پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
پێشەکی:
پرسیارەکانی سەبارەت بەم هەسارە شینە هێندە زۆر و ئاڵۆزن لە ژماردن نایەن! زەوی وەک هەسارەیەکی زیندوو و پڕ چالاکی و ژیان و نەوەستاو سەدان ساڵە زانایانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، کە هەموویان لەهەوڵدان لەم هەسارە بچووکەی ناو کۆمەڵەی خۆری ئەم گەردوونە گەورەیە تێبگەن و هەرهیچ نەبێت کەمێک زانیاری بەدەستبێنن یارمەتیدەربێت بۆ تێگەیشتن لە زەوی! کەچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پرسیاری زیاتر و ئاڵۆزتر سەرهەڵدەدەن و وەڵامدانەوەشیان سەرەڕای ئەم هەموو پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایە، ئاسان نییە و بگرە زۆرکاتیش مەحاڵە! یەکێک لەو سەدان پرسیارەی، کە سەردەمانێکە زانایانی سەرقاڵ کردووە سەرچاوەی ئەو ئاوەیە کە لەسەر زەوی هەیە، ئایا لەکوێوە هاتووە و چۆن کۆبووەتەوە؟ پێش ساڵانێک وتارێکی کورتم سەبارەت بە بنەچەی ئاوی سەرزەوی نووسیوە(١)، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی کە توێژینەوەکان بەبەردەوامی ئەنجام دەدرێن و ئەنجامی جیاواز دەخەنەڕوو، بۆیە حەزمکرد لەم گوتارەدا پێکەوە بزانین ئێستا زانست و زانیارییەکان دەربارەی ئەم پرسە چییان خستۆتە ڕوو و بەکوێ گەیشتوون.
ئەوشلە گرنگەی کە بەئاو دەناسرێت و بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئاوێتەبوونی هەردوو توخمی ئۆکسجین و هایدرۆجین پێکهاتووە، سەرەڕای ئەوەی کە بێ ئەو ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە مەحاڵە، چەندین پەسنی ناوازەو گرنگی هەیە، کە تەنیا لەئاودا هەن(٣،٢).
کیشوەرەکان بەنزیکەیی ٢٩% ڕووی زەوی پێکدێنن و ٧١% تری ڕووی زەوی بەئاوی زەریا و ئاوی شیرین داپۆشراوە (٤). هەندێک سەرچاوەش ڕووبەری ئاوی سەرزەوی بە ٧٥% ڕووی زەوی ئەژمار دەکەن (٥). وەک ئاماژەی پێدرا کۆبوونەوەی ئاو لەسەر زەوی و پاشان دروستکردنی دەریا وزەریاکان لەماوەی پاش ساردبوونەوەی زەوی ( واتە بەنزیکەی پێش ٤بلیۆن ساڵ) چەندین بۆچوون و گریمانەی هێناوەتەکایەوە. یەکێک لەو توێژینەوانەی کەساڵی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بۆ چەند سەرچاوەیەکی ئاو کردووە، کە بەکورتی لە خوارەوە باسکراون(٥):
١-ساردبوونەوەی هەسارەکە:
مەبەست لەم سەچاوەیە ساردبوونەوەی ناوکە سەرەتاییەکەی هەسارەی زەویییە! واتە وردە وردە لەگەڵ ساردبوونەوەی ئەو تۆپەڵە ئاگرەی سەرەتای دروستبوونی زەوی هەرچی پێکهاتە فڕندەکان( Volatile compounds) هەن دەرچوون و لە بەرگەهەوایەکدا کۆبوونەتەوە و پاشان لەژێر ئەو پەستانەدا ئاو چڕ بووەتەوە و لەسەر زەوی جێگیربووە. ئەم کردەیە ماوەیەکی زۆر درێژی ویستووە تا ئاو کۆببێتەوەو لەسەر زەوی جێگیر ببێت.
