مرۆڤی ڕووت؛ مرۆڤی بێ دەوڵەت

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2026-11-10   

لە دووتوێی سەرقاڵبوون بە خوێندنەوەی ئاگامبین، بەسەر کۆمەڵێک چەمک و بەراوردکاریدا کەوتم، کە پەیوەندی بە  واقیعی ئەمڕۆی کورد و دونیاوە هەبێت، لەو چەمکانەش ژیان، مرۆڤ، سەروەری و مرۆڤی ڕووت. لەو کورتە بابەتەدا بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەو چەمکانە بوەستم و بیانبەستمەوە بە واقیعی ئەمڕۆی مرۆڤی کورد وەکو مرۆڤێکی بێ سەروەری، بەدەر لە توانای سیاسەتکردن و مرۆڤێکی بێ دەوڵەت.

ئاگامبین لە پێشەکی کتێبەکەیدا لە پەیوەندی بە مرۆڤی هاوچەرخەوە ئاماژە بە ڕستەیەکی فۆکۆ دەکات و دەڵێت "مرۆڤی هاوچەرخ ئاژەڵێکە، سیاسەتەکەی؛ تەواوی بوونی، وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە" (Agamben, 1998:3). لەو هاوکێشەیەی فۆکۆدا ڕوانگەی گشتی بەشێوەیەکی ڕەها مرۆڤی هاوچەرخە، بەڵام لێرەدا لە چوارچێوەی تێگەیشتنی ئاگامبیندا، ئێمە دەیبەستینەوە بە مرۆڤی کورد، وەکو مرۆڤێکی ڕووت، مرۆڤێکی بێ سیاسەت. لە خوارەوە بە وردەکارییەوە دەچینە ناو مەبەستە سەرەکییەکەی کوردی بێ دەوڵەت و لە دەرەوەی سیاسەت.

ئاگامبین لە کتێبەکەیدا دەچێتە ناو شڕۆڤەکردنی ژیان و گەڕانەوە بۆ سەردەمی گریکەکان و تێگەیشتن لە چەمکی "ژیانی ڕووت" (Homo Sacer). بە گشتیش قەیرانی مرۆڤی هاوچەرخ تەنها دیاردەیەکی ئابووری یان سیاسیی نییە، بەڵکو ئەگەر لە ڕواڵەت دووربکەوینەوە، دەبینین دابەزینێکی بونیادی و ئەخلاقییە. بەجۆرێک ئاڵۆز بووە، تاک لە نێوان دەستەڵات و هێز و کۆمەڵگەدا تەنها فۆڕمە بایۆلۆژییەکەی ماوە. من دژە دەستەڵات نیم "دەستەڵات بەمانا دابڕاو یان ئەبستراکتەکەی"، بەتایبەتیش لە ڕوانگە لیبڕاڵەکەی کە جۆن لۆک وێنای کردووە و پێی وایە مرۆڤەکان بەر لە پێکهێنانی دەوڵەت خاوەنی مافی سروشتی خۆیان بوون کە بریتییە لە "ژیان، ئازادیی و خاوەندارێتی" (Locke, 2026:106). لێرەدا دەستەڵات تەنها ئەرکی سەرپەرشتیاریی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی کەسێکی دیکە، بە پێچەوانەی ئەو فۆڕمە دەستەڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زیاتر لە سەد ساڵە لە ڕێی داگیرکارییەوە وەگیرییان هێناوین. بە جۆرێک دەستەڵاتە داگیرکەرەکان ژیانی مرۆڤی کوردییان کردۆتە ئامراز و ئەقڵی مرۆڤی کوردییان لە وەزیفەی ئاسایی خۆی بەتاڵ کردۆتەوە، بچووکییان کردۆتەوە بۆ ئاستی مانەوەی ڕووت، ژیانێکی ڕووت، دوور لە هەموو جۆرە بەها و سەروەرییەک، لەسەر هەردوو ئاستەکانی تاک و کۆمەڵگە.

لە سەردەمی داڕمانی بەها سۆزداریی و ئەخلاقییەکانیدا، مرۆڤ نەک هەر بەرەو ئاستی ئاژەڵبوون دابەزیوە، بەڵکو لە ئاژەڵیش دابڕاوتر بووە یان کراوە، بەو مانایەی پێگەی ئاژەڵیش دووچاری فشاری مرۆڤ بۆتەوە و ئاژەڵ تا ئاستێکی زۆر لە پێگەی ئاژەڵبوونەوە پاشەکشەی پێ کراوە لەلایەن خودی مرۆڤ. ئاژەڵ لە پانتاییە بەرفراوانەکانی هاوسەنگیی ژینگەدا دەژیت، بەڵام مرۆڤ دێت و ئەو هاوسەنگییە گەردوونییە بەرفراوانەی لێ تێکدەدات و داگیری دەکات، لەم شوێنەدا "هەژاریی ئەقڵ"ی مرۆڤ دەبێتە بەرزترین جۆری مەترسیی بۆ پێگەی ئاژەڵ، چونکە تەنها بە زیندوویی مانەوە دەبێتە ئامانج، نەک بەهاداربوونی ژیان، وەکو بەهاداربوونێکی دابڕاو (موجەررەد یان ئەبستراکت)، بەهاداربوونێک لەدەرەوەی هەموو ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانەوە. هەموو ئایین و ئایدیۆلۆژیاکان، ئەگەر کۆمەڵێک بەها و نۆڕمیشییان بۆ ژیان هەبن، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک کۆت و سنووردارکردنیشییان هەن، مرۆڤ لەو مافانە دووردەخاتەوە و نزیکییان دەکاتەوە لەو پانتاییانەی کە ململانێیەتی لەگەڵ کێڵگە بەرفراوانەکانی ئاژەڵاندا.

چەمکی ژیانی ڕووت (Homo Sacer) ی ئاگامبین، یەکێکە لە ناوەندیترین و قوڵترین چەمکەکان، لە فەلسەفەی سیاسیی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئیتاڵی جۆرجیۆ ئاگامبین (Agamben, 1998:8). ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو قەیرانەوە هەیە، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا؛ واتە دابەزینی مرۆڤ بۆ ئاستی مەخلوقاتێکی زیندووی ڕووت، کە هیچ ماف و بەهایەکی ئەخلاقی و یاسایی نەمابێت. لێرەدا بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندی و تێکهەڵكێشی دەستەڵات، کۆمەڵگە و تاک و ئەرکەکانییان، لە گرنگی ڕۆڵی دەستەڵات تێناگەین، کە نۆربێرت ئەلیاس بە فراوانی لە تیۆرییەکەیدا "پڕۆسەی بە شارستانیکردن" باسی کردووە (van Krieken, 2017).

پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەت، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی مرۆڤەکان، کە لەکۆتاییشدا "دەبێتە هۆی تێکەڵبوونێکی گەورەتر و پێکەوەپەیوەستبوونێکی قووڵتر لە نێوان مرۆڤەکاندا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوانییاندا دروست دەکات" (Rohloff, 2012:3). ئەمەش وادەکات کە پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی نەرمونییان و بەیەکەوەپەیوەستبوون (Interdependence) لە کۆمەڵگەدا بە زیندوویی بهێڵێتەوە. کێشە بنەڕەتییەکە لەدۆخی کورددا لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا ئەوەیە کە هەرگیز ئەو دۆخە ڕووی نەداوە و ڕووش نادات، چونکە کورد نامۆیە بە بونیادی ئەو دەوڵەتانە.

