جڵەوی توێژینەوە: لە نێوان سەروەریی توێژەر و هەژموونی تیۆریدا

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-06-21     113

(1)

تیۆرییەکان، بەشێوەیەکی گشتی لە سەردەم و کاتێکی دیاریکراودا وەکو وەڵامێک بۆ ئەو کێشە و پرسیار انەی لە سەردەمێکی تایبەتدا باو بوون، یان بەچەند هۆکارێکی دیاریکراو، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سەردەمی خۆیان یان تێگەیشتن لەو دیاردانەی لەهەمان سەردەمدا سەریان هەڵداوە و زانستی پێشتر نەیتوانیوە چارەسەریان بکات، ئینجا هەموو ئەوەش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک داتای دیاریکراو، داهێندراون و قسەیان لەسەر کراوە.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئەو تیۆرییانە بە ڕەهایی بۆ دۆخی کوردستان، یان هەر شوێنێکی دیکە، گونجاون؟ ئایا توێژەر تیۆرییەکە دەکاتە جڵەوی چوارچێوەی ڕوانگەی کارەکەی، یاخود جڵەوەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەدەستی توێژەرەکەدا دەمێنێتەوە و تیۆری تەنها ئامرازێکە؟ ئەمەش یەکێک لە قوڵترین و گرنگترین گفتوگۆ فەلسەفی و میتۆدۆلۆژییەکان لە بواری توێژینەوەی زانستی و زانستە مرۆڤایەتییەکاندا. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو تێگیشتنە، دەتوانین بابەتەکە دابەش بکەین بەسەر دوو تەوەرەی سەرەکیدا، تەوەرەی دووەم دەخەمە ئاڵقەی داهاتوو.

تەوەرەی یەکەم: تیۆری وەک جڵەوگیر یاخود ڕێبازی دەرەنجامگیری (Deductive Approach)، کە زۆرینەی توێژەرانی بواری زانستە مرۆییەکان، لەو چەمکانە تێدەگەن. لەو جۆرە توێژینەوانەدا بەتایبەتیش لە ڕێبازە پۆزەتیڤیست و چەندایەتییەکاندا. مەبەستیش لە ڕێبازی پۆزەتیڤیزم یان پۆزەتیڤیزمی فەلسەفی؛ کە ئۆگۆست کۆنت داهێنەرییەتی؛ وەکو ڕێباز (میتۆد)ێکی فیکری و فەلسەفیی، پێی وایە زانستی ڕاستەقینە تەنها ئەو زانست و زانیاریانەن کە لە ڕێگەی ئەزموون، تاقیکردنەوە و بەڵگەی هەستپێکراوەوە (داتاکان) بەدەست دێن. کۆنت سێ قۆناغی بۆ تێگەیشتنی دونیا و دیاردەکان دیاریکردوون، یەکەمییان قۆناغی تیۆلۆژی بوو، کە هەموو شتێکییان بۆ هێزی خودا و سروشت گەڕاندۆتەوە. دووەمییشییان قۆناغی میتافیزیک (فەلسەفی) و گەڕاندنەوەی دیادرەکان بۆ هێزێکی نادیار، ئاڵۆز و نامۆ، وەکو هێزی سروشت. سێیەمیشییان قۆناغی پۆزەتیڤیزم یان (زانستی)یە، لەو قۆناغەدا مرۆڤ واز لە پرسیاری (بۆچی) دەهێنێت بۆ پرسیاری (چۆن)، بە مانای دۆزینەوەی بەستەر و یاسای نێوان دیاردەکان، لە ڕێگەی تێبینی و تاقیکردنەوەکانەوە. لەو تێگەیشتنەدا هەر شتێک نەبیندرێت، تاقینەکرێتەوە و نەپێورێت، ناکرێت وەک زانستی ڕاستەقینە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەوەی لەو مۆدێلەدا باوە تیۆری دەبێتە نەخشەی سەرەکی و پێشوەختەی کارەکانی توێژینەوەکان، بەو مانایەی تیۆرییەکان جڵەوی سەرەکی و چوارچێوەی کارەکان دەگرنە دەست. لەو حاڵەتەدا تیۆرییەکان کۆنتڕۆڵی پڕۆسەی توێژینەوەکان دەکەن؛ توێژەر ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو چەمک و گریمانانەی، کە تیۆرییەکان دیاری دەکەن، بجوڵێنەوە و جۆرێک لە ئازادییان هەبێت. ئەوەش بەمانای ئەوە دێت کە توێژەر سەربەخۆیی زۆر لەوە کەمترە کە وێنای دەکەین. لەو ڕوانگە و تێگەیشتنەدا؛ ئەرکی سەرەکی توێژەر تەنها برتییە لە تاقیکردنەوەی ڕاستی و دروستی تیۆرییەکە لەسەر واقیع، نەک داهێنانی بیرۆکە و چوارچێوەی تازە. کێشەی زۆربەی توێژەرەکان لەو پانتاییەدا خۆبەدەستەوەدانێکی ڕەهایە بە تیۆرییەکان و هەوڵ دەدەن ملی واقیعەکە بابدەن و لەناو قالبی تیۆرییەکاندا قاڵی بکەنەوە. ئەوەش کێشەیەکی مەنهەجی و چارەنوسساز دەخاتە بەردەم کۆمەڵگەی ئێمە، کە نەتوانین بەقەد باڵای کێشە و گرفتە هەنووکەیی و ئاییندەییەکانی خۆمان، بڕیار لە جۆری تیۆرییەکان و دەستکاریکردنیان بدەین.