٢-سەرچاوەی دەرەوەی هەسارەکە:
مەبەست لەسەرچاوەی دەرەوەی هەسارەی زەوی بۆ نموونە کلکدارەکان (Comets) ، یان نەیزەکە فرە ئاوەکان (Water-rich meteoroids) کە ئەمانە تەنی نێو ناوچەی هەسارۆکەکانی کۆمەڵەی خۆرن و بە خێراییەکی زۆر لە بۆشاییدا چووڵەدەکەن و کاتێک دەکەونە سەر زەوی بەشدار دەبن لە ئاوی زەریاکاندا! بڕوا دەکرێت ناوکی کۆنی هەسارەکە بەهۆکاری شیبوونەوەی توخمی ئەلەمنیۆم بووبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و ئەمەش وابکات ئاو بۆ سەرڕووی زەوی سەربکەوێت! ئەم گریمانەیە پاش شیکاریی هاوتای دیوتریۆم بۆ هایدرۆجین لە بەردە ئەستێرەکاندا ( نەیزەکەکاندا) دەردەکەوێت کە پێکهاتەکە تا ئاستێک جیاوازە لە پێکهاتەی ئاوی زەریاکانی ئێستا! هەندێک دەڵێن کە گوایە لەوانەیە بە تێپەڕینی کاتی جیۆلۆجی گۆڕانکاریی بەسەر پێکهاتەکەدا هاتبێت! هەندێکی تریش دەڵێن کە لەوانەیە هەر زەوی خۆی هەڵگری ئاو بووە لە کاتی گەشەکردنی هەسارەکە!
٣-خاوە ئاوییەکان:
هەندێک لە زانایان بڕوایان وایە، کە شیبوونەوەی خاوە هەڵگرەکانی ئاو لەناو کەڤرەکانی زەویدا، دەبێتە هۆکاری دەربازبوونی ئاو بۆ سەر ڕووی زەوی!
٤-چالاکی گڕکانەکان:
لەوانەشە ئاو لە چالاکییە گڕکانییەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت. واتە پاش هەڵچوونی گڕکانەکان هەڵمی ئاو بۆ بەرگەهەوا بەرزبووبێتەوە و پاشان وەک باران بۆ سەر ڕووی زەوی داباریبێت!
٥-ئاوی بەرهەمهاتوو لە گەشەی هەسارەکە:
ئەم سەرچاوەیە ئەوەیە کە بڕوادەکرێت ماددە پێکهێنەرەکانی زەوی هەڵگری بڕێکی باش لە ئاو بووبن! بەهۆکاری سووکی هەڵمی ئاو وردە وردە لە هێزی کێشکردنی زەوی ئازاد بووە و هاتۆتە سەرزەوی! توێژینەوە زەویناسییەکان لەسەر خاوی زیرکۆن ئەوەیان دەرخستووە کە ئاو لە نزیکەی پێش ٤.٤ بلیۆن ساڵ لەسەر زەوی هەبووە، واتە هەر زوو پاش دروستبوونی زەوی! بێگومان ئەمەش پێویستی بە بەرگەهەوایە، واتە دەبێت بەرگەهەوا هەبووبیت! کە بڕوا دەکرێت لە ٤.٤ بۆ ٤ بلیۆن ساڵ پێش ئێستا گەشەی کردبێت!
لەڕاستیدا لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دەنکۆڵەکانی زیرکۆن، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ئەنجامدراوە ولە ئوسترالیا دۆزرابوونەوە دەریخستووە کە جووڵەی پلێتەکان هەر لە پێش نزیکەی ٤ بلیۆن ساڵ ڕوویداوە! ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، واتە پێش ٤بلیۆن ساڵ زەوی پڕ نەبووە لە ئاگر و کوڵان و بەرگەهەواش پڕ بووبێت لە دوانۆکسیدی کاربۆن، بەڵکو پێدەچێت ڕووی زەوی وەک ئێستا وابوووبێت! جووڵەی پلێتەکان زۆرینەی دوانۆکسیدی کاربۆنی قەتیسکردبوو، کە ئەمەش کاریگەری گەرمبوونی زەوی کەم کردبووەوە و بووە هۆکاری نزمبوونەوەی پلەی گەرمی ڕووی زەوی بەشێوەییەکی گەورە و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کەڤرەکان و لەوانەشە دروستبوونی ژیان!
