پەیامی پشت هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا

عەبدوڵا مەحمود
  2022-03-01     396

وەکو پێشبینی دەکرا دوای ئەوەی ڕوسیا دانی نا بەسەربەخۆیی هەردوو هەرێمی "لوهانسک و دۆنێسک" لە هەرێمی دونباسی ئۆکرانیا، وەکو دوو وڵاتی سەربەخۆ بەڕەسمی ناساندنی، هێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکرانیا.

هێرشی سەربازی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، بەجیا لەململانێی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە پەیوەند بە پاراستنی سنورەکانی، بەرگری ڕوسیا لە جوادخوازەکان، کە روسیا لە پشتیانە، کاردانەوەیەکی ئاشکرای دەوڵەتی ڕوسیایە بەرامبەر بە رێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتلەسی "ناتۆ"، وەکو ریکخراوەیەکی غەرب کە رۆڵی نیابەتی بۆ دەوڵەتی ئەمریکا لە ئەوروپا و لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا دەگێرێت و ئامڕازێکی ئەمریکییە بەدەست ئەوروپاوە لەبەرامبەر بە ڕوسیا.

ئۆکرانیا ئامانجێکی روسیایە، لەناو چەندین ئامانجی فراوانتردا. هەوڵی پەیوەست بوونی ئۆکرانیا بە ریکخراوەی ناتۆ، لە هەلومەرجێکدا کە دیارە ناتۆ ریکخراوە و ئامڕازیکە بەدەست ئەمریکاوە، بۆ روسیا قابیلی قبوڵ نییەو نایەوێت ئۆکرانیا ببیتە پایەگایەکی مەترسی ئەمریکا و ناتۆ، وەکو وڵاتێکی هاوسنور لەگەڵ روسیا.

هاوکات هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا و ئامادەیی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ناتۆ، ئامانجێکی فراوانتر و گەورەتر لە هیرش بۆسەر ئۆکرانیایە. ئۆکرانیا و ناتۆ، لەگەڵ ئەوەدا ئامانجێکی دەوڵەتی روسیان، بەڵام ئامانجی بناغەیی و سەرەکیەکەی دەوڵەتی دەوڵەتی روسیا پێک ناهێنن. ڕوسیا بۆیە جەنگی ناتۆ ناکات، لەبەرئەوەی چ وەکو رێکخراوەیەک کە دەست وەردەداتە رۆژەهەڵاتی ناوەراست و بەپاساوی جیاجیا ملهوری سەربازی و داگیرکاری لە دەیان وڵاتی وەک لیبیا، سوریا، ئەفغانستان و عێراق، فەلەستین و یەمەن تا دەگات بە ئۆکرانیا، دەکات... هەروەها لەبەر ئەوە نییە کە تەنانەت وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ وەکو تورکیا بە ئاشکرا قوبرس داگیر دەکات، ملهوری ئاشکرا لە سوریا دەکات و داگیرکاری دەکات... روسیا لەو بارەیەوە کەمترین کاردانەوەی بووەو بەهرەبەرداری لە ڕۆڵ و ملهوری ناتۆ کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

ڕوسیا دەیەوێت لەلایەکەوە فایلی پەیوەست بوونی ئۆکرانیا بە ناتۆوە لەرێگای هیرشی سەربازییەوە دابخات و لەجێگای دەسەڵاتی ئیستا، حکومەتێکی وابەستە و گوێ لەمستی خۆی بخاتە سەر دەسەڵات، لەلایەکی تریشەوە بەدوای ئامانجێکی گەورەترەوەیە، واتە لەگەڵ ئەوەدا ئۆکرانیا ئامانجێکی روسیایە، هاوکات پاساو وەسیلەیەکی سەرەکییشە بۆ ئامانجێکی سەراسەری ترو فراوانتر لە ئاستی جیهانیدا. ئەو ئامانجە سەراسەری و فراوانە لە ئاستی جیهانیدا کە روسیا بەدواوەیەتی، لە بنەرەتدا بەرهەمی ناکامی و پاشەکشەو شکستی ئەمریکایە لەئاستی  دنیادا، کە روسیا بەهۆی ئەزمەی ئۆکرانیایەوە دەیەوێت بەهرەبەرداری لێ بکات. شکستی ئەمریکا لە عێراق لەسەر دەستی هێزە محلیەکانی وابەستە بە ئێران، شکست لە ئەفغانستان لەبەرامبەر بە تیرۆریزمی تاڵیبان و سازش و پاشان رادەستکردنی دەسەڵات پێیان. شکست و ناکامی لەسوریا، بن بەست بوون لەبەرامبەر بە حوسیەکانی سەر بەئیران لە یەمەن و بێ توانایی لەبەرگریکردن لە هاوپەیمانە عەرەبیەکانی لە کەنداو... تا دەگات بەو ئەزمە قوڵە ئابورییەی لە ساڵی ٢٠٠٨ وە یەخەگیری بووەو قەرزەکانی سەری بە ئەندازەی خەیاڵی بەوە هەڵکشان چووە، تا دەگات بە پێشرەوی خیرای ئابوری و بازرگانی چین... هەموو ئەو دۆسیانە نەک پێگەی ئەمریکای وەکو خوازیاری قوتبی بێ ڕکەبەر، هێنایە خوارەوە، بەڵكو ناکامی ئەمریکای لە هەوڵەکانی بۆ بوون بە ژاندارمی تاک جەمسەری لە دنیادا، بەجۆرێک شکست دا، کە دەروازەی کردۆتەوە بۆ سەربڵندکردنەوەی قوتبی تر، لەوانەش قوبی چینی و روسی لە قەڵەمرەوی سەربازی و سیاسی ئابورییدا.

