(2)
ئەم ڕاوانگەیە زیاتر لە توێژینەوە چۆنایەتییەکان و قوتابخانە ڕەخنەییەکاندا باوە و ئاڕاستیەکی فەلسەفی لەسەرەوە بۆ خوارەوەی هەیە کە زیاتر بەڕێبازی هەڵهێنجان (Deductive) ناسراوە، کە لە یاسا و ڕێسا گشتییەکانەوە دەست پێدەکات بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی تایبەت. لێرەدا جڵەوەکە بەتەواوی لەدەستی توێژەر دایە و ڕێگە نادات تیۆرییەکە کۆنتڕۆڵی بکات و ببێت بە قەفەسێک بۆ سنووردارکردنی دیدگاکانی توێژەر. ڕۆڵی تیۆری تەنها وەک گۆشەنیگایەک یان ئامرازێک تەماشا دەکرێت لە پێناو ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن لە بەشێک لە دیاردەکە نەک هەمووی. لەو دۆخەدا توێژەر ئازادە لەوەی چەمکەکان شڕۆڤە بکات و ڕەخنەیان لێ بگێرت و دەرەنجامەکانی لەسەر بینا بکات. ئەو کۆت و بەندە لە میتۆدی تیۆریی بنچینەییدا (Grounded Theory)، بەتەواوی جیاوازە و توێژەر دەتوانێت لە ئەنجامی شڕۆڤەکردنی داتاکانەوە، لە تایبەتەوە بۆ گشت، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە تیۆرییە پێشوەختەکان ڕزگاری بێت و بۆخۆی بناغەیەک بۆ تیۆرییەکی تازە دابڕێژێت، کە ئەوەش بۆ هەموو توێژەرێک ئاسان نییە، بەتایبەتیش بۆ ئەو بابەتەی، کە لەو توێژینەوەیەدا مەبەستمانە.
لێرەدا لە حاڵەتی یەکەمدا توێژەر دەبێت زۆر لەوە زیاتر چاوکراوەتر و شارەزاتر بێت لەوەی بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تیۆرییەکان، بەتایبەتیش ئەو تیۆرییانەی کە پەیوەندییان بە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەکانەوە هەیە. جارێ شایەنی گوتنە باس لەو ئاڕاستە تازەیەی هەندێک لە توێژەران بکەین کە لەژێر کاریگەری تیۆری پاش یان (پۆست) کۆلۆنیالیزم (Post-colonialism) دان، لە ژێر ئەو کاراییەشدا خراپتر دەکەونە ژێر هەژموونی نوسینەکانی ئێدوارد سەعید.
با جارێ بزانین هێڵە گشتییەکانی ئەو تیرۆییە چین؟
ئەو تیۆرییە ئاڕاستەیەکی ڕەخنەیی فیکریی و ئەدەبیی هەیە، لە کاریگەرییە کولتووری، سیاسی، ئابووری و دەروونییەکانی قۆناغي داگیرکاریی ئەو نەتەوانە دەکۆڵێتەوە کە پێشتر داگیر کرابوون. تیۆرییەکە بە تەنها کار لەسەر قۆناغی داگیرکاری سەربازی ناکات، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ قۆناغی دوای داگیرکاری لەڕێگەی کۆمەڵێک ئامرازەوە، لەوانەش زمان، ئابووری، سیستمی پەروەردە و میدیا. بەو جۆرە داگیرکەری دوێنێ، هەوڵ دەدات درێژە بە هەژموونی خۆی بدات لەسەر چارەنوسی ئەو نەتەوانەی کە پێشتر ڕاستەوخۆ لەڕێی هێزە سەربازییەکانەوە داگیری کردبوون.
