بۆ براو هە ڤاڵم فرسەت سۆفی

ئاری هەرسین
  2020-11-18     1181
هەرچە ندە هە ڤاڵی یەکتر بووین، بەڵام من فرسەت سۆفیم نە ئەناسی. جارێک لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ لە مێرگەسۆر یەکترمان بینی. پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان و سوێندخواردنمان لە پارلەمان، وەک عورفی سیاسی، کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ بەشێک لە سەرکردایەتی حیزب بە سەرپەرشتی کاک نێچیرڤان بارزانی (وەک جێگری سەرۆکی پارتی) کرد. ئەوەی لە کۆبونەوەکەدا سەرنجی ڕاکێشام قسەکانی کاکە فرسەت بوو. فرسەت بە کاک نێچیرڤانی گوت: ``ڕێگەمان بدە ن دەستکراوە بین، ئەگەر وەزیرێکی پارتی لە گەندەڵیەوە تێوەگلا، یان کەمتەرخەم بوو لە ئەرکی خۆی، لێگەڕێن با ئێمە پێش لایەنەکانیتر قسەی لەسەر بکەین``. ئەم قسەیەی زۆر دڵخۆشی کردم، چونکە مەرامەکەی پڕاوپڕە لە خۆشەویستی و وە فاداری بۆ گەل و نیشتیمان. 

فرسە ت سۆفی لە چومان و لە یەکێک لە مەڵبەندە گرنگەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول لە داییک بوە. ناوچەی باڵەکایەتی و بەتایبەتی ناوپردان، چۆمان، حاجی ئۆمەران، گەڵاڵە و قەسرێ و دیلمان لە سەردە می شۆڕشی ئەیلول چوە لاپەڕەکانی مێژوەوە، چونکە سەرکردایەتی شۆڕش و سیمبۆلی بەرخۆدانی لەخۆگرتبوو. ئەوە جگەلەوەی کە شاڕێی هەمیلتۆن شایەتە بۆ گرنگی ستراتیژی ئابوری و سەربازی ئەم دەڤەرە، کە  زیاد لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا ئینگلیزەکان درکیان  پێکردوە. فرسەت مناڵی ئەو ناوچەیە بوو، کە جگەلەوەی بەهەشتێکی خواکردە، کانگای کوردایەتیشە و، ئەویش بێبەش نەبوو لە پەروەردەی کوردایەتی ڕەسەن و بێگەرد.

بە پێچەوانەی هەندێک کەس کە لە ناخدا ترسنۆکن، بەڵام بەقەڵەم و لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان وەک ڕۆستەمی زاڵ خۆیان نیشان ئەدەن و ئەوەندەی تیا ناهێڵنەوە کە خەڵک تۆزقاڵە زەڕڕەیەک ڕێزیان لێ بگرێت، فرسەت کەسێکی دەم و گفت شیرین و عەوداڵی سازان و یەکڕیزی بوو. ئەو پێی وابوو دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ و گوێ بۆ یەکتر گرتن چارەسەر بکرێن، نەک بە هەڕەشە و گرتنە ناوو ناتۆرە لە یەکتر. وەک کەسێکی قانون ناس، کارامە و کرێکاری مەبدەئی چاکسازی و ڕیفۆرم بوو لە ئوسلوبی حوکمڕانی و بنەبن کردنی گەندەڵی. لە پێناو ئەو مەبدەئەشدا شەونخونی و ماندوو بوونێکی زۆری کێشا. لای فرسەت گەندەڵ گەندەڵ بوو، ئیتر لەهەر جومگەیەکی دەسەڵات و سەر بە هەر حیزبێکی سیاسی بوایە. تەنانەت لەپێش هەموو حیزبەکانی تریش لای مەبەست بوو کە ئێمە لە حیزبی خۆمانەوە چاکسازی دەست پێبکەین.

بەداخەوە لەکۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر نین ئەو کەسانەی کە لەچوارچێوەی کاری سیاسیدا ناوبانگ یان پلە وپۆستێک بەدەست دێنن و بەساغی ئەمێننەوە. فرسەت کوڕە بەوە فاکەی ڕێبازی کوردایەتی بوو. ڕێبازی بارزانی لای فرسەت بڕوای بێ بڕانەوە بوو بە ئازادی و دیموکراسی، نیشتیمانپارێزی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، هەر بۆیەش بە ساغی مایەوە.

ئاخۆ چەند ڕۆڵەی بەوە فای ئەم نیشتیمانە پیرۆزە وەک کاکە فرسەت، بە ئاواتی سەربەخۆیی خاکی پیرۆزی کوردستان، چاکسازی و سزادانی گەندەڵکاران بە جوانەمەرگی سەر بنێنەوە.

ڕۆحت شاد و یادت بەخێر هەڤاڵی ئازیز و کاکە براکەم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×