سەرنج بدە ئاو

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2025-08-11     361

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سەرەتا:

کاتێک بۆ ماوەی چەند کاژێرێک ئاو ناخۆیتەوە، ئیتر وات لێدێت کە تونێتی ژیانت هەراسان بکات و هەربۆیە پێویستیت بە خواردنەوەی ئاوە، ئەگینا وردە وردە تیادەچیت و دەمریت! گرنگی ئاو بۆ بەردەوامی ژیان نەک هەر پێویستە بەڵکو بە بێ ئاو ژیانکردن ئەستەمە! ئاو هێندە گرنگ و بنەمایە بۆ زیندەوەران، کە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەیەکی ڕوونی بۆکراوەو بەبنچینەی دروستبوونی زیندەوەران دانراوە ( وَاللَّهُ خَلَقَ كُلَّ دَابَّةٍ مِن مَّاء فَمِنْهُم مَّن يَمْشِي عَلَى بَطْنِهِ وَمِنْهُم مَّن يَمْشِي عَلَى رِجْلَيْنِ وَمِنْهُم مَّن يَمْشِي عَلَى أَرْبَعٍ يَخْلُقُ اللَّهُ مَا يَشَاء إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ  ) (١). هەرچی قسەکردن سەبارەت بە بنەچەی ئاو لەسەر ئەم هەسارەیە، لەم گوتارەدا نامەوێت ئەم باسە دووبارەبکەمەوە، چونکە لە گوتارێکی پێشوودا باسم لە بۆچوونەکان دەربارەی ئاو لەسەر هەسارە شینەکە کردووە وخوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی( ٢). سەرەڕای ئەمەش گرنگی ئاوم لە وتارێکی تریشدا باس کردووە و لێکدانەوم بۆ کردووە (٣). گرنگی ئاو بەڕوونی دەردەکەوێت، کاتێک کە ساڵێک کەمبارانی بێت و ببێتەهۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمەکشتوکاڵییەکان و ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی گشت زیندەوەران هەیە و بەتایبەتیش مرۆڤەکان.  لەم گوتارەدا حەزم کرد چەند تایبەتمەندییەکی ناوازەی ئەم شلەیە بخەمە بەردەست خوێنەری کورد، کە لەوانەیە نەک بەتەنیا سەنرجڕاکێش بێت، بەڵکو بەسوودیش بێت و لەهەمانکاتدا هاندەر بێت بۆ هاوونیشتمانیانم، کە ڕێز لە ئاو بگرن و بەچاوێکی پڕ شکۆ سەیری بکەن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

 

پێکهاتەی ئاو:

سەردەمانێکە پێکهاتەی کیمیایی ئاو زانراوە و تەنانەت بووە بە ڕاستییەک و لەوبڕوایەدام هەمووان دەیزانن، کە ئاو لە ڕووی کیمیاییەوە لەگەردێکی گەورە پێکهاتووە. دوو گەردیلە لە هایدرۆجین و یەک گەردیلە لە ئۆکسجین بەشدارن لە پێکهاتەکەیدا (بنواڕە شێوەی ژمارە ١). بێگومان ڕیزبوون و پێکەوە بەستنی ئەم گەردیلانە لە سیستەمێکی زۆر دروست و ورد و گونجاودا وا دەکات کە گەردی ئاو دووجەمسەریی بێت و بەمەش تایبەتمەندییەکی گرنگی ئاو زیاد دەکات( بنواڕە خوارەوە).

شێوەی ژمارە ١: پێکهاتە و پێکەوە بەستنی گەردیلەکانی ئاو و دروستبوونی دووجەمسەریی.

