ڕێکەوتنی ئێران و سعودیە، سەرەتای دەورەیەکی نوێ لەناوچەکە!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-03-17     416

بەرواری ١٠ ئەم مانگە بە دەسپێشخەری و لەژێر چاودێری وڵاتی چیندا، ئیران و سعودیە رێکەوتنامەیەکیان ئیمزا کرد، بەپێی ئەو ڕیکەوتنامەیە بریارە ئیران و سعودیە لە ماوەی دوو مانگدا سەفارەتخانەکانیان لەهەردوو وڵاتدا بکەنەوە، رێز لە سەروەری یەکتر بگرن، و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ یەکتریدا نەکەن.

ئەوەی ئەم ڕیکەوتنامەیە بەکوێ دەگات و تا چەندە ئامانجەکانی خۆی وەدی دێنێت، یانا نا، مەسەلەیەکی لاوەکی تر، لە ئامانجە فراوانترەکانە. ئەم ڕیکەوتنامەیە لەهەلومەرجێکدا رویداوە، کە مۆری و نیشانەکانی پێشووی بەلاوازی پێوەیەو مۆرو نیشانەی دۆخی تازەی بەشێوەیەکی بەرجەستە لەخۆی هەڵپێکاوە. ناکامی هەوڵەکانی ئەمریکا لەوەی دنیای یەک قوتبی سازبدات کە خۆی ناوەند و میحوەری جوڵەی دنیا بێت، بە دەستپێکی جەنگ لە ئۆکرانیا، کۆتایی پێهات. دەورەی هەوڵەکانی ئەمریکا بەتەواوەتی نەک بن بەست، بەڵکو سەرەتای دەوریەکی تر و واوەتر و لەوە بازدانێک روویدا. روسیا و وەکو قوتب و هیزێکی سەربازی و نەیاری ئەمریکا و دنیای تاک بلۆکی، لە جەرگەی جەنگی دژی داعشدا!! و لەسوریادا، لەجێگای دەستێوردانی سیاسی و جەنگی نیابەتی، راستەوخۆ هاتە ناو گۆرەپانی ناوچەکە، ئەمە بەر لەهەموو شت ناکامی ئەمریکاو غەرب لە عێراق و سوریا و لە ململانێ بۆ کورتکردنەوەی رۆڵی ئیران لەناوچەکە و رۆژهەلاتی ناوەراست بەگشتیدا بوو، ئەوە بوارەی بەروسیادا، ئەسپی خۆی بەشێوەی راستەوخۆ و مەیدانی لەناوچەکەدا تاو بدات. ئەم هەنگاوەی روسیا و رۆڵێک کە لەناوچەکە هەیبوو، گواستەوە بۆ ئاستیکی بەرینتر و راستەوخۆتر، بەڵام دەستێوردانی راستەوخۆی روسیا لەناوچەکەو بەتایبەتیش لە سوریادا، تەنها مەیدانی نمایشێکی سەربازی و سیاسی دیاریکراو بە ئامانجی خستنەرووی پەیامێکی جیهانی بوو، واتە دەستێوەردان لە سوریا، بۆ گەیاندنی پەیامێک بەدنیا. جەنگ لە ئۆکرانیا، کە لەلایەکەوە ئەمریکا و غەرب و ناتۆ وەستاون و لە لایەکی تر روسیا و هاوکارە سیاسی و هاوبەش لە پەیامی جەنگی دژە ئۆکرانیا، چین و هاوبەشە ناوچەیەکانیان وەستاون، دنیای خستە سەر ئاستانەی ئاڵوگۆرێکی نوێ... ئاڵوگۆرێک کە ئیتر ئەمریکا نەک پۆلیسی دنیا، بەڵکو رووبەڕووە لەگەڵ بلۆکێکی تازە قەوارەگرتوو، کە بەشی خۆی لە دنیای ئەم سەردەمە دەوێت و خوازیارە ئەم رۆڵەشی لە دنیای واقییدا بۆ بەفەرمی بناسرێت و دانی پیابنرێت...

دیارە رۆژهەڵاتی ناوەراست مەیدانێکە کە دەتوانێت باڵانسی هێز و باڵادەستی قوتبە جیهانیەکان بەسەر دنیادا، بگوڕێت... بۆیە رۆژهەلاتی ناوەراست بووە ئەو جێگایەی کەدەبوو کاری لەسەر بکرێت و ناکامیەکانی ئەمریکا و غەرب لەم ناوچەیە وەکو گۆرەپانێکی گرنگ لەلایەن نەیارەکانی ئەمریکا و غەربەوە کەڵکی لێوەبگریت. بۆیە چ روسیا و چ چین وەکو دووهاوبەش و خاوەن یەک ئیستراتیژی، کە ڕەتکردنەوەی جیهانی یەک قوتبییە، دەیانەوێت رۆڵیان لە ئاستی ناوچەکەدا ببەنە ئاستێکی باڵاتر... بەتایبەتی بۆ چین جەنگی ئابوری لەگەڵ ئەمریکا لەهەلومەرجی تازەی دنیایدا، بەتەنها زۆر لە چاوەڕوانی پەکین کەمترە، بۆیە گێرانی رۆڵی سیاسی لەناوچەکەدا، ئەو هەنگاوەیە کە چین لەدەسپێکیدایە و دەیەوێت لە ناوچەکەدا ببێتە یایزانێکی سیاسیش، رۆڵی لە ریکەوتنامەی ئیران و سعودیەدا، هەنگاوێک لەو راستایەدایە... دیارە ئەوە گورزیکیشە لە رۆڵی ئەمریکا و غەرب لەناوچەکەدا.