کەواتە پرسیارەکە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە و ئەوەیە؛ بۆچی توێژەرەکان دەبێت ملکەچی تیۆرییەکان بن؟ وشەی ملکەچبوون لە ڕوانگەی فەلسەفەی زانستییەوە، بە واتای پابەندبوون بە پێوەرەکانی تاقیکردنەوە. ئەم کێشەیە تەنها لە پۆزەتیڤیزمدا نییە، بەڵکو تەنانەت لە ڕوانگەی کارل پۆپەریشەوە کە بنەمای سەلماندن یا رەتکردنەوەی داهێنا و یەکێک بوو لە نەیارە سەرسەختەکانی پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی و میتۆدی دەرەنجامگیری کلاسیکی. بۆیە بەلای پۆپەرەوە، زانست بە سەلماندن پێشناکەوێت، بەڵکو بە هەوڵدان بۆ بەدرۆخستنەوە پێشدەکەوێت. لەڕوانگەی ئەودا دەبێت جیاکاری بکرێت، کە مەرجی ڕەتکردنەوەی" داناوە بۆ تاقیکردنەوەی تیۆری". ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای رێبازە فەلسەفییەکەی کارل پۆپەر کە بریتییە لە "سەلماندن یان رەتکردنەوە". لەو ڕوانگەیەشەوە، بەتایبەتیش لە بواری زانستە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانەوە؛ پێمان وایە؛ بۆ ئەوەی بزانین تیۆرییەک ڕاستە یان چەوت، دبێت توێژەری بەتوانا هەژموونێکی تەواوی بەسەر تیۆرییەکەدا هەبێت.

لێرەدا ئەگەر مافی سەپاندنی هەژموون بەسەر تیۆریدا بدەین بە توێژەر؛ دەکەوینە بەردەم کێشەیەکی گەورە. چونکە ئەگەر بێت و توێژەر لەنیوەی ڕێگای توێژینەوەکەیدا دەسکاری تیۆرییەکە بکات، ئەوکاتە بەپێی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم ناتواندرێت بگوترێت؛ تیۆری ناوبراوم تاقی کردەوە بەڵام دوایی دەرکەوت هەڵەیە. دروستبوونی ئەو هەڵەیەش لێرەدا بەهۆی ئەو دەسکاریکردنەیە کە لە نیوەی ڕێگادا ڕووی داوە. هەروەها بنەمایەکی دیکە هەیە بەناوی یاسای توانای گشتاندن (Generalizability)، لە زانستی پۆزەتیڤیزمدا کە بنەمای ڕێبازی ئەنجامگیرییە. پۆزەتیڤیستەکان پێییان وایە یاسای کۆمەڵایەتی و مرۆیی وەک یاسا سروشتییەکان وان، دەبێت لە هەموو زەمین و زەمانێکدا بە کەڵک بێن و کاریان پێبکرێت، نەک وەک ڕاستییەکی ڕەها ببیندرێت، کە ئەمەش هەرگیز ورد و گونجاو نییە و دەبێت نیشانەی پرسیار بخرێتە بەردەم ئەو تێگەیشتنە.

