هۆکاری جموجۆڵەکانی داعش ریشەی لەکام واقعیەتی سیاسیدایە؟

عەبدوڵا مەحمود
  2021-12-19     480

ماوەی چەند رۆژێکە جموجۆلێ چەکدارانی داعش زیاتر لەپێشتر دەستیپیکردۆتەوە. لە زۆرێک لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و هێرشیان کردۆتە سەر چەندین گوند و هاوڵاتیانیان ناچار بە چۆڵکردنی دیهاتەکانیان کردووە، چەند هیرشیکیان کردۆتە سەر بنکەو بارەگای چەکداری پیشمەرگەو ژمارەیەکی بەرچاویان لێ کوژراوە.

دەستپێکردنەوەی جموجۆڵی داعش و هێرشەکانی بۆسەر گوندکان، لە هەلومەرجی ئێستادا کەلەلایەکەوە خانەوادەی بۆرژوازی عێراق و سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەت و لەلایەکی ترەوە ئەمریکا و ئێران خەریکی گفتۆگۆن لەسەر کاراکردنەوە ریکەوتنی ئەتۆمی و ڕیکەوتن لەسەر چۆنیەتی پیکهێنانی حکومەت لە عێراقدا، نیشانەیەکی ئاشکرایە کە ئەم جموجۆڵانە بێ پەیوەند بە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و ململانێی خانەوادەی بۆرژوازی لەسەر چۆنیەتی پیکهێنانی حکومەت، نییە، بەڵکو ڕاستەخۆ پەیوەندی بەهەلومەرجی تازەی عیراقی دوای هەڵبژاردنەکان و هاوکات بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاوە هەیە.

هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەسەر ئاستی فەرمیدا هاوسەنگی هێزی بەشێک لە لایەنەکانی گۆرێ. ئەو هیزو لایەنانەی سەر بەئیران بوون و خاوەنی هێزی چەکداری وەکو حەشد بوون پاشەکشەیان پێکرا. رەوتەکانی تر کە پێداگری لەسەر سەربەخۆیی بریاری سیاسی دەکەن و زۆرتر لەژێر تەوژمی ئەمریکاو غەربدان، تا رادەیەک پێشرەویان کرد، ئەمە یەکێک لەو ئاڵوگۆڕانەیە کە کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی عێراق دەبێت.

ئەو لایەنانەی سەر بەئێران کە پاشەکشەیان کردووە، حەشدی شەعبی وەکو ئامرازی پاراستنی هاوسەنگی هێزی سیاسی خۆیان لە عێراقدا دەزانن و ئامادەنین بەپێی ئاکامی دەنگەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵکو دەیانەوێت بەوێنەی هیزێکی سیاسی و کاریگەر کە خاوەنی حەشدی شەعبین بەرخوردیان لەگەڵ بکرێت. ئەوان حەشدی شەعبی وەکو هێزی کاریگەر بۆ بەرگری لە عێراق و سەروەریەکەی!!، وەک هیزی سەربازی بەرووی تیرۆر و داعشدا، دەخەنە روو. ئێستا کەداعش دەستی کردۆتەوە بە جموجۆڵ، ئەو رەوتانەی سەر بەئیران و حەشدی شەعبی وەکو هیزیکی کاریگەر و کارا بەدژی داعش دەخەنە روو، بەوپێیەش پێداگری لەوەدەکەن، کە جیگەو رێگەیان ناتوانرێت نادیدە بگیریت و بەپێی هەڵبژاردنەکانیش جێگە و ڕیگەی سیاسی و سەربازیان پێبدرێت. بەتابەتیش ئەوە لە کاتیکدایە کە ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بەسەرکەتوو دەزانن، بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی هیزە ملیشیاییەکان دەکەن... بۆ حەشدی شەعبی و هیزەسیاسیەکانی پشتیان، جموجۆڵەکانی داعش، پێداویستی مانەوەی حەشدی شەعبی دەکاتە پێداویستیەک و دەیانەوێت گرنگی ئەو هیزە لە هاوسەنگی هیزی سیاسی عێراقدا، لەبەرچاوبگیرێت.

