بۆ کاک ئایدین مەعروف…زۆر بەکورتی!

ئاری هەرسین
  2021-06-05     930

عادەتێکی زۆر خراپی ئێمەی کورد ئەوەیە، کە بۆ ئەوەی دڵی شۆڤێنیستی عەرەب و تورکمان لێ نەڕەنجێت، شانازی بە کوردبونمانەوە ناکەین. بستێکی خاکی پیرۆزی کوردستان لەبن دەستی خۆمانە، کەچی بەم ڕۆژگارە خەریکی دڵڕاگرتنی ئەم و ئەوین بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنێن کە کوردستان تۆزقاڵە زەڕەیەکیش موڵکی کوردە. لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش حیزبی قەومی (نەتەوەیی) تورکمان، ئاشوری و عەرەبی بونیان هەیە، کەچی هەتا ئێستا لە کوردستان حیزبێک نییە بەناوی پارتی نەتەوەیی یان بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد.

لە ڕاگەیاندنەکاندا بۆچونێکی کاک ئایدین مەعروف بڵاوبۆتەوە کە (لابد منها) پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکەین. کاک ئایدین پێی وایە کە ئەم ئاڵایەی ئێستای کوردستان و سرودی ئەی ڕە قیب زیادەن و لەگەڵ کۆمەڵگەی فرەنەتەوەیی ئێستای کوردستان ناگونجێن. جارێ پێش هەمو شتێک ئینسان لە خۆی دەپرسێت: عەجەبا لە ئێستادا کە تورکمان لە کەمینەدان (لە ڕوی ژمارەوە) کاک ئایدین بەم جۆرە قسەمان لەگەڵ دەکات… ئینجا خۆ ئەگەر زۆرینە بونایە هەرچی بیگوتایە کوردم نەیاندەدایە بەر شەق؟!

کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە لە پێناو شەکانەوەی ئەو ئاڵایەدا لەشکرێک ئینسانی کورد شەهید بون، کەمئەندام بون، بە هەتیوی گەورەبون و ئاوارەی وڵاتان بون. کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە لە جەلادخانەکانی بەعسدا ئافرەت و پیاوی شۆڕشگێڕی کورد ملوانکە شەرەفمەندەکەی پەتی سێدارەیان دەکرایە مل، بە سرودی ئەی ڕەقیبەوە دەچونە بەهەشتی بەرینی شەهیدانەوە. بۆیە دەبێت کاک ئایدین لەو ڕاستیە ڕەهایە تێبگات کە ئاڵاو ئەی ڕەقیب هێڵی سورن و تەنانەت قابیلی موناقەشەش نین. کاک ئایدین دەبێت بزانێت کە هەر کەس باسی لەناوبردنی پیرۆزییەکانی کورد بکات، نەک سەری خۆی، سەری باوک و باپیرانیشی دای لە بەرد. هەرکەس و لایەنێکیش موساهەمە لەسەر ئاڵاو ئەی ڕەقیب بکات ئەوا خائینە بە خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان. 


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×