غەفڵەتی مێژوویی چۆن دەرفەتی سەدەیەک لەبار دەبرێت

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-06-05     133

لە چرکە ساتە مێژووییەکاندا، بێباکی سیاسیی دەبێتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر چارەنوسی نەتەوەکان. هەرێمی کوردستان ئێستا لە ناو جەرگەی هەڕەشەیەکی گشتگیر و فرەڕەهەند دایە؛ لەلایەک گۆڕانکارییە جیۆۆپۆلیتیکییەکان و فشارە دەرەکییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بەربەستی بۆ زیاد دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە، ناوخۆی هەرێم تووشی ئیفلیجبوونێکی سیاسی کوشندە بووە.

بۆ یەکەم جارە لە مێژووی هاوچەرخدا کورد خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری خۆی بێت؛ دەرفەتێکی زێڕین کە چەندین نەوە خەونییان پێوە بینیوە و خوێنییان لەپێناو ڕشتووە. کەچی لەجیاتی پاراستن و گەشەپێدانی، بیناکردنی حوکمێکی هاوچەرخ و مۆدرێن، دەستەبژێری سیاسی و حیزبەکان، دەستەوسان ماون بۆ ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن و شایستە، وەک مرۆڤی مۆدێرن ئیدارەی بدەن. دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت و وڵات بێ پەرلەمان و حکومەتێکی پەراوێزخراوە، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانن دەستەڵات و پۆستەکان دابەش بکەن و واز لەو منگەراییە بێنن کە هەموو جەستەی نیشتمانی داڕزاندووە. لێرەدا ئیدی گرنگ نییە کێ خەتابارە و پشکی کێ لەم بنبەستە زیاترە، چونکە کە خاک و قەوارەکە لەهەموو لایەکەوە لەژێر هەڕەشەی جیددیدا دەبێت، ململانێی حیزبی دەبێتە جۆرێک لە خۆکوژیی بە کۆمەڵ. دوژمنی داگیرکەر، سەرقاڵە، هەر ئەوەندە خۆی کۆ بکاتەوە، ئەوسا دەزانن چۆن کونە مشک نەک هەر لە لەسیاسییەکانمان بکەن بە قەیسەری، بەڵکو لە هەموو ئازادیخوازێکی کورد.

جۆرجیۆ ئاگامبین لە تیۆریی "دۆخی نائاسایی" دا پێمان دەڵێت کاتێک دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکان (وەک پەرلەمان و حکومەت) لە کار دەکەون و ناتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، فەزایەکی بەتاڵ دروست دەبێت کە تیایدا "قانون" پەک دەخرێت. لە کاتێکدا نەیارانی دەرەکی هەرێم بە وردی کار لەسەر سەپاندنی دۆخی نائاسایی دەکەن بۆ لێسەندنەوەی مافە دەستوورییەکانی ئەم قەوارەیە، حیزبە سیاسییەکان بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە خۆیان بوونەتە ئامرازی دروستکردنی ئەم بۆشاییە یاسایی و سیاسییە.

ئەم داڕمانە ناوخۆییە، نەک تەنها قەوارەکە، بەڵکو هاوڵاتییانیش لە "لەهاوڵاتی خاوەن مافەوە" دەگۆڕێت بۆ تەنها جەستەیەکی بێ جلوبەرگ و بێ پارێزەر، واتە ژیانێکی بایۆلۆژی پەتی (Bare Life) لەبەردەم ڕەشەبای گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا. ژیانی بایۆلۆژی پەتی، ژیانێکە جیاکراوەتەوە لە هەموو جۆرە مافێکی یاسایی، سیاسی یان کۆمەڵایەتی. کاتێک جەستەی ساسیی هەرێم بە هۆی ململانێی حیزبییەوە درز دەبات، پارێزبەندییە مێژووییەکەی لەدەست دەدات و دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی. لەم سۆنگەیەشەوە، سازشنەکردن بۆ یەکدی و نەگەیشتنە ڕێککەوتن، تەنها کێشەیەکی ئیداری نییە، بەڵکو غەفڵەتێکی مێژووییە؛ دەکرێت باجەکەی لەدەستەدانی تەواوی ئەو دەسکەوتانە بێت کە بە خوێنی چەندین نەوە بەدەست هاتوون.

هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزبێک و گروپێک نییە، بەڵکو ئەمانەتێکە لە ئەستۆی هەموو حیزب و تەواوی هاوڵاتییانی کوردستان. بەڵام کاتێک بەرژەوەندی حیزبی دەخرێتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە دڵنیایی ئەوە ناپاکییە لەگەڵ ئەو نەتەوە و نیشتمانە.

یەکێک لە بەناوبانگترین ڕووداوە مێژووییەکان بەهۆی گەمژەیی سیاسییەکانی؛ کەوتنی غەرناتەیە (Granada) لە 1492ی زایینی کە ئێستا دەکەوێتە باشووری ئیسپانییا لە هەرێمی ئەندەلوسیا.

دواهەمین ئەمیرەکانی غەرناتە ناوی ئەبو عەبدوڵا محەمەدی دوانزەیەم بوو،کە شارەکەی ڕادەستی پاشا و شاژنی فەڕەنسی و ئیسپانی (فێردیناند و ئیزابێلا) کرد و بە هۆر هۆڕ گریانەوە لە شارەکە چوونە دەرەوە و بە پەلەقاژێ لەگەڵ دایکی "عائیشە ئەلرەشیدە"  سواری کەشتیییەک بوو، نوزانەوەی لەگەڵ دەنگی شەپۆڵەکانی دەریادا تێکەل دەبوو و دایکی داماوی لە سوچێکی کەشتییەکە دیققەتی لە سەرشۆڕی و ڕیسوایی کوڕە ئەمیرەکەی دابوو، لەپر هەستایە سەرپێ و پێی گوت "بگریێ وەکو ژن، بۆ موڵکێک کە نەتتوانی وەکو پیاو بیپارێزیت". کاتێک تۆ بەهۆکاری بەرژەوەندییە تەسکەکانی حیزب و دەستەبژێری سیاسیی، ناتوانیت شکۆی نەتەوەکەت بپارێزیت، هەست بە مەترسییە چارەنوسسازەکان ناکەیت، گرنگ نییە کێ خەتابارە، کێ هۆکارە، گرنگ ئەوەیە سیاسی مەزن بتوانێت نیشتمان لە قەیرانەکان ڕزگار بکات، شکۆ بۆ نەتەوەکەی بگەڕێنێتەوە. لە سەروەری نەتەوەکەی تێبگات لەجیاتی سەروەری حیزب و بنەماڵە و خێڵ. کەی سەروەری بۆ نەتەوە و نیشتمان دابین کرا، بەدڵنیایی سەروەری بۆ حیزب و بنەماڵە و خێڵیش دەگەڕێتەوە.

سیاسییە گەورەکان، وەخۆگرن، لەخۆبوردوون، دانا و زانان، خاوەن ڕوئیای ستراتیژ و چارەنوسسازن. کێ هەیە لەو هەرێمە لە کێشە حیزبی و بەرژوەندییە تایبەتەکان مەزنتر و بەرزتر بێت، ناوی بە گەورەیی بچێتە مێژوو نەک وەکو ئەبو عەبدوڵا بەسەرشۆری وڵات بەجێ بێڵێت و بە فرۆکە تایبەتەکەی خۆی، خۆی بگەیەنێتە سویسرا. ئەوکاتە ناوی هەموو ئەو جۆرە سیاسییانە بە ڕیسوایی و خۆپەرست و گەندەڵ لە دەرگا فراوانەکانەوە دەچێتە ناو قوڵایی مێژوو. مێژوو ڕوحم بەکەس ناکات. زەلیلبوونی سەددام و بن عەلی و موبارەک و قەزافیش لەهەمووان دیارن، نە دەستەڵاتییان فریایان کەوت، نە پارە و موڵک و باڵاخانەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×