ئێران و سعودیە، دوو قوتب و بلۆکی ناوچەیین، کە رۆڵیان لەناوچەکەدا و لەهەر ئەزمە و جەنگ و ململانێیەکدا بەرجەستەیە. هەموو ئەزمە و جەنگ و کێشمەکیشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، نەک هەر بواری داوە بەوەی ئیران و سعودیە دەستێوردانی تیا بکەن، بەڵکو خۆیان لەخوڵقاندنی ئەم ئەزمەو جەنگ و کیشمەکێشەدا، رۆڵیان بووە. وە ململانێی نیوانیان لەهەموو وڵاتانی ئەزمەگرتووی ناوچەکەدا، حاشا هەڵنەگرە... بۆیە ڕیکەوتنیان، لەگەڵ ئەوەدا دەتوانێت تا ڕادەیەک ئارامی بۆ ناوچەکە بگڕێتەوە، بەڵام ئەوە وەهمێکی کوشندەیە وا لێک بدریتەوە کە ئەم ڕیکەوتنامەیە ئارامی و ئاسایشی تەواو بۆ ناوچەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام چوارچێوەیەکی نوێ بە ململانێکان دەبەخشێت. چوارچێوەیەک کە چ ئیران و چ سعودیە، وەکو دوو بلۆکی ناوچەیی دان بە واقعیەت و بوونی یەکتریدا دەنێن و هەردوو لاش لەسەر بەشداری و رۆڵگیرانی یەکتری هاوئاهەنگی دەکەن... جیا لەوانەش ئێران و سعودیە لەدۆخی ئێستادا، کە ئێران کەوتۆتە بەردەم سێڵاوی راپەرین و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیرانەوە، درێژەدان بە ململانێکانیان لە ناوچەکەدا لەیەمەنەوە و بۆ عیراق و سوریا و وە دەستێوردانی یەکتری لە دۆخی ناوخۆی یەکتریدا، بەزیانی هەردوو لایان تەواو دەبێت. روخانی جمهوری ئیسلامی لەڕێگای راپەرین و هاتنە مەیدانی لەخوارەوەی جەماوەری، هاوکیشەی سیاسی تەواوی رۆژهەلاتی ناوەراست دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و هیچ کام لە وڵاتەکانی ناوچەکە" سونی یان شیعی" لە زەبری ئەم ئاڵوگۆرە ناپارێزێت... بۆیە ڕیگەگرتن لەوەی ئیران لەلایەن جەماوەری ناڕازی و توڕەوە سەرەنگرێ بکرێ، هەوڵێکی پێشگیرانەیە بۆ پاراستنی سیستەم و دەسەلاتی خۆیان و دورگرتنیەتی لە زەبر وکاریگەرییەکانی روخانی ئەم رژێمە وەکو قوتب و بلۆکێکی کاریگەر لەناوچەکەدا. سعودیە لەململانێی خۆیدا لەگەڵ ئیران چەندین ساڵە هەرچی لەتوانایدا بووە بۆ پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی ئیران و کەناڵەکانی دەستێوردان لەناوخۆ ئیراندا کەڵکی وەرگرتووەو و لەگەڵ خرۆشان و راپەرینی خەڵکی ئیرانیشدا میدیایەکی کارای خستۆتە گەر، بەڵام کە ئیستا رەوتی روداوەکان دەخوێنەوە، گرنگی گۆرێنی ئەم رەوەندە بە پێداویستیەکی خێرا دەزانن.

بۆ ئەمریکا و غەرب کە هەموو هەوڵێکیان ئەوە بوو ئیران بەتەواوەتی تەریک و گۆشەگیر بکەن، تا لەو ڕێگایەوە بتوانن لە دانوستاندنەکاندا کەڵکی لێوەر بگرن، بە ڕیکەوتنی نێوان ئیران و سعودیە لەسەر دەستی چین، ئەم هەوڵەی ئەمریکا و غەرب... مایەپوچ بوو، جیا لەوەش پێگەی ئیران لە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەهێز دەکات. هاوکات ئەمە دەرفەتێک دەدات بە ئیران، تا هەناسەیەک لە دۆخی ئیستایدا، کە لەسەر لێواری قەبرە، بدات.  

 دیارە چ بۆ ئەمریکا و غەرب و چ بۆ روسیا و چین... روخانی جمهوری ئیسلامی لە خوارەوە و لەلایەن بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی جەماوەرییەوە نەک نەخوازراوە، بەڵکو وەکو مەترسییەک تەماشای دەکەن، بۆیە یەکێک لە ئامانجە هاوبەشەکانی چین و روسیا و ئەمریکاو غەرب، لەناو دەیان و سەدان دۆسیەی پڕ گرژی و ململانێدا، بەرگرتنە بە روخاندنی ئەم رژێمە، نەرمی نواندنی ئەمریکاو کاردانەوە شلەتێنەکەی بەرامبەر بە رۆڵی چین لە پەیوەند بە ڕیکەوتنی ئیران و سعودیە لەژێر چەتری چیندا، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام گومان لەوەدایە نییە ئیتر ململانێی سیاسی و ئابوری نێوان ئەمریکا و چین، لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا دەبێتە واقعیەتی ئەم دەورەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×