٦-ڕۆڵی زیندەوەران:
بڕوا دەکرێت هەندێک ئاوی سەر وشکانی سەرچاوەیەکی زیندەکیمیایی هەبێت، واتە لەکاتی ڕووداوی ئۆکسجینی زۆر (Great Oxygenation Event) بەڕێگەی ڕۆشنەپێکهاتن و کارلێکەکانی لێکسانەوە (٦). هەر لەساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەوە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە هەندێک بەکتریای لەسەر گۆگردیدەکان ژیاو، کە بەبەکتریای مۆری گۆگردیش دەناسرێن، توانای جێگیرکردنی کاربۆن و بەرهەمهێنانی ئاویان هەیە کە وەک بەرهەمی لابەلای ڕۆشنەپێکهاتنەوە دروست دەبن، ئەویش بەبەکارهێنانی گۆگردیدی هایدرۆجین و دوانۆکسیدی کاربۆن:
CO2 + 2H2S CH2O + H2O + 2S
بێگومان تائەمڕۆژەش هەندێک زیندەوەران ئەم ڕێگەیە بەکاردەهێنن و بڕی ئاوی بەرهەمهاتوو لەم کارلێکەوە زۆر کەمە و هەرلەجێی نەبووە! بەڵام ئەوەمان لە یاد نەچێت کە لەسەردەمی زوویی زەویدا گۆگردیدی هایدرۆجین زۆر زۆر بووە و ئۆکسجینیش کەم، کە دەکرێت ئەم کردەی ڕۆشنەپێکهاتنە سەرچاوەیەک بوو بێت بۆ بەرهەمهێنانی ئاو لەسەر زەوی!
بۆزانیاری زیاتر سەبارەت بەم بابەتە، دەکرێت بگەڕێیتەوە بۆ ئەم ماڵپەڕانە :
Dr. C’s Oceans Online website (archived copy)
UniverseToday.com
ئەم جۆرە توێژینەوانە هەوڵدانە بۆ وەڵامدانەوی پرسیارە زۆرەکانی مرۆڤ دەربارەی ئەم هەسارە بچووکەی نێو کۆمەڵەی خۆر، کە تا ئەم ساتەش تەنیا شوێنە ژیان و زیندەوەرانی تێدا بێت(٦).
لەوبڕوایەدام خوێنەر ئێستا و پاش ئەوەی بابەتەکەی خوێندەوە هەست دەکات شتەکان زۆر ڕوون نین و لەوانەیە وابڕوابکات، کە بابەتەکە زۆر گرانە و ناتوانێت لێی تێبگات، بەڵام هیچ دوودڵ مەبە و هەر تۆ نیت کە سەرت سووڕماوە بگرە زانایانیش تائێستا هەر سەربادەدەن! ئەم جۆرە بابەتانە وەک ئەوە نییە ڕووداوێک لەبەردەست و چاوتدا ڕووبدەن و لێکدانەوەی بۆ بکەیت، ئەمە باسی پێش نزیکەی ٤بلیۆن ساڵ ( واتە ٤٠٠٠ ملیۆن ساڵ) دەکات و کاتێک زەوی دروستبووە و گەشەی کردووە و نموونە بەردەستەکان زۆرکەمن کە بۆ ئەوسەردەمانە بگەڕێنەوە، بێگومان لێکدانەوەکان گریمانەن و بۆچوونن و لەوانەیە پاش دەساڵی تر گۆڕانکاریان بەسەردابێت!
سەرچاوەکان:
١- محێدین، ئیبراهیم محهمهد جهزا، ٢٠٠٤، بنەچەى ئاوى ئۆقیانووسەكان، گۆڤارى زانستى سەردەم، ژمارە ٢٠، ل ٢٢٣-٢٢٤.
٢- محێدین، ئیبراهیم محهمهد جهزا، ٢٠١٦، زەویناسی و کۆمەڵ، بەرگی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، یهكهم چاپ، سلێمانى،٢٦٤ل.
٣- محێدین، ئیبراهیم محهمهد جهزا، ٢٠٢٥، سەرنج بدە ئاو، ماڵپەڕی ئاوێنە، ١١-٨-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی: https://www.awene.com/article?no=24549&auther=2706
٤-محێدین، ئیبراهیم محهمهد جهزا، ٢٠٢٤، بنەماکانی زەویناسی، دووەم چاپ، چاپخانەی شارستان، سلیمانی، کوردستان، ٤١٣ ل.
5-http://en.wikipedia.org/wiki/Origin%20of%20water%20on%20Earth?oldid=644466263
6- Huang, J., Liu, X., He, Y., Shen, Sh., Hou, Z., Li, Sh., Li, Ch., and Yao, L., 2021, The oxygen cycle and a habitable Earth, Sci. China Earth Sci. 64, 511–528 . https://doi.org/10.1007/s11430-020-9747-1
