کاک باڤێڵ چیت ئە وێت؟

ئاری هەرسین
  2022-04-30     844

هەر کەسەو بە ئارەزوی خۆی تەعریفێک لە مەسڵەحەتی خۆی بۆ کوردایەتی دادەتاشێت. لە کاتێکا کوردایەتی بە مانا زۆر سادەکەی بریتیە لە: سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان و خۆشبەختی و پاراستنی کەرامەتی نەتەوەی کورد.

نێوانمان زۆر خراپە و، لە ئەنجامی ئەوەش میللەتمان زۆر لێ توڕەو و بێزارە. وەزعەکە بە شوێنێک گەیشتوە کە نە دروشمی شۆڕشگێڕی و نە موزایەدات بە ڕێبازی بارزانی و نە ئەوەی مام جەلال خەریکە سود و قورسایی دە مێنێت. سیاسەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا نە بە دڵی ئێمەیە و نە بەدە ست ئێمەیە. جوگرافیای کوردستان لە مەسڵەحەتمان نیە. نێوان ئێمە و ئێوەش گەیشتوە تە ئاستێکی ئەوەندە ناشرین کە لە بەرژەوەندی میللەتەکەمان نیە. 

سیاسەت بوە تە منداڵ بازاڕ. لە بری ئەوەی کەسانی عاقڵ، دە مڕاست و ساحێب ڕەئی لە شوێنی بڕیاردا بن، ڕۆژ ڕۆژی کەسانی  منداڵە مەسڵەحچیەکانە. مەبەستم ئەو کەسانەیە کە هەموو وجودیان لە پێناو پۆستێکی حکومی، حیزبی یان پەرلەمانی هەڕاج ئە کەن. ئەمانە ئەو کەسانەن کە  خاوەن مەوقیف نەبون و هەرگیزیش نابن. ئەوانەی هەرچی ئیهانەی ئەم دونیایە قوبوڵی ئەکەن لە پێناو پارە و کورسیەکی شەق و شڕ و بێ حورمەت. 

کاک باڤێل چیت ئەوێت؟… کوردستانێکی بەهێز؟… یان پارتی و یەکێتی بە هێز و، هەریەک لە زۆنی خۆی؟… کوردستان پیرۆزترە، یان دەستکەوتە حیزبیەکانی ئێمەو یەکێتی؟… ئەزانی بۆچی مەلا مستەفای بارزان لە دڵی خاکی بارزاندا نێژراوە؟… چونکە مەلا مستەفا پێشمەرگە و خزمەتکاری کوردستان بوە و ئێستا لە باوەشی دایکی نیشتیماندایە. لای مەلا مستەفا حیزبی پارتی کەرەستەی خزمەت کردن بوو نەک هەدەف. بە قەناعەتی من ئەم مورزوعە بۆ مام جەلالیش وایە. مام جەلال سەروەری کوردستانی بە ئاوات و ئارەزو ئەبینی، نەک یەکێتی. بۆ مام جەلال یەکێتی وە سیلەی گەیشتن بە سەرفرازی نیشتیمان بوو. 

شێرپەنجەی لێک تێنەگەیشتن، لە سەرەتای ساڵەکانی شەستی سەدەی پێشو دونیای شۆڕشگێڕی و سیاسەتکردنی لە کوردستانی عێراقدا تەنیەوە. لە ئاکامی ئەو نەخۆشیە درێژخایەنەدا خوێنی زۆر ڕژا و زۆرمان زەرەر کرد. ئەزانی ئەمەی ئێستا لە نێوانماندا دەگوزەرێت وام لێ ئەکات بڵێم خۆزگەم بەوسا؟…

بەندە بەوە ناسراوم کە حەزم لە دوو ئیدارەیی بێت. لە ڕاستیا من حەزم لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. بەڵام کە سەیری ئەم ئەتوارە سیاسیە ناشرینەی نێوانمان ئەکەم، دوو ئیدارەیی بە مەسڵەحەت ئەبینم. بۆ ئەوەی هیچ نەبێت هەر یەکەمان خۆمان تاقی بکەینەوە لە حوکمڕانیداو خەڵکی کوردستان و مێژوش بۆی دەرکەوێت کە لە ڕاستیا کێ ڕوئیای حوکمڕاڕانی هەیە و لێی ئەزانێت؟… من لە هەموو حاڵەتێکدا، نە بە زیندوویی و نە بە مردوویی سلێمانی بە جێ ناهێڵم. پێم وانیە مومکین نەبێت ئینسان بە کەرامەتێکی بەرزەوە وەک پارتیەک لە دەڤەری سەوز بتوانێت ژیان بەسەر بەرێت. لەوەش بەولاوە گەردنتان ئازاد بێت هەرچیتان پێ دەکرێت بیکەن، بەڵام بەتەما نەبن پاکتاوی پارتیەکان لە دەڤەری سلێمانی بکەن، چونکە ئەوە مەحاڵە، مەگەر ئەوانەی جەبان و ترسنۆکن و لە ئێستاوە فۆرمی جنسیەی هەولێریان پڕکردۆتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×