لە دەوڵەتێکی نیشتمانیدا، چۆن مرۆڤەکان سەربەخۆ نین، ئاواش وەکو دوورگەیەکی دابڕاو لە یەکتر ناژین، هەمیشە بە زنجیرەیەک پەیوەندی دەستەڵات، سۆز، ئابووری و کولتووری بە یەکترەوە بەستراونەتەوە. لە ئەنجامیشدا ئەلیاس پێی وایە کۆمەڵگە بینایەک یان بوونەوەرێکی ڕەق نییە، بەو مانایەی لە سەرووی مرۆڤەکانەوە وەستابێت، بەڵکو بریتییە لەو شێوازە لە پەیوەندی و کارلێکانەی، کە مرۆڤەکان لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا لەگەڵ یەکتردا دروستی دەکەن (Elias, 1978). ئەمەش لە دۆخی دەوڵەتی داگیرکەردا لەگەڵ هاوڵاتییانی داگیرکراودا ئارەزوومەندانە دروست نابێت. دەولەتی داگیرکەر بە ئاڕاستەی مرۆڤی ڕووت لەگەڵ هاوڵاتییانی داگیرکراودا کار دەکات، وادەکات، داگیرکەر سوود لەهەموو بازنەیەکی پەیوەندی وەربگرێت بۆ بەدیلهێشتنەوەی مرۆڤی خاک داگیرکراو لە ناو هاوکێشەی ئێمە و ئەوان یان دامەزراوەکان و بەئەویترکراوەکاندا. هەروەها یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (فیگورێیشن)، هاوسەنگی دەستەڵاتە. لە دۆخی داگیرکاریدا هەرگیز داگیرکەر نایەوێت ئەو هاوسەنگییە دروست بکات؛ لە نێوان خەڵکی خۆی کە دەکرێت بە ڕەسەن یان بە دامەزراو ناوزەدییان بکات، لەگەڵ خەڵکی داگیرکراودا کە دەکرێت بە بێگانە، بە هاتوو یان بەهەر جۆرێکی دیکەی "بەئەویدیکردن" ناوزەدییان بکات. هەر بۆیەشە داگیرکەر هەمیشە گروپی داگیرکراو بە مەتەرسی لەسەر خۆی و چارەنووسی خۆیان دەزانێت (Elias, and Scotson, 1994) و تۆمەتی هەمەجۆری بۆ هەڵدەبەستێت. ئەمە تەنها لە حاڵەتی داگیرکردنی نەتەوەیەکدا جوور نابێت، چونکە تەواوی جەستەی نەتەوە بەدابڕاوی دەمێنێتەوە و لە هەموو کاریگەرییەک دادەبڕێندرێت، بەتایبەتیش کە نەتەوە وەکو یەک جەستە خۆی ڕادەست دەکات و چیتر باوەڕی بە ئازادیی نامێنێت.

لەناو ئەو ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەی پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراودا، ئاگامبین لە کتێبەکەیدا بەناوی "هۆمۆ ساکەر، دەستەڵاتی سەروەر و ژیانی ڕووت" دا، دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. هۆمۆساکەر، چەمکێکی لاتینی کۆنە و بە مانای مرۆڤی پیرۆز یان نەفرەتلێکراو. لەوبارەیەوە ئاگامبین دەڵێت:

"مرۆڤی پیرز (هۆمۆساکەر) ئەو کەسەیە، کە خەڵک (نەتەوە) بەهۆی تاوانێکەوە بڕیارییان لەسەر داوە. ڕێگە پێدراو نییە ئەم مرۆڤە بکرێتە قوربانی (لە نەریتە ئایینییەکاندا)، لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەسێک بیکوژێت، بکوژەکە بە تاوانی مرۆڤکوژی سزا نادرێت؛ لە ڕاستیدا، لە یەکەم یاسای تریبۆنیدا ئاماژەی پێدراوە کە: ئەگەر کەسێک ئەو کەسە بکوژێت، کە بە گوێرەی گشتپرسی (بڕیاری نەتەوە) بە پیرۆز دیاری کراوە، ئەوا وەک تاوانی کوشتن ئەژمار ناکرێت. هەر لەبەر ئەمەشە، لە دابونەریتدا بە کەسێکی خراپکار یان ناپاک (پیسکەوتوو) بگوترێت پیرۆز (Agamben, 1998:71).

