نەوەی نوێ بەوێنەی پارێزەری دەسەڵات!!

عەبدوڵا مەحمود
  2022-06-17     438

کاتێک کرێکارانی ژینگە پارێز لە پێناو موچە دواخراوەکانیان بۆ مافی سادەی ڕەوای خۆیان، دەست لەکار هەڵدەگرن و ماندەگرن و گوشار بۆ کۆمپانیا و دەسەڵات دەهێنن... نەوەی نوێ خێرا لەرێگای کۆمپانیاکانی خۆی، کاری کرێکارانی ژینگە پارێز دەگرێتە ئەستۆ و مانگرتنی کرێکاران توشی شکان دەکات و ئیرادەی سیاسی و یەکگرتوانەیان ورد دەکات. کۆمپانیا و دەسەڵات لەدەستی مانگرتنی کرێکاران و گوشارەکەیان ڕزگار دەکات و دەبێتە فریاد ڕەسی دەسەڵات.

کاتێک خەڵکی هەژارنشێنی گەڕەکەکان بەهۆی نەبوونی بێ ئاوییەوە کۆدەبنەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و گوشار دەهێنن بۆ دەسەڵات تا ئاویان بۆ دابین بکات، تانکەرەکانی نەوەی نەوەی نوێ بە ئاوەوە دەچنە گەرەکەکان بڕێک ئاو دابەش دەکەن و ناڕەزایەتی خەڵکی بۆ ئاو خامۆش دەکەنەوە و دەسەڵات لەتورەیی جەماوەری دەپارێزن.

کاتێک هاوڵاتیانی ناوچەیەک بەدژی خراپی رێگاو بان، بەدژی دەسەڵات دێنە سەرشەقام و داوای چاککردنی ڕێگایەک دەکەن، گەڵابەو شۆفڵ و حەفارەو مەکینەکانی جادەرێژی نەوەی نوێ دەگەنە جێگاکەو تورەیی و نەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات خاو دەکەنەوە و دەسەڵات لە گوشاری جەماوەری پاڕێز بەندی دەکەن.

کاتێک هاوڵاتیانی هەژار و نەدارکراوی کوردستان بۆ خۆپارێزی لەسەرمای زستان و بۆ داوای نەوت و سوتەمەنی نارەزایەتی دەردەبڕن، کۆدەبنەوە و گوشار بۆدەسەڵاتی سیاسی دێنن تا وەڵام بەخواستی دابین کردنی نەوت بداتەوە، تانکەرە پڕ نەوتەکانی نەوەی نەوێ، بە دابەشکردنی جلیکانە نەوت، تورەیی و غەزەبی رەوای جەماوەری هەژار دادەمرکێنەوەو دەسەڵات لە زەبری جەماوەری رزگار دەکەن.

کاتێک شوفێرانی تەکسی و پاس و هاوڵاتیان، دەست دەدەنە مانگرتن و خۆپیشاندان بۆ دابینکردنی بەنزین و گاز، بۆ سەیارەکانیان و هاتوچۆیان، یەخەی دەسەڵات دەگرن، نەوەی نوێ بە دابەشکردنی بڕیکی کەمی بەنزین و گاز بە نرخێکی کەمێک هەرزانتر، بڵاوە بە خۆپیشاندەران و مانگرتوەکان دەکات و دەسەڵات لە دەستی ئەو جەماوەرە رزگار دەکات... 

بەر لەهەموو شت دەبێ بپرسین و نەوەی نوێش ناچار بکرێت وەڵام بداتەوە ئەوەیە، ئەو داهات و سەرمایە، بۆ  پاککردنەوەی گەرەکەکان، نەوت و ئاو و بەنزین و ئامڕازەکانی چاککردنی ڕێگاوبان.... کە نەوەی نوێ لەبەردەستیدایە سەرچاوەکەی کوێیە؟ ئەو هەموو سامان و داهاتە کە بەرامبەرکێی کۆمپانیاکانی دەسەڵاتی پێ دەکات، چۆن پەیداکراوە؟

گومان لەوەدا نییە، کە نەوەی نوێ خۆی کۆمپانیاکی گەشتیاری و میدیاییە، بەڵام پەل هاویشتنی بۆ بوارەکانی تر و هەموو ئەو مەیدانانەی جەماوەر لە زەمینەی خزمەتگوازرییەکان و پێداویستیە ژیارییەکانی هاولاتیاندا، پێویستی پێیەتی و نەوەی نەوێ لەبەردەستیدایە، نیشان دەدات نەوەی نوێ نەک تەنها کۆمپانیایەکی گەشتیاری و میدیایی، بەڵکو هاوکات کۆمپانیایەکی سیاسی بەکرێگیراوە، کە رۆڵی بەوەکالەت بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ دەسەڵات دەگێرێت و ئامڕازیکە بە بەرگرتن بە هاتنە مەیدانی جەماوەری نارەزایەتی بۆسەر شەقام و یەخەگرتنی دەسەڵات، وە رۆڵی بەرگری لە دەسەڵاتی دزو تاڵانچیەکانی دەگێرێت.