ئەو لایەنانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زۆرتریان هێناوەو چەکی سەربەخۆی بریاری سیاسی و دژ بەدەستێوەردانی راستەوخۆی دەرەکییان بەدەستەوە گرتووە، زۆتر رویان لە غەرب و دنیای عەرەب و تورکیایە، لەبەرامبەر هیزو لایەنەکانی نزیک لە ئێراندا، ئەو هیزانەی بە ئاشکرا ژینگەخۆشکەر بۆ پێگرتنی داعش بوون و پشتیوانیشیان لەداعش، هیندە ئاشکرایە، هەرچەندە جەنگ لەدژی داعش رابگەیەنن و لە ئاستی میدیاییدا داعش وەکو هیزی تیرۆریستی وێنا بکەن، بەڵام لەدنیای واقع و لە مەیدانەکەدا، بەدەستەوەگرتنی داعش لەبەرامبەر بەحەشدی شەعبی و هیزەکانی لایەنگر لە ئیراندا، ئەو چەکە ئاشکرا و دەستە کەشفەیە، ناتوانرێت بشاردرێتەوە. حزوری ئیران و باڵادەستی شیعەی سیاسی وابەستە بەئیران، لەدوای کەوتنی رژێمی بەعسەوە، شیعیزمی کردۆتە ئەلتەرناتیفی بەعسیزم. پاوانی هەموو جومگە سەرەکییەکانی بریاری سیاسی کردووە، دەستی بەسەر ئابوری و بازاردا، زاڵە... لە پەراوێزخستنی رۆڵی سونە و سونەی سیاسیدا، درێغی نەکردووە، کاردانەوە بەرامبەر بەم رەوتە هەم داعشی و هاوشیوەکانی داعشی دروستکردووە، هەم ئەو وڵات و لایەنانەی لە دەسترۆشتوی ئیراندا لە ناوچەکە نیگەرانن، کارا کردووە کە ئەسپی خۆیان تاو بدەن و کەڵک لە داعش وەربگرن. هەروەها هیزە سیاسیە باڵادەست و دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان، لەوانە پارتی و یەکێتی کە دابەشی سەر بلۆک بەندیەکانی ناوچەکەن، بەهەمان شیوە و لە روانگەی بەرژەوەندی بلۆکەکانی وابەستە پێیان و بەرژەوەندی خۆیان و پیگەی سیاسیاندا مامەڵە لەگەڵ داعش و جموجۆلەکانی دەکەن و ئەوەی بۆیان گرنگ نییە هاوڵاتیانی کوردستانن.     

 کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا، کە تەنها دوو هەفتەی ماوە... هۆکارێکی تری سەرهەڵدانی مملانێییەکی نوێیە، لە دەورەیەکی تازەدا. چونەدەرەوەی هیزە شەرکەرەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، دەروازەی دەستێوردانی هیزە ناوچەییەکان زیاد دەکات، هاوکاتیش بواری زیاتر دەدات بە دەستەو تاقم و هیزەکانی وابەستە بە وڵاتەکانی ناوچەکە، کە جموجۆڵ و روڵیان زیاتر بکەن. پاشەکشەی هیزە سەربازیەکانی ئەمریکا بەو هۆیەوە ویست و تەنانەت مەیدانێکی بەرامبەرکێی ئیران لەگەڵ ئەمریکا بوو... بەمانای وەدیهاتنی ویستێکی ئیران و بەمانایەکی تریش بە سەرکەوتنی ئیران و هیزەکانی وابەستەی خۆی لێکدەدرێتەوە. لە غیابی هیزە شەرکەرەکانی ئەمریکادا، رۆڵی حەشدی شەعبی لەلایەکەوە بە وێنەی هیزێکی دژە ئەمریکایی کە ئەمریکا دەروات  لاواز دەبێت، بەڵام لەلایەکی تریشەوە بەو هۆیەوە گوشار و رۆڵی حەشدی شەعبی وەکو هیزێکی سەر بەئیران و کە کارگەری هەبوو لە نائارام راگرتنی بنکەو بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و تەنانەت لە پاشەکشەپیکردنیدا، رۆڵ و جیگایەیەکی ئیجابی بە حەشدی شەعبی دەبەخشێت، بەوێنەی هیزێکی سەرکەوتوو لەدژی داگیرکاریدا... هیزەکانی خاوەنی حەشدی شەعبی لەو بارەیەوە چاوەروانی وەرگرتنی بەخشیشی سیاسیین لە بریاری سیاسی و بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا.

داعشیش وەکو هیزێک کە پیشتر لەباری سەربازییەوە تیکشکاوە، هەوڵی دەدات جەنگی بە وەکالەت بۆ هیزەکانی نەیاری شیعەی سیاسی و لایەنگرانی ئیران، لەدوای پاشەکشەی ئەمریکادا بکات و ئەو بارە لارەی ناسیونالیزمی عەرەب و دنیای عەرەب لە عێراقدا راست بکاتەوە. لەچوارچیوەیەشدا تورکیا وەکو بلۆکیکی ناوچەکە هاوکاری هەمەلایەنەی داعش دەکات.

هیرشەکانی چەند رۆژی رابردووی داعش، شەری پێشوەختەی ناسیونالیزمی عەرەب و تورکیایە لەدژی شیعەی سیاسی لە عیراقی دوای چوونە دەرەوەی سوپای شەڕکەری ئەمریکا.

 ناسیونالیزمی کورد بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، بەچوونە دەرەوەی هیزە سەربازییەکانی ئەمریکا، هەست بە پشت خاڵی بوونەوەیەکی زۆر دەکەن... پارتی و یەکیتی سەرباری وەلائی جیاوازیان بۆ بلۆکبەندیەکانی ناوچەکە، بەڵام ئومیدی سەرەکیان لە ئاستێکی فراوانترو سەراسەریدا، بە ئەمریکا و غەرب بوو، چوونە دەرەوەی هیزەکانی ئەمریکا، گورزێکی کوشندەیە لە پارتی و یەکیتی و سەرجەم بۆرژوازی و ناسیونالیزمی کورد، کە هیندەی تر ئاسۆی سیاسی و رۆڵیان لە ئاستی عیراقدا لاواز دەکات و رووبەڕووی بێ ئاسۆییەکی تریان لەناو تونیلیکی تاریکدا دەکات و هێندەی تر ناچار بە چەمانەوە و تەسلیم بوون بە دەسەڵاتی ناوەندیان دەکات.

هات و هاواری نەبوونی ئیمکانیەتی چەک و تفاقی سەربازی، دوربینی حەراری، زاڵنەبوونی ئیدارەی دەسەڵاتی هەرێم بەسەر ناوچە کوردستانیەکان یان کیشەلەسەرەکانی دەرەوەی هەرێم، بۆ لاوازی رووبەرووبوونەوەی چەکدارەکانی داعش، لەچاو ئەو ئاڵوگۆرە سیاسیانەی بەدوای هەڵبژاردنەکانی عیراق و پاشەکشەی هیزەسەربازییەکانی ئەمریکا پێک دێت، زۆر لاوەکین. دیارە بەشیکی ئەو هات و هاوارە بۆ بوونی چەکدارانی داعش و هیرش بۆسەر بنکەو بارەگا چەکدارەکانیان نییە، بەڵکو بۆ دارمانی زیاتری پێگەو رۆڵی سیاسیانە لە عێراقدا. هەروەها بانگەشەیەکی ئیکجار پوچ بۆ رۆڵی دەسەڵاتی ئەزمونکراویان لە ناوچە کیشە لەسەرەکان دەکەن... ماوەی زیاتر لەچەند ساڵ و بەدیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١٤ وە کە داعش هات، سوپای عیراق ناوچەکانی چۆڵ کرد و زوربەی هەرەوزۆری ناوچە کیشەلەسەرەکان کەوتنە ژیر دەسەڵاتی هەرێم... بەڵام دەسەڵاتی هەرێم ناشیرینترین ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی خۆی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە نیشاندا و نەیانتوانی هیچ پایەگایەکی جەماوەری دابکوتن و کە جیگای بەرگری لێکردن بێت. کەچی ئیستا بۆ ئەو ناوچانە دەکروزێنەوە!!

