سۆشیالیزم یان بەربەریەت... لە پەراوێزی جینۆسایدی ئینسان بەدەستی دیموکراسیدا!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-11-24     341

ئەندازیارانی شاردنەوەی راستییەکان و شێواندی رای گشتی و دەزگای گەوجاندنی پان و پۆری میدیای سەرمایەداری، لە راستای زاڵکردنی بیروباوەری چینە باڵادەستەکان، بۆ ژێرخانی نیزامی ئابورییان و پاراستنی پایەکانی نیزامی سەرمایەداری و قازانج پەرستیان، دنیای سیستمە سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابورییەکانیان وا دابەش کردووە، کە دنیا پێکهاتووە لە ولاتە دیموکرات و لیبرالەکان لەلایەک و لەلایەکی تریش وڵاتە دیکتاتۆر و سەربازی و مەزهەبی و ستەم گەرەکان. وا وێنای دنیایان کردووە کە رژێمە دیکتاتۆر و ستەم کارەکان، هێشتا کۆسپی بەردەم دیموکرسین و مافەکانی ئینسان ژێر پێ دەخەن و لە کوشت و کوشتار و بێمافی چەوساندنەوەدا بەردەوامن دژی نەیارە سیاسیەکانیان و بۆ بەرگری لەدەسەلاتیان، دەست بۆ توندوتیژی و لەونێوەشدا دەست بۆ جینۆساید و کوشتنی بەکۆمەڵ دەبەن و ئازادییەکان، سەرکوت دەکەن.

بەم جۆرە راگەیاندنە، دەیانەوێت دیمەن و روخساری بەشێکی بەرین لە نیزامی سەرمایەداری ئێستا رتوش بکەن و دیکتاتۆریەت و دڕندەیی داپۆشراو پەردە پێدادراو لەچاو و بە بەروارد بە دیکتاتۆریەتی بێ پەردەو دانەپۆشراو، وەکو سەرکەوتنی دیموکراسی وێنا بکەن و کارنامەو کردەوەکانیان بشارنەوە.

دنیای بەناو دیموکراسی هەوڵ دەدەن سەدام حسینەکان، بینۆشەکان، ستالین و رژیمی ئیران و نیزامە چنگ بەخوێنەکان وەکو دڕندەیی دژ بە دیموکراسی نیشان بدەن، بێ ئەوەی خۆیان ماندوو بکەن و کارنامە و هاوکاری و پشتیوانی خۆیان لەلایەکەوە لەگەڵ ئەو نیزامانە و لەلایەکی تریشەوە کارنامەی وێرانکارانەی راستەوخۆ دەستی خۆیان نیشان بدەن.

کام رژێمی سیاسی دڕندە لە دنیا هەیە ئەمریکا و غەرب و "دیموکراسی" لە هاوکاری کردن و پشتیوانی کردنیدا رۆڵی سەرەکیان نەبووبێت. دەسەڵاتی ئاخوندەکان بە پێی کۆنفرانسی گوادلۆفی فەرەنسا، بۆسەرکوتی شۆرشی ئیران دەسەڵاتیان پیرۆز کرا!!. رژێمی عێراق، تا ئەو کاتەی کویتی داگیر نەکردبوو، لەلایەن ئەمریکا و غەربەوە هاوکاری بێدرێغ دەکرا و درندەیی ئەو رژێمە لە دژی هەر دەنگێکی ئازادیخوازانە لە عێراق و لەدژی خەڵکی کوردستان، لە کیمیاباران، ئەنفال، سوتماککردن و راگواستن و تەعریب و تەبعیس و بۆمباباران و لە سێدارەدان... دیموکراسی نیگەران نەکرد و روباری خوێن و فرمێسکی وەکو بارانی خەڵکی ستەم لێکراویان نەبینی. دروستکردنی ئیسلامییەکان و ئیخوانەکان و رەوتە دینیەکان لەسەراسەری دنیا بەدژی سۆڤیەت و بلۆکی شەرقدا، وەکو دیاری دیموکراسی لە چاوی خەڵکی دنیادا دەشارنەوە. سعودییە و ولاتە عەرەبیەکان و رژێمە دەست پەروەردەکراوە دڕندەکان لە ئەمریکای لاتیندا، کە راستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە دەستیان لەپشت دەدرێت و هاوکاری دەکرێن، تا دەگاتە دەستخستنە ناو دەستی تاڵیبان و سپاردنەوەی دەسەڵات پێیان، هاوکاری رژێمی درندەی ئینسانکوژی تورکیا و کە بەربەرچاوی دنیایەوە دەبڕی و دەکوژێ، هیشتا لە دۆستانی دیموکراسیین و هاوکاری بێدرێغ دەکرێن... هەموو ئەوانە ئەگەر گۆشەیەکی بچکۆلە لە هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکاو غەرب بن بۆ ئەم تیپە لە نیزام و هێزی ئینسان کوژ، ئەوا راستەوخۆش دەستێوەردانی سەربازی لە هەموو وڵاتانی ئەزمەگرتووە پڕ کێشەدا، لەشکرکێشی، و کوشتاری بە کۆمەڵ لەوانە "کوشتنی ١٥٠ هەزار سەربازی عێراقی کە لە لۆریەکاندا بە ئاڵای سپیەوە لە پاشەکشەدا بوون بە بڕیاری جۆرج بۆش کوژران"، وە "کوشتنی ١٢٠ هەزار سەربازی تر لە چەند چاڵیکدا بەبریاری جۆرج بۆش زیندەبەچال کران لە جەنگی کەنداودا"، تا دەگاتە جوڵاندنی ناتۆ و تاوانکارییەکانی، سەرکوتی شۆڕش و راپەرینەکان، ئابڵۆقەی ئابوری لەسەر خەڵکی بەشێکی زۆر لەوڵاتانی دنیا بە پاساوی مل نەدانی نیزامە سیاسیەکان بە ویستەکانیان و بریارەکانی رێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان... لە کارنامەی ئەمریکاو غەربن و قوربانیانی دەستی ئەم دنیای دیموکراسییەن. بە هەموو پێوانەیەک قوربانیانی دەستی دیموکراسی زۆر زیاترن لە قوربانیانی دەستی رژێمە دیکتاتۆر و سەربازی و سەرکوتگەرەکان.

