لە دوای ڕێکەوتنی ١٧ تەمووزی ساڵی ٢٠٢٥ نێوان ھەرێمی کوردستان وحکومەتی فێدڕاڵی لە بەغداد بەپێ خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە کورد نوێنەری ڕاستەقینەی نە بووە لە پەرلەمانی عێراق ئەو کوردانەی کە کاریان کردوە لە پەرلەمان ھەمان شێوازی ئەو کوردانەن کە ئەندامی ) مجلسی تەشریع تەنفیزی( کاتی بەعس بوون وە توانای پسپۆڕیان زۆر لەم پەرلەمانتارانەی ئێستای ھەرێم زیاتر بووە .
ئایا کورد نوێنەری ڕاستەقینەی ھەیە لەناو پەرلەماندا؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستمان بەبیرکردنەوەی زۆر قووڵ نیە، چونکە ھەموو ھێزە سیاسیەکان و ھاووڵاتیان دەزانن تەنھا بوونی کورد لەناو پەرلەماندا بۆ کاری بزنسو خۆدەوڵەمەندکردنە ، ئەوەی باکیان نەبێت ھەرێم و ئایندەی کوردستانە .
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پاش ھەڵبژاردنی پەڕلەمان عیراق چەند ین یاسا ی گرنگ پەسەندکرا، کە تایبەت بوو بە چارەنووسی خەڵکی عێراق بەتایبەتی ھەرێم . وەک دەڵێن بەشێک لە نوێنەرانی کورد بە پارە دەنگیان لەسەر ئەو پرۆژانە داوە کە ھیچ نرخ وسەنگێکیان بۆ کورد و خەڵکی کوردستان نەبووە ، جگە لەوە بەشێک لەو پرۆژانە بوونە بابەتیەکی یاسایی ترسناک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی کورد باشترین نمونە یاسای حەشدی شەعبی وە چەندین یاسای تری ئیدارو مالی لە عیراقدا.
زۆربەی یاساکانی پەرلەمانی عیراق نوێنەرانی کورد بەشدار بوون ، بەپێچەوانە وە کاریگەری خراپیان بەجێھێشت لەسەر ھەرێم ،ھەر لە نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی تادەگات یاسای نەوت وگاز پاشان جێبەجێ نەکردنی مادەی ١٤٠ وە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان.
لاتان سەیر نەبێت ئەندامی پەرلەمانی عێراق ھەیە ، ھەتا ئێستا نازانی دەستور چەند مادەیە کام مادە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی ھەرێم پارێزگاکان . بۆیە ھەندێ جار کرمی دارەکە لە خۆمانە کە ناتوانین دان بەو ڕاستیەدا بنێن کە بەشێکی کێشەکە پەیوەندی بە نە شارەزایی خۆمانەوە ھەیە لەناو دەزگاکانی بەڕێوەبردن و ئەنجومەنی نێوێنەرانی عیراقدا.
بۆچی کۆی گشتی ھێزە سیاسەکانی کوردستان ئەم نەنگیە چارەسەرناکەن ، بەردەوام بەدوای خەلکانی بێ ئەزموون بێکەڵکدا دەگەڕین تا بەربژێری بکەن بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ؟
ھێزە سیاسیەکانی کوردستان ھەتا ئێستا پۆستی پەڕلەمان وەک پاداشتێک دەبێنن بۆ ھەندێ کادری بێ ئەزموون بێ توانا لەناو حیزبدا، ناکرێت کەسێک بەربژێربکرێت کە ھیچ پسپۆریەکی یاسای نەبێ بەتایبەتی لە بوارەکا نی تشریعی یاسایدا، ناکرێ بۆململانێ حیزبی خراپترین کۆلێتی ئەندام پەرلەمان بنێریتە دەزگای پەرلەمان تەنھا کاری بزنسو سەفەقاتی ژێربەژێرو ، خۆدەوڵەمەندکردنی شەخسی بێت بەڵام کاتێک کە کێشەیەکی گەورەی یاسایودەستوری دروست دەبێت کاکی ئەندام پەرلەمان بە پشوی رەسمی لە ووڵاتانی ئەوروپا بێت ، بەردەوام منحیەی پەرلەمانی بۆسەرف بکرێت بەناوی پشوی پەرلەمانیەوە لە گەڕانی ووڵاتانی ئەورپادا بێت وە خەریکی کڕینی شوقە و ڤێلای گرانبەھابێ وە خەریکی وەرگرتنی پاسپۆرتی دیبلوماسی وەپشکی ھەبێت لە پرۆژەی وەھمیدا، بۆ سەلماندنی ڕاستی قسەکانمان) ماکیڵ رۆبیو (لە نووسینەکانی دا باس لە نوێنەرانی کورد دەکات لە بەغداد کە چ گەندەڵیەکیان کردوە لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب لە پەرلەمانی عێراقدا بەتایبەتی لە گرێبەستی وەزارەتی بەرگری عێراق لە کڕینی چەکی وە ھمی لەگەڵ بەشێک لە سیاسیە ئەمریکی و ئەوروپایەکاندا .
ئەوا زیاتر لە سێ مانگ فەرمانبەرانی کوردستان مووچەیان پێنەدراوە کام نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عیراق و دەزگاکانی بەڕێوەبردن بڕیاری وازھێنانیان لە پۆستەکەیدا داوە گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان، ئەمانە کۆمەڵی خەڵکی دۆگمان وە نوێنەری خەڵک نین تەنھا نوێنەری گیرفانی خۆیانن.