تایتڵی ئەم بابەتەم لەچاوپێکەوتنێکی برای بەڕیزم کاک ( عبدالرزاق شەریف)م و ەرگرتووە لەگەڵ میدکار (سەعدون یونس) لەسەر توڕەکانی سوشیالمیدیا وەرگیراوە.
ناوەرۆکی کێشەکە بۆمن وەکو بابەتێکی حیزبی لە نێوان کاک عبدالرزاق شەرف و گوڕان گرنگ نیە ، چونکە ئەم کێشەیە بابەتیەکی تایبەتی بزوتنەوەکەو کاک عبدالرزاق شەیف خۆیەتی کە دوورە لە بیروبووچونی سیاسی منەوە.
بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام بۆ نووسینی ووتارەکە شێوازی ئەو جەدەلو ئارگومینتانە بووە کەلە بەرامبەر کاک عبدالرزاق شەریف کراوە ، بەتایبەتی لەسەر بابەتی بەشداری کردن لەگەڵ حیزبی دەسەڵات و نزیکبوونەوەی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی بزوتنەوەکە لەگەڵ ھێزە سیاسیەکانی تردا. ھاوکات دەرکردنی کاک عبدالرزاق شەریف بە بەیانێکی سادەو ھەناسەکی ساردەوە بێ گوێدانە پرنسیپە حیزبیەکان و مێژووی کارکردنی لەناو رێزەکانی گوڕاندا .
بابەتەکەو کێشەکە لە ڕاستیدا دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە بەچ شێوازێک نا ئەخلاقی مامەڵە و کڕین و فرۆشتنی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بە دەنگو ڕەنگی کادرە سیاسیەکانەوە کراوە بەبێ ئاگاداری خۆیان .
دەکرێت ئەم شێوازە لە سەر ھەموو کەسێکی حیزبی لەژیانی سیاسی کوردستاندا دووبارەو سەد بارە ببێتەوە ، بەڵام بە مێتودی جیاوازو رەنگ و شێوە و پیلانی جیاوازتر .
بەشێکی زۆری ھێزو گرۆپە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان ، ھەڵگری ھەمان خەسڵەت وسیماو شێوازو بیرکردنەوەی تاک لایەنن لە بڕیاردا بەتایبەتی ، لە بەرامبەر ووتنی دەنگی ئازاد بیرکردنەوەو تێروانینی جیاوازدا . ھەڵوێستی جیاواز باجی قورسی ھەیە ، چونکە ئێمە لە کوردستاندا گەشەی فکریمان وەستاوە پەڕگێرە بە ستایش و پیا ھەڵدانی دروستکردنی چیرۆکی ناڕاستی سەرۆک خێڵ و بەرپرسو بتە سیاسیەکانی ناو مێژووی گەلی کورد.
ئەم دەردەکوشندەیە لەناو عەقڵێتی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی حیزبە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە ، لە ژێر دروشمی( یان لەگەڵمی یان دوژمنمی ). ئەمە ئەو ڕیتمەیە کە بەشێکی حیزبی سیاسی کوردی وەکو میکانزمی کاری سیاسیەت لە کوردستان پراکتیزیەی دەکەن ، وە باشترین پێوەری ھەڵسەنگاندنی خەبات و توانای سیاسی کادرەکان ، نزیک بوونەوە یە لە بازنەی دەسەڵاتی پاشا . کێ زیرەکە و ەتوانای ڕازیکردنی ھەرەمی دەسەڵاتی ھەبێت ، ئەوە دەبرێتە سەرەوەی دیوەخانەکە ، ئەمە ئەو ماکەیە کە ئێستای دنیا ی سیاسی و بەشێکی حیزبی کوردی گیرۆدەیەتی .
پێویستە بۆ ئاشنابوونی جیاوازیەکانی سیاسەت ، بەراووردێکی سەرپێیانەی دنیای سیاسی کوردی و ووڵاتانی ئەوروپا بکەین لەسەر نوڕم و شێوازی و میکانیزمی کارکردنی سیاسەت لە ھەردوو فەزایی جیاوازی شەرق و غەربدا .
حیزبایەتی و سیاسەتکردن لە ھەرێمی کوردستان و ووڵاتانی پێشکەوتوودا ئەوەیە ، لە کوردستان سیاسەت بۆ ڕەمزی سەرۆک و بەرپرس و سەرۆکی خێڵ دەکرێت، بەڵام ،لەلای ئەوروپیەکان سیاسەت بۆ دەوڵەت و خزمەت و چاکەی گشتیە . لە کوردستان ھەڵبژاردن بۆ لاقەکردنی دیموکراسی و پڕکردنی کیسەی ناو باخەڵی ھەندێ ئەندام پەرلەمان وبازرگانی سیاسیە ، بەڵام لە رۆژئاوا بۆ مێژوو و خزمەتی نیشتمان و خاک و ئەخلاق و مرۆڤدۆستی و دەکرێ.
لە کوردستاندا ئەو فیگەرە سیاسیەی کە خاوەنی دیدیگای تایبەتی و کەرامەتی بەرزی شوڕشگێری خۆیەتی ، دەبیتە نێچیری دەزگا ھەواڵگریەکان و دەرپەڕاندنیان لەناو دامەزراوە سیاسی حیزبێکاندا ، یان ھەوڵی تێرورکردنی کەسایەتی سیاسی مێژوویان دەدرێت . بەڵام لە رۆژئاوا فۆڕمی سیاسی حیزبی ھاووڵاتی پێک دەھێنت ، دەبێتە دروستکەری کادری خاوەن سەلیقە و ئەستێرە سیاسی و نمونەی بەرزی بەڕێوەبردنی ووڵات . لە کۆتایی ووتارەکەمدا دەمەوێ ئاماژە بە و ھەڵوێست و ئاکارە خراپانەی حیزبایەتو سیاسەت بکەم کە ئێستا دەسەلاتو دنیای سیاسی کوردی تیکەوتووە.