بیرکردنەوەیەکیتر لەدوو هەرێمی لەناعیلاجیدا

ئاری هەرسین
  2023-04-08     542


دیسانەوە ڕوداوێک، کە بە دەسیسە و پلانی دەرەکی جێبەجێ کراوە، درزی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زلتر کرد. ئەگەر کەسێکی بیانی شارەزاییەکی باشی لە زمانی کوردیدا هەبێت و کۆمێنت و پۆستەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بخوێنێتەوە لای زۆر زەحمەت ئەبێت بڕوا بکات ئێمە یەک میللەتین. هێرشە ساردەکانی نێوان زۆنی سەوز و زەرد بۆ سەر یەکتر لەم ٢٤ سەعاتەی ڕابوردودا (بۆ هەزارەمین جار) ئاماژەیەکی خراپن بە ئاڕاستەی دووبەرەکی. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاری گەورە ئەچێت، کەچی ئێمە وەک نەتەوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکەدا لەبری ئەوەی یەکێک بین لە یاریچیە سەرەکیەکان، یاری بە چارەنوسمان ئەکرێت و، لە ناو خۆشماندا ئەوە حاڵ و وەزعمانە. 
هەندێک کەس پێیان وایە کە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەوە لە تورکیا هەیە. با وای دابنێین کە ئەم قسەیە، یان ئەم ئەرگومێنتە ڕاستە. ئایا بە لاچون و دۆڕاندنی ئەردۆغان چی لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر کورد دەگۆڕدرێت؟… قازانجەکانی کورد لە دۆڕانی ئەردۆغاندا کامانەن؟… ئایا دەزگای (میت) کە زیاد لە نیو سەدەیە دامەزراوە هەڵدەوەشێتەوە؟… ئایا سوپای تورکیا چەک دادەنێت؟… ئایا کورد لە تورکیا خودموختاری پێ دەدرێت؟… ئایا دوای ئەردۆغان کۆتایی بە شۆڤێنیزمی تورکی دێت؟… ئایا خەڵکی تورکیا ڕەسمەکانی ئاتاتورک لە دیواری ماڵ و کوچەو کۆڵان و دام و دەزگا حکومی و بازرگانیەکان دەهێننە خوارەوەو دەیان سوتێنن؟… هەزار هەڵبژاردنی تریش لە تورکیا بکرێت، تاکە ڕێگای چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا تەنیا و تەنیا گفتوگۆیە، ئیتر گرنگ نیە کێ لە ئەنقەرە حوکمڕانە. بچوککردنەوەی کێشەی کورد لە تورکیا لە کەسایەتی ئەردۆغاندا لە نەفامی سیاسی زیاتر هیچیتر نیە. 
پەیوەندیەکانی ئێران و سعودیە ئاسایی بۆتەوە. سوریاش لەبەر دەرگای سعودیە وەستاوە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە. جگە لە زلهێزەکان، وڵاتانی وەک تورکیا و عێراق (وەک دەڵاڵی دەستی دووی دیپلۆماسی) ڕۆڵی بەرچاویان لەم دیپلۆماسیە نوێیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا بینیوە. هیچ دوور نیە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکاریانە سۆرپرایزێکی لەبابەتی پیلانەکەی جەزائیری (١٩٧٥) بۆ کورد تیا بێت. ئیتر ئەمجارە بۆمبای پیلانەکە بە کام بەشەی کوردستاندا ئەتەقێتەوە جارێ کەس نایزانێت.
حکومەتی عێراق سودمەند بوە لە فرە گوتاری کورد. هەندێک لە پارلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا هەتا ئاستی خۆفرۆشی بونەتە خزمەتکاری عەرەبە شۆڤێنیستەکان. ئیتر لەبەر ئافەرینکی هەرزانجانی ئاغا عەرەبەکانیان بێت، یان لەبەر سەفتە دۆلار و پارچە زەویەک لە بەغدا. ساڵەهای ساڵە تورکیا هێزی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەیە، عێراق (کە بە حساب دەوڵەتی سەربەخۆیە و سیادەی هەیە) لە ورتە ورتی بەیان و بەیاننامە کاری سێ سەرۆکایەتیەکە زیاتر، بە کردار هیچ تەعبیرێکی لە نیگەرانیەکانی خۆی نیشان نەداوە. بەرامبەر بە ئێرانیش (بەدەسەڵات ترین هێزی بیانی لە ناو خاکی عێراق) بە هەمان شێوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان لەپای پاشەکشەی سەربازی لە ناو خاکی تورکیا، دەعوەتنامەیەکی فەرمی بۆ ئەنقەرە ناردوە کە شەڕەکە بهێننە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. پەکەکە لە جیاتی ئەوەی بڵێت لە ناو تورکیا شکستم هێنا، پێمان ئەڵێت کوردستان موڵکی هەموو کوردێکە و بۆ کوردایەتی هاتومەتە هەرێمی کوردستان. لەسەرێکی ترەوە دوژمنی هاوبەش (پارتی) و بەرژەوەندی هاوبەش (بازرگانی) یەکێتی و پەکەکەی کردۆتە هاوپەیمان. بۆیە هاوپەیمانی نێوان پەکەکە و یەکێتی لەسەر بنەمای کوردایەتی و بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان نیە. پەیوەندی هەسەدە و یەکێتیش درێژکراوەی پەیوەندی پەکەکە و یەکێتیە. عەجەبا ئینسان کێشەی مووچەو خزمەت گوزاریەکانی لە دەڤەری سلێمانی هەبێت، جارێ ئەچێت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی کوردی سوریا؟… پشتیوانی کوردانی سوریا واجبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیە و لە دوریشەوە ئەکرێت، بەڵام سەد مەتریەکەی سلێمانی لە کۆبانێ تەواو ناکرێت.
مانگرتنی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، گۆشەگیربوونی لە شاری سلێمانی، دوا هەنگاو بوو بۆ ئاشکرابوونی ڕوخساری دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان و، دوورکەوتنەوەی دوو لایەنی سەرەکیش لە ناو حکومەت ڕۆژ بە ڕۆژ خێراتر و خێراتر ئەبێت. هەمولایەکیشمان بینیمان کە دوو ئیدارە ییش عیلاج نیە (لە ئێستایا و دەمێکیشە حوکم لە کوردستا دوو ئیدارەییە). ئەگەر ئەم پەرتەوازەیی و جەمسەرگیری دوژمنکارانەیە هەروا بەردەوام بێت، پێویستە هەموو دڵسۆزێکی نیشتیمان بیر لە تاکە ڕێگە چارە بکاتەوە کە بەدەستەوە ماوە، کە ئەویش هەڵبژاردنی مۆدێلی دوو هەرێمیە. دروستبوونی دیبەیتێکی عەقڵانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەل و پاراستنی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان بۆ گۆڕینی شکڵی ئیداری و سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ دوو هەرێم لەوانەیە تاکە عیلاج بێت. چونکە ئەگەر بەم ئاوازەی ئێستا سیاسەت و معامەلە لەگەڵ یەکتر بکەین
(بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە) نە گەلێکی یەکگرتوو ئەمێنێت هەتا خزمەتی بکەین و، نە کوردستانێکیشمان بەدەستەوە ئەمێنێت هەتا سەروەریی بپارێزین. من بڕیار بەدە ست نیم و ئەم ووتارە تەنیا هەڵوێستە کردنێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیە، بە ڵام حەق وایە لە خۆمان بپرسین جگە لە مۆدێلی دوو هەرێمی، کامانەن ئەو چارەسەرە مەنتیقی و واقیعیانەی کە لە ئێستادا لەبەردەستماندان؟

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×