ئەوەی ئێستا لە غەززە روودەدات و نزیک بە هەشت دەهەیە ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین ئەنجامی دەدات، لەوانەیە بەرجەستەترین مامەڵەی نا ئینسانی غەربی و جینۆسایدی دیموکراسی لەدژی ئینسانیەت بخاتە ڕوو.

پەنجەمۆری دیموکراسی بە بڕینی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و خۆراک و دەرمان لە زیاتر لە دووملیۆن ئینسان و موبارەکەکردن لە بۆردومانی خەستەخانە، قوتابخانە، زانکۆ، کەمپی ئاوارەکان، شوێنی ژیانی هاوڵاتیان، کوشتنی هەزاران مناڵ و ژن و پیرو پەکەتە، وێرانکردنی شارێکی تەواو... بەڵگەی ئاشکرایە کە دیموکراسی ئەمریکا و غەرب، هەمان دیکتاتۆریەتی وڵاتانی چنگ بەخوێنی دیکتاتۆرییە بە بریاری بەکۆمەڵ و بە دروستکردنی ڕەچێتەی رەوایەتی دیموکراسی!!.

ئەوەی زۆر روون و ئاشکرایە، دنیا دوو بەرەی دیموکراسی و دیکتاتۆری نییە، دنیا دنیای سەرمایەدارییە، دنیایەکە دیکتاتۆریەتی چینی بۆرژازی بەسەریدا زاڵە، جا یان دیکتاتۆریەتی ئاشکرا و بی پەردەیە یان دیکتاتۆریەتی داپۆشرا و پەردە دارە. دیکتاتۆریەتی پەردەداریش سنورەکەی هێندە ناسک و تەنکە لەگەڵ دیکتاتۆری بی پەردەو روتوش، کە بەسادەیی لە مامەڵەی ئێستا ئەمریکا و غەرب لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەدژی داگیرکاری ئیسرائیل و بۆردومانی غەزەدا دەبینرێت و قوربانیانی ئاشکران.

لەبەرامبەر بە دیکتاتۆریەتی بۆرژوازیدا بە هەردوو دیوە ئاشکرا و روپۆشکراوەکەیدا، کە لە بنەرەتدا بۆ پاریزگارییە لە نیزامی سەرەوخواری سەرمایەداری، تەنها یەک چینی کۆمەڵایەتی هەیە کەدژی هەردوو دیوەکەی دیکتاتۆری بۆرژوازیە. وە تەنها شۆڕشی لەخوارەوەی چینی کرێکار و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایە کە بەپێچەوانەی دیکتاتۆریەتی بۆرژوازییەوە کە بەرگری لە دەسەڵات و کەمینەیەک دەکات، بەرگری لە زوربە و چینی کرێکاریی کریگرتەو جەماوەری ستەم لێچوو لە بەرامبەر کەمایەتیەکی چەوسێنەر دەکات و دەیەوێت لەیەکەمین هەنگاوی سەرکەوتنی شۆرشدا بەرگری و پەلەقاژەی مانەوەی ئەم چینە تیک بشکێنێ، هەر ئەوەشە دەتوانێت وەڵامی چینی کرێکاری ریکخراو بێت. تا ئەو کاتەش نیزامی سەرمایەداری لە ئارادا بێت جەنگ و جەنگی نیابەتی، وەکو پێداویستی سەرمایە چ بۆ ئابدەیت کردنەوەو ئارایش دانەوە و دابەشکردنەوەی دنیا لە برگە جیاوازەکان و چ وەکو قەرەبووکردنەوە دەرچوون لە ئەزمەی یەخەگیری سەرمایە وەکو تایبەتمەندیەکی ئەم نیزامە دەمێنێتەوە. جەنگ و ملهوری ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین جینۆسایدێکە بەدەستی راستەوخۆ دیموکراسی ئەنجام دەدرێت و بەشانازیشەوە رادەگەیەنرێت. ئەمەش ریشەی لە پێداویستی سەرمایەداریی ئەزمەگرتووی بۆگەن بووی ئێستادا دایە. ئەم دۆخەش ئەو راستیە پشت راست دەکاتەوە کە "سۆشیالیزم یان بەربەریەت"، ئەو چەمکە حاشاهەڵنەگرەیە کە ئایندەی دنیای پێوە بەندە...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×