ئۆپۆزیسیۆنێکی ئاسایی لەهەموو جێگایەکی ئەم دنیایە، لەهەوڵی ئەوەدایە جەماوەر لە دژی دەسەڵات بجوڵێنی و شەقام سازبدات و ئەزمەی دەسەڵات قوڵ بکاتەوە، تا لەو رێگایەوە جەماوەری ناڕازی بەدژی دەسەڵات کۆبکاتەوە و لەو رێگایەوە زەمینە سازی بکات بۆ گەیشتنی بۆ بەشداری لەدەسەڵاتدا... بەڵام نەوەی نوێ ئەگەر لە زەمینەی میدیاییدا، جار جارە باسی خۆپیشاندان بکات، بەشێک لە کارنامەی دەسەڵات بخاتە ڕوو، بەڵام بەکردەوە و لە مەیدانی واقعیدا، کاری خامۆش کردنەوەی شەقام و وردکردنی ئیرادەی شۆرشگێرانەو، شکاندنی مانگرتن و خاوکردنەوەی خۆپیشاندان و خەواندنی توڕەییەکان و سەرئەنجامیش پاراستنی دەسەڵاتە لەتورەیی جەماوەری و بەرگرکردنیەتی لە داڕمان و راماڵین.

بۆیە نەوەی نوێ وەکو پۆلیس، سوپاو دەزگای جاسوسیەکانی وەکو پاراستن و زانیاری و دژە تیرۆ و میدیای گیژ کردن، بەشێکی ترە لە حەربەی سەرکوت و گەوجاندنی کۆمەڵگە، لەراستای پاراستنی دەسەڵات، کەدەسەڵاتیش پارێزەی چینی سەرمایەداری کوردستان و کۆمپانیاکانیانە. دیارە دەسەڵاتی سیاسیش زۆر پێویستی بە هێزێکی وەکو نەوەی نوێ هەیە ببێتە دارعاسا و پارێزەری... بەتایبەتی لەهەلومەرجی ئێستای کوردستاندا کە خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات بۆتە واقعیەتیکی حاشاهەڵنەگر.

جەماوەری بێبەش و نارازی بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، چۆن ڕووبەڕووە لەگەڵ هێزی چەکداری سەرکوت و ترساندن و تۆقاندن و گێژ کردن، ئاواش بەناچار رووبەڕووە لەگەڵ نەوەی نوێ وەکو هێزێکی کرێگرتەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و پارێزەری نەزمی سەرمایە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.

دیارە نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەدا ئەو ڕۆڵە بۆ پاراستنی دەسەڵات دەگێرێت و خوازیارە لەو رێگایەوە بۆرژوازی دەسەڵاتدار بیکاتە بەشە شەرعی لە دەسەڵاتی سەرمایەدا، بەڵام شانسی ئۆپۆزیسیۆنێکی ئاوا بودەڵەو راشکاو لە نۆکەر پیشەیی بۆ دەسەڵاتدا و راوەستاو بەرامبەر بە داواو داخوازی جەماوەری و هەوڵە ڕەنگاو رەنگەکانی بۆ خامۆشکردنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، سفرە.

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەکاتی خۆیدا توانی جڵەوی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بکات و لەو رێگایەشەوە بەسەر خوێن و ماندوبوون و قوربانیانی بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستاندا بگاتە لوتکەی دەسەڵات و بەشدار لە حکومەتی پەرلەمانی کارتۆنیدا، وە خەون و ئومێدی سەدان هەزار ئینسان بۆ ژیانێکی باشتر لەڕیگای بانگەشەی ساختەی" دەیگۆرین" کوشت و لەبەین برد، ئەوا ئەو شانسە بۆ نەوەی نوێ نییە. خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هوشیارترن، بە ریاکاری و درۆی کۆمپانیایەکی سیاسی و بازرگانێکی بەکریگیراو بۆ پاراستنی دەسەڵات، بروا بکەن و فریو بخۆن.

نەوەی نوێ بە تەمەنێکی کورتەوە سەلماندی هێزیکی بەکرێگیراوی دەسەڵاتە. بە داهات و قوتی هاوڵاتیان کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی تاڵانچیەکان و گەندەڵستانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا دەستی لێگیربووە، لەسەرە مەرگی دەسەڵاتدا ناتوانێت لە گۆرەپانەکە بمێنێتەوە. جەماوەری هوشیاری کوردستان، بەو هاوڵاتیانەشەوە کە نەوەی نوێ ئاو و نەوت و سوتەمەنی بەسەردا دابەش کردوون، لە یەکلایی کردنەوەی کێشەی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، کاری خۆیان لەگەڵ نەوەی نویش یەکلادەکەنەوە و تۆڵەی ئەو نۆکەر پیشەیی و بەرگری کردن لە دەسەڵاتی لێ دەکەنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×