توخمی ئەلەمنیۆم بناسە..

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2025-09-15     440

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سەرەتا:

ئەلەمنیۆم یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی توێکڵی زەوی و بەگشتی ڕێژەی ٨.١% پێکدێنێت، کە بەمەش دەبێتە سێیەمین توخمی سەرەکی لە توێکڵی زەویدا، لەپاش ئۆکسجین و سلیکۆن (١). ئەلەمنیۆم توخمێکی کانزاییە و توانای پێداکێشان و نەرمبوونەوەی هەیە و گەیەنەرێکی باشی کارەباشە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە توخمێکی جێگیرە و چڕییەکەی کەمە. ئەم پەسنانە گشتیان وادەکەن، کە ئەم توخمە ببێتە توخمێکی زۆر گرنگ و نموونەیی بۆ زۆرێک لە پیشەسازییەکان (٢). کاتێک بەشێوەی ئۆکساید دەبێت، واتە ئەلۆمینا (Al2O3) ئەوا پتەوییەکی زۆری هەیە و بۆیە لە زۆرێک لەو پیشەسازییانەی پێویستیان بە پلەی گەرمی زۆر بەرز هەیە بەکاردێت (٣). بێگومان هەر ئەم ئۆکسایدەیە کە خاوێکی زۆر پتەو دروست دەکات و بە کۆڕاندەم (Corundum) دەناسرێت و پلەی پتەوییەکەی لەسەر پێوەری مۆهس ٩ یە، واتە تەنیا ئەڵماس لەم پتەوترە. بۆ زیاتر شارەزا بوون لە پێوەری مۆهس تکایە بگەڕێوە بۆ سەرچاوەی ژمارە ٤). هەر ئەم کۆڕاندەمەیە، کە گەوهەرێکی وەک ڕوبی ( یاقوتی سوور)، یان سافیر ( یاقوتی شین) دروست دەکات و بەهایەکی زۆریان لە نێو بەردەگەوهەرییەکاندا هەیە.

 

دۆزینەوەی ئەلەمنیۆم:

سەرەتای بەکارهێنانی ئەم توخمە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک پێش زاین، کاتێک ئاوێتەیەک کە ئەلەمنیۆمی تێدا بوو و بە ئەلوم دەناسرا، بۆ بۆیەکردن بەکاردەهێنرا. پاشان لەسەدەکانی ناوەڕاست و دوای ڕێنیسانس وەک ئەلۆمینا لە خاکەوە دەست دەکەوت و بەکاردەهێنراو بەڵام ئێشتا توخمەکە نەدۆزرابووەوە، لەساڵی ١٨٢٥ زانای فیزیایی دانیمارک هانز کریستان ئۆستید ( شێوەی ژمارە ١) دۆزییەوە و پاشان لەلایەن زانایانی ئەڵمانییەوە، وەک فریدریک وۆهلەرەوە پەرە بە کارەکەدرا. بێگومان ئەمە زۆر بەکورتی ئەگینا بەدەیان زانا و پسپۆڕی کیمیا و فیزیا بەدرێژای دەیان ساڵ کاریان لەسەر ئاوێتەی فرە ئەلەمنیۆم دەکرد و هەستیان کردبوو، کە کانزایەکی جیاواز هەیە بەڵام هەر بە وردی نەیاندەزانی کامەیە تا زانا ئۆستید دۆزییەوە (٥).

 

شێوەی ژمارە ١: زانای فیزیایی دانیمارک هانز کریستان ئۆستید ،کە توخمی ئەلەمنیۆمی دۆزییەوە (٥).

وشەی ئەلەمنیۆم بە دووڕێنووس دەنووسرێت: ئەمریکی (Aluminum) و بریتانی (Aluminium) کە هەردووکیان دروستن و کێشە نییە بەهەرکامیان بنووسرێت. سەرچاوەی وشەکە لاتینیە و لە وشەی (Alumen) وەرگیراوە کە لە ڕووی مێژووییەوە بۆ  ناساندنی خاوی ئەلوم (Alum) بەکاردەهێنرا، کەمەبەست لێی تێەکەڵەیەک لەگۆگرداتی ئەلەمنیۆم و گۆگرداتی پۆتاسیۆم بوو. هەرچی وشەی ئەلەمنیۆم هەیە ئەوا لەلایەن کیمیازانی بریتانی سێر هامفری داڤی لەساڵی ١٨١٢ پێشنیار کرابوو، پێش ئەوەی کە توخمەکە بەتەواوی و بەپاکی جیابکرێتەوە. پاشان ناوەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو و بەزوویی لە ئەوروپادا بڵاوبووەوە و لەهەندێک کاتدا لە زێڕ گرنگتر و گرانتربوو.

