ئاینندەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-07-05     458

هیچ کاتێک وەکو ئەم ماوەیە، باسی مەترسی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی ئەم قەوارەیە نەبۆتە جێگای قسەوباس... بەشی هەرە زۆری سەرکردە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، تا دەگاتە نووسەر و رۆژنانووس و چاودێرانی سیاسی بە ئاشکرا باسی مەترسی و لەناوچوون و داڕمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەوانەشی هێشتا نایانەوێت دان بنێن بە رەوتی داڕمانی ئەم قەوارەیەو ئەم ئەزموونەی زیاتر لە سێ دەهەیە، ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی دەکات، باش دەزانن کە رەوتی داکوژانی ئەم قەوارەو ئەزموونە دەستی پێکردووە، بەڵام خەریکن لەگەڵ واقعیەتی ئەم داروخانە مامەڵە دەکەن و دەیانەوێت لەگەڵ ئەزموونێکی تردا، خۆیان بگونجێنن، ئەزموونێک کە لە دەرەوەی داڕوخانی قەوارەی هەرێم و فاکتەری سەرەکی بەڕە لە ژێر پێی دەرهێنانی ئەزموونچیانی هەرێمن.

قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەمێکە بۆتە دەستەواژەیەکی سیاسی بۆ پێناسەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و ئەو ئیلیتە سیاسیەی لەسەروبەندی ئامادەکارییەکانی جەنگی کەنداو لە رێگای خۆبەستنەوە بە سیاسەتی نەزمی نوێ دنیاو جەنگ و ملهورییەکەی شانسی داسەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر هەرێم و خەڵکی کوردستاندا بە نسیب بوو. واتە بەپێچەوانەی بانگەشەی بەردەوامی سەرانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نەتەوەپەرستەکانی کورد، ئەزمونی هەرێم دوورو نزیک بەرهەمی جوڵانەوەی شاخ و خوێنی شەهیدان و قوربانیانی تری خەڵکی کوردستان نییە، بەرهەمی پێشرەوی جوڵانەوەی نەتەوەی کورد لەدژی دەسەڵاتی بەعس نییە. بەڵکو دروست بوون و پێگرتنی قەوارەی هەرێم و ئەم ئەزموونە بەرهەمی شکستی بەعس و تیکشکانی سەربازی هیزەکانی بەرامبەر بە ئەمریکا و غەرب و ئەو بۆشاییە سیاسییە بوو کە بەدوای کشانەوەی هیزەکان و ئیدارەی بەعس لەکوردستاندا، پێکهات. وە بەرهەمی خۆبەستنەوەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەکێشەی سیاسی کورد و بازرگانی کردنی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بوو بەکێشەی خەلکی کوردستان و قوربانیەکانی.

 لەئێستادا باسی لاوازبوون و تەنانەت نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئاستە هەرە پایەیەکدا، باسی کۆتایی هاتنی ویستگە دوای ویستگەی ئەو دەسەڵاتەیە. باسی کۆتاییهاتنی دەوریەکە کە زیاد لە تەمەنی خۆی ژیاو مۆر و نیشانەیەکی یەکجار نەنگینی نا بە تەوێڵی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەی. وە کارنامەی رۆشنی کوردایەتی خستە ڕوو.

سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نووسەو قەڵەم بەدەستانی تا دەگاتە مێژوو نووسەکانی... هۆکاری مەترسی سەر قەوارەی هەرێم دەگێڕنەوە بۆ دوو هۆکاری بناغەیی:

یەکەم: کاڵبوونەوە روحی نەتەوایەتی کوردایەتی نەکردن!

دووەم: لێکترازانی و ناکۆکی ناو "ماڵی کورد"!

ئەم دوو پاساوە نەک هۆکاری دۆخی ئیستای سیاسی کوردستان و مەترسیەکانی سەر قەوارەی هەرێم نین، بەڵکو نەخشەڕیگای بۆرژوازی کوردە، بۆ بەرگرتن بەو داڕمانەو بۆ کەم کردنەوەی مەترسیەکانی سەر قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.

بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی هێندەی بۆیان کرا، کوردایەتیان کرد و کوردایەتی بەمانای وشە ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی و گۆران و هاوشیوەکانیان لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بەدەستیانەوە گرت و پیادەیان کرد و پەیرەویان کرد. بەڵام نابێ بیرمان بچیت، کوردیەتی لەگەڵ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی تێکۆشان بۆ وەڵامدانەوەی کارساز بە پرسی نەتەوایەتی و  دوو پرسی لەیەکتری جیاوازن و تەنانەت لە بەرامبەر بەیەکتریدان. کوردایەتی بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی بۆرژوازی ناسیونالیستییە، کە کت و مت و لە ئاستە هەرە داڕزیوەکەیدا، کاردانەوەی قەومپەرستانەیە بەرامبەر بەسیاسەتی قەوم پەرستانە و شۆفینیستی بەرامبەر بەعسیەکان و عروبە و بە مەبەستی بەشداری پێکردن و بەش پێبران لە دەسەڵاتی ناوەندیدا. واتە کوردایەتی بەرامبەر بە عەرەبایەتی، بەرامبەر بە فارسایەتی و تورکایەتی ئەمەش نەک بەوێنەی بزوتنەوەیەکی ناسیونالیستی بۆ کێشەی نەتەوایەتی، بەڵکو بۆ بەش پێبرانی بۆرژوازی کورد، لە قەڵەمرەوی سیاسی و ئابوری بازار و کەڵەکەی سەرمایەدا. بۆرژوازی لەهیچ بەرگ و رەنگێکیدا لە سەردەمی ئیمپریالیزم و گەندەڵ بوونی خۆیدا، هیچ ماک و نیشانەیەی پێشکەوتخوازنەی نەماوە و بۆرژاوازی ناسیونالیزمی کوردیش، بەپێی هەمان لۆژیکی مایەپوچی پیشرەوی پیشکەوتنخوازبوونی بۆرژوازی لەم سەردەمەدا نەک ناتوانێت پێشکەوتنخواز بێت، بەڵکو کاری وەستانەوەیە بەرووی هەر پیشرەوی و پێشکەوتنخوازییەک و هەر رێکار و ریگاچارەیەکی پێشکەوتنخوازنە بۆ چارەسەری پرسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری...تاد. راستی ئەم بۆچوونەش بەکردەوە لە دەسەڵاتی سی دەهەی بۆرژوازی کوردا لەهەموو ئاستەکانیدا خۆی نیشانداو قوربانیانیشی خەڵکی کوردستان و مافە سەرەتایی و مەدەنیەکانیان بوو. بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە ناسیونالیستی و کاردانەوە قەوم پەرستییە کە دەوترێت پارتی و یەکێتی کوردایەتیان نەکرد بۆیە چارەنووسی کورد بەم رۆژە گەیشت، رێک پێچەوانەکە دروستەو پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان کوردایەتیان کرد و لەم رێگایەشەوە تاکی کورد و کوردستانیان بەم دۆخە نەخوازراوە گەیاند. چۆن قەومپەستە عەرەبەکان بە عەرەبایەتی کردن و قەومپەرستە فارسەکان بە فارسایەتی کردن و قەومپەستە تورکەکان بۆ تورکایەتی کرد، ناسنامەی هەموو رەنگێکی تریان بە ئاراستەی سڕینەوە و مۆر دانە لەناوچاوانی هاوڵاتیان و دەستەبەندی کردنیان بۆ هاوڵاتی پلە یەک و دوو کرد و تۆوی ناسنامەو ململانێی قەومی و برێکیش ناسنامەی دینی و مەزهەبیان، ڕشت، ئاواش بزوتنەوەی کوردایەتی، کوردایەتی کردە ناسنامەی جەنگ و ململانێی لەگەڵیان. ئەم بزوتنەوەیە بەو ماهیەتەیەوە تەنها دەیتوانی بەدژایەتی هەموو ئازادیخوازییەک و وەستانەوە بەرووی هەموو ماف و داوا و داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، بە چوونە جەنگی ناسنامەی هاوڵاتی بوون، رەمزو نیشانەکانی خۆی پێناسەبکاتەوە، بۆیە بزوتنەوەی کوردایەتی دەستی لەهیچ کۆنەپەرستیەک و لە چوونە جەنگی هیچ ماف و ئازادی و پیشکەوتنخوازییەک نەپاراست، و لەپیش هەموویانەوە دۆسیەی دیاریکردنی ئاییندە و چارەنووسی خەڵکی کوردستانی کردە نیشانە و هێندەی بۆی کرا بەرەو دواوەی برد و لە گۆرانی هاوسەنگی هیزی نیوان خۆی و بزوتنەوە قەومی و ئیسلامیەکانی عیراقیشدا، ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیەکەی بەرەوە لاوازی رۆشت و لەوەش زیاتر روو لەداڕمانی بەردەوامە. واتە شکستی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئاکامی کوردایەتی و سیاسەتی شکستخوادووی بزوتنەوەی کوردایەتییە لەبەرامبەر بە باڵەکانی تری بۆرژوازی لە عێراقدا.

