مامۆستا لە نێوان دەستەڵاتی ڕەمزی و لاداندا

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-07-08     77

دوو هەفتەیەک لەمەوبەر بابەتێکم بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (بەکاڵاکردنی ئایین)، برادەرێک بەڕەخنەوە بۆی نوسیبووم، ئەی بەکاڵاکردنی زانست؟ بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو، لەو کورتە نوسینەدا شڕۆڤەیەکی کورت بۆ مامۆستایەتی وەکو دەستەڵاتێکی ڕەمزیی بکەم، بەتایبەتیش بواری زانکۆ و ئەکادیمیا.

لەو بارەیەوە، تیۆرییەکمان هەیە بەناوی "دەستەڵاتی ڕەمزی" (Symbolic Power) و لە داهێنانی کۆمەڵناسی فەرەنسی (پیێر بۆردیۆ)، کە یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی بواری کۆمەڵناسی لە فەڕەنسا. لە ڕوانگەی بۆردیۆدا دەستەڵات تەنها هێزی سەربازی، یاسایی و ئابووری نییە، جۆرە دەستەڵاتێکی دیکە هەیە مەجازییە و نەبیندراوە، زۆرجار لە هێزی فیزیکی یان سەربازی بەهێزترە و بریتییە لەو توانایەی، کە وا لە خەڵك دەکات بە ئاروزووی خۆیان و بەبێ بەکارهێنانی زەبروزەنگ گوێڕایەڵی کەسێک یان دەزگایەک بن، تەنها لەبەر ئەوەی پێگەکەی بە "شەرعی"، "پیرۆز" یان "باڵا" تەماشا دەکرێت.

لێرەدا ئەو دەسـەڵاتە ڕەمزییە، زۆر مەترسیدارترە لە دەستەڵاتی فیزیکی، چونکە لەلایەک متمانە و شەرعییەتی تێدەکەوێت و مرۆڤەکان ڕێز لەخاوەن دەستەڵاتێکی ڕەمزی دەگرن، لەوانەش (زانا، پیاوی ئایینی، مامۆستا بەگشتی لە زانکۆ بێت یا لە قوتابخانە، هەروەها پزیشک و پارێزەر و تاد. هەموو ئەوانەش بە شێوە و ڕێژەی جیاواز دەستەڵاتێکی ڕەمزییان هەیە، کە دەورەدراوە بە پیرۆزیی، بەتایبەتی پیاوی ئایینی و مامۆستایەتی. ئینجا کە ئەو مامۆستای زانکۆیە، یان پیاوی ئایینییە؛ ئەو پێگە ڕەمزییەی خۆی بەکارهێنا بۆ سەپاندنی بیرۆکەیەک، یان قۆستنەوەی بەرامبەرەکەی؛ لەو حاڵەتەشدا کەسی بەرامبەر (قوربانییەکە) بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگەوە، ناوێرێت دژایەتی بکات، لێرەدا توندوتیژی ڕەمزی ڕوودەدات، چونکە لە بنەڕەتدا قوربانییەکە، وەکو بەشێک لە حەشامات، بەشداربووە لە سەپاندنی ئەو دەستەڵاتە ڕەمزییە بەسەر خۆی و کۆمەڵگەدا و واڕاهێندراوە ئەو پێگەیە پیرۆزە و نابێت دژایەتی بکرێت. زۆرجار دژایەتی پیاوی ئایین، دەبەسترێتەوە بە دژیایەتیکردنی خودی ئایین. ئەمەش پەیوەندی بە کۆکردنەوەی ئەو سەرمایەوە هەیە کە بریتییە لە (ڕەزامەندی خودا، ناوبانگی باش، بڕوانامەی باڵا، پێگەی ئایینی و ڕێزی کۆمەڵایەتی). هەر کاتێک ئەو سەرمایە بەدەستهات، دەتواندرێت کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە دابندرێت.

لە وەها دۆخێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاوەن سەرمایە ڕەمزییەکان، شتێک هەیە پێی دەگوترێت "بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی پیشەیی". پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی لە ڕووی هێزەوە پەیوەندییەکی نایەکسانە. مامۆستا دەستەڵاتی زیادکردنی نمرە و سەرکەوتن و هەڵسەنگاندنی بەدەستە، ئەمەش وادەکات قوتابی لە پێگەیەکی لاوازدا بمێنێتەوە. بۆ ڕاگرتنی ئەو پەیوەندییە لە سنوورێکی بەرپرسیارانەدا چەند پرینسیپ و بنەمایەکی بنەڕەتی هەن، دەبێت بپارێزرێن و پێڕەویان لێ بکرێت:

