پێکنەهێنانی حکومەت لەعێراقدا گۆشەیەک لەئەزمەیەکی قوڵترو فراوانتر!

عەبدوڵا مەحمود
  2022-09-13     331

بۆرژوازی لە عێراقدا دەرگیری بن بەستێكی قوڵی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و حکومییە، و توانای وەڵامدانەوەی بەهەرکام لەو گرفتانە نییە، ئەمەش وای کردووە هەلومەرجی سیاسی عێراق، بەرەو ئاڵۆزی و گرژی زیاتر بچێت. لە ئاکامی ئەم دۆخەدا سەرجەم بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبە بۆرژوازییەکانیان، توشی سەرەگێژە بوون و ئاسۆیەکی نزیک مەواد بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخە شک نابەن. نەک تەنها ڕیزەکانیان لێکترازاوە، بەڵکو هێزو حزبەکانی ناو یەک خانەوادەو یەک بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیش لەبەرامبەر بە یەکتریدا وەستاون. خانەوادەی "شیعەی سیاسی" و "سونەی سیاسی"... لەناو خۆیاندا دابەش بوون و تونای ئارایشدانەوەی خۆیان لە چوارچێوەی بزوتنەوەکەی خۆیاندا نییە. بەهەمان شێوە "ڕیزی خانەوادەی بۆرژوای کورد" لێکترازاو بەرامبەرکێیان لەگەڵ یەکتری بەردەوامە. بەکورتی سەرجەم بۆرژوازی عێراقی لەبەرامبەر بە گرفتەکانی کۆمەڵگەی عێراق و دۆزینەوەی دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، بن بەستن.

زۆربەی هەرە زۆری سەرانی حزبەکان و میدیا و رۆژنامەنووسانی بۆرژوازی هۆکاری ئەم دۆخە، دەگێرنەوە بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت و ململانێی ئەلگۆ و بەدیلی جیاواز بۆ پێکهێنانی. وە پێکهێنانی حکومەت بە دەروازەیەک دەزانن بۆ دەرهێنانی عێراق لەو ئەزمەو گرفتانەی دەرگیری بوون. بە واتایەکی تر نەبوونی حکومەت بە هۆکاری ئەو وەزعەی عێراق و ململانێی باڵ و رەوتە بۆرژوازییەکان دەزانن و دەیانەوێت ئەم دیدگا و روانینەش بگوازنەوە بۆ شەقامی عێراقی و لەو رێگایەوە خۆڵ بکەنە چاوی جەماوەر.

دیارە ئەزمەی حکومەتی ئەزمەیەکی بۆرژوازی عێراقییەو سەرجەم بۆرژوازی عێراقی بێ توانان بۆ زاڵ بەسەر گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتدا و ئەمەش خۆی بۆتە گۆشەو بەشێک لە گرفتەکانی نێوان حزب و بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و فراوان بوونەوە گرژی نێوانیان، بەڵام گێرانەوەی دۆخی هەمەلایەنەی ئێستای عێراق بە تەنها بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت، درۆ و فریوکارییەکی ئاشکراو ئاراستە کراوە. ئەزمەی نەتوانینی پێکهێنانی حکومەت دەرهاویشتەی ئەزمەیەکی قوڵتر و هەمەلایەنەترە. تەنها و تەنها گۆشەیەک و بەشێک لە ئەزمەیەکی فراوانتر و سەراسەری ترە کە سەرجەم بۆرژوازی عێراقی دەرگیری بووە. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئێستا چەندین خولی هەڵبژاردن و چەندین حکومەت پێکهاتوون، بەڵام هیچ کام لەوانە نەبوونەتە هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بەو هەلومەرجە ئەزمەگرتووە کە سەرجەم بۆرژوازی عێراقی دەرگیرییەتی و نەبۆتە هۆکارێکیش بۆ وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین خواست و داواکارییەکانی جەماوەری ملیۆنی لە عێراقدا.

نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی سیاسی و ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبونەوەی لێکەوتەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا و ململانێی جەمسەرەکانی بۆرژوای لە ئاستی جیهانی و ئارایش و هاوپەیمانیەتە تازە پێگرتوەکاندا. بن بەستبوون و بێ توانایی لە وەڵام بەرامبەر بە قوتبە ناوچەییەکان و تەماحەکانیان، بەتایبەتی ئیران و تورکیا... پاشەکشەی هیزە سەربازی و مەیدانیەکانی ئەمریکا و زۆربوونی دەستێوەردانی دەرەکی تا رادەی بە نیابەت گرتنی هێز و توانایی حزب و هیزە سیاسیەکان بۆ ئامانجە ئابوری و سیاسییەکانیان و زاڵکرنی هەژموونیان لە رێگای زاڵکردنی رۆڵیان لە دۆخی سیاسی عێراقدا. بێ ئیرادەکردنی رۆڵی حزب و بزوتنەوە سیاسییە کۆمەڵایەتیەکانیان و بوونیان بە دەستکەلای ئەو وڵاتانە. بەهێزی توانایی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری و باندی هەمەچەشنی نا حکومی و میلیشیایی ئەحزب لە بەرامبەر بە حکومەت و پێگەی حکومداریدا... کە هەر کامەیان لەسەر بنەمای تایفی و مەزهەبی و قەومی پێکهاتوون و خاوەنی لەشکری بە‌هێزن کە هێز و سوپای حکومەت لە بەرامبەریاندا لاوازو دەستەپاچەو بێ توانایە و هەر ئەوانیش کۆسپی بەردەم پێکهێنانی حکومەت لەلایەک و لاوازمانەوە و پەراوێز بوونی هەر حکومەتیکیشە ئەگەر پێک بێت. بەواتایەکی تر دەتوانین بڵێن، بەشێک لەگرفتی بۆرژوازی عێراقی، لە ماهیەتی خودی بزوتنەوەی بۆرژوازی عێراقی و حزبەکانیدایە... هیچ کام لەو حزب و بزوتنەوانە ئامادەنین هێزی سەربازی و لەشکرەکانیان هەڵبوەشێنەوە و تێکەڵ بە سوپاو ‌دامەزراوەی سەربازی حکومی بکەن، ئامادەنین وەلائی حزبی و تایفییان، وەلابنین و لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتی بوون مامەڵە بکەن. چ هێزی چەکداری زوربەی هەرزۆری حزبە دەستڕۆشتوەکانی عێراق و چ جەماوەر و لایەنگرەکانیان لەسەر بنەمای تایفی لەدەوریان کۆبونەتەوە. رەشەلەشکرێکیان هەیە رۆژێک نمایشی سەرجادەو ئاکسیۆنی لەبەردەم پەرلەمان و ناوچەی سەوز پێدەکەن و رۆژیکیش وەکو باندی مافیایی و چەکداری نایاسایی لە ململانێی خۆیاندا بەکاریان دەهێنن و رۆژێکیش بەریان دەدەنە گیانی ئۆردوی جەماوەری بێبەش و نەدار کە بۆ نان و هەلی کار و خزمەتگوازرییەکان دینە سەرجادە، یان رابەران و هەلسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و نارەزایەتیەکانیان دەرفێن و تیرۆر دەکەن.

هەموو باڵ و لایەنەکانی بۆرژوازی عێراقی بەجیا لەهەموو گرفتەکانیان، تاکە گرفتێک کە ناتوانن لێی دەربازیان بێت، یان وەکو کۆسپی سەرەکی بەردەم خۆیان دەیبین، بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە کە رێگای گەرانەوەی بۆ دواوەی لە نزیک مەودادا لێگیراوە. ئەم بزوتنەوەیە هەمیشە دەتوانێت چەندین حکومەتی تر بروخێنێ، چەندین سەرۆک وەزیرانی تر ناچار بە پاشەکشە بکات، چەندین کابینەی حکومەتی تر بەسەری شۆڕەوە کەنار بخات.

ئەم واقعیەتە لە ئاستە گشتیەکەیدا بەشێکە لە واقعیەتی کوردستانیش، بزوتنەوەی بۆژوازی کورد لەوپەرێ بێئاسۆییدا پەل و پۆ دەکوتێت، دیدێکی هاوبەش و تەنانەت جیا جیاشیان بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا نییە. فیدرالیزمی قەومی کە ڕیکەوتنی نێوان بۆرژوازی کورد و عەرەب بوو لەسەر دەسەلات و پەیوەندی هەرێم بەبەغداوە، بە کردەوە چۆتە ناو چاوپیاخشاندنەوە و بە بنبەستی کۆتایی گەیشتووە. رادەی دەسەلاتی بۆرژوازی کورد لە زەمینەی بڕیاری سیاسی، باڵادەستی بەسەر ئابوری ناوخۆی کوردستاندا، تا دەگاتە دۆسیەی سنورەکان و پرسی ئەمنی و پەیوەندییەکان، رووی لە ئاڵوگۆر و دوبارە پیناسەکردنەوەیە لەلایەن بۆرژوازی عێراقیەوە.

