چۆمان خان منیش فێمێنیستم

ئاری هەرسین
  2022-09-22     489

چۆمان ئەحمەد هەردی، ئەمڕۆ گوتارێکی بە ناونیشانی (من فێمێنیستم) بڵاوکردۆتەوە. وتارەکەی چۆمان هەوێنی نوسینی ئەم وتارەیە.

من فێمێنیستم، نەک هەر پشت و پەنای ئافرەتم، بەڵکو قێز لەو دام و دەزگا ناڕەوا و زۆردارە ئەکەمەوە کە پێی ئەڵێن پیاوسالاری. لە تۆمارە مێژوییەکەی شاژن و دایکی فێمێنیزمەوە (ماری ڤۆلستۆنکراف ١٧٥٩-١٧٩٧) بەرامبەر بە بۆچونە سادەو ساکارو پیاوسالاریەکانی ڕۆسۆوە (١٧١٢-١٧٧٨)، دیبەیتێکی جددی لەسەر سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا دەستی پێکردوە. سیستەمێک کە بەشێوەیەکی موتڵەق پیاو ئەکاتە جەنگاوەر، ئازا، بەرپرس و خەمخۆری یەکەمی خێزان. لە کاتێکا پێناسەی ئەم هەمو ئەرکە وەهم و جام دێوەیە. چونکە هیچ یەک لە بەرپرسیاریەتییەکانی پیاو لەناو خێزانی خۆیدا نییە، جگە لە نان پەیداکردن و سەرکردایەتیکردنی خێزان زیاتر. چونکە پیاو هیچ هونەرو دەورێکی لە بەرهەمهێنانی منداڵ و ئیدارەی ماڵ و پەروەردەو خزمەتی منداڵدا نییە. بۆیە ئەم سیستەمە (سیستەمی پیاو سالاری) ناسروشتییە. خوای گەورە ئەگەر پیاوی بە لێهاتوتر بزانیایە لە ئافرەت، ئەوا ئەرکە گرنگەکەی بە پیاو ئەبەخشی، کە منداڵبونە. دیارە خوای گەورە بەهایەکی تایبەتی بۆ ئافرەت داناوە. دیسان چونکە، منداڵ دروستکردن و منداڵ بون دو شتی زۆر جیاوازن، ئەمیان زۆر ئاسانە، بەڵام ئەویان زۆر قورسە.

من فێمێنیستم، دژی چارشێو و لەچک نیم. بەڵام ئەگەر ئینسان بە حیجابیش سوڕایەوە، نابێت لەبەر ترسی ماڵە خەزورانی بێت، یان لەبەرئەوەی مێردەکەی دڵی پیسەو ئەبێت دڵی ڕازی بکرێت. خۆ بەس لە ئیسلامدا حیجاب نییە، لە ئایینی مەسیحیشدا هەیە. حیجاب نە تاوانەو نە عەیبەیە، بەڵکو قەناعەتە. کەس نابێت بێڕێزی بەرامبەر بە قەناعەتی ئینسانی بەرامبەری بکات، مەگەر ئەو قەناعەتە لە کەرامەتی ئینسانەکان کەم بکاتەوە، کە خوای گەورەش ئەوە قوبوڵ ناکات.

من فێمێنیستم، وەک چۆن هەمو ژیانم بڕوام بە مافی نەتەوەکەم هەبوە، هەرواش بڕوام بەو مافانە هەیە کە خوای گەورە بە تاکەکانی بەخشیوە. دینداری و ئیمانداری بەزۆر ناکرێت. ئەگەر بەزۆرەملێ فەرز کرا، ئیتر بەهاشی نامێنێت. خوای گەورە ئینسانی ئازاد کردوە لە قورسترین هەڵبژاردنی ژیانیدا، کە هەڵبژاردنە لە نێوان بەهەشت و جەهەننەمدا.  ئیتر ئازادی لەوە زیادتر چی؟… بۆیە ئەستەمە ئینسانەکان (نەخوازەڵا) خۆیان لە خواش بە گەورەتر بزانن و توانای هەڵبژاردن لە ئینسان بسسەننەوەو، بیانەوێت بە شەق و زللـە، ئەو ئازادییەی خوا پێی داون لێیان بسەننەوە. خوا ئەوەی پێ خۆش نیبە چونکە (رحمن الراحمین)ە. کلیلی بەهەشت و جەهەننەمیش (خۆشبەختانە) لای کەس نییە لای خوای گەورە خۆی نەبێت.

من فێمێنیستم و بڕوام بە خواو قورئان و پێغەمبەرەکەی (درودی خوای لێ بێت) هەیە. ئەگەر خوا بیویستایە حاشاماتێک لە ڕۆبۆت دروست بکات کە هەمویان کۆپی یەکتر بونایە، ئەیتوانی ئەوە بکات، بەڵام لەبری ئەوە بەم جۆرە لە قورئانی پیرۆزدا ئەفەرموێت:

يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ (سورة الحجرات:13)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×