یەکەمییان: بنەمای سنووری پیشەییبوون. ئەمە هێڵە سوورەکەیە، مامۆستا، بەتایبەتیش مامۆستای زانکۆ و ئامادەییەکان دەبێت بەتەواوی جیاکاری بکەن لە نێوان پێگەی پیشەیی خۆیان و ژیانی تایبەتییان. لێرەدا هەر جۆرە پەیوەندییەکی شەخسی و تایبەت، وەکو چاتکردنی شەوانە، یان کۆبوونەوەی دەرەوەی چوارچێوەی ئەکادیمی (بێ کات و هۆکاری فەرمی)، بەزاندنی ئەم سنوورەیە. هەروەها زمانی ئاخاوتن و بەکارهێنانی دەستەواژەی سۆزدارانە، یان نزیکبوونەوەی ناپێویست، سەرەتای لادانە لە ئەخلاقی پیشەیی.

دووەم: بنەمای بێلایەنی و دادپەروەری. مامۆستا نابێت هیچ جۆرە ئارەزوو، بەرژەوەندی، یان سۆزێکی شەخسی تێکەڵ بە پڕۆسەی خوێندنی قوتابی و خوێندکار بکات. هەڵسەنگاندنی قوتابی دەبێت تەنها لەسەر بنەمای توانای ئەکادیمی بێت، نەک ئاستی نزیکایەتی یان وەڵامدانەوەی قوتابی بۆ داواکارییەکانی مامۆستا. هەر جۆرە هەڵسنگاندنێک لە دەرەوەی پیشەییبووندا، دبێت لێپرسینەوەی لێبکرێت.

سێیەم: بنەمای متمانە و پاراستنی پێگە. لە زانستی یاسا و ئەخلاقدا؛ ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە کەسی خاوەن دەستەڵات (مامۆستا) بەرامبەر کەسی لاواز (قوتابی) هەیەتی. دایک و باوکی قوتابی و قوتابی خۆیشی متمانەیان بە مامۆستاکە و زانکۆ و قوتابخانە کردووە، بۆیە بێ دەربەستن لەوەی کە کاری خۆیان بە پیشەیی و پاکی ئەنجام دەدەن. ئەرکی مامۆستا فێرکردنە و لەوەش متمانەیەکی تەواو هەیە، نەک بۆ ئەوەی بخرێنە ژێر فشاری دەروونی یان بقۆزرێنەوە. شکاندنی ئەو متمانەیە گەورترین خیانەت و ناپاکی ئەکادیمییە.

چوارەم: بنەمای شەفافییەت لە گەیاندندا. هەر جۆرە ڕێنمایی، ڕاوێژکاری، یان گفتوگۆی ئەکادیمی لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا دەبێت لە شوێنی فەرمی بێت؛ وەک ژووری مامۆستا و لەکاتی دەوامی فەرمیدا، یان لە ڕێگەی ئیمێڵی فەرمی زانکۆوە بێت. شاردنەوەی گفتوگۆکان یان گواستنەوەیان بۆ فەزای تایبەت، یەکەم ئاماژەی مەترسیدارە و دەبێت مامۆستا بەهەموو جۆرێک لێی دوور بێت. لەحاڵەتی ئاشکرابوونیشدا، ئەگەر هیچیش نەقەومابێت، دەبێت ڕێگری لێبکرێت.

پێنجەم: بنەمای لێپرسینەوە و چاودێری. سیستمی بواری ئەکادیمیا دەبێت میکانیزمێکی ڕوون و سەربەخۆی هەبێت بۆ سکاڵای قوتابییان و خوێندکاران، بێ ئەوەی بترسن لە تۆڵەسەندنەوە (وەک کەمکردنەوەی نمرە یان دەرکردن). ئەگەر مامۆستا بزانێت چاوێکی چاودێر هەیە و سزا دەدرێت، هێز و توانای رەمزیی خۆی بۆ مەبەستی خراپ بەکار ناهێنێت.

