ساڵی نوێ و، ٢٠٢٠ مانای چیە؟

ئاری هەرسین
  2019-12-30     1460
ئاری محەمەد هەرسین


ئەگەر کواڵیتی ژیانی ئینسان بەرە و باشتر نەچێت، ساڵ ببێت بە (٢٢٠٠) یش هیچ بەهایەکی نیە.  

لە ڕاستیا دوا ساتەکانی سەری ساڵی تازە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ڕۆژەکانی تری سەری ساڵ نیە. چونکە جگە لەوەی ئینسان هەست بە ساڵێک پیربوون ئەکات، هیچ شتێک ناگۆڕدرێت. سەرە تای ساڵ و کۆتایی ساڵ جگە لە ڕێکخستنی (کات) و دابەشکردنی سوڕانەوەی (بە نزیکی) یەک جاری زەوی بەدەوری خۆردا هیچیتر نیە. ئەم سوڕانەوەیەی زەوی، ئەبێتە هۆی دروستبوونی چوار وەرز، کە هەریەکەیان ڕوخساری خۆیان هەیە. مەسافەی زەوی هەتا خۆر لە سوڕانەوەکەیدا ڕوخساری وەرزەکان دیاری ئە کات. ساڵ چوار وەرزە، هەر وەرزەی سێ مانگە، هەر مانگێک سی یان سی و یەک ڕۆژە (جگە لە مانگی دوو)، هەفتە حەوت ڕۆژە، هەر ڕۆژێک بیست وچوار کاتژێرە، هەر کاتژێرێک شەست خولەکە، هەر خولەکێک شەست چرکەیە، لێرەوە وردکردنەوەی کات بۆ ئینسانیەت ئەوەستێت ( ئەوانەی زانا و پسپۆڕی بواری زانستی فیزیان، کات لەوەش زیادتر وورد ئەکەنەوە. ئەوە جگە لەوەی ساڵژمێری جیاواز بۆ دابەشکردنی ساڵ لەسەر گۆی زەوی پەیڕەو دەکرێت، وەک شەمسی، هیجری، چینی و… تا دێت).

ئەگەر بە زمانی ژمارەکان قسە بکەین، ئەوا مەسافەی نێوان چرکە هەتا ساڵ ئەکاتە ٣١٥٣٦٠٠٠ (سی و یەک ملیۆن وپێنجسەد وسی و شەش هەزار) یەکەی هەژمار. واتە ساڵێک ٣١ ملیۆن و ٥٣٦ هەزار چرکەیە.  بۆ ئێمەی خەڵکی کوردی کوردستان، لە چرکەوە هەتا ساڵ، کات، چ مانا و بەهایەکی هەیە؟… ئایا کە ساڵ نوێ بوەوە، هیچ لە ئوسلوبی بیرکردنەوەو گوزەرانی ژیانمان ئەگۆڕین؟… ئایا ڕێز لە کات ئەگرین؟… چونکە ڕاستیە تاڵەکە ئەوەیە کە، ئینسان کۆنتڕۆڵی بەسەر (کات)دا نیە. 

عاقڵانەیە لە کۆتایی ئەم ساڵەدا لە خۆمان بپرسین: ئایا کات لای ئێمە قیمەتی هەیە؟… ئەگەر قیمەتی نیە؟… کەواتە جیاوازی چرکە، خولەک، کاتژێر، هەفتە، مانگ و ساڵ و سەدە بۆ ئێمەی کورد چیە؟!… 

ئایا جیاوازی تێکشکانی میرنشین و شۆڕشەکانمان، لەم سێ سەد ساڵە ی ڕابوردوو، لەسەر چی و چۆن بوون؟… بۆ فرسەتە مێژووییەکانمان لەکیس چوون و، بە بەردەوام ڕەنج بە خەسارین؟… دواجار بۆ بە بەردەوام کات ئێمە ئەبڕێت و، بۆ جارێکیش بێت توانای بڕینی کاتمان نیە؟


سەری ساڵی نوێ لە هاوڵاتیانی مەحروم وئازیزەکەی خەڵکی کوردستان پیرۆزە و…  
خاکی پیرۆزی کوردستانیش هەمیشە ئاوەدان بێت…

تێبینی: 

ناوەڕۆکی ئەم گوتارە ساڵژمێری میلادی حەزرەتی مەسیحی بە نموونە وەرگرتوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×