لێرەدا جەوهەری پارادۆکسەکە پیسبوونە لە جەستەیەکدا بە پیرۆز هەژمار دەکرێت؛ ژیانی ئەو کەسە بە جۆرێک لە یاسای مرۆیی و لە پانتاییە گشتییەکاندا دەردەهێندرێت، کە کوشتنی وەک تاوان دانانرێت، هاوکات ئەوەندەش بە ناپاک دادەندرێت، کە خوداوەندەکانیش وەک قوربانییەکی ئایینی قبوڵی ناکەن. دەقەکە گێڕانەوەیەکی مێژوویی، یاسایی بەناوبانگی فەرهەنگنووسی یاسایی و کولتوورری ڕۆما پۆمپیۆس فێستۆتە (Pompeius Festus)، سەبارەت بە چەمکی "مرۆڤی پیرۆز". لە یاسای ڕۆمانەکاندا، بە کەسێک دەگوترا "مرۆڤی ڕووت" کە مافە سیاسییەکانی لێ دەسەندرانەوە. لە سایەی ئەو سزایەشدا کوشتنی مرۆڤەکە وەکو تاوان هەژمار نەدەکرا. بەڵام پارادۆکسەکە لەوەدا سەرچاوە دەگرێت، کە لەڕووی ئایینییەوە "چونکە دەست بەسەر جەستە و ڕۆحیدا دەگیرا، دەدرایە دەست خواوەندەکان و دەبووە موڵکی ئەوان"، قەدەغە بوو بکرێت بە قوربانی و وەک قوربانی بکوژرێت. ئا لێرەدایە مافە سیاسییەکان گرنگن بۆ ئەوەی جۆرێک لە مانا بە کەسایەتی مرۆڤ ببەخشێت، نەک هەر پیرۆزییەکانی بەڵکو بەو هۆیەوە دیوە بایۆلۆژییەکەشی پارێزراو دەبێت.

یۆنانییەکان بۆ دەستەواژەی ژیان دوو چەمکی جیاوازییان بەکارهێناوە. یەکەمییان زۆیێ (Zoē)، بە مانای ژیانی سروشتی، یان زیندەیی (بایۆلۆژی)، ئەو ژیانەی کە مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵ و ڕووەکدا هاوبەشە. ئەوەی جیای دەکاتەوە جیاوازیی (هەناسەدان، خواردن، زاوزێ و مانەوەیە). دووەمییان بایۆس (Bios)ـــە، بەمانای ژیانی سیاسی، شارستانی و ئەخلاقی؛ ئەو ژیانەی کە خاوەن ماف، بەها، شەڕەف و پێگەی سیاسییە لە ناو کۆمەڵگەدا. لە ڕوانگەی ئاگامبیندا ژیانی ڕووت ئەوەیە کە بایۆس "مافی سیاسی و ئەخلاقی" لە مرۆڤ وەردەگیرێتەوە و تەنها زۆیێ واتە پێگە (زیندووەکەی) بۆ دەهێڵێتەوە و دەبێتە مرۆڤێکی ڕووت (بایۆلۆژی). ئالێرەدایە، مرۆڤ دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئاژەڵ، مەیدانی سروشتی بە ئاژەڵ چۆڵ دەکات و لەگەڵ زیندوێتی ئاژەڵدا کێبڕکێ دەکات و لەوێدا سیماکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ تێکەڵ دەبن. مەبەستی فۆکۆش لە جۆری سیاسەتی هاوچەرخی مرۆڤ، دابەزینە بۆ پێگەی ئاژەڵ. لەو حاڵەتەشدا ئەو جۆرە سیاسەتە تەواوی بوون وەکو مرۆڤێکی ئاقڵ، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خۆ ئەگەر هەمان ئەو مرۆڤە ڕێگە بە ئەندامانی نەتەوەیەک نەدات سیاسەت بکەن یاخود سیاسیی بن بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە سەروەریی خود، لەهەر ئاستێکدا بێت، پێگەی ئەو ئەندامانە لە پێگەی ئاژەڵیش خوارتر دەڕوات، چونکە زۆر بە سادەیی مرۆڤێکە بێ سیاسەت، لە کۆتاییشدا مرۆڤێکی دیلە، وەکو بوونەوەرێکی زیندووش مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.