لێرەشدا ئەگەر کەسێک لەیەک کاتدا هەم کەسایەتییەکی ئایینی بێت و هەمیش مامۆستای زانکۆ؛ کۆمەڵگە متمانەیەکی کوێرانەی پێدەکات، ئەمەش وادەکات قوربانییەکە (قوتابی) بۆ ماویەکی درێژ نەوێرن دەنگ هەڵبڕن، چونکە دەترسن کۆمەڵگە بڕوایان پێ نەکات یان تۆمەتبار بکرێن بە تۆمەتی ناڕەوا و قۆستنەوەی دەستەڵاتی ڕەمزی. تۆمەتەکانیش زۆر جۆریان هەن، لەوانەش بێ حورمەتی بە مامۆستا، دژە ئایین، بەرەڵایی، وەکو ئەوەی هەندێک کەس لە سکانداڵەکەی ئەم دواییانەی مەلا و مامۆستای زانکۆ (عەبدولـلەتیف سەلەفی) بەرپرسیارێتیی زیاترییان خستبووە ئەستۆی قوتابییەکان.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەتایبەتیش ئەوڕوپا و ئەمریکای باکوور، پەیوەندی سۆزداری یان سێکسی لە نێوان مامۆستا و قوتابی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە توندی ڕێکخراوە و لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بە تەواوەتی قەدەغەکراوە، تەنانەت ئەگەر قوتابییەکە لە قۆناغی زانکۆشدا بێت و تەمەنی یاسایی لە سەرووی (18) ساڵیشدا بێت. لە وڵاتە زۆر توندەکانی وەک سیستمی نۆردیک و ئەنگلۆ ساکسۆن، لەوانەش بەریتانیا، بەتایبەتیش لە (ئۆکسفۆرد و کۆلێژی زانکۆی لەندەن) یاسای زۆر توندیان دەرکردوون سەبارەت بە پەیوەندی سۆزداری نێوان مامۆستا و ئەو قوتابییەی کە ڕاستەوخۆ لەلایەن مامۆستاوە سەرپەرشتی دەکرێت، یان دەرسییان پێ دەڵێت، بەتەواوەتی قەدەغەیە. ئەگەر مامۆستایەک پێشوەختە پەیوەندییەکەی ڕانگەیەنێت، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیارێتییەکەی لێوەربگیرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەردەکرێت. سیستمی خوێندن لەو بارەیەوە لە ئەمریکا و کەنەداش توندترین سیستمن. زۆربەی زانکۆکان یاسای قەدەغەکردنی ڕەها (Consensual Relationship Policies)، پێڕەو دەکەن. لە ئەمریکا هەر جۆرە پەیوەندییەک بە سەرپێچییەکی ئەخلاقی پیشەیی گەورە دادەندرێت و مامۆستاکە نەک تەنها دەردەکرێت، بەڵکو ناوی دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.

هۆکارەکانی پشت ئەو قەدەغەکردنەش بریتین لە "نەبوونی ڕەزامەندی ڕاستەقینە"، چونکە مامۆستا دەستەڵاتێکی ڕەمزی هەیە و قوتابی هەمیشە لەژێر فشارێکی نەبیندراو دایە، تەنانەت ئەگەر قوتابییەکە بشلێت من بە ڕەزامەندی خۆم لەو پەیوەندییە دام، یاسا بە ڕەزامەندییەکی تەواو و ئازادانەی دانانێت و هەژماری ناکات، چونکە ترسی زیانلێکەوتنی ئەکادیمی لە پشتە. لێرەشدا نایەکسانی هێز دێتە پێشەوە. ئەرکی مامۆستا بێلایەنییە لە هەڵسەنگاندندا. کە پەیوەندی سۆزداری دروست دەبێت، ئەو بێلایەنییە نامێنێت و زیان بە بنەمای "دادپەروەری" دەگەیەنێت. ئینجا لاوازبوونی ژینگەی دڵنیایی ئەکادیمی و زیانکەوتن بە ئارامیی ناو زانکۆ. لە حاڵەتی دروستبوونی پەیوەندی سۆزداری ژینگەی زانکۆ لە فەزایەکی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ فەزای ڕاوکردن و سێکس. ئەمەش کەڕامەتی قوتابی دەخاتە مەترسی. لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا کەڕامەتی پیشەیی زیانێکی بنچینەیی پێدەگات، چونکە مامۆستایەتی پێگەیەکی سپێردراوە بە متمانە، کە مامۆستا ئەو متمانەیە بقۆزێتەوە بۆ تێرکردنی ئارەزووی تایبەت، کەرامەت و ناوبانگی تەواوی دەزگا ئەکادیمییەکە لەکەدار دەبێت.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، هۆشیارییەکە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە دەڵێن بەرپرسیارێتی پاراستنی سنوورەکان هەمیشە لەسەر شانی کەسی خاوەن دەستەڵاتەکەیە (کە مامۆستایە)، نەک "قوتابی"، واتە ئەگەر پەیوەندییەکیش دروست بکرێت، تەنها مامۆستاکە سزا دەدرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە ئەو لایەنە پێگەیشتوو و خاوەن بڕیارەکەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×