جیا لەوانە بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، بەدەسەڵات و هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە، دەرگیرە لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری فراوانی خەڵکی کوردستاندا... قڵشتی نێوان بۆرژوازی کوردو جەماوەری کوردستان بە رادەیەکە جارێکی تر توانای جوت بوون و تەبایی لە نێوانیادا داڕماوە و لەبەرامبەر یەکتریدا سەنگەریان لەیەکتری گرتووە، بەهەمان شێوەی ناوەندیش کێشە و ئەزمەی بۆرژوازی کورد، لە حکومەت و پەرلەماندا نییە... بەڵکو کێشەی حکومەت و پەرلەمان و بێ رۆڵیان، تەنها گۆشەیەکە لە ئەزمەیەکی قوڵترو فراوانترە.

بۆرژوازی کورد، لەبەردەم هەژموون و هەرەشەی ناوەنددا، توانای بەرگری کردنی زۆر لاوازە، بژاردە و کارتێکی لەبەر دەست نییە، تا لەململانێی لەگەڵ بەغدادا بەکاری بهێنێت، ئەوەش بۆرژوازی کوردی خستۆتە حاڵەتی چاوەروانی و هاوکات ئامادەیی بۆ ملدان بۆ سازشی نابەرابەر و نادڵخواز لەگەڵ بەغدادا. سەرباری ئەزمەو بن بەستێک کە بۆرژوازی لە عێراقدا دەرگیریەتی و لێکترازانێک کە رووبەرووی بۆتەوە، بەڵام گوشارەکانی بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم بەردەوامە... لەگەڵ کەمترین ئارام بوونەوەی دۆخی عێراق و نزیکبوونەوەی لایەنە بۆرژوازییەکان لەگەڵ یەکتری و لەوەش زیاتر ئەگەر حکومەت پێکبهێنن، ئاستی گوشارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم زیاتر و بەرینتر و خێراتر دەبێت. بۆرژوازی کورد لەوبارەیەوە بێ ئاگا نییە و بەپێچەوانەی بانگەشەکانی ئیستایان کە خەمی هەلومەرجی عێراقیانەو گوایە دەیانەوێت هیزو لایەنە عێراقیەکان ڕێک بکەون، لە دنیا واقیعیدا، هەلومەرجی ئێستای عێراق بە سودی خۆیان دەبینن و وەکو هەمیشە مایەیان لەسەر لاوازی ناوەند، ململانێی نیوان هیزە عێراقیەکان و ئاڵۆزی، هەڵچنیوە تا لانی کەم گوشارەکانی بەغدا بەشێوەی لاوازتر لە ئاستی هەرێمدا بچیتە پێشەوەو  خواست و تەماحەکانیان، گرفت و لەمپەری بۆ دروست بێت.

بە کورتی چ لە عێراقدا ئەزمەی سەرەکی نەبوونی حکومەت و ناکارایی پەرلەمان نییەو چ لە کوردستانیشدا، کیشەی بۆرژوازی کورد دوو ئیدارەیی و نەبوونی هیزی پیشمەرگەی هاوبەش... تاد نییە. بەڵکو خودی ئەوانە دەرهاویشەی کیشەی بناغەیی ترن و ریشەیان لەنەبوونی دورنما و پرۆژەی سیاسی دوور مەودا و نەبوونی ئاسۆیەکی رۆشن بۆ ئاینندەی ململانیکان لە ئاستی جیهان و ناوچەکەو ئارایش و هاوپەیمانیەتە تازەکان و گۆرانی هاوسەنگی هیزی نیوان بلۆکە جیهانی و ناوچەییەکاندایە.

چ بۆرژوازی عێراق و چ بۆرژوازی کورد، فاکتەری دەخیل و کارا لەسەر ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە نین، بەپێچەوانەوە پێگەی بۆرژوازی عێراقی و ناسیونالیزمی کورد لە ژێر کاریگەری، فاکت و ئالوگۆرە جیهانی و ناوچەیەکانن... دیارە لەو نێوەدا جێگەو ڕێگای عێراق و بۆرژوازیەکەی بەو هۆیەوە خاوەنی دەوڵەتن و لە ئاستی نیودەوڵەتیدا دانپانراون حساب بۆکراون، بەبەراورد بە ناسیونالیزمی کورد کە دەسەڵاتیان لەرێگای  هەیمەنە حزبدا بەسەر جغرافیایەکی شەقبووی ناودەوڵەتیدایە، سەختر و خراپتر و بێ ئایندەترە، بۆیە لە نەبوونی ئەڵتەرناتیفی دیاریکراوی تردا، ناچارن ئومێد و قیبلەیان لە عێراق و بۆرژوازی عێراقی بێت. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×