ئێستا لە چوارچێوەی ئەو وێناکردنەدا؛ ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکی بایۆلۆژی داین، کە ڕووتکراوەتەوە لەهەموو بەها مرۆییەکان و مافە سیاسییەکان، ڕێک ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لەگەڵ چەمکێکی دیکە ئەویش مرۆڤی سەروەرە. "سەروەریی" ئەو دەستەڵاتە باڵایەیە، کە مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی خۆی بدات و دیاری بکات کێ ژیانی بەهادار و پارێزراوی هەیە بە هەموو مافە بنەڕەتییەکانییەوە، کێش دەکرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت. بۆیە لە ڕوانگەی ئاگامبین "خاوەن سەروەریی، بەهۆی خاوەندارێتیی دەستەڵاتی یاسایی بۆ ڕاگرتنی بەڕێوەچوونی یاسا، بە شێوەیەکی یاسایی خۆی دەخاتە دەرەوەی یاسا، ئەمەش مانای وایە دەکرێت ئەم پارادۆکسە بەم شێوەیەش دابڕێژرێت: یاسا لە دەرەوەی خۆیدا دەژی..، یان من کە سەروەرم لە دەرەوەی یاسام، ڕای دەگەیەنم کە هیچ شتێک لە دەرەوەی یاسادا نییە" (Agamben, 1998:15). ئەم لۆژیکە بەقەد دژبەیەکبوونەکەی قوڵاییی هەیە. کەسێک کە خاوەنی سەروەریی خۆی بێت، دەشتوانێت خۆی بخاتە دەرەوەی یاسا. هەر ئەم لۆژیکەشە وا لە داگیرکەر دەکات، لەڕێی سەروەریی خۆیەوە لە دەرەوەی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و بەها و نۆڕمەکانەوە مرۆڤی کورد بخاتە چوارچێوەی مرۆڤی ڕووت، بەو ئاراستەیەیدا ببات کە بۆخۆی دەیهەوێت، لە نابووتکردنەوە تا کوشتن. لێرەدا ڕێک دەچیینە پانتایی ژیانێکی سروشتیی، وەکو ژیانی هەر ئاژەڵێک کە هیچ سنووردانانێک نییە بۆ لەناوبردنی، مەگەر خوودی سنووردانانەکە بۆ قەڵەوکردن و باشکردنی بێت بۆ ئەوەی دواتر بەکاری بێنن، بەبێ ئەوەی دەستەڵات یان کۆمەڵگە بە تاوانی بزانن.

لەسەر بنەمای تێزەکەی ئاگامبین کە لەسەر بیرۆکەی هۆمۆ ساکەر دامەزراوە، لە فۆڕمە گشتییەکەیدا مرۆڤی هاوچەرخ ڕووت کراوەتەوە، بەو مانایەی تەواوی خەمی مرۆڤ کورتکراوەتەوە لە "مانەوە لە ژیاندا"، کە بریتییە لە خواردن، پاراستنی جەستە لە نەخۆشی و ئاساییش. لەو جۆرە حالەتەدا کە تەنها بیرمان لەسەر مانەوە و خۆپاراستن بێت ئەقڵ و ڕەخنە و بەها ئەخلاقییە بەرزەکان هەپڕوون بە هەپروون دەبن. نزیکدەبینەوە لە کێڵگەی ئاژەڵان و جیاوازییەکان لەگەڵ بوونەوەرەکانی دیکە نامێنن. لە هەموو ئەو بەهایانەی وەکو دڵسۆزی، هاوسۆزی و ڕاستگۆیی دادەبڕێت و دەبێتە بوونەوەرێک  کە ئامادەیە هەموو شتێک بکات تەنها جەستە ڕووتەکەی بمێنێتەوە. ئەوە فۆڕمە مرۆییە گشتییەکەیە. ئەی کە دادەبەزینە فۆڕمە تایبەتییەکەی ناو کێڵگەی بیرکردنەوەی داگیرکەر، کە لە بنەڕەتدا بۆخۆی لە فۆڕمی ئاژەڵێکدا خەریکی بەرهەمهێنانی سیاسەتە، تەواوی خەمی ئەو مانەوەیە لە زیندانی ئەو خوودگەراییەی کە پێی وایە تەنها ئەو مافی سەروەری و بەرهەمهێنانی سیاسەتی هەیە، گرنگ نییە چ جۆرە سیاسەتێک بێت، با لە دەرەوەی هەموو بەها و نۆڕمە مرۆییەکانیش بێت، گرنگ ئەوەیە مرۆڤی کورد لە دەرەوەی فۆڕمی سیاسەتدا دەبینێت.