داعش هیزێکی درندەی چنگ بەخوێنی ئیسلامییە، پیویستی بە ڕاگرتن و تیکشکان هەیە، ئەمەش بەر لە رۆڵی چەک و جبەخانەی سەربازی، پێویستی بە ئیرادەی سیاسی... وەکو ئەوەی لە کۆبانی بینرا. تەجروبەی رۆژانی رابردوو نیشانیدا، کە هیزی پیشمەرگەو پارتی و یەکێتی ئەهلی بەرگری لە هیچ جیگایەک و تەنانەت بارەگاکانی خۆشیان نین... چەند مۆتۆر سوارێکی داعش زەفەریان پێدەبەن و هیزی چەکداری حزبەکانیش کە لەشارەکاندا هەموو کەلوپەلێکی سەربازیان هەیە بۆ سەرکوتی نارازیان و ئەو خوێندکارانەی داوای دەرماڵە دەکەن، بەڵام لە سەنگەرەکانی دژە داعشدا، کیشەی دوربینیان هەیە!!!

ڕیگای بەرگرتن بە داعش، پیویستی بە ئیرادەی سیاسی و هاتنە مەیدانی هیزی خۆبەخشی چەکدارەوە هەیە کە ژیان و گوزەرانی خۆیان لاگرنگە. یەکیتی و پارتی ژیان و گوزەران و بەرگریکردن لە بەرامبەر بەداعش بەئەرکی خۆیان نازانن ئەگەر خێر و بێری بەرگرییەکەی نەبێتە سەرمایەو داهات بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان.  خەڵکی ئەو ناوچانەی داعش هیرشی دەکاتە سەر پیویستە بەر لەهەموو کەس و لایەنێک، پشت بەهیزی ریکخراو و چەکداری خۆیان ببەستن بۆ بەرگری لە ژیان و گوزەرانیان. ئەگەر چاوەروان بن پارتی و یەکێتی بەرگریان لێ بکەن، روبەرووی هەمان ئەو چارەنووسە دەبنەوە کە پیشتر روویداوە. لە شەنگال و دەوروبەری بە هەزاران پیشمەرگەو هیزی جیاجیای زێرەفانی و پۆلیس... هەبوو، کەچی بی ئەوەی دانیشتوانەکەی ئاگادار بکەن، رایان کرد و بە سەدان هەزار ئینسانیان بۆ جانەوەرانی داعش جێ هێشت. لە کەرکوک خاوەنی دەسەڵاتی رەها بوون، لە کاتی هیرشی داعشدا، ئەگەر لاوان و خەڵکی خۆبەخشی کەرکوک بەرگریان نەکردبا، کەرکوک دەکەوتە دەست داعش. ئەزموون نیشانیدا دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، دەسەڵاتێکی نابەرپرس و تاڵانچییە... دەسەلاتێکە لە شارەکاندا بەدرندانەترین شیوە رووبەرووی داواکاری خەڵکی مەدەنی دەبیتەوە کە داواکاریی نان و ژیان و خزمەتگوازرییەکان دەکەن، داوای موچەو دەرماڵە دەکەن... لە بەرەکانی جەنگیشدا لە دژی داعش و حەشدی شەعبی و هاوشێوەکانیاندا، جەماوەر بەدەست بەستراوی رادەست دەکەن و ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێت خوێنی پیشمەرگەو هاوڵاتیانە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×