لیکترازانی و ناکۆکی ناو "ماڵی کورد"! بەشیکی تر لە پاساوی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ مەترسی سەر قەوارەی هەریم پێک دەهێنێت. پیش هەموو شتیک دەستەواژەی "ناو ماڵی کورد" و یەکریزی ناو ماڵی کورد" مەبەست لە سازانی نیوان پارتی و یەكیتیە، لەسەر داهات و قەڵەمرەوی سیاسی، نەک هیچ شتێکی تر... بۆ خەڵکی کوردستان پارتی و یەكیتی و حزبەکانی تر تەباو رێک و لەیەک چوارچیوەدا بن یان هەر یەکەیان بلۆک چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی ناسیونالیزمی کورد لەبەرامبەر بەبەغدا و بۆرژوازی لە ئاستی عێراقدا دەبێت... خۆ پارتی و یەکیتی و حزبەکانی تری بۆرژوازی کورد، هەموویان لەسەر چۆنیەتی پەیوەندی هەڕیم بە بەغداوە کە فیدرالیزمی قەومییە، هاوڕا بوون، لەسەر دەستور هاوڕابوون... چ فیدرالیزمی قەومی و چ دەستوریان وەک دەستکەوتی گەورە وێنا دەکرد... واتە لەسەر مەسەلەی بناغەیی کە لە عێراقدا دەستور و پەیوەندی هەرێم بە بەغدا و "فیدرالیزم" ە، بەتەبایی و هاوهەڵوێستی بریاریان لێداوە، کەچی خودی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان، خەریکن باجی مایەپوچی فیدرالیزمی قەومی و دەستور دەدەن و ئەوەی روودەدات بەرهەمی دەستور و فیدرالیزمی قەومییە. قەوارەی هەریم" دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد" وەکو ئاکام و دەرئەنجامی فیدرالیزم و دەستور، تا دێت بچوک و بچوکتر و لاواز تر دەکرێت و بریارە سیاسی و ئەمنی و ئابوری و یاسایی و حقوقیەکانی، لەدەست دەردەهێنریت. ڕیکەوتن و هاوڕایی و هاوهەڵوێستی پارتی و یەکێتی ئەگەر بتوانێت گەمەیەک بێت بۆ ئەوەی هەر لایەکیان نزیکایەتی لەگەڵ باڵە ناکۆکەکانی عێراق لە پێناو بەرژەوەندییە حزبیەکانیان پێک بهێنیت و لە هاوپەیمانیەتیەکانیدا لەبەرامبەر بەیەکتریدا بەدەستیەوە بگرن و باڵەکانی بۆرژوازی عێراقیش ئەوە بەسودی خۆیان بزانن کە پارتی و یەکیتی و حزبەکانی هاوشانیان ناڕیک و ناتەباو لەبەرامبەر بەیەکتریدا وەستابن، بەڵام ئەمە ناتوانێت هیچ ئاڵوگۆرێک لە پرسە بناغەیەکانی وەکو دەستور و فیدرالیزمی قەومی، بهێنێت، و ناتوانێت بەر بە رەوەندی ئەو ناکامییە بگرێت، کە خۆی بەرهەمی فیدالیزمی قەومی و دەستوری نووسراوی بە بنەماوەرگیراوی دابەشکاری قەومی و دینی و تایفییە، لە جێگای مافی هاوڵاتی بوون. دیارە مەترسی سەر قەوارەی هەرێم تەنها بەغدا نییە، هەرەشەکانی سەر دەسەڵاتی قەوارەی هەرێم لە هاوسەنگی هەمیشە گۆڕدراودا بە زیانی دەسەڵاتی هەڕیم، لەلایەن بۆرژوازی لە ئاستی عێراقیدا تەنها لایەنێک لە پەڕوباڵ کردنی دەسەڵاتی هەرێم پێکدەهێنێت... بەڵام لایەنەکانی تر کەمتر لە بۆرژازی عێراق کەم کاریگەر تر نین لەسەر قەوارەی هەرێم... لە بەشی داهاتوودا لەسەر لایەنەکانی تری هەرەشەی سەر قەوارەی هەرێم و رێگاچارەی بۆرژوازی کورد... دەدوێین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×