هۆکاری سەرەکی داکوژانی ڕۆڵی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان!

عەبدوڵا مەحمود
  2021-11-02     783
رەوتی داکوژانی رۆڵی بزوتنەوەی گۆران لە زەمینەی سیاسی و جەماوەریدا، هاوتەریبە بە پێگرتن و هاتنە مەیدانی بزوتنەوەکەوە.
بزوتنەوەی گۆران بە پێچەوانەی دیدی زوربەی نووسەر و نوخبەی سیاسی، خیڵێکی بەرینی دەرویش ئاسای گۆران، بزوتنەوەیەکی سیاسی خۆرسک، حزبێکی جیا لە پارتی و یەکێتی نەبوو.
بزوتنەوەی گۆران... لەلایەن چەند کاراکتەرێکی سەرەکی و تۆراو نیگەران لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەتایبەتیش نەوشیروان مستەفاوە بەردی بناغەی تەلارە ریکخراوەیەکەی، دانرا. جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و بەشێک لە هاوڕێکانی لە یەکێتی نیشتیمانی، بووە هۆکارێک بۆ جیابوونەوەی بەشێکی زۆری کادر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەرەکەی و پەیوەست بوون بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە.
ئەو کاتەی کە ئەم کاراکتەرانە لە یەکیتی نیشتیمانی جیابوونەوە، تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری لە هەڵکشانێکی خێرادا بوو، کۆمەلگەی کوردستان لەسەرو بەندی راسانێکی جەماوەریدا بوو، یەکێتی و پارتی وەکو دووهیزی سەرەکی کەوتبوونە بەردەم شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری. لەدڵی ئەم هەلومەرجەدا باس لە فریاد رەس و پاڵەوانێک بۆ نوێنەرایەتی کردنی نارەزایەتی و تورەیی رەوای جەماوەری قوڵپی دەدا، لە غیابی هیزیكی سیاسی شورشگێری چەپ و کۆمۆنیستی بەهیز، بزوتنەوەی گۆران بە بانگەشەی "گۆڕان" کە خەڵکی کوردستان ویڵی گورانکاری بوون... توانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و دەیان کاراکتەری سیاسی و جەماوەری تر لە بزوتنەوە کۆمەلایەتیە جۆرواجۆرەکان رابکیشێتە ژێر چەتری خۆی و لە چوارچیوەی بزوتنەوەی گۆراندا کۆیان بکاتەوە. بەواتایەکی تر بزوتنەوەتی گۆڕان توانی سواری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ببێت و جڵەوی بزوتنەوەکە بکات و بەو ئاقارەی کە گۆران دەیەویست ئاراستەی بکات. برگەی ١٧ شوبات، ئەو برگەیە بوو کە توانی بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ یەکەمین ئەزمونی شەقامدا، لە محەک بدات... لەگەڵ ئەوەدا بزوتنەوەی گۆران ئاسۆی سیاسی خۆی زاڵی ١٧ شوبات کرد، جڵەوی نارەزایەتیەکەی بەدەستەوە گرت، بەڵام توانای بەخشینی هیچ جوڵەیەکی شۆرشگێرانەی بە بزوتنەوەکە نەک نەبوو، بەڵکو وێلی دواکەوتوترین نەریتی کۆنەپەرستانەو دەستێکەڵ کردن لەگەڵ نەریتی ئیخوانی کرد و نوێژی سیاسی و خیتابی سەرانی بزوتنەوەی گۆرانی لەگەڵ رەوتە ئیسلامیەکاندا، لەیەک مینبەری بەرەییدا نمایش کرد. سەر ئەنجامیش ١٧ شوبات و نارەزایەتی جەماوەری کردە بەردەبازێک بۆ بەشداری لەدەسەڵات و پاشانیش تەنانەت ئامادەیی بۆ بەرگری لە خواستەکانی ١٧ شوبات نەبوو. بەمەش بزوتنەوەی گۆران لەیەکەمین دەرکەوتنیدا گورزیکی زۆر کەمەر شکێنی لە بزوتنەوەی نارەزایەتی لە کوردستاندا وەشاند و پایەکانی پیگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی تریشی بۆ ماوەیەک زۆر لەبەین برد.  