ئەگەر ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١دا داگیرکردنی کوێتی لەلایەن عێراقەوە بەدەستەوە گرت، و عێراق و ناوچەکەی کردە مەیدانی جەنگ لە پێناو باڵادەستی بەسەر دنیای دوای شکستی بلۆکی شەرقدا، ئەوا ئێستا ڕوسیا بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزمەی لەگەڵ ئۆکرانیا و وەڕێخستنی جەنگ لەدژی، پەیامی نابودی و ئامانجەکانی ئەمریکای لە بوون هێزی باڵادەستی بێ رکەبەریدا، نمایش کرد.

 راستە جەنگ لەدژی ئۆکرانیایە، بەڵام هاوکات پەیامی سیاسی و ستراتیجیەکانی لە ئاستی دنیادایە. ئیتر دنیا ژاندارم و تاک پۆلیسێکی نییە، دنیا دنیای چەند قوتبییە، ئەمریکا نەک توانای گێرانەوەی باڵادەستی بەسەر دنیادا نییە، بەڵکو دەروازەی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو شکستە ئابڕوبەرانەی نییە کە توشی هاتووە. ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ناچارن تا دەورەیەکی درێژ باجی شکست و ناکامیەکانیان لە ئاستی دنیادا بدەن... لەدڵی ئەو شکست و ناکامیانەدا ئەمریکا بەدوای ئەوەوەیە هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بکاتە ڕێگایەک بۆ باڵادەستی بەسەر ئەوروپا و گێرانەوەی متمانە پێیان. وڵاتانی ئەوروپایش بەدوای ئەوەوەن لە ڕێگای خۆ هەڵواسین و فرمێسک هەڵوەراندن بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، ئابروویەک بۆ نەخشی ئەوروپای یەکگرتوو بگێڕنەوە و وەکو بلۆکێکی تایبەتی لە ئاستی دنیادا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

 بۆ روسیاش، هاتنەدەست و وەڵامدانەوەی بە سیاسەت و نەخشەکانی ناتۆ کە رۆڵی نیابەتی بۆ ئەمریکا دەگیڕێت، بەمانای شکستدانی هێزە نیابەتیەکانی ئەمریکا و نابودکردنی رۆڵی ئەوروپای گوێ لەمستی ئەمریکایە، لەپاڵ ئەو پاشەکشەیەی ئەمریکا لە ئاستی دنیادا روبەڕووی بۆتەوە.

 بۆرژوازی روسیا لە ئێستادا، هاوکات لەگەڵ ململانیی لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆدا، و خۆ دەرخستنی وەکو قوتبێکی تر لە دنیادا، خوازیاری ئەوەیە خەونی ناسیونالیستانەی بە بانگەشەی "بیناکردنەوەی روسیای مەزن" بەدی بێنێت. بانگەشەی بیناکردنەوەی یەکێتی سۆفیەتی جاران بە ئاشکرا، پەیامێکە لەو راستایەدا. لەو نێوەدا ئۆکرانیا قوربانی یەکەمی ئەو خەونە ناسیونالیستییەی بۆرژوازی روسیایە، لەچوارچێوەی پەیام و ئامانجێکی فراوانتری لە ئاستی دنیادا، کە لەپێش هەموویانەوە بۆڕبۆڕین کردنە لەگەڵ ئەمریکا، لەسەر بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی و جیپۆلیتیکیەکانی، و بەرەسمی ناسینی لەلایەن ئەمریکاو دنیاوە وەکو هێزێكی رکەبەری واقعیەتی دنیای هاوچەرخ.

گومانی تیادا نییە، لەم ململانێی جیهانی و ئەو ئەزمەو جەنگانەی بۆ دوبارە ئارایشدانەوەی دنیا ڕوودەدەن، کە ڕوسیا دەیەوێت دیو و لایەنێکی بەفەرمی کراو دانپیانراو بێت، جەماوەری کرێکارو بێبەش و نەداری دنیا، قوربانی یەکەمی دەبن. ڕێگاو دەروازیەک کە بتوانێت کاریگەرییەکان و لێکەوتە زیانبارەکانی کەم بکاتەوە، هاتنە مەیدانی ریزی ملیۆنی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشە لە لایەکەوە بەرووی جەنگ و ئاکامە زیانبارەکانی و بۆ راگرتنی، لەلایەکی تریشەوە هاتنە مەیدانی ئەو چینەیە بەدژی بۆرژوازی وڵاتەکانی خۆیاندا، کە لە پێناو بەش پێبڕان لە دوبارە ئارایش دانەوەی دنیادا، بەرەیەکی قوتبە جیهانیەکان هەڵدەبژێرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×