خۆرهەڵاتی کوردستان: ئێمە هەر لەپشتتان نین، بەڵکو لەخزماتیشتانداین
ئاری هەرسین
2019-11-20   1673
ناڕازاییەکانی ئێران لە هەفتەیەک نزیک دەبێتەوە. ئەو ئێرانەی کە لە لایەن فارس و ئازەریەوە بەڕێوە دەبرێت، بە بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ نەتەوە ی کورد لە ئێران بکرێت . ووشەی کوردستان ئەوەندە بچووک نیە (وەک شاهەنشای ئێران کردی) لە سنوری پارێزگایەکدا (ئوستانێکدا) پێناسە بکرێت.
باس لە بێموبالاتی خۆمان و پە رتەوازە یی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیە کانی خۆمان ناکەم. چونکە ئەو دیاردەیە، جگە لە شەرم هیچمان بۆ ناهێڵێتەوە. بەڵام ئەمەیان مەسەلەیەکی ناوخۆییە و چارەسەرەکەی تەنیا لای خۆمانەو بەس.
ئێران شڵەژاوە و، تەحەمولی خەڵک گەیشتوەتە لوتکە. لوت بەرزی و بێ منەتی کۆماری ئیسلامی ئێران (هەر وەک ئەوەی شای ئێران) لە ئاست داواکاریەکانی خە ڵک، ئامەژەن بۆ بەردەوامی بە حوکمی سەرەڕۆیی و شەق وەشێن. کۆماری ئیسلامی ئێران حەزی لێیە بیسەلمێنێت کە دیکتاتۆرێکی بێ ڕکابەرە، لەبری ئەوەی ببوایەتە هێمای پارێزگاریکردن لە مافی میللەتان و، پێش ئەوەش پارێزگاریکردن لە تاکی ئینسان.
ئێمەی کورد لەم هەرێمەی باشووری کوردستان ناتوانین لە ئاست ئەم ڕوداوانەدا بێدەنگ بین. وەک چۆن عەرەبێک لەوسەری ئۆقیانوسی ئەتلەسەوە فرمێسک بۆ برا عەرەبەکەی بۆ لەمسەری ئۆقیانوسی ئارامەوە دەڕێژێت… وەک چۆن جولەکەیاکی ئەرژەنتین و ئامستردام و ستۆکهۆلم چارەنوسی خۆیان لە مانەوە و سەقامگیری دەوڵتی ئیسرائیلدا دەبیننەوە… ئێمەی خەڵکی ئەم هەرێمەش وەک چۆن هەستمان بە ئازاری خۆر ئاوای خاکی پیرۆزی کوردستان کرد و پشتیوانی خۆمان پێشکەش کردن، هەر بەو جۆرەش ئامادەگی خۆمان بۆ هەمو جۆرە پشتیوانیەکی ئێوەی ئازیزیش پێشکەش دەکەین. وەک چۆن بەرامبەر بە سوپای دڕندەی تورک لە خۆرئاوا ئامادەی بەرگری بوین، هەر بە هەمان شێوە لە پێناو پاراستنی کەرامەتی میللی نەتەوەکەمان لە خۆەهەڵات، ئامادەی هەموو گیانفیداییەکین.
زۆر جار دووپاتمان کردۆتەوە کە ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازین و هەمیشە شەڕ بەرۆکی پێگرتوین و لە بنەڕە تا دژی شەڕین. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە لە ترسی مانەوە لە ژیانێکی بێ کەرامەت و بێ بایەخداو هەر بە تەنها بۆ ئەوەی نەمرین، بێ دەنگ دەبین. ئێمە ی کورد دەمرین بۆ ژیان، بەڵام نابێت بمانەوێت بۆ مردن بژین.
سڵاو لە شه هیدانی ڕۆژهەڵات و هەموو شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان.