیایی. لەجیاتی ئەوەی عێراق لەسەر بنەمای پەیمانێکی ئەخلاقی بینا بکرێتەوە، پەیمانێک تا ئەو دەوڵەتە ماوە هەست بە گوناه و تاوان بکات لەبەرامبەر ئەو هەموو سەرکوتکردن و وێرناکارییەی کە لە کوردستان پێڕەویان کردبوو. سەرکردە کوردەکان هێندە ناهۆشیار بوون، هەمان ئەو ڕاگەیاندنەی سەرکردە عەرەبەکانییان دووبارە دەکردەوە کە دەیانگوت "سەددام لەهیچ شتێک دادوەر نەبووبێت لە دابەشکردنی زوڵم دادوەر بوو". سەرکردە کوردەکانیش کەوتبوونە داوی هەمان ئەم سادەکردنەوەیەی کە سەرکردە عەرەبە عێراقییەکان لافیان پێوە لێدەدا. لە کاتێکدا کوردستان هەمووی هەڵتەکێندرابوو. چوار بڕیاری جینۆساید لەو بەغدایە دەرچووبوون و ئەو دەوڵەتە بە هەموو دامەزراوە ئەمنی و سەربازی و ئابووری یاسایی و ئایینییەکانییەوە لەو تاوانانەی جینۆساید و تەعریب و تەرحیلی زیاتر لە 4500 گوند و ئاوەدانی کوردستان بەشدار بوون.

لێرەدا وەکو ئەنجامگیرییەک، فەرامۆشی مێژوویی هۆکارە بۆ چەکەرەکردنی نەبوونی هۆشیاریی مێژوویی. ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆسەیەکدا دروست دەبێت، کاتێک دەستەبژێری سیاسی، لەدوای ڕاپەڕینەوە پێڕەویان لە سیاسەتی "فەرامۆشیی مێژوویی" کرد، کاتێک لە بەرەی کوردستانی لێبووردنی گشتییان راگەیاند و دواتریش سادەکردنەوەی دادگاییکردنی تاوانباران، بە دادگاییکردنی عەجاجیشەو، بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئێستە و داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی بۆ لەبیرچوونەوە و نەبوونی هۆشاریی مێژوویی. هەر بۆ نموونە دەستەبژێر ئەو داگاییکردنەی عەجاجیان بەلاوە گرنگ نەبوو و وەک ڕووداوێکی ئاسایی تێپەڕی و لەدوو دانیشتنی دادگادا چیرۆکی عەجاج بۆ تا هەتایە کۆتایی پێهێندرا. بەڵام کە ئیسڕائیل ئەدۆڵف ئایشمانی  لە 1962 گەڕاندەوە ئۆرشەلیم و دادگاییکرا، دادگاییکردنەکە بوو بە تەوەرەی سەرەکی هۆلۆکۆست. دادگاییکردنەکە دوای شەش ساڵ لە دادگاییکردنی سەرانی نازی لە نۆرمبێرگ، کە لە 1945 بەڕێوە چوو، ئایشمان لە ئەرجەنتین لە ئۆپەراسیۆنێکی کەموێنەدا دەستگیرکرا و گەرێندرایەوە بۆ ئۆرشەلیم. لەو دادگاییکردنەدا کە ئیسڕائیل بۆخۆی بەرێوەی برد، نەک وەک دادگاییکردنەکەی نۆرمبێرگ کە هاوپەیمانان سەرپەرشتییان دەکرد، بەڕێوە چوو. هەروەها بیرمەندێکی گەورەی وەک هانا ئارێنت شاکارەکەی خۆی لەسەر دادگاییکردنەکە نوسی و تا هەتایە چووە ناو یادەوەری دەوڵەت و رێکخراوە نێودەوڵەتی و کۆمەڵگە مرۆییەکان. بەڵام دوای 21 ساڵ لە دادگاییکردنی تاونابارانی جینۆسایدی کورد لە بەغدا، گەورەتاوانباری تاوانەکانی نوگرە سەلمان، عەجاج دەستگیر دەکرێت، نەک هەر نابێت بە ڕووداو، بەڵکو لەماوەی دوو هەفتەیەکدا دادگاییکردنەکەی تێپەڕ دەبێت و کۆتایی بە پرۆسەکە دەهێندرێت.

ئەم سادەکردنەوەیەی ڕووداوەکان لەلایەن دەستەبژێری سیاسی کورد هێندە بەئازارە، هەرگیز بەراوردناکرێت بە مێژووی هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی. هیچ دەوڵەت و دەستەڵات و حیزبێکی سیاسی و خەڵكێک یان گروپێک؛ هێندە بێباک نیین بەرامبەر تاوانە گەورەکانی دەرحەق بە نەتەوەکەیان کراون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×