 

ئاو لە زەویدا:

بۆ بیرهێنانەوەی خوێنەران ئاو نزیکەی ٧١% ی سەرڕووی زەوی داپۆشیوە و لەم بڕە ئاوە نزیکەی ٩٧% بریتییەلە ئاوی دەریا و زەریاکان، کە جۆری ئاوەکەیان سوێرەو بەکەڵکی خواردنەوە نایەت. بە واتایەکی تر ئەوەی دەمێنێتەوە، کە بەنزیکەیی ٣% ی ئاوەی سەر زەوییە لەجۆری ئاوی پاکە و لەمەش تەنیا ١.٢% ئاوی شیرینە و بۆ خواردنەوە دەشێت، کە بریتییە لە ئاوی چەم و ڕووبار و دەریاچەکان، چونکە بڕەکەی تر لە  بەفراوەر و ناوچە سەهۆڵییە جەمسەرییەکان و لە ناخی زەویدا هەن و کۆگە کراون.

لەمەوە دەردەکەوێت، کە ئاوی شیرین و پاک بۆ خواردنەوە زۆر نییە و لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی لەوانەیە ڕۆژانێک بێت کە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ لەسەر ئەم هەسارەیە بێت.

 

ئاو لە لەشی مرۆڤدا:

گرنگی ئاو لە لەشماندا ئەگەر لە گرنگی ئاو لە سروشتدا زیاتر نەبێت کەمتر نییە. بنواڕە لەشی ئادەمیزاد بەنزیکەی ٥٠ تا ٧٥% ( بەتێکڕا ٦٠%) لە ئاو پێکهاتووە. ئەگەر وردتری بکەینەوە بۆنموونە ئەگەر مێشک وەربگرین نزیکەی ٧٥% ی ئاوە، خوێن بەنزیکەی ٨٣% ی ئاوە، ئێسک بەنزیکەی ٢٢% ی ئاوە، ماسولکەکان بەنزیکەی ٧٥% ی ئاوە، هتد. لەشی ئادەمیزاد توانای نییە ئاو کۆگەبکات، هەربۆیە پێویستە بەبەردەوامی ئاوی بۆ دابین بکرێت. هەرکەسێک پێویستە ڕۆژانە ٦ بۆ ٨ پەرداخ شلەمەنی بخواتەوە و باشترە لە و بڕە ٤ تا ٦ پەرداخی ئاو بێت. ونبوونی ئاو لە سییەکان و پێست و میز و پیساییەوە ئەنجام دەدرێت، کە پێویستە ئەو بڕە ونبووە بەبەردەوامی قەرەبوو بکرێتەوە( ٤). ئاو لینجی دەدات بە جومگەکان و لە گورچیلە و جگەردا پیسییەکان دەکاتە دەرەوە. ئاو لە لەشدا پلەی گەرمی لەش ڕێکدەخات و شانەکان شێدار دەکات و ئەندام و شانەکان دەپارێزێت و خواردن و ئۆکسجینیش دەگوێزێتەوە بۆ شانەکان. واتە ژیان بە بێ ئاو ئەستەم دەبێت.

 

تایبەتمەندییەکانی ئاو:

ئەو زانیاریانەی سەرەوە، کە بێگومان چەند گرنگن و پێویستن، بەڵام ئێشتا کەمن لە چاو چەند تایبەتمەندییەکی ئەم شلە گرنگە و وامان لێدەکات، کە بەڕاستی تووشی سەرسوڕمان ببین لەبەردەم ئەم شلەیەدا کە بە ئاو دەناسرێت(٥). هەندێک لەو تایبەتمەندییانە بریتیین لە:

-توێنەرەوەیەکی زۆر بەهێزە،کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو جەمسەرییەی هەیەتی. سەرەڕای ئەوەی کە زۆریی و بڵاوی لە سەر زەوی بەراورد ناکرێت لەگەڵ هیچ توێنەرێکی تردا(٦).

-بەرزیی گەرمییە توانای جۆریی (High specific heat capacity) بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم تایبەتمەندییە؛ گەرمییە توانای جۆریی (  Specific heat capacity)  برتییە لە بڕی گەرمی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی ١ کیلۆگرام لە ماددەیەک بە ١ پلەی سیلیزی، واتە پشت نابەستێت بە بارستای، یان بڕی ماددەکە. یەکەی پێوانەی ئەم پەسنە بریتییە لە جول\ گرام* پلەی سیلیزی. ئەم سیفەتە یارمەتیدەرە بۆ بەراوردکاری نێوان ماددە جیاوازەکان.