تیۆرییەکە پێنج چەمکی سەرەکی و بنەرەتی هەن، کە توێژەران بە شێوەیەکی بەردەوام مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. لەو دووڕیانەشەوە، ئێدوارد سەعید یەکێکە لەو ناوانەی لە تیۆرییەکە جیاناکرێتەوە، بەتایبەتیش لەڕێگەی چەمکی ڕۆژهەڵاتناسییەوە. ئێدوارد سەعید پێی وایە ڕۆژئاوا وێنەیەکی شێوێندراو، دواکەوتوو و نامۆی لەسەر ڕۆژهەڵات دروست کردووە. مەبەستیش لە زەقکردنەوەی ئەو وێنەیە، دروستکردنی ڕەوایەتییە بۆ سەپاندنی هەژموونی بەردەوامی خۆی بەسەر ئەو وڵاتانەی کە پێشتر لەژێر هەژموونی سەربازی خۆیاندا بوون. هەر لەو چوارچێوەیەشدا چەمکێکی دیکە ڕەواجی پێ دەدرێت ئەویش ئەوی دیکەیە (The Other). لەو ڕوانگەیەدا داگیرکەر هەمیشە خۆی وەکو "پێشکەوتوو، ئاقڵ و شارستانی" دەخاتە سەر شانۆ، بەڵام ئەوی دیکەی داگیرکراو بە "دواکەوتوو، کێوی و نائەقڵانی وێنا دەکات، ئەوەش لە لێکۆڵینەوەی پڕۆسەی جینۆساید و قۆناغەکانیدا چەمکێکی گرنگ، بنەڕەتی و باوە، لەپێناو ناسینەوەی ڕفتاری جیاکاری و جینۆسایدکارانەدا. چەمکێکی دیکەشمان هەیە، کە بۆ کورد زۆر سەرنجڕاکێشە ئەویش دەتوانین ناوی بنێین دوانەیی یان دووسەرەیی (Hybridity). چەمکەکە لەلایەن بیرمەندی هیندی هۆمی بابا (Homi Bhabha)وە پەرەی پێدراوە، ئاماژەیە بۆ تێکەڵاوی کولتووری داگیرکەر و داگیرکراو، ئەم تێکەڵاوبوونە لە ڕوانگەی هۆمی باباوە دروستبوونی ناسنامەیەکی تازە و ئاڵۆزە لە ئەنجامی هەژموونی داگیرکەردا دروست دەبێت. ئەمەش چەمکێکی سەرنجڕاکێشە بۆ دۆخی کورد، بەتایبەتیش ئەگەر بمانەوێت بەراورد لەنێوان بەشەکانی کوردستانی داگیرکراودا بکەین، دەبینین، هەر بەشێک لەو بەشانە، هێندەی لەژێر کاریگەری کولتوور و زمان و ئەقڵییەتی داگیرکەری بەشەکەی خۆیاندان، هێندە کۆلکەی هاوبەشییان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستاندا نییە، بەجۆرێک بۆ نموونە لە کوردتانی باکوور، زۆربەی جار سنوورە نەتەوەییەکانی کورد بە تەواوی کاڵبوونەتەوە لەبەرژەوەندی نەتەوەی داگیرکەردا.
هەروەها چەمکی "ژێردەستە" (Subaltern)، کە بەهەمان شێوە لەلایەن بیرمەندێکی دیکەی هیندی بەناوی گایاتری چ. سییڤاک (Gayatri Chakravorty Spivak)) پەرەی پێدراوە. یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی گایاتری: ئایا ژێردەستە دەتوانێت قسە بکات؟ دیارە مەبەست لە ژێردەستە، نەتەوەی داگیرکراوە، یان هەندێک جار ئاماژەیە بۆ چینە پەراوێزخراوەکانی وەک ژنان بۆ نموونە، ئەوانەی بێدەنگ کراون و ناتوانن لەسایەی ڕژێمێکی داگیرکەردا گوزارشت لەخۆیان بکەن. لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە کورد داگیرکراو ە بەڵام ژێردەستە نەبووە، چونکە هەمیشە توانیویەتی قسە بکات، دژی داگیرکەر بوەستێتەوە و شۆڕشی ڕزگاریخوازی خۆی درێژە پێبدات.
