هەمیشە لای بەندە سەنتەری مێترۆ وەک بەدیلی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بینراوە. ئەو بەڕەزانەشی کە لەو سەنتەرە کارئەکەن جێی ڕێز بون و ئێستاش جێی ڕێزی تایبەتن. کەچی سەیر ئەوەیە کە وە ک چۆن سەندیکاکان لە ژێر کاریگەری حیزبدان و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سەنگەربەندیدان، سەنتەری مێترۆش هەمان کەلتور دوبارە ئەکاتەوە.
ئەمڕۆ برادەرانی سەنتەری مێترۆ، ڕەخنە لە دو وەزیری یەکێتی و گۆڕان (وەزیری ڕۆشنبیری و وەزیری دارایی) ئەگرن و ئەڵێن: ’‘چاوەڕوان بون وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان کار بکەن بۆ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، زامن کردنی ئازادی زیادتری کاری ڕێکخراوە یی، ڕێگربن لە بڕیار و ڕێنماییەک کە کۆمەڵگە یەکی مەدەنی دەستەمۆ بکات و میدیاکان بکەن بە وتەبێژی حکومەت‘'. بەڕاستی ئەم قسانە بۆ سەنتەرێک کە (بە حساب) خۆی بە بێ لایەن ئەزانێت هەڵوێستەیەکی سەیرە…!
ئەم قسانەی سەنتەری مێترۆ وەک ئەوە وایە دۆسیەی ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافە مەدەنیەکان لەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەش بە یەکێتی و گۆڕان بکات و، ئەم دو حیزبە بە داکۆکیکاری سەرەکی مافە مەدەنیەکان لە هەرێمی کوردستان بزانێت…! بە واتایەکی تر، سەنتەری مێترۆ پێمان ئەڵێت: ئەوە پارتیە کە دژ بەم مافە مەدەنیانەیە و بۆیە هیچ گلەییەکیش لە پارتی ناکەن. وەک ئەوەی پارتی هەر لە ئەزەڵەوە دژی مافە مەدەنیەکانی ئینسان بێت لە هەرێمی کوردستان.
ئەم شانۆگەریە تازە نیە. لەو سەردەمەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە لوتکەی (مەحبوبیەت)دا بو، هەندێک لەوانەی کە خۆیان بە ڕۆشنبیر و بگرە قودوە ش ئەزانی لە سلێمانی، بونە محامی و بڵندگۆی گۆڕان و سەنگەریان دژ بە پارتی لێدا، بە بێ ئەوەی حسابێک بۆ پێگە (ڕۆشنبیر)یەکەی خۆیان بکەن. ڕۆژ هات و ڕۆژ چو، دەرکەوت کە ئەو برادەرانە لە (تەحلیلات)ی خۆیاندا بە هەڵەدا چوبون. ئینجا دەستیان کردەوە بە گوتاری پڕ لە ڕێتۆریک و، ئەمجارە دەستیانکرد بە تیۆریزیە کردنی (فەلسەفەی بادانەوە).
ئێرە سلێمانیە. تەنیا لایەنێکیش کە بەرپرسیارە لە سلێمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و، ئینجا بە پلەیەکی هەر زۆر زۆر کەمتر بزوتنەوەی گۆڕانە. پرسیار ئەوەیە: عەجەبا لەم سلێمانیە، کە حاکمەکانی ئەم دو حیزبەن و پارتی هیچ کارە یە، ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری، زامن کردنی ئازادی زیادتری کاری ڕێکخراوەیی، مسۆگەر و دەستەبەر کراوە و هیچ عەیبی نیە؟… عەجەبا مۆدێلی دەستەمۆکردن لە دام و دازگاکانی حیزب، حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی لە ئارادا نیە؟… عەجەبا ئەم هەمو دام و دەزگا میدیاییە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدە نی، بە پارەی دەغیلەی مناڵی هەتیو کرێ ئۆفیس و موچەو ئەدەن؟