بۆنموونە گەرمییە توانای جۆریی (Specific heat capacity) دووماددەی وەک شەشپاڵوویەکی ئاسن و بزمارێکی ئاسنی بچووک هەمان بڕە، بەڵام گەرمییە توانا کەیان (Heat capacity) جیاوازە. شەشپاڵووە ئاسنەکە بڕێکی زۆرتر گەرمیی دەوێت بۆ بەرزکردنەوەی ١پلەی سیلیزی، لەکاتێکدا بزمارە ئاسنییەکە بەشێوەیەکی گشتی  گەرمییەکی کەمتری  پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی هەمان پلەی گەرمی کە ١ پلەی سیلیزییە. 

بەهۆکاری ئەوەی گەردەکانی ئاو لە نێوان خۆیاندا  بۆندی هایدرۆجینی دروست دەکەن، کەواتە وزەیەکی زۆر پێویستە بۆ شکاندنی ئەم بۆندانە و کاتێکیش دەشکێن گەردەکان سەربەست و ئازادانە جووڵە دەکەن وپلەی گەرمیشیان بەرزتر دەبێت. ئەمەش ئەو تایبەتمەندییەیە، کە وادەکات ئاو درەنگ گەرم ببێت و بۆ ماوەیەکی درێژتریش گەرمییەکە بهێڵێتەوە.

-ئاو لە سروشتدا لە هەرسێ دۆخەکەی ماددەدا هەیە، کەئەوانیش ڕەق و شل وگازییە.

- چڕی: سەهۆڵ چڕییەکەی کەمترە وەک لە ئاو، کە هەر ئەمەش وادەکات سەهۆڵ سەرئاو بکەوێت. ئەمە بارێکی زۆر ناوازەیە و تایبەتە بە ئاو و لە هیچ ماددەیەکی تردا نابینرێت. ئەم تایبەتمەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە بۆندەکانی هایدرۆجین لە کاتی بەستندا ( سەهۆڵ) بۆشایی زیاتر دروستدەکەن و لێکجیادەبنەوە  بەبەراورد لەکاتی شلیدا(٦). هەر ئەم تایبەتمەندییەیە وادەکات لە کاتی زستاندا تەنیا ئاوی بەشی سەرەوەی دەریاچەکان بیبەستێت و هەرچی بەشی ژێرەوەیە هەر لە دۆخی شلیدا بمێنێتەوە.

-گەرمییە توانایەکی بەرز (High heat capacity)، وەک ئاماژەمانپێدا ئاو توانای مژین و دانەوەی گەرمی هەیە، کە ئەمەش ئاووهەوا شێدار و پلەکانی گەرمی مامناوەند دەکات. ئەم سیفەتە ناوازەیە وادەکات ئاو گەرمی هەڵبگرێت.

گەرمییە توانا (Heat capacity) بریتییە لە گەرمی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی ماددەیەک بە  ١ پلەی سیلیزی، واتە پشت دەبەستێت بە بارستای، یان بڕی ماددەکە. ئەمەش وادەکات کە بیرۆکەی گەرمییە توانا بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ماددەیەک تاچەند  گەرمی دەمژێت، یان دەریدەکات لە کاتی گۆڕانی پلەی گەرمییەکی دیاریکراودا بەکاربێت. نموونەیەک بێنە پێش چاوت، کاتێک لە ڕۆژێکی گەرمدا لە کەنار دەریا دەبیت. لمی کەنارەکە تەواو گەرمبووە، بەڵام ئاوەکە گەرم نەبووە، چونکە لمەکە گەرمییە توانای نزمە و بەزوویی گەرم دەبێت. لەلایەکی تریشەوە چونکە ئاوەکە گەرمییە توانای بەرزە بۆیە گەرمی زیاتر دەمژێت بە بێ ئەوەی پلەی گەرمی بە خێرایی بەرزبێتەوە. 