ئەلەمنیۆم لەڕووی کیمیاییەوە:

وەک لە خشتەی خولیدا دەردەکەوێت، ئەلەمنیۆم دەکەوێتە لای ڕاستی خشتەکەوەو کانزاییەو گەردیلە ژمارەی ١٣ یە و کێشی گەردیلەیشی ٢٦.٩٨ چڕییەکەی  ٢.٦٩گرام/سم٣  و دۆخی ئۆکسانی بەشێوەیەکی سەرەکی +٣ و چەند هاوهێزییەکی تریشی هەیە بەڵام زۆر کەمن ( شێوەی ژمارە ٢). پلەی گەرمی بۆ توانەوەی بریتییە لە ٦٦٠پلەی سیلیزی و پلەی گەرمی بۆ کوڵانیش بریتییە لە ٢٤٧٠پلەی سیلیزی (٦).

شێوەی ژمارە ٢: شوێنی توخمی ئەلەمنیۆم لە خشتەی خولیی توخمەکان (سەرچاوەی ژمارە ٦).

 

بڵاوبوونەوەی و کەڵەکەبوونی:

توخمی ئەلەمنیۆم پاش ئەوەی لە زۆرێک لە بەردە گڕکانی و گۆڕاوەکاندا هەیە و پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەم بەردانەیە، دەکرێت بەهۆکاری کەشکاری ناجێگیر ببێت و بتوێتەوە و پاشانیش بگوازرێتەوە و لە شوێنێک، یان ژینگەیەکدا کەڵەکە ببێت و بنیشێت.

ئەم خاڵە زۆر گرنگە، چونکە پاش توانەوەی واتە دەرچوونی لە بەردە بنچینەییەکەوە، دەکرێت لەناو ئاودا هەبێت و لە شوێنێکەوە بۆ جێگەێکی تر بگوازرێتەوە و تەنانەت بە ئاسانیش بگاتە ناو جەستەی مرۆڤ. هەر وەک دەشزانین ئەلەمنیۆم توخمێکی ژەهراوییە و یەکێکە لە پێنج توخمە ژەهراوییەکە،و اتە ئەلەمنیۆم و ئارسنیک و کادمیۆم و قوڕقوشم و جیوە (٧).

بەڕوونی دەرکەوتووە، کە پلەی ترشێتی ( pH) شلەی بەشدار لە کەشکاریدا زۆر گرنگە بۆ ڕێژەی توانەوەی ئەلەمنیۆم. ئۆکسایدی ئەلەمنیۆم لە زۆرینەی ئەو ئاوانەی ژێرزەویدا کە پلەی ترشێتییەکەیان لەنێوان ٥ بۆ ٦ دایە نەتواوەیەو هیچ کێشەیەک دروست ناکات. کاتێک بەردێکی وەک گرانایت لەبارودۆخێکی ئاوادا تووشی کەشکاری دەبێت و بەتێپەڕینی کات لە ڕووی کیمیاییەوە هەڵدەوەشێت، ئەوکات توخمەکانی سۆدیۆم و کالسیۆم بەتەواوی دەگوێزرێنەوە و هەرچی توخمەکانی پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ئاسن، تەنانەت سلیکۆنیش هەن بەشێوەیەکی کەمتر تووشی داخوران دەبن و دەگوێزرێنەوە و توخمی ئەلەمنیۆم بەنەتواوەیی دەمێنێتەوە (٨). واتە ئەو نیشتەنییە، یان بەردەی دەمێنێتەوە زۆر فرە ئەلەمنیۆم دەبێت وەک قوڕی چینی، یان کائۆلینایت. خۆ ئەگەر ئەم جۆرە لە خاوە قوڕییەکان زۆرتر چڕ ببێتەوە و ئۆکسایدێکی ئەلەمنیۆمی پاک کەڵەکەببێت، ئەوکات خامێک دروست دەکات، کە سەرچاوەی سەرەکی توخمی ئەلەمنیۆمە بە بۆکسایت (Bauxite) دەناسرێت.