حکومەتی عێراق لە نیوەی دووەمی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بێجگە لە شارە گەورەکان، تەواوی باشووری کوردستانی ئاخنییە ناو ئۆردوگا زۆرەملێکان. کۆمەڵگەی کوردی لەهەموو بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان دابڕی، دوای ئەوەی لە یادەوەری و خاک و کولتوور و بەها و نۆرمەکانی دابڕی. لەوێوە توانی بەسەریاندا زاڵ بێت و زیاتر لە نیوملیۆن مرۆڤ بخزێنێتە ناو گروپە چەکدارەکان و چەکداری و میلیتاریزم بکات بە سەرچاوەی ژیان. ئەوەی بۆ مرۆڤی کوردی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکانی هێشتەوە ژیانێکی ڕووت بوو، جۆرێک بوو لە حەشامات، کەڵەکەکردنی مرۆڤەکان بەسەر یەکەوە. شەپۆڵەکانی ئەو ڕووتکردنەوە و نابووتکردنەش تا ئەمڕۆ لە فۆڕمی جیاوازدا بەردەوامن، لە پێشەوەی هەموو بەهاکانیش دەستهەڵگرتن لە سەروەریی، بەمانای نەبوونی هۆشیاری و وازهێنان و دابەزین لە ئازادی سیاسی و سەربەخۆیی وەکو تاک یان وەکو کۆ، لە کۆتاییشدا ژیانێکی ڕووت لە دەرەوەی یاساکان. وێنە گشتییەکەش؛  داگیرکەر لەناو پاناتیی بەرهەمهێنانی یاسا و کوردیش لە دەرەوەی یاسا و هەژمارکردنی بە تێکدەر (مخرب).

لێرەدا ڕاستەوخۆ دەکەوینە بەرامبەر چەمکی ئۆردوگا (کەمپ) و دۆخی گۆشەگیریی و زیندان. ئەمڕۆ نموونەی هەرە زیندووی کورد لە وەها دۆخێکدا گۆشەگیری و دابڕینی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردن لە جەستەی سەرکردەیەکی کوردی وەکو عەبدوڵا ئۆجەلان. کە ئۆجەلان بە دیل دەگیرێت، تەواوی پرسی کورد و بزووتنەوەی کوردیی باکوریش دەکرێتە دیل و دەستی بەسەردا دەگیرێت و کاریگەرییەکەی درێژدەبێتە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، بەجۆرێک تا چرکەساتی ئەو نوسینەش لە ناو کاردانەوەکانی ئەو دیلبوونەدا دەژین؛ ئەو دیلبوونە پرسی کورد لەناو زینداندا قایم دەکات و بەلارێیدا دەبات، دووری دەخاتەوە لە مەبەستە سەرەکییەکەی و لەو گەرموگوڕییەی کە بەر لەو پڕۆسەیە پرسەکە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەخۆیەوە دەیتیت. دەکرێت کاریگەری و نابووتکردنەکانی ئەو دوورخستنەوەیە درێژ ببنەوە بۆ دەیان ساڵ و چەندین وەچە؛ نەک هەر دوای دەخات و دووری دەخاتەوە لە ئامانجە سەرەکییەکەی، بەڵکو ڕێک پێچەوانەی دەکاتەوە بۆ هۆمۆساکەر، مرۆڤی ڕووت، لەپێناو داماڵینی لەهەموو جۆرە مافێکی تایبەت وەکو کورد.