گەرمییەکی زۆر پێویستە بۆ شکاندنی بۆندەهایدرۆجینییەکانی نێوان گەردەکانی ئاو.کاتێک ئاو لەسەر ڕوویەک دەبێت بە هەڵم، ئەوا ڕووەکە سارد دەبێت. ئەمەش وەک لەشی مرۆڤ و ئارەقکردنەوە وایە، کاتێک گەرمامان دەبێت ئەوا بۆندەکیمیاییەکانی لەشمان دەشکێن و یەکسەر ئارەق دەکەینەوە وەک کاریگەری ساردبوونەوە لەسەر لەشمان.

-ڕووە گژیی (Surface tension) بەهۆکاری ئەوەی، کە گەردەکانی ئاو زۆر بەهێز پێکەوە بەستراون، سیفەتی ڕووەگژیی بەرزە و وادەکات تەنە بچووکەکان، وەک هەندێک لە مێرووەکان سەرئاوبکەون و تەنانەت کەمێکیش نقوم نەبن (٦). ئەم دیاردەیەش لە ڕووەکەکاندا زۆر بەسوودە بۆ گواستنەوەی ئاو وخۆراک لە ڕەگەکانەوە بۆ سەرەوە، کە جاری وا هەیە بۆ دەیان مەتر بەرزدەبێتەوە ( بە بێ ئەوەی هیچ ترومپایەک هەبێت!).

-جەمسەرگیری بەرز (High polarity): وەک باسکرا ئاو گەردێکی جەمسەردارە، کە ئەمەش واتە ئاو دەتوانێت گەردی جەمسەرداری تر بۆ لای خۆی کێش بکات ( بنواڕە شێوەی ژمارە ١). جەمسەرگیری ئاو زۆر بەرز و ناوازەیە. توانای هەیە بۆندی هایدرۆجینی لەگەڵ توخمەکانی تردا دروست بکات، ئەمەش وادەکات توێنەرێکی بەهێز بێت(٦). ئەو گەردانەی ئاو ڕادەکێشن ئەوانەن، کە هاوهێزیان پڕە وەک ئایۆن. وەک نموونەیەک بۆ بەرزیی جەمسەرگیری ئەوەیە، کە خوێ لە ئاودا دەتوێتەوە. گەردەکانی خوێکە بە گەردەکانی ئاو چواردەور دەگیرێن وسۆدیۆمەکە لە کلۆرایدەکە جیادەکەنەوە و ئاو بەرگێکی ئاویی بەدەوری ئایۆنەکاندا دروست دەکات.

 

پوختە:

ئاو ئەوشلە گرنگ و ناوازەیەی سەر ڕووی هەسارەکەمان نەک تەنیا بۆ سروشت و ژینگە پێویستە، بەڵکو بۆ زیندەوەران مایەی بوونە، واتە بە بێ ئاو ژیان نابێت. تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئاو،  وەک ڕووەگرژیی و جەمسەرگیری و چڕیی و توانای بەرزی گەرمی و بەرزی گەرمیی جۆرییەکەی وامان لێدەخوازن، کە زیاتر ڕێز لە ئاو بگرین و پارێزگاری بکەین، چونکە ماددەیەکی بێ هاوتایە و بەرانبەر و جێگرەوەی نییە.

 

سەرچاوەکان:

١-قورئانی پیرۆز، سورەتی نور ئایەتی ٤٥.

٢- ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین ، ٢٠٠٤،  بنەچەى ئاوى ئۆقیانووسەكان، گۆڤارى زانستى سەردەم، ژمارە ٢٠،  ل ٢٢٣-٢٢٤.   

٣- ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین، ٢٠١٦، زەویناسی و کۆمەڵ، بەرگی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە،  یه‌كه‌م چاپ، سلێمانى،٢٦٤ل.

4-https://en.wikipedia.org/wiki/Properties_of_water

5-https://www.britannica.com/science/water/Physical-properties

6-Gill, R., 2015, Chemical fundamentals of geology and environmental geosciences, 3rd ed., Wiley Blackwell, 267p.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×