لەسەر لا بردنی گوتارەکەم لەسەر قاسمی سلێمانی لە فەیسبووک

ئاری هەرسین
  2020-01-05     3020

هەمیشە چەندبارەم کردۆتەوە کە بۆ بەندە، پەیجەکەم لە فەیسبووک وەک ڕۆژنامەیەکی شەخسی وایە بۆ دەربڕینی بۆچونەکانی خۆم لە بوارە جیاوازەکانی سیاسەت، هونەر، ئەدەبیات و… تادێت. تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بواری ئازادیەکی شەخسیان ڕە خساندوە کە ئینسان لە کۆت و بەندی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕزگار ئەکات. بێ گومان وەک هەموو ئازادیەکی تر، سنووری ئەم ئازادیە ش هەتا کەنارەکانی ڕێزگرتن لە ئازادی کەسانی تری کۆمەڵگە بایەخی هەیە، ئەگینا بەرەڵایی و دوور کەوتنەوەیە لە ئەخلاقی بەرزی ئینسانی.

حاجی قاسمی سولەیمانی لە لایەن ئەمریکیەکانەوە کرایە ئامانج و بەندەش گوتارێکم لەسەر نوسی. ئەم گوتارەشم لە پەیجەکەی خۆم بڵاوکردەوە. بە سوپاسێکی زۆرەوە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان گوتارەکەی بەندەیان بڵاوکردەوە.

بەندە بە درێژایی ١٣ ساڵی ئەندامەتیم لە پارتی سۆشیالیستی کورد و، ٢٦ ساڵی ئەندامەتیم لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕۆژێک لە ڕۆژان جاش نەبوم. هیچ عەمەلیاتێکی موشتەرەکم لەگەڵ سوپای پاسداران نەکردوە. بۆ چرکە ساتێک بەرگی سوپای هیچ داگیرکەرێکی خاکی پیرۆزی کوردستانم لەبەر نەکردوە.

بە تەمەنێکی ٥٠ ساڵ و ئەندامەتی پاڕلەمان لە شەڕی داعشدا و، بۆ پاراستنی ئەم خاکە پیرۆزە لە پێشەوەی شەڕەکاندا بووم. ئیتر ئەم هەموو خۆ سەخڵەت کردنە لە سەر گوتارەکەی کوشتنی قاسمی سلێمانی بۆ؟

ئەمتوانی ئەم گوتارەی ئێستا زوتر بڵاوبکەمەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەم ئەکرد سەرکردایەتی حیزبەکەی بەندە هەڵوێستی فەرمی ڕابگەیەنێت، ئینجا بڵاوببێتەوە. بەڕێز کاک فازیل لە سەردانەکەی بۆ پرسەی سولەیمانی لە قونسوڵخانەی ئێران، زۆر بە ڕێزەوە باسی لە گەورەیی قاسم سلێمانی کردو بە دۆستی کورد ناوی برد و، بە ناوی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتیەوە سەرەخۆشی لە خێزانی سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد. بەڕێز سەرۆکی هەرێمیش لە پەیامەکەیدا زۆر بەڕێزەوە باسی لە قاسم سلێمانی کردو بە (قوربانی) ناو برد.

بەندە بە ناوی خۆمەوەو لە پەیجی شەخسی خۆمەوە، گوتارێکم لەسەر کوژرانی قاسمی سلێمانی نوسی. من نە سەرۆکی هەرێمم، نە سکرتێری مەکتەبی سیاسی و نە ئەندامی سەرکردایەتیش.

بۆ ئەوانەشی بەناوی ئازادیخوازی کوردستان لە ڕۆژهەڵات قسە ئەکەن، بڕۆن لە سەرکردەکانتان بپرسن، هەڵوێستی بەندە بەرامبەر بە خۆرهەڵاتی کوردستان چۆن بوەو چۆن هاوکاریم کردون، کە هەندێک جار بە ژیانی خۆم تەواو بوە.

دواجار ئەوانەی لە شەڕ دوورن شمشێریان تیژە. هۆکاری سڕینەوەی گوتارەکەم لە پەیجە شەخسیەکەم لە فەیسبووك، نە فرمانی سەرکردایەتی حیزبەکەم بوو، نە هەڕەشەو گوڕەشە. باوکی ترسەکان لە ئینسانا ترسە لە مردن. بەندە ئەگەر لە مردن بترسامایە یەک ڕۆژ پێشمەرگە نەدەبووم. نە ئوتۆمبێلی درعم هەیەو نە فەوجێکیش حیمایە، ماڵەکەشم لە سلێمانیش و لە هەولێر شوێنێکی نهێنی نییە. جا ئینسان لە مردن خۆی نەترسێت، تۆ بڵێی لە هەڕەشە بترسێت. گەورەترین ڕێزی سەرکردایەتی حیزبەکەم لای بەندە ئەوەیە کە بۆ ساتێکیش فشاری نەخستۆتە سەرم کە کۆیلە بم. هەرگیز لەسەر گوتارێک و مەوقیفێکی سیاسی سزا نەدراوم، هەرگیزیش داوایان لێ نەکردووم بە وەکالەت مەوقیف وەرگرم… بۆیە پارتیم چونکە پارتی (تەفتیشی عەقایدی) نەکردووم. دیارە ئەمەش ڕێزگرتنێکی هێجگار گەورەیە لە بەندە و، من زۆر پێی ئەزانم.

کەسی سیاسی، ئەگەر لە پۆستێکی فەرمی حیزبی و حکومیدا بوو، ئەبێت بە تەنسیق لەگەڵ برادەرەکانی قسە بکات، بەڵام وەکووتر، ئەبێت لە بەرژەوەندی نیشتیمان و، ئینجا حیزبەکەی قسە بکات و، لێرەدا مەسەلەی جورئەت و مەبدەئیەت و داهێنانی سیاسی دەوری سەرەکی ئەبینن.

هۆکاری سڕینەوەی گوتارەکەم لە پەیجەکەم، سڕینەوەی جنێوەکان بوو. چونکە پەیجی بەندە (لوحە الاعلاناتی) خەڵکی نەفس نزم نیەو بەس. ئەگینا گوتارەکەی بەندە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوبۆتەوە و لە شوێنی خۆی ماوە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بنەماڵەی وەستا حەسەنی كەبابچی باس لە روداوی كوژرانی كوڕەكەیان دەكەن
عەلی باپیر: ئومێدم نەماوە بەرپرسانی گەندەڵ و پۆخەڵی ئەم هەرێمە بتوانن چاك ببن
شاندێکی ئێران لە سلێمانی چونە ناو کەمپی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە
بەرهەم مستەفا: مامۆستایان تەنها بۆ موچە دەچنە ناوەندەكانی خوێندن و بایكۆت بەردەوامە
شاڵاو عەلی عەسکەری: کۆدەنگی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەیە
"هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەوێتە سبەینێ یاخود یەکشەممە"
ته‌لار له‌تیف: زیاتر له‌ 200 ئه‌ندامى كۆنگره‌ پێشنیاریان داوه‌ته‌ لیژنه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ
په‌رله‌مانتارێك: ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ڵگه‌ و راستییه‌كان ده‌بێت
لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختی كردوه‌ته‌وه‌ ده‌بێت موچه‌خۆرانی هه‌رێم هه‌ر 30 رۆژ جارێك موچه‌كانیان وه‌ربگرن
مستەفا چاوڕەش: تەنها 15 مادەی ناو پەیڕەوی ناوخۆ پەسەندکراوە ئەوانی تر ماوەتەوە بۆ سبەینێ
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×