ئەگەر بە کورتی شڕۆڤەیەکی ئەو چەمکانە بکەین، جیا لەوەی، کە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، دەشبێت لێکییان جیا بکەینەوە و نەیانخەینە یەک تای تەرازوو، هەرچەندە هەموویان لە چوارچێوەی تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمدا ناویان هاتووە. یەکێک لەو چەمکانەی کە دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین چەمکی ڕۆژهەڵاتناسییە، کە ئێدوارد سەعید کاری لەسەر کردووە. لە کوردەواریدا پەندێک هەیە دەڵێت "هەر کەسە و دەزانێت کوێی دێشێت". ئێدوارد سەعیدیش دەزانێت کوێی دێشێت. بەڵام ئایا گونجاوە توێژەری کورد خۆی بخاتە پێڵاوی ئێدوارد سەعیدەوە؟ بە دڵنیایی نەخێر. هۆکارەکەش زۆر ڕوونە. بۆ ئێدوارد سەعید عەرەب، تورک و فارس داگیرکەر نیین، بەڵکو ئەوە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایە هاتۆتە دونیای ڕۆژهەڵات و تا ئەوڕۆش کار بۆ شێواندنی کولتوور و ڕەهەندە سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەکەن، بێ ئەوەی دوور و نزیک خۆی لە قەرەی داگیرکاری و تاوانەکانی ئەو دەوڵەت نەتەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، کە بە باشی دەانن کورد لەنێوانییاندا دابەشکراوە و وردە وردە بەهۆی ئەو داگیرکارییەی خۆشییان ئەو نەتەوەیە، نەک هەر بەرەو توانەوە دەڕوات، بەڵکو کاریشی بۆ دەکەن و بەشێکە لە ستراتیژییەتی خۆیان. بەڵام بۆ کوردێک، عەرەب و تورک و فارس داگیرکەرن و ساڵەهایە هەوڵەکانییان چڕ کردۆتەوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی مرۆڤی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی، وەکو ئەوەی کردووشییانە. بۆیە کە دێینە سەر جێبەجێکردنی تیۆرییەکەی ئێدوارد، ئەگەر توێژەری کورد بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکات، دەکەوێتە ناو هەمان ئاراستە و بیری دەچێت کە ئەوەی ئەمڕۆ کێشە بۆ کورد دروست دەکات و دەیەوێت بیسڕێتەوە، کۆلۆنیالیزم و پۆست کۆلۆنیالیزم نییە، بەڵکوو دەوڵەت و سیاسەتەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی و فارسین. ئەوانن بوون بە کابووسی هەمیشەیی سەر سینەی هەر چوارپارچەی کوردستان. هەر ئەوانیشن هیچ نەماوە نەیکەن لە جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی مافەکانی مرۆڤ. کەواتە لێرەدا مامەڵەی توێژەری کورد زۆر قوڕسترە لەگەڵ ئەو تۆرییە تا مامەڵەی توێژەرێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ چەمکەکانی دیکەی پۆست کۆلۆنیالیزم، تەواو جیاوازە و دەکرێت لە کۆنتێکستی تایبەت بە کورد بەکار بهێندرێن. چەمکەکانی دیکەی بیرمەندە هیندییەکان، وەکو "ئەوی دی"، "دوانەیی" و "ژێردەستە" زیاتر ئەبستراکت و بێ لایەنن، زۆر بە ئاسانی دەخرێنە ناو چوارچێوەی "داگیرکاریی هەرێمیی" کە بریتین لە لە هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان. لەوانەیە بگوترێت لێرەدا هەڵەیەک هەیە و تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمت بچووک کردۆتەوە. نەخێر، ئاگاداری ئەوەشم کە هەر یەکێک لە پڕۆفیسۆر عەباس وەلی، شەهرزاد موجاب و ئەمیری حەسەنپوور، ئەم تیۆرییەیان بە وریاییەوە بەکارهێناوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە عەرەب و تورک و فارس وەک هێزی کۆلۆنیالیستی ناوخۆیی ڕەفتارییان لەگەڵ کورددا کردووە. ئەمە ڕاستە، بەڵام بەکارهێنانی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییش بۆ دۆخی کورد بەهەڵەداچوونە. بیرۆکەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بەپێی ئەو وردەکارییانەی کە لە تیۆرییەکەدا هاتوون، لەسەر کورد جێبەجێ ناکرێت، چونکە دۆخی ئەفرۆ ئەمریکییەکان لە دۆخی کورد جیاوازە و لە ئاڵقەی سێیەمدا بە وردەکارییەوە باس لە گونجان و نەگونجانی دەکەین.