بۆیە لێرەدا بەپێی ئەو بنەمایەی پێشەوە؛ توێژەر بێجگە لە چاودێرێکی بێلایەن، شتێکی دیکە نیە و خۆی دەخاتە خزمەتی تیۆرییەکە بۆ ئەوەی تیۆرییەکە تاقیبکاتەوە داخۆ لەو ژینگەیەشدا کار دەکات یان نا، بە خۆبواردن لەوەی نەگونجانی تیۆرییەکە لەگەڵ زەمان و زەمینەکەدا چ زیانێک دەگەیەنێت. ئەمەش وەکو خوێنبەربوون وایە، کات و وزە و توانایەکی زۆر  دەڕوات و دواییش ملی واقیعی تایبەت بەخۆمان دەشکێنینەوە لەسەر بنەمای تیۆرییەک، کە لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی (Sociogenesis)، سیستمی سیاسی، ئابووری و کولتووریی و ئایینییەوە جیاواز بوون. دیاریشە ئەو جیاوازییە وا دەکات لەڕووی پێکهاتەی دەروونی (Psychogenesis) شەوە جیاواز بن. هەردوو ئەو پێکهاتەیەش کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمان نۆربێرت ئەلیاس بە وردی و دوور و درێژی جەختی لەسەر کردۆتەوە و شڕۆڤەی کردوون.

ئینجا لێرەدا ڕێبازی دەرئەنجامگیری (Deductive)، بەرامبەر تایبەتمەندی زەمین و زەمانی تیۆرییەکە، کە توێژەران بە ڕەهایی پێیەوە  پابەند دەبن، زۆرجار تووشی کوێریی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەبن. هەر بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لە تیۆرییەکانی دەروونناسی تایبەت بە خەمۆکی بەسەر یەکێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا بسەپێنین، تەنها نیشانە بایۆلۆژییەکان دیار دەبیندرێن، بەڵام لەولایەوە ئەوە لەبیر دەکات کە کێشەکانی مرۆڤی کورد فرەڕەهەندن، لەوانەیە یەکێک لە کێشە گەورەکان پەیوەندی بە "ناسنامەی سەرکوتکراو" یان زەبری سیاسی و  داهاتووی ناسەقامگیری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتەوە هەبێت، کە ئەو کێشە و گۆڕدراوانە دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بە دیاردەکانی ئابووریشەوە، نەبیندرێن یان زۆر کز و لاواز بن. بەو هۆیەشەوە توێژەر لێرەدا هەستی پێ بکات یان نا، لەجیاتی ئەوەی تیۆرییەکە بخاتە خزمەت تێگەیشتن بە واقیعی  پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانی، واقیعەکە دەشێوێنێت بۆ ئەوەی ڕاستی تیۆرییەکە بسەلمێنێت، وەکو ئەوەی لە یەکێک لە ماستەرنامەکاندا دۆزیمانەوە و گفتوگۆمان کرد.

بۆیە ئەو ڕێڕەوە بەچاوبەستراوی نابێت، بەڵکو توێژەر لە چرکەساتی هەڵبژاردنی تیۆرییەکە دەبێت زۆر لەوە وریاتر و چاوکراوەتر بێت کە هەندێک قالب دروست کراون و بلۆک کراون. پێویستە توێژەر لەپاڵ ڕستە ورد و درشتەکانی تیۆرییەکان، ژینگەی لەدایکبوونی تیۆرییەکەشییان خوێندبێتەوە، ئەو بارودۆخەشییان شڕۆڤەکردبێت کە تیۆرییەکانی تیادا لەدایک بوون و کەموکوڕییەکانییان زانیبن، ئینجا دەتوانرێت ڕابکێشرێنە ناو ژینگە تازەکەوە و پشتییان پێ ببەسترێت، بۆ ئەوەی دەرەنجامگیرییەکە دروست دەربچێت. یەکێکیش لەو دیاردانەی ئەو خۆبەدەستەوەدانە، لە جێبەجێکردنی تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمدا چـڕ دەبێتەوە، کە دوایی بە وردی دێمە سەری.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×