باسی مەلەفی نەوت، شەفافیەت، لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەدامەزراوەییکردنیان، چاکسازی و گۆرانکاری... ئەو دۆسیانە بوون کە بزوتنەوەی گۆڕان بەدەستیەوە گرتن.
بەدەستەوە گرتنی هەرکام لەم دۆسیانە، لە بەرامبەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا.... بەبێ ئەوەی جیاوازییە بناغەیەکانی خۆت لە زەمینە زۆر سەرەکیەکانی کۆمەڵگەو گرفتە بناغەیەکانیدا، لەگەڵ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بخەیتە ڕوو، بانگەشەکانی پوچەڵ دەکردەوە.
نەبوونی جیاوازی روانینی بزوتنەوەی گۆران، بۆ پەیوەندی هەرێم و بەغدا و چارەسەری پرسی کورد و ئایندە سیاسیەکەی، بۆ دەستوری عێراق و فیدرالیزمی قەومی، نەبوونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیوەند بە ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان. نەبوونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەیوەندی ناوچەیی و نیونەتەوەیەکان، نەبوونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی دین و  ژنان... نەبوونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان... بەواتایەکی تر لیكچوونی بزوتنەوەی گۆران لەسەر پرسە زۆر گرنگ و سەرەکی و چارەنووسازەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، لەیەکەم رۆژەوە گۆرانی کردە پارتی و یەکێتیەکی تر، بە کۆمەڵێک دروشمی خۆشخەیاڵانە، کە ئاکامی نەناسینی واقعیەتی سیاسی دەسەڵاتی میلیشیایی و تایبەتمەندیەکانی بوو.
دەنگ هێنانی بزوتنەوەی گۆران لە یەکەمین هەڵبژاردنیدا، هێندەی ئاکامی تۆڵەی جەماوەری لە پارتی و یەکێتی بوو، هێندە بەمانای قبوڵکردنی بزوتنەوەی گۆران و بروا هێنانی جەماوەری بە بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو... بەتایبەتی بە پێچەوانەی دیدی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ هەموو کەسێکی سیاسی هوشیار رۆشن بوو دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە ژێر سایەی دەسەڵاتی داسەپاوی میلیشیاییدا لەڕیگای هەڵبژاردنەکانەوە، بەشوێنێک ناگات. بۆیە زۆر زوو دوای هەلبژاردنەکان رەوتی رەوینەوەی خۆشباوەری جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپیکرد، بەتایبەتیش کە بزوتنەوەی گۆران" چوار ساڵی ئارامی" کردە، دروشم و بەفەرمی و بەکردەوە بانگەوازی ئاشبونەوەی جەماوەری لەگەڵ دەسەڵاتدا بەدەستەوە گرت. و پاشانیش بووە بەشێک لەو دەسەڵاتە دز و گەندەڵ و تاڵانچییەی بزوتنەوەی گۆران بانگەشەی گۆڕانی دەکرد.... گۆڕان گۆڕا بۆ دەسەڵات و گۆرانکاری واقعی بۆ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، لە گۆڕەپانەکە ماوە.
بۆیە زۆر زوو وەهی بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ واقعیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی کۆمەلگەی کوردستان و پێکهاتەی دەسەڵاتدا، تووشی بەریەک کەوتنێکی  خێرا بووەوە.
هەر ئەوەش وایکرد، زۆر زوو بەشێکی بەرچاو لە کاراکتەر و هەڵسوراوانی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆران کشانەوە و بەتایبەتی ئەوانەی لە یەکیتیەوە لەگەڵ نەوشیراوان و هاوكارەکانی نەهاتبوون.