ئەگەر وردتر بچینە ناو بابەتەکە و کۆمەڵێک پرسیار بوڕوژێنین، لەوانەیە هاوکێشەکە ڕوونتریش ببێتەوە. نەتەوەی کورد دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە دابەشبوونی نیشتمانەکەی بەسەر چوار دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سێ نەتەوەی موسوڵمان (جەختیشی لەسەر دەکەینەوە، سێ نەتەوەی موسوڵمان)، تا چەند کەوتە ژێر هەژموونی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی؟ بەدیوێکی دیکەدا، بەر لە جەنگی یەکەم و لەکاتی جەنگیشدا، کورد تا چەند لەژێر هەژموونی کۆلۆنیالیزمدا بوو؟
بە شوەیەکی گشتی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر لە جەنگی یەکەمی جیهانیشەوە، واتە لە شەڕی چاڵدێرانەوە لە 1514 بەداری زۆر و ململانێی هەردوو داگیرکەری موسوڵمانی عوسمانی و سەفەوی کەوتە ژێر هەژموون و داگیرکاریی دەوڵەتی سەفەویی و فارس بە شێوەیەکی گشتی. ڕۆژئاڤا و باکوور و باشووریش ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت مامەڵەی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی دووردا هەبووبێت، ئەوا بە شێوەیەکی سەرەکی لەژێر کاریگەری و دەستەڵاتی سەرکوتکەری نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی هەرێمیدا بووە.
بەوجۆرە کە توێژەرانی کورد دێنە سەر تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم و بەتایبەتیش ئێدوارد سەعید، کە بە یەکێک لە گرنگترین تیۆریستەکانی ئەو بوارە دادەندرێت، دێن و دەیکەن بە سەرچاوەی یەکەمی بیر و هزری توێژینەوەکانییان، لەوە بێ ئاگان کە ئێدوارد سەعید، شوێنی تایبەت بە خۆی دێشێت. ئێدوارد سەعید پێی وایە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی ئەدەب و مێژوو و میدیاوە وێنەیەکی دواکەوتوو، سۆزدار و نالۆژیکی لەسەر ڕۆژهەڵات دروستکردووە، بۆ ئەوەی داگیرکاریی سەربازیی خۆی لە ڕووی ئەخلاقییەوە بە پرسێکی ڕەوا بخاتە ڕوو، بەو مانایەی هاتووین بتانکەین بە شارستانی، وەک ئەوەی ڕژێمەکەی داگیرکەر هەموو ڕەهەندی گوندەواری کوردستانی هەڵتەکاند، بە پاساوی ئەوەی ئەو خەڵکە دەگوازینەوە بۆ ئەوەی لە نزیک خۆمانەوە و بن و بە شارستانییان بکەین. ئەو لەبیری چووە، دەستەڵاتی عوسمانی و سەفەوی ئەو رۆژهەڵاتەیان چەند بەرەو برسێتی و نەخوێندەواری بردووە. بێجگە لەوەش لەو سەد ساڵەدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی، تورکی و فارسی و دەوڵەتەکانییان، مرۆڤی کوردیان بەتەواوەتی سڕیوەتەوە و لە مرۆڤبوونییان داماڵیوە. نموونەیەکی زۆر سادەش لەو بارەیەوە، کۆچبەری و پەنابەرییە. هۆکار و مۆتیڤەکانی ئێرانییەک، سوورییەک و تورکێک و عەرەبێکی عێراق بۆ کۆچکردن، زۆر جیاوازە لەگەڵ هۆکارەکانی کۆچکردنی کوردێک و نابێت بە هەمان پێوەر لێکدانەوەیان بۆ بکرێت.
پوختەی باسەکە لێرەدا ئەوەیە، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر نەتەوە و دەوڵەتێک ئاراستە و ڕەهەندی جیاوازی هەن، بۆیە توێژەر لەکاتی توێژینەوەکەیدا دەبێت لەسەر بنەمای ئەو رەهەندانەوە بچێتە ناو جێبەجێکردنی توێژینەوەکەی. بە مانایەکی دیکە، تیۆرییەکان خاڵی نین لە ئاراستەی ئایدیۆلۆژی و وێناکردنی بەمەبەست بەپێی زەمان و زەمینی توێژەرەکە و ئەو ناسنامەیەی کە هەڵیان گرتووە. ئەمەش چۆن بۆ ڕۆژاواییەک، عەرەبێک و تورکێک دروستە، ئاواش بۆ کوردێکی بێ ناسنامە و بێ دەوڵەت دەیان قات دروستترە.