پارتی نە نمایش دەکات و نە سازش

ئاری هەرسین
  2021-06-30     544
هەرکەناڵێکی ڕاگەیاندن (ئیتر لە نوسراو بیستراو بینراو یان سایتی ئەلەکترۆنی بێت) پێویستە خۆی ساغ بکاتەوە کە پەیڕەوی لە چ ستایلێکی ڕۆژنامەوانی دەکات. یان ڕونتر بڵێم، کام ڕێچکەیەی گرتۆتە بەر. ڕێچکەی بەدواداچوون بۆ هەواڵ، یان ووردکردنەوەو بڵاوکردنەوەی ئیدیعایە و ڕای خەڵکیتر؟

ئەمڕۆ هەواڵێکم بەر چاو کەوت کە بە کوردیەکەی بە خەڵک دەڵێت: مەوقیفەکانی دوێنێی پارلەمانتارانی پارتی  لە پارلەمانی کوردستان نمایشی بوون و پێشوەخت پارتی کۆبونەوەی چڕ و پڕی لە سەر داڕشتنی سیناریۆیەک کردوە کە فراکسیۆنەکەمان ڕەخنە لە حکومەت بگرن. هەواڵەکە هەڵوێستەکانی پارلەمانتارانی ئێمە بە ناوازە وەسف دەکات. وەک ئەوەی ڕەخنە گرتن لەناو پارتیدا شتێکی نامۆ و تاوان بێت. هەواڵەکە پشتی بە سەرچاوەیەک بەستوە کە کەس ناو و پێگەی نازانێت.

پێش هەر شتێک هاوڵاتی بۆچی گومان لە ڕاست و دروستی ئەم هەواڵە نەکات؟… کێ دەڵێت برادەرێک سەر لەبەری هەواڵەکەی هەڵنەبەستوە و سەرچاوەی هەواڵەکەش هەر هەواڵسازەکە خۆیەتی؟… ئینجا با شتێک لەسەر باقی هەواڵەکە بڵێین. 

ئەرشیڤی ڕاگەیاندنەکان باشترین شاهێدن کە ئێمە هەرگیز دەستمان لە گەندەڵی و فەسادی ئیداری نەک هەر لەناو حکومەت، بەڵکو لەناو حیزبیشدا نەپاراستوە. هیچکات گەل لەبەرەیەک نەبوەو ئێمە لەبەرەیەکیتر. ئەرشیڤەکان شایەتن کە دانمان بە هەڵەکانی خۆماندا ناوە، بیرمان لە ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموموڕیەکان و نوسینەوەی بەرنامەی چاکسازی کردۆتەوە. ئیتر بۆچی وا پیشانی هاوڵاتیان دەدرێت کە ئەمە یەکەم جارە پارتیەکان کەم و کوڕیەکان، گەندەڵیەکان و کەمتەرخەمیەکان ببینن و پەنجەیان بۆ ڕاکێشن؟ بۆچی ئەگەر لایەنەکانی تر ڕەخنە لە کەمو کوڕیەکان یان حکومەت بگرن قسەی دڵیانە و ڕاستیەکان دەڵێن، بەڵام گەر پارتیەک هەمان شت بڵێت ئەوا دە بێ سیناریۆ و شانۆگەری بێت؟!

ئێمە هەرگیز نەمانگوتوە بڕوخێ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناشیڵێین. چونکە حکومەتی هەرێم بە ماڵی خۆمان دەزانین و هیچ ئینسانێکی عاقڵ تەمەنای ڕوخانی ماڵی خۆی ناکات. بەڵام گوتومانە و دەشیڵێین کە دەبێت چاک و چاکتری بکەین. ئەرکی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پێشدا چاودێریکردنی ئەو وەزیر و کاربەدەستە باڵایانەن کە پارتین. لە ناو حیزبی ئێمەدا بەرەڵایی و سەد کوێخایی نیە. گەر وەزیر یان کاربەدەستێکی باڵای پارتی لە ڕێبازی خزمەتکاری گەل لابدات و لە خەمی خەڵکدا خەم سارد بێت، ئەوا لابردنی لە سەر کارەکەی لە ئاوخواردنەوە ئاسانترە. چونکە ڕێبازی بارزانی خزمەتکاری خەڵکی لە پارتیەکان دەوێت.  

دواجار ئەگەر هەر کەسێک هەتا ئێستا نەیزانیوە پارتی چۆنە، ئەوا پێویستە بۆ لەمەودوا بەرچاو ڕون بێت کە پارتی سازش لەسەر مافی خەڵک ناکات، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش پارتی بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×