بەم جۆرە شکستی بزوتنەوەی گۆران و داکوژانی، لە دواین هەڵبژاردنەوە دەست پێناکات... لەدروست بوونیەوە ماکەکانی لە بەین چوونی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو. هەڵتۆقینێکی خێرا لە دڵی توڕەییەکی بەرینی جەماوەریدا، هاوکات پاشەکشەیەکی جەماوەری خێرا و شکستێکی سروشتی لەدڵی نارەزایەتیەکی جەماوەری تردا....دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەو جەماوەرە توڕەیەی لە یەکەمین هەڵبژاردندا سزای پارتی و یەکێتیاندا،  دواتر لە شەقامدا لەپاڵ سوتاندنی بارەگاکانی پارتی و یەکێتی مەکۆی بزوتنەوەی گۆرانیشیان ئاگردا. بەشیکی زۆر لەسەرانی گۆران بەهۆی هەمان پیکهاتە و سروشتی پارتی و هەلگری هەمان نەریتەکانی، بوون بەپارتی و ئیستا لەسەری رەش راوێژکاری بارزانی باوک و کوڕن. لە وەزارەتخانەکاندا گوێگری پارتین، لەسەرۆکایەتی هەریمدا هیچ کارە و موچەخۆرێکی بێدەنگکراون.
نەریتەکانی بزوتنەوەی گۆران هاوشێوەبوونی لەگەڵ نەریتەکانی پارتی و یەکێتی، بە بەڵگە سەلمێنران...
نەوشیروان مستەفا، کە بەکەسیكی سادە، خاکی و ناگەندەڵ و تیوەنەگلان لەتاڵانی و وەکو دژ بەری تەوریسی سیاسی دەناسێنرا، پێچەوانەکەی بە کردەوە دەرکەوت. بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر نەوشیراوان مستەفا وەکو ملیاردێرێک مرد... بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر سەرەوت و سامانە ملیاردیەکەی بەر لە مردنی گواستەوە بۆسەر حسابی کورەکانی...هاوکات وەکو برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی سەرانی تری بزوتنەوەی کوردایەتی ئەویش گردێک کە موڵکی گشتی بوو بەمردووی تاپۆی خۆی کرد. تەورسی سیاسی، وەکو هەرکام لەحزبە بنەماڵەییەکان لە گۆراندا گرتەبەر. ریزی دەرویشەکانی کە دەڵێن کورانی نەوشیروان مستەفا وەکو کورانی ئیمامی عەلی" حەسەن و حسێن" پیرۆزن.... ئێستا باس لە چارەسەری دۆخی گۆران دەکەن. دەڵێن کوڕانی نەوشیروان مستەفا لە گەورەترین زانکۆ خوێندویانە، وەکو ئەوەی هەرچی لە زانکۆی گەورە سیاسەت و قانووی خوێند، بەمانای وەرگرتنی پسوڵە و مەدالیای بوون بە سەرۆکی حزب و سیاسەتمەدار و کاریزما...بوون بێت. سڵاو لە عەقڵتان بۆ بەڵگەو فاکتە عەجایەبەکانتان!!
بزوتنەوەی گۆران وەکو دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هیچ چاکسازیەک هەڵناگرێت، لەسەر زبڵدانی هەمان نەریتی بزوتنەوەی کوردایەتی پایەکانی رۆنراوە کۆپییەکی ئاشکرای پارتی و یەکتییە... بێگومان کۆپیش لە چاو نسخە ئەسڵیەکەی بێ بەهاترە.
بزوتنەوەی کوردایەتی، وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی هیچ خەسڵەتێکی شۆرشگێرانەو پێشکەوتنخوازنەی نەبووەو نییە،  بۆیە هیچ حزبێکی مەدەنی، لیبرال، عەلمانی... ناتوانی لەخۆیدا جێگا بکاتەوە.
شکست و دارمانی بزوتنەوە گۆڕان، بەرهەمی سروشتی و جۆری پێگرتن و چۆنیەتی پێکهاتنی بوو، کە لە بنەرەتدا جیاوازی لەگەڵ پارتی و یەكیتیدا نەبوو... دوبارە بیناکردنەوەشی لە وەهم زیاتر نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×