ئەلەمنیۆم وەک ژەهرە توخمێک:

لەگوتارێکی پێشوودا بەوردی باسی توخمی ئەلەمنیۆم کرا، کە وەک ژەهرە توخمێک لەگەڵ چوار توخمەکەی تر ڕۆڵیان هەیە لە پیسبوونی ژینگە و هەوروەها لە ژەهراویبوونی جەستی ئادەمیزادەکان ( ٧). کێشەسەرەکییەکە لەوێوە دەست پێدەکات، کە پلەی ترشێتی ژینگەکە بەرزبێتەوە و وای لێبێت ئاوی سەرزەوی پلەی ترشێتییەکەی بگاتە ٤ و کەمتر، ئەمە وادەکات کە ئەلومینا بتوێتەوە و ئاوەکە بە توخمی ئەلەمنیۆم پیس ببێت، کە بێگومان پاشان کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت و بۆ نموونە  کاریگەری لەسەر ئەندامەکانی وەک گەدە و ئێسکەکان و مێشک هەیە ( ٨).

 ئێستا ئەوە گرنگە بزانین هۆکاری ئەوەچییە، کە ئاوەکە پلەی ترشێتییەکەی هێند بەرزبێتەوە! بەدڵنیاییەوە یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکان ترشەبارانە، واتە بارانێک کە پلەی ترشێتییەکەی بەرز بێت ئەوکاتە، کە دادەبارێتە سەر زەوی پلەی ترشێتی ئاوی سەرزەوی ترش دەکات. ئەی باشە بۆچی ترشە باران دادەبارێت؟ چونکە بەهۆکاری زیادبوونی دوانۆکسیدی کاربۆن لەبەرگەهەوادا و ئەوەش لەگەڵ ئاوی باران یەکدەگرێت و ترشی کاربۆنیک دروست دەکەن و ئاوەکە ترش دەبێت. واتە زیادبوونی دوانۆکسیدی کاربۆن لەبەرگەهەوادا، کە جۆرێکە لە پیسبوونی ژینگە، ئەم بارە دروست دەکات و کەمکردنەوەی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرگەهەوا ئەوبارە کەمتر دەکاتەوە.

بارێکی تر ئەوەکە لەناوچە دارستانەباراناوییەکاندا ڕوودەدات، کاتێک زۆرینەی توخمە پێکهێنەرەکانی بەردەکان تووشی ‌هەڵوەشان و داخوران دەبن و دەگوێزرێنەوە  بۆ چینێکی قووڵتر و ئەوەی سەرەوە کەدەمێنێتەوە توخمی ئەلەمنیۆمە و تێکەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبێت و پیسبوون ڕوودەدات ( ٣).

 

سەرچاوەکان:

1-Alexandre, P., 2021, Practical Geochemistry, Springer, Canada, 115p.

2-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Geochemical Exploration, and Medical Geology, Research Publishing, 448p.

3-Gill, R., 2015, Chemical fundamentals of geology and environmental geosciences, 3rd ed., Wiley Blackwell, 267p.

٤- محێدین، ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا، 2024، بنەماکانی زەویناسی، دووەم چاپ، چاپخانەی شارستان، سلیمانی، کوردستان،  413 ل.

5-https://en.wikipedia.org/wiki/History_of_aluminium

6-Lutgens, F.K., Tarbuck, E.J., and Tasa, D., 2012, Essentials of Geology, 11th   ed., Pearson Prentice Hall, New Jersey, 554p.

٧-- محێدین، ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا، پێنج ژەهرەکە! ماڵپەڕی ئاوێنە،  ٤-٣-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی:https://www.awene.com/detail?article=121412

8-Smith, G. A., and Pun, A., 2006, How does earth work? Pearson Prentice Hall, New Jersey, 641p.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×