لەناو تۆڕی پلانەکانی لەکاریگەریخستن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو جومگە بەهێزەکانی داگیرکراو؛ ئاگامبین دێت و پێما دەڵێت ئۆردوگا "سەربازگە، کەمپی پەنابەران، نەخۆشخانە تووندەکان، یان تەنانەت کۆمەڵگە دەستبەسەرکراوەکانی وەکو گیتۆکان یان ئەو کەمپانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی میدیاکاندا دەمێننەوە و بە ترسێکی بەردەوام گەمارۆ دەدرێن. بۆیە دەڵێت "کەمپەکانی کۆکردنەوە (کە کۆکراوەکان تیایدا لە دۆخی تیرۆر و زۆرەملێدا دەژین) تاقیگەن بۆ تاقیکردنەوەی کۆنتڕۆڵی ڕەها و گشتگیر؛ چونکە سروشتی مرۆڤ چۆن بێت، ئەم ئامانجە تەنها لە ژێر بارودۆخە پەڕگیر و توندەکانی دۆزەخێکی دەستکردی مرۆڤدا دەکرێت" (Agamben, 1998:120). لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتنەشدا؛ ئۆردووگا زۆرەملێکانی باشووری کوردستانیش، وەکو ئۆردوگای کۆکردنەوە، شوێنێک بوون، لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی داگیرکەردا، ژیانی مرۆڤەکان تیایدا بووبووە ژیانێکی ڕووت. لەو ئۆردوگایانەدا مرۆڤەکان تەنها ژمارە بوون، تەنها جەستەیەکی داپۆشراو بوون و هەناسەیان دەدا. مرۆڤەکان لەپڕ خۆیان لە دەرەوەی مرۆڤبووندا دۆزییەوە، بە جۆرێک لە هەموو دەستەڵاتێک داماڵران و چارەنووسی خۆیان لە دەست خۆیاندا نەما. ئەو هاوکێشەیە بۆ مرۆڤی دونیای ئێمە بە گشتی تا ئەمڕۆش بە ڕێژەی جیاواز هەر ڕاستە، بەتایبەتیش بۆ زۆرینەی مرۆڤی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک هەر لە دۆخی بێ دەوڵەتیدا بەڵکو دەیخاتە دۆخی دژە دەوڵەتیش، وەک ئەوەی لە باکوور ڕوودەدات.

کەواتە گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئەوە نییە کە مرۆڤ لەڕووی جەستەییەوە لەناوببرێت و کۆتایی بە ژیانی بهێندرێت، بەڵکو ئەوەیە کە لە سەروەری خۆیان دابماڵرێن و بخرێنە دەرەوەی قانون و دۆخی پیرۆزگەرایی ئاگامبین وەربگرن، دابماڵرێن لە هەموو مافەکانیان، ئەقڵ و بەها ئەخلاقییەکانیش، بۆیە بۆ هەموو کەسێکیش هەبێت بیکوژێت. تەنانەت بەکەڵکی قوربانیش نەمێنێت. ئەوەتا وا لە کورد دەکرێت تەنها جەستەیەک بێت و خەمی گەورەی ئەوەبێت تەنها و تەنها پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. لە وەها دۆخێکدا ژیانی ڕووت زاڵ دەبێت و ئازادییەکان وەک ماکیاج و شتی زیادە تەماشا دەکرێن؛ کتومت نزیک دەبینەوە لە کێڵگەی ئاژەڵان، ئەگەر پانتایی ژیانیش نەکرێت بە پانتاییەکی کێڵگە ئاسای وەکو ئۆردوگا زۆرەملێکان و گیتۆکان و گەڕەکە پەراوێزخراوەکان.

 

سەرچاوەکان

Agamben, G. and Sacer, H., 1998. Sovereign power and bare life.

Elias, N., 1978. What is sociology? Columbia University Press.

Elias, N. and Scotson, J.L., 1994. The established and the outsiders.

Locke, J., 2026. Second treatise of Government. Primento Digital sprl.

Rohloff, A., 2012. Shifting the focus? Moral panics as civilizing and decivilizing processes. In Moral panic and the politics of anxiety (pp. 71-85). Routledge.

van Krieken, R., 2017. Norbert Elias and figurational sociology. The Wiley‐Blackwell Encyclopedia of Social Theory, pp.1-3.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی دەکات
دانەغاز:به‌رهه‌مهێنان بەشێوەیەکی کاتی له‌ كۆرمۆر هەڵپەسێردرا
كۆبونه‌وه‌ی زه‌یدی و مه‌سرور بارزانی: جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی موچه‌ی هه‌رێم كرایه‌وه‌
لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ هێرشی وشکانی؛ چوار سیناریۆی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئێران بڵاودەکرێتەوە
عێراق هه‌واڵی سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كه‌ی زه‌یدی بۆ تاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
مەسرور بارزانی بە شاندێکی تەنها پارتییەوە لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت
وته‌بێژی پارتی: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی
کابینەی حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، دۆخی ئابووری و پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان تاوتوێ دەکرێن
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×